کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گەلۆ ڕۆژى ئازادى نزیكە باخۆمان نەبینە هۆكارى دواخستنى !

Saturday, 17/11/2012, 12:00


لەماوەى تەمەنى دەوڵەتى توركیای نوێدا حكومەتە یەك لەدوایى یەكەكانى ئەو وڵاتە هیچ ڕێگەیەك نەما نەیگرنەبەر بۆ دژایەتى گەلى كورد، هەمو ڕێگەیەكیان تاقى كردەوە نەیانتوانى چۆك بەگەلى كورد دابدەن، دەسەڵاتدارانى ئەنقەرە لەهەموو سەردەمەكاندا بۆ تەنها جارێكیش گوێیان بۆ خواست و داواڕەواكانى گەلى كورد نەگرت.
ئەگەر ئەوان (پەكەكە) بەنوێنەرى ڕاستەقینەى گەلى كورد نازانن، ئەگەر ئەوان باوەڕیان بە بەكارهێنانى هێز و پەنابردن بۆ چەك نیە بۆ داواكردنى خواستە نەتەوەییەكانمان، ئەگەر باوەڕیان وایە كە (ئاپۆ) نوێنەر و سەركردەى راستەقینەى گەلى كوردنیە، ئەگەر ئەوان باوەڕیان وایە كەگەلى كوردیش لەو وڵاتەدا دەژى و مافى ژیانى هەیە، لە بەرامبەردا هێزێك لە گۆڕەپانەكەدایە كە باوەڕى تەواوى بە چارەسەرى ئاشتیانە و خەباتى پەرلەمانى و رێگا چارەى مەدەنى هەیە بۆ چارەسەرى كێشە نەتەوەیى نیشتمانیەكان كەئەویش(بەدەپە)یە، ئایا دەوڵەتى توركیا لەگەڵ ئەو جیاوازییەى كە لە نێوان (پەكەكە) و (بەدەپە)دا هەیە توانیویەتى هیچ جیاوازیەك لە نێوانیاندا بكات؟ دەوڵەتى توركیا بەیەك چاو سەیرى خەباتى چەكدارى و خەباتى مەدەنى گەلى كورد دەكات! ئەمەش هۆكارى ئەو بارگرژیەى ئەمڕۆى باكورى كوردستانە!
بەهانەى دەوڵەتى توركیا بۆ دژایەتى گەلى كورد پەنابردن بۆ بەكارهێنانى هێز و پەنابردن بۆ چەك نیە، بەڵكو دژایەتى خواستە نەتەوەییەكانمانە، ئەوان نەك دژایەتى خەباتى پەرلەمانى و خۆپیشاندانیش دەكەن، تەنانەت مافى مانگرتنیشمان پێ نادەن بۆ داواكردنى خواستەكانمان، ئاخر هیچ ڕێگەیەك نەماوە گەلى كورد پەناى بۆ نەبردبێت، گەلى كورد بڵێ چى كە دەوڵەتى توركیا نەلەزمانى هێز و نەلەزمانى مافى مرۆڤ و نەلە زمانى دیموكراسى تێناگات!
بەڵام ئیتر كاتى ئەوە هاتوە كە گەلى كورد لە كوردستانى باكور و بەهەر شێوەیەك بێت، نەیارەكانمان پێیان خۆش بێت یان ناخۆش دەبێت بەدەم داواكانمانەوە بێن و دان بە خواستە نەتەوەییەكانماندا بنێن درەنگ یان زوو، بەڵام هەتا ڕەوشەكە بەو شێوەیە درێژە بكێشێت بێجگە لە زەرەر و زیانى مادیى و ناشیرینكردنى ناوبانگى دەوڵەت و زیانى گیانى هیچى تریان بۆ نامێنێتەوە.
ئەوەش لە ئەستۆى خۆماندایە یەكبون و یەك هەڵویستى تەواوى جەماوەر وپارت و لایەنەكانە لە بەرامبەر نەیارەكانمان، وەك هەمولا دەزانیین ئەوەندەى خۆمان زیانمان بە ناوبانگ و مێژو و خەباتى خۆمان گەیاندووە نەیارەكانمان نیو هێندە زیانیان پێ نەگەیاندوین! سەركەوتنى خەباتى ئێمە بەندە بە یەكبونى خۆمانەوە، لەسایەى گۆڕانكاریەكانى ناوچەكەدا ڕۆژى ئازادى نزیكە با هەمومان لە هەركوێ هەین یەكڕاو یەك هەڵوێست بین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە