ئایا شەڕى دژ بە ڕیفۆرمخوازان لە وەزارەتى ناوخۆ, بەردەوامى پرۆسەى عەفەویانەى ڕابردو نی یە؟
Tuesday, 21/04/2009, 12:00
ماوەیەكە لەهەندێ كەناڵى ڕاگەیاندنەوە باسى ئەو هەڵمەتانە دەكرێ كە لەوەزارەتى ناوخۆ دەستى پێكردوە لەدژى ئەوانەى كە بە ڕیفۆرمخواز ناسراون, یا ئەوانەى پێیانوا بوە ئەو وەزارەتە پێویستە چاكسازى و ڕیفۆرمى تێادا بكرێ وەك زۆرینەى وەزارەت و داو دەزگاكانى ترى حكومەت , بەبێ ئەوەى سەر بە شۆێن و كەس و لایەنێكى دیارى كراو بن, یا كرێگرتە و كلكى كەسى تر بن,بەڵكو ئەوانەى تەنها ویستویانە ئەو وەزارەتە كە سومعەى باشتر بوە بەبەراورد لەگەڵ وەزارەتەكانى تر, بەهۆى هەندێ هەوڵەوە نەكرێتە شۆێنى یەكلاكردنەوەى حەز و كێشە تایبەتیەكان, چونكە ئەو وەزارەتە پەیوەندییەكى ڕاستەوخۆى بە ژیانى خەڵكى و هەروەها پەیوەندى پتەوى بە كەناڵەكانى ژیانەوە هەیە كە ڕێكخستنیان لە ئەركە سەرەكیەكانیەتى, كەچى بۆ ئێستا ڕاگەیاندنەكان بەم دواییانە باس لە دەستپێكردنى شەڕێك دەكات لەو وەزارەتەوە لە دژى ئەوانەى كە لە پێشەوە باسمانكردن؟ بۆ باس لە جۆرەكانى ئەو هەڵمەتە دەكات لەدژى ئەوانەى بێباك بونە لە خواستە تایبەتیەكانى خۆیان؟ بۆ باسى ئاڵو گۆڕكردن و گواستنەوەى شۆێنى ئەوانە و لێ سەندنەوەى پۆست و دانانى كەسانى تر دەكات لە شێۆینەكانیان؟ بۆ ڕاگەیاندنەكان ئَێستا باس لە نانبڕاو كردنى هەندێ ئەفسەر و پۆلیس و فەرمانبەر دەكات؟ بۆ ئێستا باسى هێنانى دەستى حیزب دەكرێ بۆ ئەو وەزارەتە؟
ئەمانە كۆمەڵێك پرسیارى ئاسان و دیار و بەرچاو و زەق و ئاشكران, وەڵامەكانیان ئاسانتر.
ئەو پرسیارانەى نەتوانرێ وەڵام بدرێنەوە, یان لەگەڵ وەڵامى هەریەكێكیاندا ئارێشەیەك لەگەڵ خۆى دا بهێنێ, ئەمانەیە:
1_ وەزیرى پێشو,بەڕێز عوسمانى حاجى مەحمود, چەند ساڵ ئەو وەزارەتەى بەدەست بو؟ بە ڕیفۆرمخواز نەناسرابو؟ بۆچى نەیتوانى دەروازەیەك بكاتەوە لەدواى جێهێشتنى ئەو وەزارەتەوە, پرۆسەى ڕەخنە و بەدواداچونى ڕاستیەكان, بابەتگەلێكى ئاسایى بن, بۆئەوەى لەدواى خۆى كەس نەبێتە قوربانى بوچونە مرۆیەكانى؟
چەند كەسى لە نزیكەكانى خۆى, ئەوانەى دەترسان مێژوو و شوناسى ئەم پیاوە بەهۆى هەلپەرستانەوە تۆز و خۆڵ بگرێ كە ڕێگە خۆش كرابو بۆیان فرسەت وەربگرن و وەزارەتەكەى بكەنە جێگەى بەتاڵكردنەوەى غەریزە نا ئینسانیەكانیان, بەبێ ئەوەى نە ڕابردویان پاك بێت نە موستەحەقى ئەوەبن هەلیان بۆ بڕەخسێنرێت, بەڵام ئەو توشى غەزەبى یەك لایەنەى خۆى كردن و بگرە ئەمەندە پەلەى كرد بە دوژمن سەیرى دەكردن؟
2_ئەوانەى ئێستا جێ بەجێ كەرى شەڕەكەن, وەك ڕاگەیاندنەكان باسى دەكات, وەدەر نان و نانبڕاوكردنى ڕیفۆرمخوازەكان بوەتە ئێشى , هەمان ڕۆڵیان نەبو, لەكاتى دەورەى وەزیریتَى بەڕێز عوسمانى حاجى مەحمودا, ئەگەر بە ناڕەوا ئێستا ئەو شەڕەدەكات, ئەى ئەوكات بۆ زیاتر لە ئێستا دەیكرد, جەنابى وەزیر بێدەنگتر لە هەمو كەس؟
ڕۆژگار پرسیارە قورسەكانى تر بەدواى خۆى دا دەهێنێت, ئەمانەى ئەمڕۆ ئاراستەمان كرد بەشێكى بچوكە, لەو جەریانە گەورەیەى لەو وەزارەتەدا زۆر كەس ى بریندار دەكرد, بە پوختى و هەمەلایەنیتر پرسیارەكانى تر, هەڵدەگرین بۆ ئایندە, بەتایبەت ئەو ئایندەیەى,زۆرینەى خەڵكى چاوەڕوانیەتى, هەندێ لەپرسیارەكانى دیكەش ئەوانە دەگرێتەوە كە ئێستا لەو وەزارەتەدان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست