سەروەرى یاسا لە كوردستان پێشێل دەكرێ

Friday, 07/01/2011, 12:00



دوو كایەى زۆر گرنگ هەیە لە هەر ولاتێكدا پێویستە سەروەرى و سەربەخۆییان بپارێزرێت ئەوانیش بریتین لە سەربەخۆیى قەزاو دادگاكان لەگەل سەربەخۆیى خوێندن، بە داخەوە ڕۆژ بە ڕۆژ هەتاكو ئێستا دەست تێوەردان لە هەموو كایەكانى ژیان وەردەدرێ و تەنانەت دەست تێوەردانەكان گەیشتۆتە ئەوەى حزب بە كەیف و ماشاى خۆى یاساى بەقەد باڵاى خۆى دابتاشێ و چى لە بەرژەوەندى خۆیدابێ ئەوە بكات و هەركەسێكیش بە كەیف و لە بەرژەوەندى ئەودا نەنوسێ سكاڵاى لەسەر بنوسێ و پەلكێشى دادگاى بكات!!، هەروەكو ئێستا پیادەى دەكەن بەرامبەر بە میدیاكان و ڕۆشنبیر و نوسەران..
بەكار هێنانى دادگا بۆ یەكلا كردنەوەى كێشە و گیروگرفتەكان و بەدحالیبوونەكان ئەگەر قەزا و دادگا سەربەخۆ بێت كارێكى شارستانیانەیە، بەڵام ئەوەى مایەى مەترسى و نیگەرانى كۆمەڵانى خەلكى كوردستانە ئەوەیە لە كوردستانى ئەمڕۆى لكێندراو بە عێراقدا حزبە دەسەڵاتدارەكان كۆنترۆلى هەموو جومگەكانى ژیانیان كردووە بە دادگا و بوارەكانى خوێندنیشەوە!!..
بۆیە خەلك باوەڕى بە سەروەرى یاسا و قەزا و دادگاكان نەماوە، بە ڕاستى ئەو بارودۆخە بەم شێوەیە پڕمەترسیە، چونكە خەلك تاكە شوێنێك شك ببا لە هەمو دنیا بۆ ئەوەى هەقى بسەنێ یاسا و دادگاكانە، ئەدى ئەگەر ئەو شوێنەش لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە كۆنترۆل بكرێ دەبێ خەلك ئومێدى بەچى بمینێ؟!!.
حاكمەكان لەلایەن حزبەوە تەزكیە كراون و دانراون، هیچ زەمانەتى سەربەخۆییان نیە، حزب وەكو سەردەمى بەسەرچوى كۆن كۆنترۆلى هەموو كایەكانى ژیانى كردوە، دانانى خەلك بۆ هەر كارێك لەسەر بنەماى كەسى شیاو بۆ شوێنى شیاو نیە بەلكو لەسەر بنەماى ملكەچى و گوێڕایەلیتى بۆ حزب، بۆیە ئێستا بەتەواوى ڕەشبین بووینە لە باشتر بوونى دەسەڵات و خوێنى شەهیدەكانمان بەخۆڕایى ڕۆیشتون.
بۆیە هەر كەسێك لەگەل گێڕانەوەى سەروەرى و ئازادیە كاتى ئەوە هاتوە چیتر ئەو وەزعە قبول نەكات و دەنگى خۆى بخاتە پاڵ دەنگە ناڕەزاییەكان كە ڕۆژ بە ڕۆژ دەبینین لە گەشە كردنە و با هەول بدەین سەروەرى بۆ یاسا بگەڕێنینەوە.


ئیمێل:
[email protected]
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە