بە دۆکیومێنتی نوێوە لە پارلمانی بەریتانیا یادی ٢٤/٤ دەکرێتەوە
Wednesday, 27/04/2011, 12:00
دوای ئەوەی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی قایمقامەتی قەڵادزێ، بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دوا، تێێدا ئاماژە بە یاد نەکردنەوەی ٢٤/٤ کرد، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی شارەکە، کە لەم ساتە وەقتەدا جۆرێک لە بارگرژی لە سنوری پارێزگای سلێمانی هاتووەتە ئاراوە. هەر لەو نێوەندەشدا، کوردانی تاراوگە بە جیاوازتر لە ساڵانی ڕابردوو، ئەمساڵ ئەم یادە بە بوخچەیەک دۆکیومێنتی نوێوە دەبەنە پارلمانی بەریتانیا و ماتەمەکۆڕێک بۆ ئەم یادە سازدەکەن. ڕێباز محەمەد، ئەندامی ڕێکخەری ماتەمەکۆڕەکە دواو گوتی: " ئێمە بەرنامەی کارمان ڕێزگرتن لە قوربانییانی کارەساتە یەک لەدوای یەکەکانی دژ بە ڕژێمی گەلی کورد و ناساندنی کارەساتی ٢٤/٤ وەک جینۆساید بەرانبەر گەلی کورد، لەپاڵ ئەمەشدا ئێمە دەمانەوێت حکومەتی عێراقی بە فەرمی داوای لێبوردن لە خەڵکی دەڤەرەکە بکات".
هەروەها ساڵح حەسەن خانم هاوشارییەکی دیکەی قەڵادزێ ڕایگەیاند: "بەداخەوە ئەم بۆنە پیرۆزانە بوونە قوربانی قۆچی حزب، ئەمە کارەساتێکی دیکەیە، کە دەبیستین یادی شارێک دەکرێتە مزایەدەی سیاسی. دەزانین بەم ئیهمال کردنەی یادەکە، دووبارە هاوشارییەکانمان نەک ساڕێژ بەڵکو بۆمبا بارانیان کردنەوە. ئێمەی کوردانی مەنفا بەڵێن بە شارە خۆشەویستەکەی قەڵادزێ دەدەین، کە لە ڕێکەوتی ٢٨/٤ لە پارلمانی شانشینی یەکگرتوو، ئەم یادە بە دۆکیومێنتی نوێوە بەرزتر دەنرخێنین".
شایەنی باسە، ڕێکەوتی ٢٨/٤/٢٠١١ ڕۆژی پێنج شەممە کاتژمێر ٨ی ئێوارە، بە ئامادەبوونی چەند ئەندام پارلمانێکی بەریتانی و کوردستانیانی دەرەوە بەڕێوە دەچێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست