کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


که‌ باس له‌ ده‌سه‌ڵات ده‌که‌ین، مه‌به‌ستمان له‌ ده‌سه‌ڵات کێیه‌‌؟

Friday, 15/04/2011, 12:00




کاتێک باس له‌ سیسته‌مێکی به‌رێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگایه‌ک ده‌کرێت ، هه‌ڵبه‌ته‌ باس له‌ کۆمه‌ڵێک دام وده‌زگا ده‌که‌ین که‌ ژیانی ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ ده‌بات به‌ڕێوه‌. ئه‌و دام وده‌زگایانه‌ش کۆمه‌ڵێک خه‌ڵکی پسپۆر به‌ بواره‌کان سه‌رپه‌رشتی و ئه‌رکی به‌ڕێوبه‌رێتی و جێ به‌جکردنی کاره‌کانی ئه‌و ده‌زگایه‌نه ‌ده‌که‌ن. شێوازی کارکردن و سنوری ئه‌و کارانه‌ش به‌ کۆمه‌ڵێک یاسا ڕێکده‌خرێن و دیسان کۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵکێک که‌ له‌ ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردن یان دانانه‌وه‌ ئه‌و یاسایانه‌ داده‌نێن به‌ گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابوریه‌کان، واته‌ له‌ دوا ئه‌نجامدا ، کۆمه‌ڵێک که‌سانن ئه‌وانه‌ی شێواز و چوارچێوه‌ی ژیانی کومه‌ڵگایه‌ک دیاری ده‌که‌ن. بۆ نموونه‌ که‌ باس له‌ سیسته‌می سه‌رمایه‌د‌اریی له‌ کۆمه‌ڵگایه‌کدا ده‌که‌ین ، باسه‌که‌مان ناته‌واو ده‌بێت گه‌ر باس له‌و بنه‌ماڵه‌ سه‌رمایه‌دارانه‌‌ نه‌که‌ین که‌ زۆربه‌ی سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌یان له‌لا کۆبۆته‌وه‌ و ده‌وری سه‌ره‌کی ده‌بینین له‌ به‌ڕێوبه‌رێتی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌دا، چ له‌ دانانی یاسا و ده‌ستور و چ له‌ رووی  ژیانی سیاسیی و به‌ڕیوه‌بردنی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌دا، کاتێکیش باس له‌ گه‌نده‌ڵی ده‌سته‌ڵاتێک یان سیسته‌مێک ده‌که‌ین به‌وه‌  نابێت ناوه‌ستیین هه‌ر بڵێین ئه‌م سیسته‌مه‌ گه‌نده‌ڵه‌ و دیکتاتۆره‌ ده‌بێت بگۆڕێت تاکو نه‌زانین کاره‌کته‌ری ئه‌و سیسته‌مه‌ کام که‌سانه‌ن و ده‌بێت ناویان بهێنین، به‌ڵکو ده‌بێت ناوه‌کانیشیان ئاشکرا بکه‌ین بۆ خه‌ڵک، تا بزانرێت که‌ سیسته‌مه‌که‌ یان ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌ بریتیه‌ له‌و کۆمه‌ڵه‌ که‌سانه‌. ئه‌گینا هه‌ربه‌ به‌کارهێانی سیسته‌م یان ده‌سته‌ڵات بکه‌رانی ڕاسته‌قینه‌  تێیدا وون ده‌بن و کۆمه‌ڵێک خه‌ڵک قووتارده‌بن له‌هه‌موو لێپرسراویه‌ک، که‌ ئیستا  به‌م شێوه‌یه‌ نووسه‌ر و رووناکبیرانی کورد ره‌فتاری له‌ سه‌ر ده‌که‌ن.

ئێدوارد گریفن Edward Griffin له‌ کتێبی The Creature from Jekyll Island باسی سیسته‌می بانک و پێکهێانی فیدراڵ ڕیزێرڤ Federal Reserve System ده‌کات که‌ کۆنتڕۆڵی هه‌موو بانکه‌کانی جیهان ده‌کات ، به‌ واته‌یه‌کی تر کۆنتڕۆڵی ئابوری جیهان ده‌کات ، ئه‌م هاتووه‌ه‌ باسی یه‌ک به‌یه‌کی ئه‌و که‌سانه‌ ده‌کات که‌ ده‌وریان هه‌بووه‌ تێدا و خاوه‌نی فیدراڵ ڕیزێرڤن و ئابوری جیهان کۆنتڕۆڵ ده‌که‌ن. به‌کورتی سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی ، له‌ دوا جێگه‌دا کۆمه‌ڵێک خێزانن، که‌ وه‌ک چینی سه‌رمایه‌دار ده‌رده‌که‌ون، هه‌موو داموده‌زگاکانی به‌ڕێوبه‌ردنی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان داده‌ڕێژن.
کاتێک ئێمه‌ ‌باسیش له‌ نه‌مانی سیسته‌مێک یان گۆڕینی سیسته‌مێک ده‌که‌ین ده‌بێت باس له‌و که‌سانه‌ش بکه‌ین، که‌ بوونه‌ته‌ هۆی ئه‌و شێوازه‌ له ‌کاری به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌ یان ئه‌و سیسته‌مه‌. گرنگی ئه‌و کتێبه‌ی ئێدوار گریفن Edward Griffin له‌وه‌دا هاتووه‌ یه‌ک به‌یه‌ک ناوی ئه‌و خێزانه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندانه‌ دێنێت، که‌ چۆن به‌ شێوه‌یه‌کی نهێنی هه‌ر یه‌که‌یان له‌ شوێنێکی جیاوازه‌وه‌ له‌ نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی 1910 دا‌ ده‌گه‌نه‌ دوورگه‌ی Jekyell Island که‌ ده‌که‌وێته‌ نزیک وویلایه‌تی جۆرجیای ووڵاته‌ یکگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و له‌و دوورگه‌یه‌دا هه‌موو ئه‌و که‌سه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندانه‌ بیر له‌ دروستکردنی ده‌زگایه‌ک ده‌که‌نه‌وه‌ که‌ کۆنتڕۆڵی پاره‌ بکات له‌ جیهان دا و به‌شێوه‌یه‌کی زیره‌کانه‌ ‌و به‌مه‌به‌ست ناویان نا فیدڕاڵ ڕیزێرڤFederal Reserve که‌ وا له‌لای خه‌ڵکی ده‌ربکه‌وێت ئه‌م ده‌زگایه‌ ده‌زگای حکومییه‌ به‌ ناوه‌که‌ی دا که‌ ناوی فیدڕاڵ ڕیزێرڤه‌ ، نه‌ک کوپانیایه‌کی چه‌ند خێزانێکی ده‌وڵه‌مه‌ندی جیهانه‌.




ئه‌و حه‌وت که‌سه‌ی، که‌ به‌شێوه‌یه‌کی نهێنی دوور له‌ میدیاکان و چاوی خه‌ڵک چوونه‌ته‌ ئه‌و دوورگه‌یه‌ تا فیدراڵ ڕیزێرڤ Federal Reserve دروست بکه‌ن ئه‌مانه‌ بوون :

 Nelson W. Aldrich Chairman of National Monetary Commission.
Father-in-law of John D. Rockefeller, Jr.

 Henry P. Davison Sr. Partner of J.P. Morgan Company

 Charles D. Norton President of 1st National Bank of New York

 A. Piatt Andrew- Assistant Secretary of the Treasury

 Frank A. Vanderlip President of the National City bank of New York, representing William Rockefeller

 Benjamin Strong Head of J. P. Morgans Bankers Trust Company

 Paul M. Warburg- A partner in Kuhn, Loeb and the Rothschilds and Warburgs in Europe


بۆیه‌ کاتێک ئێمه‌ که‌ باس له‌ سیسته‌می نازی ده‌که‌ین ، ده‌بێت باس له‌ هیتله‌ر و که‌سه‌کانی ده‌وروبه‌ری بکه‌ین ، یان له‌ ڕژێمی به‌عسی عێراق ، ده‌بێت باس له‌ سه‌دام و که‌سه‌کانی چوارده‌و‌ری بکه‌ین.

به‌ هه‌مان شێوه‌ش‌ کاتێک ئێمه‌ که‌ باس له‌ ده‌سته‌ڵاتی کوردی ده‌که‌ین له‌ باشوری کوردستان دا ، ده‌بێت باس له‌ هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و تاڵه‌بانی و ئه‌وانه‌ی چوارده‌وریان بکه‌ین که‌ بوونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌موو مه‌ینه‌تیه‌کانی ئه‌مڕۆی خه‌ڵکی کوردستان.
 گۆڕینی ئه‌م ده‌سته‌ڵاته‌ ده‌بێت به‌نه‌مانی ئه‌و که‌سانه‌ بێت که‌ ئه‌م سیسته‌مه‌ به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن تا بتوانرێت سیسته‌مێکی تر پێک بهێنرێت و هه‌موو کاتێکیش ده‌بێت تاکه‌کانی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌، که‌ ده‌سته‌ڵات ده‌گرنه‌ده‌ست لێپرسراو بن به‌رامبه‌ر چالاکیه‌کانیان، یاسا بتوانێت سزایان بۆ ده‌ربکات ئه‌گه‌ر له‌ئاست ئه‌و لێپرسراوه‌یه‌تیه‌یان دا نه‌بێت.
ده‌بینین زۆر له ‌ئه‌وانه‌ی که‌خۆیان به‌ ئۆپۆزیسیۆن ده‌زانن و باس له‌ گه‌نده‌ڵی ده‌که‌ن و باس له‌ چاکسازی ده‌که‌ن بێ ئه‌وه‌ی ناوی یه‌که‌ به‌یه‌که‌ی ئه‌و که‌سانه‌ بێنن، که‌ هۆکاری سه‌ره‌کین له‌ گه‌نده‌ڵییه‌کان و داڕێژه‌ری ئه‌و یاسانه‌ی که‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان وبنه‌ماڵه‌کانیان دایانناوه‌ و له‌ڕێگه‌ی کۆیله‌کانیانه‌وه‌ له‌ په‌رله‌مان ده‌نگیان بۆ داون .
پاشان ناونه‌هێنانی ئه‌و که‌سانه‌، که‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌موو کاره‌ساته‌کانن به‌ بیانووی سسته‌مه‌که ‌خۆی گه‌نده‌ڵه‌ و هه‌ر که‌سێکی تریش له‌و جێگه‌دایه‌ بێت،  گه‌نده‌ڵ ده‌بێت ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی پاساو بۆ ئه‌وکه‌سانه‌ بهێنرێته‌وه‌ و خۆیان له‌ سزای خه‌ڵک یان یاسایی قووتاربکه‌ن. ته‌نانه‌ت ئێستا که‌سانی ده‌سته‌ڵاتیش ئه‌وانیش باسی نادادپه‌وه‌ری و گه‌نده‌ڵی ده‌سته‌ڵات ده‌که‌ن، وه‌ک له‌م‌ دواییه‌دا مه‌سعود و جه‌لال و هه‌ندێک له‌ وه‌زیر و گزیری حکومه‌ت و ئه‌ندامانی پارتی و یه‌کێتیش باسی ده‌که‌ن.
که‌واته‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م سیسته‌مه‌ی کوردستانی باشور بگۆڕدرێت، ده‌بێت ناوی یه‌ک به‌یه‌کی که‌سه سه‌‌ره‌کییه‌کانی ئه‌م سیسته‌مه‌یان پێک هێناوه‌ بهێنین، چونکه‌ ئه‌م سیسته‌مه‌ له‌و که‌سانه‌ پێک هاتووه‌، هه‌ر ئه‌وانن بوونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی نه‌هامه‌ته‌کانی خه‌ڵکی کوردستان ، پێویسته‌ ده‌بێت یه‌که‌ یه‌که‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی ده‌سته‌ڵات له‌ سه‌ر کار لاببرێن و له که‌سانی تر ده‌سته‌ڵاتێک و سیسته‌مێکی نوێ پێک بهێنرێت.

به‌کورتی ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ ده‌سته‌ڵاتی کوردستانی باشور یان ئه‌م سیسته‌مه‌ گه‌نده‌ڵه‌یان پێک هێناوه‌ ئه‌م کاره‌کتاره‌نه‌ن و ده‌بێت کومه‌ڵگا ڕزگاری بێت له‌ده‌ستیان بۆ ئه‌وه‌ی سیسته‌مێکی مه‌ده‌نی و دیموکراسی پێک بهێنرێت بۆ نمونه‌:

1- مه‌سعوود بارزانی و بنه‌ماڵه‌که‌ی
2- ـجه‌لال تاڵه‌بانی و بنه‌ماڵه‌که‌ی
3- کاندیده‌کانی نێو په‌رله‌مانی کوردستان و عێراق.
4- وه‌زیره‌ کورده‌کانی حکمومه‌تی هه‌رێم و عێراق.
5- ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تی پارتی دیموکراتی کوردستان و یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان.
6- چه‌ند که‌سانێکی تر که‌ به‌شداربوون له‌ تاوان و دزینی سه‌روه‌ت و سامانی کوردستان و یارمه‌تی ده‌ری دوو بنه‌ماڵه‌دا ، ئه‌مانه‌ ئه‌وانه‌ش ده‌گرێته‌وه‌ که‌ له‌ دامو ده‌زگا حوکمیی و  که‌رته‌ تایبتیه‌کان دا له‌ به‌رژوه‌ندی دوو بنه‌ماڵه‌دا کاره‌کانیان ده‌که‌ن.

به‌کورتی ئه‌م ده‌سته‌ڵاته‌ بریتین له‌ چه‌ند که‌سانێک که‌ نزیکی سه‌د که‌سێک ده‌بن، به‌ نه‌مانی ئه‌م سه‌د که‌سه‌ ده‌توانرێت ده‌سته‌ڵات و سیسته‌مێکی هاوچه‌رخ و مه‌ده‌نی و دیموکراسی پێک بهێنرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە