کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


داواکاریه‌کانی ڕاپه‌ڕینی دووهه‌م چین‌؟

Thursday, 31/03/2011, 12:00






ڕاپه‌ڕینی یه‌که‌م له‌ به‌هاری 1991 دا ڕووی دا له‌ ئه‌نجامی که‌ڵه‌بوونی سی وپینج ساڵ له‌ چه‌وسانه‌وه‌ و ترس و تۆقاندن و قوربانیه‌کی زۆر له‌ خه‌ڵکی کوردستان هه‌ر له‌ کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ وئه‌نفال و له‌ کوشتن و زیندان و له‌ سێداره‌کردنی ڕۆڵه‌کانمان له‌لایه‌ن ڕژێمی دیکتاتۆری سه‌دام حوسه‌ینه‌وه‌ .
هه‌ڵبه‌ته‌ ڕاپه‌ڕین و شۆرش چاوه‌ڕوانکرابوو ، به‌ڵام کات و جێگه‌ی ڕاپه‌ڕین په‌یوه‌ندی ‌ به‌ ‌ چه‌ند هۆکارێکی تره‌وه‌ هه‌بوو‌. بۆ نموونه‌ پاش کۆتایی شه‌ڕی عێراق و ئێران ، سه‌دام کوێتی داگیرد و ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی توانیان به‌ شکستی له‌ کوێت ده‌ریان بکه‌ن و توانیان ڕژێمی سه‌دام زۆر بێ هێز بکه‌ن ، که‌ ئه‌مه ش بووه‌ هۆی خه‌ڵکی کوردستانی باشور ڕاپه‌ڕن و سوپای عێراق و ڕژێمی سه‌دام له‌ کوردستان وه‌ده‌رنێن و کوردستان ڕزگاربکه‌ن.
خه‌ڵکی کوردستان داواکاریان ڕوخاندنی ده‌سته‌ڵاتی به‌عس بوو له‌ کوردستان ، به‌ پێچه‌وانه‌ی به‌ره‌ی کوردستانی که چوون بۆ به‌غداد و ماچ کردنی سه‌دام و له هه‌وڵی گفتوگۆکردن بوون دا له‌گه‌ڵ ڕژێمدا بۆ جێبه‌جێ کردنی داواکاریه‌ ڕیفۆرمیه‌کانیان له‌و ڕژێمه‌ دیکتاتوره‌ ، به‌ پێچه‌وانه‌ی خه‌ڵکی ڕاپه‌ڕیووه‌وه‌ که‌ داوای نه‌مانی ده‌سته‌ڵاتی به‌عسیان ده‌کرد له‌ کوردستاندا.
له‌ کۆتایی دا ، خه‌ڵکی کوردستان سووربوو له‌سه‌ر به‌رده‌وامی ڕاپه‌ڕینه‌که‌یان و داواکاریه‌کانیان ، سه‌ڕه‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ به‌ره‌ی کوردستانی داوای هێمن کردنه‌وه‌ و وازهێنانی خه‌ڵکی یان ده‌کرد له‌ ڕاپه‌ڕین تا مه‌جالیان پێ بده‌ن گفتوگۆکانیان له‌گه‌ڵ ڕژێمدا به‌رده‌وام که‌ن و گیروگرفتیان بۆ دروست نه‌که‌ن.

خه‌ڵکی کوردستان هیچ گوێیان پێ نه‌دان و توانیان کوردستان له‌ به‌عس پاک بکه‌نه‌وه‌.
واته‌ داواکاری خه‌ڵک ڕوخاندنی ڕژێم بوو ، به‌ڵام داواکاری ئۆپۆزیسۆن له‌و کاته‌دا که‌ خۆی له‌ به‌ره‌ی کوردستانی دا ده‌بینیه‌وه‌ گفتوگۆکردن بوو. دوو حه‌ز و ئاره‌زووی جیاواز...

ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێین زۆربه‌ی پێشمه‌رگه‌ و ئه‌ندامه‌کانی به‌ره‌ی کوردستانی چوونه‌ به‌ره‌ی خه‌ڵکه‌ وه‌ و گوێیان به‌ فه‌رمانی سه‌رکرده‌کانی حیزبه‌کانیان نه‌داو پێکه‌وه‌ له گه‌ڵ خه‌ڵکی ڕاپه‌ڕیوودا توانیان ده‌سته‌ڵاتی به‌عس کۆتایی پێبێنن له‌ زۆربه‌ی شاره‌کانی کوردستانی باشوردا.
‌ هیچ چاره‌یه‌ک له‌به‌رده‌م به‌ره‌ی کوردستانی دا واته ئۆپۆزیسیۆنی ئه‌و کاته‌ ‌نه‌ما ته‌نها ته‌سلیم بوونیان به‌ ئیراده‌ و داواکانی خه‌ڵک که‌ ئه‌ویش ڕوخاندن و ده‌رکردنی ڕژێمی به‌عس بوو.
مێژوو جارێکی تر دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌... ده‌بینین یه‌کێتی و پارتی ،یان باشتر بڵێین بنه‌ماڵه‌ی بارزانی وتاڵه‌بانی ده‌سته‌ڵاتی یان بۆ ماوه‌ی بیست ساڵه‌ به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ ، ره‌نگه‌ زۆر ووتن نه‌بێت گه‌ر بڵێین ‌ له‌ کوشتن وگه‌نده‌ڵی و تۆقاندن ودزینی سه‌روه‌ت وسامانی کوردستان له‌ ڕژێمی به‌عس که‌متریان نه‌کردووه‌ به‌ خه‌ڵکی کوردستان.
له‌ بری بنه‌ماڵه‌یه‌کی تکریتی ، بۆ ماوه‌ی بیست ساڵه‌ دوو بنه‌ماڵه‌ی ڕه‌فتار به‌عس کۆنترۆڵی هه‌موو جومگه‌کانی ژیانی خه‌ڵک ده‌که‌ن . له‌بری ده‌زگای ئه‌من و مخابه‌رات ، دوو ده‌زگای زانیاری و پاراستن ، له‌ بری نوگره‌ سه‌لمان و ئه‌بوغرێب و هه‌یئه‌ی که‌رکوک ،سجنی ئاکرێ و قه‌ڵاچوالان و زیندانه‌ نهێنی یه‌کانی تریان ، له‌ بری سوپاو قوات خاسه‌ و فیدایه‌کانی سه‌دام ، چه‌نده‌ها هێزی ده‌مامکی به‌ناو دژه‌ ترۆر و زێڕه‌ڤانی و هێزه‌ تایبه‌تییه‌کانی خۆیان....
به‌کورتی سیسته‌مێکی هاو شێوه‌یه‌ی ڕژێمی به‌عسیان دروست کردووه‌ و ته‌نانه‌ت هه‌روه‌ک به‌عس به‌زۆر و به‌پاره‌ ‌ خه‌ڵکییان کردووه‌ به‌ جاسوس به‌سه‌ر یه‌که‌وه‌، وه‌ک شۆفێری تاکسی و ڕێکخراوی قوتابیان له‌ قوتابخانه‌ و زانکۆکان دا که‌ ئه‌مانه‌ ئیتحادی ته‌له‌به‌که‌ی ڕژێمی به‌عسمان بیرده‌خاته‌وه‌...
به‌کورتی پاش بیست ساڵ له‌ گه‌نده‌ڵی و شه‌ڕی کورد به‌ کوردکوژان و هێنانی دوژمنانی کورد بۆ سه‌ریه‌کتری و دزینی گومرگی ئیبراهی خه‌لیل وبودجه‌ی کوردستان و ده‌رهێنان و دزینی نه‌وتی کوردستان و داگیرکردنی زۆربه‌ی زه‌وی و زاره‌کان وکردنی خه‌ڵک به‌ مرۆڤی به‌رهه‌م نه‌هێنه‌ر و کردنیان به‌ مووچه‌ خۆر و به‌بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌ ژێرخانی کوردستان بکه‌نه‌وه‌ و هه‌ر خه‌ریکی هێنانی به‌رهه‌می دروستکراوی حازر به‌ کواڵیتیه‌کی زۆر نزم و هه‌رزان له‌ چین و تورکیا و ئێران و ووڵاتانی تره‌وه‌ ، به‌ گشتی کوردستانیان کردووه‌ به‌ بازاڕی ساغ کردنه‌وه‌ی که‌لوپه‌له‌ خراپه‌کانی ووڵاتانی تر و کوردستانیان کردووه‌ به‌ مخته‌به‌رێک بۆ خواردن و ده‌رمانی به‌سه‌ر چوو...
ده‌سته‌ڵاتی به‌عس هه‌روه‌ک چۆن هه‌موو کات دژی هه‌ر ناڕه‌زاییه‌کی خه‌ڵک به‌ئاگر و ئاسن ده‌وه‌ستایه‌وه‌ به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی نیشتمان له‌ خه‌ته‌ردایه‌ و دوژمنانی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب له‌ پیلانداناندان ، ئه‌م ده‌سته‌ڵاته‌ی هه‌ر دوو بنه‌ماڵه‌ به‌ هه‌مان ئه‌و بیانووانه که‌ ئه‌زموونه‌که‌ ساوایه‌ و دوژمنانی کرد ده‌یانه‌وێت لێمان تێکبده‌ن و له‌ پیلان داناندان دژی نه‌ته‌وه‌که‌مان ، به‌ڵام هه‌ر خۆشیانن هه‌ولێر ده‌ڕازێنه‌وه‌ به‌ ئاڵای تورک بۆ پێشوازی کردنی ئه‌وانه‌ی ئه‌مان به‌ دوژمنی ده‌زانن و ده‌چنه‌ سه‌ر گۆڕی ئه‌تاتورک و خومه‌ینی و ده‌ستخۆشی له‌ به‌شار ئه‌سه‌د ده‌که‌ن له‌سه‌رکووتکردنی خه‌ڵکی سوریه‌دا..
له‌ئاکامی ئه‌م بارودۆخه‌دا که‌ ئه‌م دوو بنه‌ماڵه‌یه‌ سه‌پاندوویانه‌ به‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستان دا، ناڕه‌زای خه‌ڵک ڕۆژ به‌ ڕۆژ له‌ زیاد بووندا بوو‌ ،وه‌ ڕاپه‌ڕینێکی تر ڕووداوێکی چاوه‌ڕوان کراو بوو ، به‌ڵام دیسان کات و جێگه‌ی ئه‌و‌ ڕاپه‌ڕینه‌ هه‌ندێک هۆکاری تر هه‌بوون ئه‌ویش ڕووداوه‌کانی تونس و میسر وووڵاتانی ناوچه‌که‌ بووه‌ هۆی ئیلهام به‌خش به‌ خه‌ڵکی کوردستان له‌ حه‌ڤده‌ی شوبات دا ڕاپه‌رین به‌ر پابکات و داوای ڕوخان و نه‌مانی ده‌سته‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ی بکات .
زۆر به‌ ڕوونی و ئاشکرا خه‌ڵک داوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم و حکومه‌ت و په‌رله‌مان و گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌روه‌ت و سامانی دزراو و دادگای کردنی تاوانباران و دروستکردنی حکومه‌تێکی ته‌کنۆکراتی وپێکهێنانی کۆمه‌ڵگایه‌کی مه‌ده‌نی و دیموکراسی یان ده‌کرد.
ئه‌وه‌ بوو ده‌سته‌ڵات به‌عس ئاسا به‌ فیشه‌ک وه‌ڵامی خه‌ڵکی ڕاپه‌یووی دایه‌وه‌ و بووه‌ هۆی شه‌هید بوون و برینداربوونی زیاد له‌ دوو سه‌د که‌س و گرتن و ئازاردانی خه‌ڵکی.
له‌ سلێمانی و سه‌رای ئازادیه‌وه‌ خۆپیشاندانه‌کان فراوان بوو بۆ شار و شارۆچکه‌کانی تر و ده‌سته‌ڵات که‌وته‌ خۆیی و هه‌موو هێزێکی به‌کارهێنا که‌ هه‌ولێر کۆنترۆڵ بکات و چه‌نده‌ها پیلانی داناوه‌ له‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی هێزه‌ نهێنی و زێڕه‌ڤانی یه‌کانیان و گرتن و ئازاردانی خه‌ڵک تا ترس بخه‌نه‌ دڵیانه‌وه‌و خۆپیشاندان نه‌که‌ن و به‌مه‌ش بارودۆخێکی نائاسایان له‌ هه‌ولێردا دروست کردووه‌.
ده‌سته‌ڵات بێجگه‌ له‌ به‌کارهێنانی هێز و ترس ، که‌وته‌ به‌کارهێنانی چه‌ند ڕێگه‌یه‌کی تر بۆ کۆنترۆڵ کردنی خه‌ڵک و فراوان نه‌بوونی خۆپیشاندانه‌کان وه‌ک ته‌وق کردنی له‌سه‌رای ئازادی دا و هێنانی چه‌ند شاعیر و نووسه‌رێکی سه‌ر به‌ده‌سته‌ڵات بۆ هێمن کردنه‌وه‌ ی خه‌ڵک و به‌رزکردنه‌وه‌ی داواکاریه‌کانیان له‌ ڕێگه‌ی لێژنه‌یه‌که‌وه‌ و ئاماده‌یی تاڵه‌بانی و بارزانی ولێپرسراوانی ده‌سته‌ڵات بۆ گوێ گرتن له‌ داواکاریه‌کانیان .
ئه‌وه‌ی ئۆپۆزیسێۆنیشه‌ که‌ خۆی له‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌کگرتوو و کۆمه‌ڵی ئیسلامی دا ده‌بینێته‌وه‌ ، به‌ پێچه‌وانه‌ی داواکاریه‌کانی خه‌ڵکی ڕاپه‌ڕینی شوباته‌وه‌ که‌ داوای ڕوخان و نه‌مانی ده‌سته‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و تاڵه‌بانی ده‌کات ، که‌وتوونه‌ته‌ گفتوگۆکردن
له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ڵاتدا ، و دانیشتن و قسه‌وباس له‌گه‌ڵ نامه‌رغوب ترین که‌سانی ده‌سته‌ڵات له‌لایه ن خه‌ڵکه‌وه‌ که‌ ئه‌وانیش هیرۆی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و مه‌لا به‌ختیار و دلێری سه‌ید مه‌جید و ئه‌رسه‌لان بایز و فازیڵ میرانی یه.‌.
واته‌ هه‌ر به‌ چه‌شنی ڕاپه‌ڕینی یه‌که‌می ساڵی 1991 که‌ خه‌ڵک داوای ڕوخاندنی ده‌سته‌ڵاتی به‌عس ده‌کرد له‌ کوردستان ، ئۆپۆزیسیۆنی ئه‌وکاته‌ که‌ یه‌کێتی و پارتی و به‌ره‌ی کوردستانی بوون خه‌ریکی دانیشتن و گفتوگۆ بوون له‌گه‌ڵ ڕژێمدا و یه‌کتریان ماچ ده‌کرد...
ڕاپه‌ڕینی دووهه‌می خه‌ڵکی کوردستان که‌ ده‌ستی پێ کردووه‌ له‌ حه‌ڤده‌ی شوباتی ئه‌م ساڵدا و هه‌تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌ داوای ڕوخاندن و نه‌مانی ده‌سته‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و تاڵه‌بانی ده‌که‌ن ، که‌ چی ئۆپۆزیسیۆن خه‌ریکی گفتوگۆ و دانیشتن و ماچ کردنی ده‌سته‌ڵاته‌....
جارێکی تریش مێژوو دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ ، هه‌روه‌ک چۆن یه‌کێتی و پارتی و به‌ره‌ی کوردستانی هیچ چاره‌یه‌کیان بۆنه‌مایه‌وه‌ و بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان له‌ نه‌فره‌تی خه‌ڵک بپارێزن هاتنه‌ ڕیزی خه‌ڵکی ڕاپه‌ڕیووه‌وه‌ و ده‌سته‌ڵاتی به‌عس یان له‌ کوردستان شاربه‌ده‌ر کرد له‌ به‌هاری ساڵی 1991 دا.
.ئیستاش ئۆپۆزیسۆن که‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌کگرتوو و کۆمه‌ڵه‌ی ئیسلامی یه‌ ته‌نها دوو ئه‌ڵته‌رناتیڤیان له‌به‌رده‌م دایه‌ یان هاتنه‌ ڕیزی خه‌ڵکی ڕاپه‌ڕیوو و به‌رزکردنه‌وه‌ی هه‌مان داواکاری خه‌ڵک ‌ که‌ ڕوخاندنی ئه‌م سیسته‌می بنه‌ماڵه‌ییه‌ی بارزانی
و تاڵه‌بانی یه یه‌، یان گفتوگۆ و ڕێکه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ڵاته‌دا که‌به‌مه‌ش ڕاگه‌یاندنی مردنی خۆیان وه‌ک ئۆپۆزیسیۆن ڕاده‌گه‌یه‌نن وده‌که‌ونه‌ ده‌ره‌وه‌ی به‌ره‌ی خه‌ڵکه‌وه‌...
ئه‌م ده‌سته‌ڵاته‌ش زوو بێت یان دره‌نگ هه‌ر ده‌بێت نه‌مێنێت و بروخێت ، ئه‌و کاته‌ش خه‌ڵک و میژوو ڕه‌حم به‌ هیچ که‌سێک ناکات.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە