کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


ده‌بێت خه‌ڵکی ڕاپه‌ریووی کوردستان ئامڕازی نوێ بێنێته‌ کایه‌وه‌ بۆ مسۆگه‌رکردنی سه‌رکه وتنی خۆپیشاندانه‌کان و ڕاپه‌ڕین

Sunday, 13/03/2011, 12:00


خۆپیشاندانه‌کانی به‌رده‌رکی سه‌رای شاری سلێمانی و ناوچه‌کانی ده‌وروبه‌ری به‌ره‌و هه‌فته‌ی چواره‌م ده‌ڕوات و به‌رده‌وامه‌..ڕۆژ به‌ڕۆژ خه‌ڵکی زیاتر و ناوچه‌ی زیاتر بازنه‌ی ئه‌م خۆپیشاندانه‌ فراوان تر ده‌کات ...ده‌سته‌ڵاتیش بێ باکانه‌ لێره‌و له‌وێ په‌یمانی درۆ و هه‌ڕه‌شه‌ی نوێ ده‌کات...دژه‌خۆپیشاندان ڕێک ده‌خات و خه‌ڵک به‌زۆر ڕاپێچی جاده‌کان ده‌کات و ده‌یه‌و‌ێت بڵێت ئه‌وه‌ ده‌سته‌ڵاته‌ که‌ زۆرترین خه‌ڵکی له‌گه‌ڵ دایه‌ و هه‌ر ئه‌مان هه‌ڵیانبژاردووین و هه‌رئه‌مانیش ده‌توانن لامه‌ن به‌رن له‌ ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌..
دژه‌ خۆیشاندەرەکانی ئه‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی دوایی سلێمانی و هه‌ولێر له‌لایه‌ن تاڵه‌بانی و بارزانییه‌وه‌ که‌ ڕێکخرابوو باشترین به‌ڵگه‌ی ئیفلاسبوونی ئه‌م ده‌سته‌ڵاته‌ بەناو
کوردییه‌ی باشوری کوردستانه‌.

ده‌سته‌ڵات له‌ ڕێگه‌ی خۆیانه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ وه‌ک له‌ کۆبوونه‌وه‌ و ووتاره‌کانی تاڵه‌بانی له‌ سلێمانی و مه‌سعوود له‌ هه‌ولێر و به‌رهه‌م ساڵح له‌ په‌رله‌مان داوای ئارامبونەوەی شه‌قامی کوردی ده‌که‌ن، باس له‌ سه‌روه‌رییە درۆ‌کانی ڕابووردوویان ده‌که‌ن، جارێکی تر ووشه‌ زۆر ووتراوه‌کان ده‌ڵێنه‌وه‌ له‌ باسی ئه‌نفال و پێشمه‌رگه‌ و شه‌هیدان و دوژمنه‌ وه‌همێکاندا.ده‌یانه‌وێت به‌و قسە و ووتاره‌ له‌کارکه‌وتووانه‌ و به‌ په‌یمانه‌ درۆکانیان خه‌ڵک له‌ داواکارییه‌کانیان ساردبکه‌نه‌وه‌ که‌ خۆی له‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی مه‌ده‌نی و مافی هاووڵاتی بوون و دوورکه‌وتنه‌وه‌ی حیزب و بنه‌ماڵه‌ له‌ کاری حکومه‌ت ودابین کردنی ئازادی مرۆڤه‌کان و ڕێزگرتن له‌ مافی مرۆڤ دا خۆی ده‌بینێته‌وه‌.

ده‌سته‌ڵاتی بارزانی و تاڵەبانی ده‌یه‌وێت کۆتایی به‌م بارودۆخه‌ی ناڕه‌زایی خه‌ڵکی کوردستان بهێنێت ، پاش ئه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵات بۆی ده‌رکه‌وت که‌ خه‌ڵک به‌ په‌یمان و گفته‌کانیان باوه‌ڕ ناکه‌ن و سوورن له‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌کانی خۆیان ، هاتوون ده‌یانه‌وێت له‌ڕێگه‌ی چه‌نده‌ها ووتاربێژ و نووسه‌رانی ده‌رباری خۆیانه‌وه‌ تیکه‌ڵ به‌ خۆیپشاندانه‌کان ده‌که‌ن و خۆیان وا ده‌رده‌خه‌ن که‌ ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ داوکاری خه‌ڵک دان و دژی گه‌نده‌ڵین و داوای چاکسازی ده‌که‌ن.
بۆیه‌ که‌م نین ئه‌و نوسه‌ر و شاعیر و ووتاربێژانه‌ که‌ داوای ڕیفۆرم کردنی ده‌سته‌ڵا ت وخۆپیشاندانی ئاشتییانه‌ و گفتوگۆکردن له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ڵات ده‌که‌ن، داوای ماوه‌دان به‌ ده‌سته‌ڵات ده‌که‌ن تا چاکسازی بکه‌ن . ده‌سته‌ڵات ده‌یه‌وێت هه‌موو ڕێگاکان تاقیبکاته‌وه‌ هه‌ر له‌ ترۆر و په‌لاماردان وسووتاندن و گرتن  و ترساندن وناردنی هێزه‌ ده‌مامکە‌کانیان بۆ سه‌ر خه‌ڵک ، به‌ڵام که‌ ده‌زانێت هه‌موو ئه‌و ڕێگایانه‌ توڕه‌یی وناڕه‌زایی خه‌ڵک و سوربوونیان له‌ به‌رده‌وامی ڕاپه‌ڕینه‌که‌یان زیاتر تر ده‌کات ، دێن ڕێگه‌ی تر تاقیده‌که‌نه‌وه‌ تا ڕاپه‌رین و خۆپیشاندانه‌کان سنورداربکه‌ن و ته‌وقی بکه‌ن له‌ شارێکدا و به‌و هیوایه‌ی که‌ خه‌ڵک له‌ دوا ئه‌نجامدا بڵاوه‌ی پێبکه‌ن و نائومێدیان بکه‌ن به‌وه‌ی که‌ چاکسازی و گۆڕان هه‌ر ده‌بێت ده‌سته‌ڵات بیکات و هه‌ر هه‌و‌ڵێکی تر له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مان موسته‌حیل ‌ده‌بێت و ئه‌گه‌ر ئه‌م بارودۆخه‌ش تێکبچێت ، ئه‌وا به‌ قازانجی دوژمنانی کورد ده‌بێت و هه‌موو ده‌ستکه‌وته‌کانیش له‌کیس ده‌چن .

ده‌سته‌ڵاتی مافیای کوردی باش له‌وه‌ تێگه‌یشتووه‌ که‌ نه‌وه‌ی نوێ نه‌وه‌یه‌کی زۆر جیاواز تره‌ له‌ نه‌وه‌کانی پێشوو تر هه‌روا به‌ ئاسانی ده‌سته‌مۆ ناکرێت . ئه‌مرۆ به‌هۆی گه‌شه‌ی ته‌کنۆلۆجیا و ئینته‌رنێت و هه‌موو ئه‌و په‌یوه‌ندی یه‌ ڤێرچه‌ڵانه‌ی (Virtual Communications)که‌ ئینته‌رنێت هێناویه‌ته‌ کایه‌وه‌ ، نه‌وه‌یکی نوێ دروست بووه‌ که‌ به‌لایه‌وه‌ گرنگ نی یه‌ ئێستا چۆن دروست بووه‌ و کێ دروستی کردووه‌ ، به‌ڵکو گرنگ به‌لای ئه‌م نه‌وه‌ نوێ یه‌وه ئێستا و پاشه‌ڕۆژه‌ بۆ خۆیان و نه‌وه‌ی دوای خۆیان ، به‌ پێچه‌وانه‌ی ده‌سته‌ڵاته‌وه‌ که‌ هه‌ر له‌ ڕابوردوودا ده‌ژین و ناتوانن ته‌جاوزی ڕابوردوو بکه‌ن .

ده‌سته‌ڵات ده‌یه‌وێت هه‌رچی زووتر هه‌یه‌ کۆتایی به‌م ڕاپه‌ڕینه‌ بێنێت ، بۆیه‌ ئه‌رکی هه‌موومانه‌ که‌ به‌رده‌وام به‌م خۆپیشاندان و ڕاپه‌ڕینه‌ بده‌ین تاکوو سه‌رکه‌وتنی ئامانجه‌کانی که له‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم و حکومه‌ت و په‌رله‌مان و نه‌مانی ده‌سته‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌یی و دادگاکردنی بارزانی و تاڵه‌بانی و لێپرسراوه گه‌نده‌ڵ و دز و تاوانباره‌کانی شه‌ڕی ناوخۆ له‌ پارتی و یه‌کێتی و حیزبه‌کانی تردا خۆی ده‌بینێته‌وه‌.

بۆیه‌ ده‌بێت خه‌ڵکی ڕاپه‌ریووی کوردستان ئامڕازی نوێ بێنێته‌ کایه‌وه‌ بۆ مسۆگه‌رکردنی سه‌رکوتنی خۆپیشاندانه‌کان و ڕاپه‌ڕین .

بۆ ئه‌مه‌ ده‌بێت سوود له‌ ئامڕاز وڕێگه‌ و تاکتیکی ڕاپه‌ڕینه‌کانی کۆنی خۆی فێربێت ، بۆ نموونه‌ ڕاپه‌ڕینی ئازاری ساڵی 1991 که‌ توانی بنکه‌ وباره‌گا ی ده‌سته‌ڵاتی به‌عس له‌ کوردستان دا ڕاماڵێت . هه‌روه‌ها خه‌ڵک ده‌بێت سوود له‌و ئامڕاز و تاکتیکانه‌ی گه‌لی تونس و میسر وه‌رگرێت له‌ سه‌رکه‌وتنی ڕاپه‌ڕینه‌کانیان دا.

وه‌ک ده‌زانین گه‌لی ڕاپه‌ڕیووی میسر نه‌یانهێشت خۆپیشاندانه‌کانیان ته‌نها له‌ مه‌یدانی ئازادی قاهیره‌دا قه‌تس بکرێت و له‌ دواجاردا به‌ره‌و کۆشکی سه‌رۆکایه‌تی و په‌رله‌مان ڕۆیشتن و حوسنی مباره‌کیان ناچارکرد ده‌سته‌ڵات به‌ جێبهێڵت.

بۆیه‌ زۆر گرنگه‌ خه‌ڵکی کوردستان نه‌هێڵن چ ده‌سته‌ڵات ، وه‌ چ ئه‌وانه‌ی به‌ناوی ئۆپۆزیسۆن خۆیان ده‌رده‌خه‌ن وکه‌ داوای چاکسازی ده‌سته‌ڵات ده‌که‌ن و داواده‌که‌ن کات و ماوه‌ بدرێت به‌ ده‌سته‌ڵات تا ڕیفۆرم بکات و داواده‌که‌ن گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ڵات دا بکه‌ن له‌ پێناوی ئاشتی و ئارامی کوردستان و تێکنه‌چوونی ئه‌زموونی ئێستای کوردستان دا ، بیه‌ڵن خۆپیشاندانه‌کان و ڕاپه‌ڕین له‌ ئامانجی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی لابدات که‌ ئه‌ویش نه‌مانی ده‌سته‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و تاڵه‌بانی ره‌فتار به‌عسه‌ له‌ کوردستانی باشوردا
 ئه‌وه‌ش به‌هۆی هێنانه‌ کایه‌ی ڕێگه‌ و ئامڕاز و تاکتیکی نوێ که‌ ڕۆژانه‌ له‌ ئاکامی تاقی کردنه‌وه‌کانی خۆی به‌ده‌ستی ده‌هێنێت و به‌سوود وه‌رگرتن له‌وانه‌ی که‌ بووه‌ هۆی سه‌رکوتنی گه‌لی تونس و میسر له‌ ڕوخاندنی سیسته‌می بنه‌ماڵه‌یی دا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە