کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


ئایا دروستکردنی حکومه‌تێکی ته‌کنوکراتی بێلایه‌ن بۆ هه‌رێمی کوردستانی عێراق له‌ مه‌نفا کاتی نه‌هاتووه‌؟

Sunday, 19/06/2011, 12:00






وه‌ک ده‌زانین حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌سته‌ڵاتێکی بنه‌ماڵییه‌ و پله‌ی گه‌نده‌ڵی و دیکتاتۆریه‌تی له‌ ڕیزی پێشه‌وه‌ی هه‌رێم و ووڵاته‌ گه‌نده‌ڵ و سه‌رکوتکه‌ره‌کانی جیهان دایه‌. ڕاپۆرته‌کانی نه‌ته‌وه‌ یه‌گکرتووه‌کان و ئه‌منیستی ئینته‌رناشیوناڵ و ڕۆژنامه‌ نووسه‌رانی بێ سنور و هیومه‌ن ڕایتس واچ و چه‌نده‌ها ڕێکخراو و گروپه‌ مرۆڤدۆسته‌کانی جیهانی و نوسه‌ر و دیبلۆماسانی ئه‌وروپی و ئه‌مه‌ریکی گه‌واهی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن که‌ هه‌ر دوو بنه‌ماڵه‌ی ڕه‌فتاربه‌عسی بارزانی و تاڵه‌بانی و که‌سه‌ نزیکه‌کانی چوارده‌وریان له‌ناو هه‌ردوو پارته‌ ده‌سته‌ڵاره‌که‌یان گه‌وره‌ترین گه‌نده‌ڵ و سه‌رکوتکه‌ری ئازادین له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دا و له‌ ڕیزی سوریه‌ و یه‌مه‌ن و ئێران و ووڵاته‌کانی ناوچه‌که‌ن.
ڕووداوه‌کانی حه‌ڤده‌ی شوبات و دوای حه‌ڤده‌ی شوبات سه‌لماندی ئه‌م دوو بنه‌ماڵه‌ هیچی که‌متر نی یه‌ له‌ ڕژێمه‌ دیکتاتۆره‌که‌ی سه‌دام حوسه‌ین...ئه‌م دوو بنه‌ماڵه‌یه‌ به‌ناوی شه‌رعیه‌تی شۆرشگێڕانه‌وه‌ ، دیکتاتۆریه‌ت و گه‌ورترین گه‌نده‌ڵی له‌ دزینی سه‌روه‌ت و سامانی کوردستان یان به‌رهه‌م هێناوه‌...کوردستانی باشور بۆته‌ جێگه‌ی خۆده‌وڵه‌مه‌ندکردنی هه‌ر دوو بنه‌ماڵه‌ و پیاوه‌کانیان و باشوری کوردستان وه‌ک نێچیرێک که‌وتۆته‌ ژێر که‌ڵپه‌کانی دڕنده‌ و چه‌کداره‌کانی شاخ و هه‌ریه‌که‌ ئازابێت و به‌شی خۆی به‌رێت و ڕۆژانه‌ ملیۆنه‌ها دۆلار ڕه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ ده‌کرێت له‌ژێر ناوی کۆنتراکت و پڕۆژه‌ی وه‌همی دا..
زۆرن ئه‌و به‌ڵگانه‌ی که‌ بێ وێنه‌یی ئه‌م ده‌سته‌ڵاته‌ ڕه‌فتار به‌عسه‌ی بارزانی و تاڵه‌بانی ده‌سه‌لمێنێت و پێویست به‌ دووباره‌کردنه‌وه‌یان ناکات..ته‌نانه‌ت ده‌سته‌ڵاتیش خۆی که‌وتۆته‌ باسکردنی پڕۆژه‌ی چاکسازی وباسکردنی گه‌نده‌ڵیه‌کان..
به‌ڵام وه‌ک ده‌زانرێت ده‌سته‌ڵات ده‌یه‌وێت ، هه‌روه‌ک ده‌سته‌ڵاته‌ گه‌نده‌ڵ و دیکتاتۆریه‌که‌ی میسرو تونس ولیبا و سوریه‌ و یه‌مه‌ن باسی ڕیفرم و چاکسازی ده‌یانکرد و ده‌که‌ن ، ئه‌وه‌ی که‌ چه‌نده‌ها ساڵه‌ ڕێگه‌یان لێگرا بێت که‌ چاکسازی بکه‌ن ، به‌ڵام ئه‌مانه‌ هه‌مووی درۆی ده‌سته‌ڵاته‌ و ده‌یانه‌وێت به‌ هه‌رچ نرخێک بووه‌ له‌ ده‌سته‌ڵاتدا بمێننه‌وه‌..
ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ کوردسانی باشوردا ده‌گوزه‌رێت قابلی چاکسازی نی یه‌ و ئه‌و بواره‌ نه‌ماوه‌ته‌وه‌ بۆ چاکسازی و ڕیفۆرم ، به‌ڵکو ده‌بێت سه‌راپای ئه‌م ده‌سته‌ڵاته‌ گه‌نده‌ڵه‌ هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌ و حکومه‌ت و ده‌سته‌ڵاتێکی مه‌ده‌نی پێک بهێنرێته‌وه‌ له‌ سه‌ر بناغه‌ی ماف و ئه‌رکی هاوڵاتیبوون و ڕێزگرتن له‌ مافی مرۆڤ و هه‌ڵبژاردنێکی ئازاد و که‌سانی خۆێنده‌وارو پرۆفیشناڵ ودڵسۆزی خاک و نه‌ته‌وه‌..
ده‌سته‌ڵاتی بارزانی ـ تاڵه‌بانی ده‌مێکه‌ شه‌رعیه‌تی خۆی له‌ده‌ست داوه‌ له‌ناو خه‌ڵک دا و ئێستاش دوو ده‌سته‌ڵاتی و دوو ئیداره‌یی له‌ ناوچه‌ی زه‌رد و سه‌وزدا ده‌بینرێت و دوو هێزی چه‌کداری وه‌ک دوو هێزی سه‌رکوتکه‌ر بۆ به‌رژه‌وه‌ندی دوو بنه‌ماڵه‌ ده‌بینرێت و بڕیاری هیچ لایه‌کیان له‌ سنوری ناوچه‌که‌ی ژێرده‌سته‌ڵاتی یه‌کتری دا ناڕوات و ته‌نانه‌ت ڕێگه‌ له‌ هاتوچۆی یه‌کتریش ده‌گرن بۆ ناوچه‌ی ژێرده‌سته‌ڵاتی یه‌کتری..
ئه‌وه‌ی ناویشی ده‌ووترێت ئۆپۆزیسیۆن که‌ خه‌ریکی پڕۆژه‌ی چاکسازی پێشکه‌ش کردن و کۆبوونه‌وه‌ و دانیشتنه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ڵات ، بریتین له‌ ئۆپۆزیسێۆنێکی شه‌رمن و نایه‌وێت دان به‌ڕاستی دا بنێت که‌ ئه‌ویش هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌م ده‌سته‌ڵاته‌ گه‌نده‌ڵ و دکتاتۆر و ناشه‌رعیه‌ی بارزانی و تاڵه‌بانیه‌..هه‌موو ڕۆژێک ده‌یبنین ده‌سته‌ڵات خه‌ریکی گه‌مه‌کردنه‌ به‌ ئۆپۆزیسیۆن و خه‌ڵکی کوردستان و ته‌نها ده‌یانه‌وێت کات بکوژن و خۆیان زیاتر به‌هێزتربکه‌ن . ..
ئه‌و پڕۆژه‌ و چاکسازیانه‌ی که‌ ئۆپۆزیسیۆن باسیان ده‌کات مه‌حاڵه‌ جێ به‌جێکردنیان له‌ ژیرسایه‌ی ئه‌م ده‌سته‌ڵاته‌ ڕه‌فتار به‌عسیه‌دا ، بۆیه‌ زۆر گرنگه‌ که‌ که‌سه‌ دڵسۆز و نیشتیمانپه‌روه‌ره‌کان و ئه‌کادیمیه‌کان له‌ ده‌ره‌وه‌ی ووڵات ، له‌ هه‌نده‌ران ، حکومه‌تێکی کاتی ته‌کنۆکراتی له‌ مه‌نفا پێک بهێنن و له‌ هه‌وڵی به‌شه‌رعی دانی دابن له‌لایه‌ن ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکاو هه‌وڵدانیان که‌ له‌په‌رله‌مانی عێراقدا دانی پێدابنرێت هه‌تا ئاماده‌یی بۆ هه‌ڵبژاردنێکی ئازاد ده‌ره‌خسێت که‌ کاتێک:
ـ بارزانی واز له‌ سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم بێنێت
-هێزه‌ چه‌کداره‌کان هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌ له‌م شێوه‌ی ئێستادا که‌ هه‌یه‌ و له‌شکرێکی یه‌کگرتوو دروست بکرێت و سه‌رکردایه‌تی له‌ده‌ست که‌سانی بێلایه‌ن و پسپۆردا بێت
-بودجه‌ی هه‌موو حیزبه‌کان ببڕێت و هه‌تا دوای دروست بوونی حکومه‌تێکی نوێ ئینجا به‌ یاسا ڕێکبخرێت
- په‌رله‌مان و حکومه‌ت هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌ و ئه‌و حکومه‌ته‌ کاتیه‌ ئیداره‌ی هه‌رێم ده‌کات تا دوای هه‌ڵبژاردن..
-دادگایی کردنی هه‌موو گه‌نده‌ڵ و تاوانبار‌ان و ده‌ستگرتن به‌سه‌ر سه‌روه‌ت و سامانه‌کانیان له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی ووڵات چ ئه‌وانه‌ی به‌ناوی خزم و که‌سانی تره‌وه‌ن.
-هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی هه‌ردووده‌زگا به‌دناوه‌که‌ی پاراستن و زانیاری و دادگای کردنی لێپرسراوه‌کانیان بۆ ئه‌و هه‌موو تاوانه‌ی که‌ ده‌رهه‌ق به‌ خه‌ڵکی کوردستان کردوویانه‌..
-گه‌ڕانه‌وه‌ی موڵکه‌ گشتیه‌کان بۆ خه‌ڵک وه‌ک سه‌ری ڕه‌ش و قه‌ڵاچوان و دوکان و مه‌سیف سه‌لاحه‌دین و هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی که‌‌ ئه‌م دوو بنه‌ماڵه‌ تاوانباره‌ و پیاوه‌کانیان داگیریانکردوون..

به‌ڕاستی کاتی ئه‌وه‌ هاتوه‌ ئۆپۆزیسیۆن ئه‌وه‌نده‌ی تر نه‌ خۆیان و نه‌ خه‌ڵکی کوردستانیش نه‌خه‌ڵه‌تێنێت و واز له‌م گه‌مه‌یه‌ی ده‌سته‌ڵات بێنێت و هه‌وڵ بدرێت له‌ناو که‌سه‌ دڵسۆز و نیشتمان په‌روه‌ر و شاره‌زایان له‌ ده‌ره‌وه‌ی ووڵات ، له‌ مه‌نفا حکومه‌تێکی کاتی دروست بکرێت و بکه‌وێته‌ خه‌بات کردن له‌ناوه‌وه‌‌ له‌ڕێگه‌ی خۆپیشاندان و مانگرتن وپاڵپشتی په‌یداکردن بۆ ئه‌و حکومه‌ته‌ کاته‌ی هه‌رێمی کوردستان له‌ مه‌نفا و هه‌روه‌ها هه‌وڵی پاڵپشتی په‌یداکردنیش بدرێت له‌لایه‌ن ووڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا و نوسه‌ر و سیاسه‌کانی جیهانه‌وه‌ بۆ ئه‌و حکومه‌ته‌ کاتیه‌ و خه‌ڵکی کوردستانی باشور..
  

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە