کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


چه‌ند سه‌رنج و تێڕوانینێک له‌سه‌ر بارودۆخی کوردستانی باشور

Wednesday, 02/03/2011, 12:00




له‌ کوردستانی باشور دوو بنه‌ماڵه‌ ، بارزانی له‌ناوچه‌ی زه‌رد و تاڵه‌بانی له‌ ناوچه‌ی سه‌وز، حوکم ده‌که‌ن ۰ سه‌ره‌رای په‌یوه‌ندی سیتراتیژی نێوان ئه‌م دوو بنه‌ماڵه‌یه‌ ، ته‌نها به‌ شێوه‌یه‌کی ڕووکه‌ش وه‌ک یه‌ک ئیداره‌، وه‌ک یه‌ک حکومه‌ت و په‌رله‌مان خۆیان ده‌رده‌خه‌ن، به‌ڵام له‌ ڕاستی دا هه‌ریه‌که‌یان له‌ناوچه‌که‌ی سه‌ر به‌خۆیان حاکمی موتڵه‌قن و هیچ کامیان ناتوانن له‌ ناوچه‌ی یه‌کتری دا ته‌نانه‌ت فه‌رمانبه‌رێکی بچوکیش دامه‌زرێنن.
گه‌نده‌ڵی له‌ هه‌ردوو ناوچه‌که‌دا گه‌یشتۆته‌ ئاستێک که‌م وێنه‌یه‌ له‌ جیهاندا، بارزانی و تاڵه‌بانی و خانه‌واده‌ و بنه‌ماڵه‌کانیان و که‌سه‌ نزیکه‌کانیان و که‌سوکاریان کۆنترۆڵی هه‌موو ژیانی ئابوری کوردستانی باشوریان کردووه‌ له‌ چه‌شنی بنه‌ماڵه‌کانی حوسنی مباره‌ک و زه‌ین ئه‌لعابدین و موعه‌مه‌ر قه‌زافی که‌ خاوه‌نی بلیون دولارن و هه‌موو کۆمپانیاو پرۆژه‌ ئابوری یه‌کانیان داگیرکردوه‌ و زۆربه‌ی زه‌ویه‌کانی شاره‌کانیان له‌سه‌ر
خۆیان تاپۆکردووه‌ و ڕێگه‌ به‌ هیچ که‌سێکی بێلایه‌ن ناده‌ن له‌ کاره‌ حکومییه‌کان و ئابوریه‌کان به‌شداری بکه‌ن.
.به‌ کورتی دوو باندی مافیا ده‌سته‌ڵاتیان له‌ کوردستانی باشوردا به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ و دژی هه‌ر که‌سێک ده‌بن له‌ به‌عس خراپتر ئه‌گه‌ر دژیان بوه‌ستنه‌وه‌، وه‌ک له‌ ڕووداوه‌کانی خۆپیشاندانانی ئه‌م دوای یه‌ی شاره‌کانی کوردستاندا ڕوویاندا و بووه‌ هۆی کوشتنی چه‌نده‌ها لاوی کورد و بریندارکردنیان ‌ به‌ شێوه‌یه‌کی به‌عس ئاسا که‌ وویژدانی هه‌موو که‌سێکی هاژاند.

به‌هۆی ئه‌و سه‌رمایه‌ زۆره‌ی که‌ لای بنه‌ماڵه‌ی بارزانی کۆبۆته‌وه و له‌ ئه‌نجامی نزیکی ناوچه‌ی زه‌رد له‌ تورکیا و گومرگی ئیبراهیم خه‌لیل و دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ ڕژێمه‌کانی ناوچه‌که‌دا له‌ دژی جوڵانه‌وه‌ی ئازادخوازی کوردستانی به‌شه‌کانی تر ، هێنده‌ی تر شوێن و جێگه‌ی پارتی و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی به‌هێزکردووه‌ ، له‌ چاو یه‌کێتی و بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی دا۰

تاله‌بانی له‌ پێناوی خۆی و مسۆگه‌رکردنی کورسی سه‌رۆکۆماری عێراقدا ، ئاماده‌ی هه‌موو سازشێک بوو له‌گه‌ڵ بارزانی دا به‌ جۆرێک یه‌کێتی نیشتمانی کوردستانی هێنده‌ بچووک کرده‌وه‌ بوه‌ هۆی ئه‌وه‌ی زۆر ناڕه‌زایی له‌ناو سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی دا به‌رزببێته‌وه‌ و بوه‌ هۆی جیابوونه‌وه‌ی چه‌ند که‌سانێک ـ گروپێک ـ که‌ تا دۆێنێ هاوڕێی شاخ بوون له‌گه‌ڵیاندا و که ‌ووتنه‌ ناکۆکیه‌وه‌ ، ئه‌م گروپه‌ له‌ کۆتایی دا بزووتنه‌وه‌یه‌کیان پێک هێنا به‌ناوی بزووتنه‌وه‌ی گۆران.
سه‌ڕه‌رای سه‌رانی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ هه‌ر له‌ که‌سه‌ کۆنه‌کانی سه‌رکردایه‌تی نیشتمانی کوردستان بوون ، به‌ڵام جه‌ماوه‌رێکی زۆری له‌ خه‌ڵکی ناڕه‌زا له‌ ده‌سته‌ڵاتی هه‌ر دوو باندی مافیای بارزانی و تاڵه‌بانی له‌ خۆی کۆکرده‌وه‌ و توانیان له‌ هه‌ڵبژارده‌کانی کوردستان و عێراق دا سه‌رکه‌وتنێکی باش به‌ ده‌ست بێنن.
له‌لایه‌ک به‌هۆی په‌یدابوونی گۆران وه‌ک ئۆپۆزیسیۆنێک که‌ بووه‌ هۆی زیاترگه‌نده‌ڵییه‌کانی ده‌سته‌ڵاتی کوردی بۆ خه‌ڵک ئاشکرابێت ، له‌لایه‌کی تره‌وه‌ ده‌سته‌ڵات ، به‌ تایبه‌ت بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و پارتی له‌ خۆبه‌زلزانین و لووتبه‌رزیانه‌وه‌ به‌ هۆی دزینی ئه‌و سه‌روه‌ت و سامانه‌ زۆره‌ی کوردستان و بودجه‌ی خه‌ڵکه‌وه‌ ، بچوک بوونه‌وه‌ی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان که‌ وه‌ک لقێکی پارتی لێهاتووه‌ و هیچ ده‌ورێکی گرنگی له‌ بڕیاراندا بۆ نه‌ماوه‌توه‌ و بووه‌ به‌ پاشکۆی پارتی .
زۆربوونی گه‌نده‌ڵی وبوونی پارتی و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی به‌ حاکمی بێ منافه‌سه‌ و کووشتن و تۆقاندن له لایه‌ن ‌ده‌زگای پاراستن وزانیاری و بێ سه‌روشیۆن کردنی خه‌ڵکی ناڕه‌زا و هه‌موو ئه‌و پێشێلکاریانه‌ی که‌ ده‌رحه‌ق به‌ خه‌ڵکی کوردستان ده‌کرێت ، وای کرد ئه‌و ڕاپه‌ڕین و خۆپیشاندانه‌که‌ی لێ بکه‌وێته‌وه‌.
سه‌رکه‌وتنی گه‌لی توونس و میسر و خۆپیشاندانه‌کانی ووڵاتانی ناوچه‌که‌ بووه‌ هۆی ئیلهام به‌خش به‌ خه‌ڵکی کوردستان له‌ ڕاپه‌ڕین و خۆپیشاندانه‌کانیان دا۰
به‌هۆی ئه‌و باڵباڵێنه‌ی له‌ناو یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان دا هه‌یه‌ و به‌ هۆی ترسی گه‌وره‌بوونی پارتی ، هه‌ر باڵه‌ وویستان ئه‌م خۆپیشاندان و ناڕه‌زایانه‌ی خه‌ڵک به‌ ئارا‌سته‌یه‌کی تردا به‌رن و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌کاری بێنن.
هه‌ندێک که‌س له‌ سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی وویستیان بیکه‌ن به‌ شه‌ڕی پارتی و گۆران و خه‌ڵکییان به‌ره‌و لقی چواری پارتی بردوو و ئه‌و کاره‌ساته‌ی لێبووه‌وه‌ که‌ چه‌ته‌کانی پارتی که‌وتنه‌ ته‌قه‌کردن له‌ خه‌ڵکی سیڤیلی ڕاپه‌ڕیوو و بوونه‌ هۆی کوشتنی و بریندارکردنی چه‌ند لاوێک.
.هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌م گروپه‌ی که‌ ئه‌م ئاره‌زوویه‌یان هه‌بوو ، مه‌لا به‌ختیار و حاکم قایه‌ر و چه‌ند که‌سانێکی تربوون به‌وه‌ی ناڕازین که‌ ئاغای تاڵه‌بانییان چۆکی داداوه‌ له‌به‌رده‌م بنه‌ماڵه‌ی بارزانی دا و یه‌کێتی نیشتمانی ته‌سلیم به‌ پارتی کردووه‌ و وویستیان به‌م سیناریۆیه‌یان له‌ پارتی پێبده‌ن و پێیان بڵێن نه‌مانی یه‌کێتی مانای نه‌مانی پارتیشه‌.

له‌ولاشه‌وه‌ تاڵه‌بانی ترسی له‌ خۆپیشاندانه‌کان چووبوو که‌ په‌ره‌بسێنن و کۆتایی به‌ ده‌سته‌ڵاتی بنه‌ماڵه ‌بێنێت، بۆیه‌ له‌ ڕێگه‌ی به‌رهه‌م ساڵحه‌وه‌ داوای له‌ بنه‌ماڵه‌ی مه‌سعوود کرد که‌ هێزی زێڕه‌ڤانی بنێرێت بۆ سلێمانی بۆ ئه‌وه‌ی کۆنتڕۆڵی خۆپیشاندانه‌کانی پێ بکات ـ هێزی زێڕه‌ڤانی بریتین له‌ فیدایه‌کانی مه‌سعوود بارزانی له‌ چه‌شنی فیدایه‌کانی سه‌دام ـ و هه‌روه‌ها ئه‌و پیلانه‌ی پێشوه‌خت داڕێژرابوو له‌ نێوان تاڵه‌بانی و مه‌سعوود دا له‌ ئه‌گه‌ری هه‌ر ڕاپه‌ڕینێکدا به‌ زوویی په‌لاماری گرده‌ بده‌ن و لێپرسراوای بزووتنه‌وه‌ی گۆران ده‌ستگیر بکه‌ن به‌ بیانووی ئاژاوه‌گێڕی و تێکدانی ئارامی و ئاسایشی هه‌رێم وجێ به‌جێ کردنی پیلانی دوژمنانی کورد وه‌ک ئیتلاعاتی ئێران و عه‌ره‌به‌ شۆڤیه نییه‌کان و سه‌دریه‌کان ۰
وه‌ک ده‌زانرێت کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ که‌ باڵێکی گرنگی ناو یه‌کێتی نیشتمانی کوردستانه‌ وکابرایه‌کی ڕاڕاو به‌رژه‌وه‌ندی په‌رسته‌ و هه‌موو کات له‌ هه‌ل ده‌گه‌ڕێت تا شوێن و جێگه‌ی خۆی به‌هێز تر بکات ۰ کۆسره‌ت له‌لایه‌ن مه‌سعووده‌وه‌ که‌سێکی مه‌قبوول نی یه‌ و قبوڵی ناکات بکرێته‌ جێگری.
 به‌ پێی ی په‌یوه‌ندی ستراتیژی نێوان پارتی و یه‌کێتی ، ده‌بوایه‌ کۆسره‌ت بکرایاته‌وه‌ به‌ جێگری مه‌سعوود ، وه‌ هه‌روه‌ها جه‌لالیش نایه‌وێت کۆسره‌ت به‌هێز ببێت و ده‌یه‌وێت به‌ ته‌واوی له‌ کۆسره‌ت بدات و ئاماده‌کاری بۆ هێرۆ و کوڕه‌کانی بکات که‌ جڵه‌وی یه‌کێتی بگرنه‌ ده‌ست دوای مردنی ‌خۆی ، بۆیه‌ به‌م داوایه‌ی مه‌سعوود ڕازیه‌ و مه‌سه‌له‌ی کۆسره‌ت بۆ جێگری ی سه‌رۆکی هه‌رێم به‌ ته‌واوی فه‌رامۆش کردووه‌.

بۆیه‌ کۆسره‌ت ئه‌م بارودۆخه‌ی خۆپیشاندانه‌کان و داواکردنی هێزی زێڕه‌ڤانی بۆ ناوچه‌ی سلێمانی به‌ هه‌ل زانی و که‌وته‌ کۆکردنه‌وه‌ی چه‌کداره‌کانی خۆی و له‌ کۆبوونه‌وه‌ی یه‌کێتیدا دژی هێنانی هێزی زێڕه‌ڤانی و داگیرکردنی گرده‌که‌ وه‌ستایه‌وه‌ و بڕیاری شه‌ڕ‌کردنی دا گه‌ر بێتوو هه‌چ هێزێک بێته‌ ناو سلێمانییه‌وه‌ .

ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی کۆسره‌ت چه‌ند نیشانه‌یه‌کی پێکا:
یه‌که‌م ـ گوڕوته‌وژمێکی تری دا به‌ خۆپیشانده‌ران و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان
دووهه‌م - هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پیلانه‌که‌ی جه‌لال و مه‌سعوود ، ئه‌وه‌ی شایانی باسه‌ پاش داڕێژانی پیلانی په‌لاماردانی گرده‌که‌ ، هه‌ر یه‌که‌ له‌ مه‌سعوود و جه‌لال کوردستانیان به‌ جێهێشت تاکو له‌ دوایی دا گه‌ر هه‌ر کاره‌ساتێک ڕووی دا و بووه‌ هۆی ناڕه‌زایی ووڵاتانی ده‌ره‌وه‌ ، ئه‌وان خۆیان بێ تاوان و بێ ئاگایی خۆیان ده‌رخه‌ن هه‌روه‌ک له‌ شه‌ڕی برا کوژییه‌که ی‌ ساڵانی نه‌وه‌کان هه‌ر یه‌که‌ له‌ جه‌لال و مه‌سعوود بێ ئاگای خۆیان پیشان دا۰
سێیه‌م ـ کۆسره‌ت وویستی پیشانی جه‌لال و مه‌سعوودی بدات که‌ ناتوانن ده‌وری ئه‌و به‌ که‌م بزانن و حسابی بۆ نه‌که‌ن له‌ هاوکێشه‌ سیاسییه‌کانی کوردستانی باشوردا.

به‌ پێچه‌وانه‌ی سیناریۆکانی ده‌سته‌ڵاته‌وه‌، خه‌ڵکی ڕاپه‌ریووی کوردستان زیاتر سوور بوون له‌ به‌رده‌و‌امی خۆپیشاندانه‌کانیاندا و وورده‌ رده‌ به‌ره‌و ناوچه‌که‌کانی تر په‌ره‌ ده‌سێنێت .
 ده‌سته‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و تاڵه‌بانی ترسی زۆریان لێ نیشتووه‌و که‌وتوونه‌ته‌ گفتوگۆ و کۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رانی گۆڕان دا و هه‌روه‌ها ناردن و تێکه‌ڵ کردنی نووسه‌ران و شاعیرانی ده‌رباری خۆیان تا بتوانن خۆپیشاندانه‌کان که‌وی بکه‌ن و کۆنتڕۆڵی بکه‌ن . به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ خه‌ڵکی کوردستان له‌ فڕوفێڵه‌کانی ده‌سته‌ڵات باش تێده‌گات و ڕۆژ به‌ڕۆژ چین و توێژه‌کانی خه‌ڵک تێکه‌ڵ به‌ خۆپیشاندانه‌کان ده‌بن و په‌ره‌ ده‌سێنێت و به‌ره‌و ناوچه‌کانی تر ده‌ڕوات ، و ده‌سته‌ڵاتش هه‌موو هه‌وڵێک ده‌دات که‌ ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ په‌ره‌نه‌سێنێت و نه‌گاته‌ هه‌ولێر و شاره‌کانی تر و چه‌ندها پیلانی کۆنی به‌عس ئاسا و حوسنی موباره‌ک و موعه‌مه‌ر قه‌زافی یانه‌ داده‌ڕێژن وه‌ک هێنانی خه‌ڵکی به کرێگیراو و یان به‌زۆر هێنراو بۆ شه‌قامه‌کان له‌ هه‌ولێر گوایه‌ خۆپیشاندان ده‌که‌ن بۆ به‌رگری له‌ ده‌سته‌ڵات و ووتافی پێشڕه‌وی کورد پارتی یه‌ و سه‌رۆکمان بارزانی یه‌ ده‌ڵێن ، وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ ئێستا له‌ لیبیا دا ده‌بینرێت .
بۆیه‌ زۆر گرنگه‌ خه‌ڵکی ڕاپه‌ڕیووی کوردستان ڕێگه‌ به‌ هیچ لایه‌ن وکه‌سانێک نه‌ده‌ن ڕێره‌وی خۆپیشاندانه‌کانیان به‌ لاڕێ دا ببه‌ن و بیکه‌نه‌ هێزی فشار له‌سه‌ر یه‌کتری له‌لایه‌ن حیزبه‌کانی ده‌سته‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆنه‌وه‌ و ئه‌وخه‌ڵکه‌‌ بکه‌نه‌ قوربانی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان.
ده‌بێت خه‌ڵکی کوردستان له‌ ڕێگه‌ی ئه‌نجوومه‌نه‌ سه‌ربه‌خۆکانیانه‌وه‌ ئه‌م خۆپیشاندانه‌ بکه‌نه‌ سه‌رانسه‌ری و ئامانجیان نه‌مانی ده‌سته‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌یی بێت و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مان و حکومه‌ت بێت و هه‌ڵبژاردنێکی پێش وه‌خت بێت له‌ ماوه‌یه‌کی که‌مدا ، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێت خه‌ڵکی کوردستان مانگرتنێکی سه‌رتاسه‌ری ڕاگه‌یه‌نێت و داوای نه‌مانی ئه‌م ده‌سته‌ڵاته‌ بکات ، که‌ ئه‌مه‌ش ته‌نها گه‌ره‌نتی سه‌رکه‌وتنیانه‌....
به‌ره‌و خۆپیشاندان و مانگرتنی سه‌رتاسه‌ری له‌ کوردستانی باشوردا

 
  

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە