کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


ڕاپه‌ڕینی شوبات به‌ره‌و کوێ

Sunday, 27/03/2011, 12:00







خه‌ڵکی کوردستان له‌سلێمانی و ناوچه‌کانی تر له‌ حه‌ڤده‌ی شوبات دا ده‌ستی به‌ ڕاپه‌ڕین کرد بۆ گۆڕینی ده‌سته‌ڵاتی کوردی و نه‌مانی ئه‌و هه‌موو گه‌نده‌ڵی و دزینی سه‌روه‌ت و سامانی کوردستان که‌ قۆرغ کراوه‌ له‌لایه‌ن دوو بنه‌ماڵه‌ی تاوانباری بارزانی و تاڵه‌بانی له‌ هاوشێوه‌ی بنه‌ماڵه‌کانی بن عه‌لی و موباره‌ک و قه‌زافی و شێخه‌کانی سعوودیه‌ و ووڵاتانی که‌نداو و ناوچه‌که‌.
پاش کوژران و برینداربوونی زیاد له‌ دوو سه‌د که‌س له‌ خۆپیشانده‌ران ، ده‌سته‌ڵات هه‌موو هه‌وڵێکی دا که‌ کۆتایی به‌م ڕاپه‌ڕینه‌ بێنێت و چه‌نده‌ها په‌یمان و کۆبوونه‌وه‌ی دا به‌ڵام هیچیانی جێ به‌جێ نه‌کرد و ئامانجی ده‌سته‌ڵات دامرکانده‌وه‌ی ڕقی توڕه‌ی خه‌ڵکه‌ ، هه‌ر بۆیه‌ که‌وته‌ هێنانه‌ پێشه‌وه‌ی نوسه‌ ر و شاعیره‌ ده‌رباره‌کانی خۆی به‌ناو پشتگیری کردن له‌ خه‌ڵک و به‌ناوی له‌گه‌ڵتانداین و داواکاریه‌کانتان ڕه‌وایه‌ و چه‌نده‌ها دروشمی خه‌باتی مه‌ده‌نیانه‌ و ئاشتیانه‌.

ئه‌لبێرت ئه‌نیشتاین ده‌ڵێت :مه‌حاڵه‌ گیروگرفته‌کان چاره‌سه‌ر بکرێن به‌هه‌مان عه‌قڵیه‌ت که‌ بۆته‌ هۆی دروستبوونی ئه‌و گیروگرفتانه‌.....
واته‌ دانیشتن و گفتوگۆکردن له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ڵاتدا بۆ چاره‌سه‌رکردنی گیرگرفته‌کان مه‌حاڵه‌ چونکه‌ هه‌مان عه‌قڵیه‌ت ئه‌و گیروگرفتانه‌ی ئه‌مڕۆی دروست کردووه‌ ، بۆیه‌ ده‌بێت به‌ عه‌قڵیه‌تێکی نوێ وه‌ ئه‌و گیروگرفتانه‌ چاره‌سه‌ربکرێن.

هه‌وڵی ده‌سته‌ڵات کات کوشتن و ماندووبوونی خه‌ڵکه‌ و قه‌تیس کردنیانه‌ له‌ به‌رده‌رکی سه‌رای سلێمانی و کوشتن و گرتنی خه‌ڵکه‌ له‌ ناوچه‌کانی تری وه‌ک هه‌ڵه‌بجه‌ و که‌لار و چه‌مچه‌ماڵ و شوێنه‌کانی تر. ئه‌م یاریکردنه‌ی ده‌سته‌ڵات به‌ خه‌ڵکی ڕاپه‌ڕیووی به‌رده‌رکی سه‌را نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌سته‌ڵات هیچ باکی نی یه‌ و سووره‌ له‌سه‌ر مانه‌وه‌یان و به‌رده‌وام بوونیان له‌ گه‌نده‌ڵی و دزین و سه‌رکوت کردنی خه‌ڵک دا.
وه‌ک ده‌بینین ده‌سته‌ڵات له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ که‌ به‌رده‌رکی سه‌را بکاته‌ شوێنی کۆڕ و سیمینار و شیعر خۆێندنه‌وه‌ و به‌رزکردنه‌وه‌ی دروشمی ڕیفۆرمی ، له‌ بری دروشمی ڕادیکاڵی وه‌ک نه‌مان و گۆڕین ده‌سته‌ڵات و گێڕانه‌وه‌ی سه‌روه‌ت و سامانی گه‌ل و ده‌ست له‌کارکێشانه‌وه‌ی سه‌روکی هه‌رێم و حکومه‌ت و دادگای کردنیان....هه‌روه‌ک له‌ تونس و میسر بینیمان و ئێستاش له‌ لیبیا و یه‌مه‌ن و قه‌ته‌ر و سوریا ده‌یبینین.


ئه‌و خه‌باته‌ مه‌ده‌نی و ئاشتی یه‌ی که‌ له‌ به‌رده‌رکی سه‌راوه‌ هه‌ندێک له‌ که‌سان ولایه‌نه‌ ئۆپۆزیسیونه‌کانی په‌رله‌مانه‌وه‌ داوای ده‌که‌ن ، ڕه‌نگه‌ بۆ ووڵاتانی ئه‌وروپا و پیشه‌سازی بگونجێت ، یه‌که‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌و ووڵاتانه‌ مافی هاووڵاتی پارێزراوه‌ وسیسته‌مێکی دیموکراسیان هه‌یه‌ و بنه‌ماڵه‌ حوکم ناکات و حیزبه‌کان میلیشیای چه‌کدار و زیندانی سیاسی و ده‌زگای زانیاری وپاراستنیان نیه‌ ، دووهه‌م کوردستان و خه‌ڵکه‌که‌ی له‌سایه‌ی ئه‌م ده‌سته‌ڵاته‌دا ووڵاتێکی پیشه‌سازی و به‌رهه‌م هێنه‌ر نی یه‌ و خه‌ڵک زۆربه‌ی کراوه‌ به‌ فه‌رمانبه‌ر و پۆلیس و پێشمه‌رگه‌و کارمه‌ند له‌ به‌شه‌ خزمه‌تگوزاری یه‌کان ، واته‌ وه‌ک ووڵاتانی تر کارگه‌ی گه‌وره‌ی به‌رهه‌م هێنان و بنه‌ڕه‌تی یه‌کانی تێدانی یه‌ که‌ خه‌باتی ئاشتی یانه‌ مه‌ده‌نیانه‌ی وه‌ک مانگرتن و بلۆکی ڕێگه‌وبانه‌کان و میناکان به‌ ته‌واوی شه‌له‌ل بخاته‌ باری ئابوری ووڵاته‌وه‌ و ده‌سته‌ڵات ناچار بکات مل که‌چی داواکاریه‌کانی خه‌ڵک بێت.
ته‌نانه‌ت ئه‌و چه‌ند کۆمپانیا و مه‌شروعه‌ گه‌ورانه‌ی که‌ له‌ کوردستاندا هه‌یه‌ موڵکی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌و که‌سه‌کانی حیزبه‌کانن .
سه‌ڕه‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ هه‌رێمی کوردستان هه‌موو ساڵێک بودجه‌ی خۆی بۆ دێت له‌ حکومه‌تی عێراقه‌وه‌ و دابه‌ش ده‌کرێت له‌ نێوان هه‌ر دوو بنه‌ماڵه‌دا و هیچ خه‌می ئه‌وه‌یان نی یه‌ ئابوری کوردستان هیچ به‌رهه‌مێکی نه‌بێت و شه‌له‌لی تێبکه‌وێت وهه‌موو خه‌ڵکی کوردستانیش مانبگرن و هه‌موو رۆژێک له‌به‌رده‌رکی سه‌را هه‌ر خه‌ریکی دروشم ووتن و ووتافکێشان بن. واته‌ ده‌سته‌ڵات له‌م جۆره‌ خه‌باته‌ هیچ باکێکی نی یه‌ و ده‌یوێت هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م شێوازه‌ پاسیڤیه‌ به‌رده‌وا بێت و گه‌شه‌ نه‌کات بۆ شێوه‌یه‌کی تر.
جا ئه‌م جۆره‌ له‌ خه‌بات و مانه‌وه‌ له‌ به‌رده‌رکی سه‌را و قه‌تیس کردنیان له‌و چه‌ند دروشمه‌ ڕیفۆرمیه‌دا ، نابێته‌ گۆڕینی بنه‌ڕه‌تی له‌ ده‌سته‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌یی دا ، به‌ڵکو به‌ بڕوای من پاش کۆبوونه‌وه‌ و گفتوگۆکردن و په‌یمانی جێبه‌جێ کردنی چه‌ند داواکاریه‌کیان ، وه‌ک ئێستا ده‌بینین پارتی و یه‌کێتی نیازیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ گۆڕان و یه‌کگرتوو و کۆمه‌ڵ دا بیکه‌ن ، هیچ نابێت جگه‌ له‌ به‌شه‌رعی دانی زیاتری ده‌سته‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌یی و مانه‌وه‌یان بۆ ماوه‌یه‌کی زیاتر.

هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌م بانگه‌وازه‌ تازه‌یه‌ی سه‌رای ئازادی له‌ ئۆپۆزیسیۆن جێگه‌ی ده‌ستخۆشی یه‌ که‌ داوا ده‌کات :
۱-هەڵپەساردنى ئەندامێتیان لە پەرلەمانى كوردستان وە دەستلەكاركێشانەوەى هەموو ویژدان زیندوان كە هەر پۆست و وەزیفەیەكیان لەناو ئەم دەسەڵاتەدا هەیە.
۲- ڕەتكردنەوەى هەر دانوستانێك لەنێوان ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتدا وەك هەڵوێستێكى نیشتمانى و مێژوویى بەرامبەر بێباكى دەسەڵات لەمەڕ ئەم دۆخە مێژوویەدا تا بەدیهێنانى داواكاریە هەنوكەییەكانى خۆپیشاندەران.
ئەمانەش وەك فشارێكى ڕاستەقینە لەپێناو ملكەچكردنى دەسەڵات بۆ جێبەجێكردنى لانى كەمى داواكارییەهەنوكەییەكان كە دیارترینیان:
۱- دادگایكردنى تاوانبارانى كوشتن و برینداركردنى خۆپیشاندەران.
۲- گواستنەوەى هێز و بارەگا حیزبیەكان بۆ دەرەوەى شارو شارۆچكەكان.
۳- هەڵگرتنى ئابڵوقەى سەربازى و بارى نائاسایى سەر شار و شارۆچكەكانى كوردستان بەمەبەستى دەستەبەركردنى مافى ئازادى ڕادەربڕین وداواكردنى مافە ڕەواكانیان.
ئەم هەڵوێستە لە لایەن ئۆپۆزسیۆنەوە هاندەرێك دەبێت بۆ كەسانى ویژدان زیندووى نێو دەسەڵات كە ئەوانیش هەنگاوى عەمەلى هەڵبگرن بۆ داكۆكیكردن لە داخوازیەكانى شەقامى ناڕازى لە كوردستان.

بۆیه‌ ده‌بێت خه‌ڵکی ڕاپه‌ڕیووی کوردستان تاکتیکه‌کانی خۆی بگۆڕێت و داواکاری یه‌کانیان بێت به‌ ڕووخاندنی ئه‌م ده‌سته‌ڵاته‌ی ئێستا و ئامڕازی کارێگه‌ریش بۆ ئه‌مه‌ ده‌بێت شه‌له‌ل خستنه‌ ده‌ماره‌کانی ده‌سته‌ڵات بێت که‌ ئه‌ویش خۆی له‌ باره‌گا و مه‌ڵبه‌ند ولق و کۆمپانیه‌کانی بنه‌ماڵه‌ و لێپرسراوه‌ ده‌ستڕۆیشتووه‌کانی هه‌ر دوو حیزب وکه‌نه‌ڵه‌کانی ڕاگه‌یاندن و ده‌زگا داپلۆسێنه‌ره‌کانی ‌هه‌ر دوو بنه‌ماڵه‌ دا بێت و گرتن و دادگای کردنی تاوانباران و گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌روه‌ت و سامان و زه‌وی زاره‌کان بێت و دادگای کردنی گه‌نده‌ڵ و دزه‌کان بێت.
بۆیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خوێنی خه‌ڵکی ڕاپه‌ڕیووی کوردستان به‌فیڕۆ نه‌ڕوات و ئه‌م ڕاپه‌ڕینه‌ی خه‌ڵک ئامانجی خۆی بهێنێته‌ دی ، ده‌بێت دروشمی ڕووخاندنی ده‌سته‌ڵات به‌رزکاته‌وه‌ و هه‌نگاوی عه‌مه‌لی بۆ بنێت و بڕژێنه‌ هه‌موو شه‌قام و کۆڵان و جاده‌کانی شاره‌کان و ده‌رکردن و گرتنی ده‌سته‌ڵاتداران و داددگایی کردنیان و زه‌وت کردن ولێسه‌نده‌وه‌ی سامانی دزراوی خه‌ڵکی کوردستان و دامه‌زراندی حکومه‌تێکی ته‌کنۆکراتی کاتی هه‌تا کاتی هه‌ڵبژاردن .
بۆیه‌ زۆر گرنگه‌ که‌ هێزه‌ چه‌کداره‌کان بگه‌ڕێنه‌وه‌ باوه‌شی میله‌ته‌که‌یان و به‌رگری له‌ خه‌ڵکی ڕاپه‌ڕیووی کوردستان بکه‌ن و فه‌رمانی لێپرسراوه‌کانیان جێ به‌جێ نه‌که‌ن له‌ سه‌رکووت کردنی خه‌ڵک‌ دا، به‌ڵکو ده‌توانن ده‌وری قاره‌مانانه‌ی خۆشیان بگێڕن له‌ گرتن وده‌ستبه‌سه‌راگرتنی لێپرسراوه‌ تاوانباره‌کانی ده‌سته‌ڵات و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و تاڵه‌بانی دا و ڕێگه‌یان پێ نه‌ده‌ن که‌ هه‌ڵبێن و ڕابکه‌ن، به‌مه‌ش به‌ته‌واوی ده‌یسه‌لمێنن که‌ ئه‌وان پێشمه‌رگه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی کوردستانن وئه‌رکیانه‌ که‌ پارێزگاری له خه‌ڵک ونیشتمان بکه‌ن دژی‌ دوژمنانی ناوه‌وه‌ که‌ خۆی له‌ ده‌سته‌ڵاتی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ و لێپرسراوه‌ تاوانباره‌کانی پارتی و یه‌کیتی وتێرۆریستان دا ده‌بینێته‌وه‌ و دژی دوژمنانی ده‌ره‌وه‌ش که‌ خۆی له‌ ووڵاتانی دگیرکه‌ری عێراق و تورکیا و ئێران و سوریه‌ دا ده‌بینێته‌وه‌.

ده‌با دروشمه‌کانمان ببێت به‌ ڕووخانی ئه‌م ده‌سته‌ڵاته‌ چه‌وسێنه‌ر و ره‌فتار به‌عسی یه‌ی کوردستان و دادگای کردنی سه‌رانی مافیای بنه‌ماڵه‌ی بارزانی وتاڵه‌بانی و سه‌رکردایه‌تی هه‌ر دوو حیزبی ده‌سته‌ڵاتدار وهێنانه‌ کایه‌ی حوکمه‌تێکی ته‌کنوکراتی و په‌رله‌مان و کۆمه‌ڵگایه‌کی مه‌ده‌نی و دیموکراسی .

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە