هەتاو
Wednesday, 19/03/2014, 12:00
هێشتا رەنگێك لە روانینما لە هەموو رەنگێك جوانترە
هێشتا نیگام
لە پەنجەرەى ئێوارانى پاییزێكى شەرمنەوە لێت دەروانێ
گەرچى باخێكى سووتاوى و
خۆم داوەتە بەر شەپۆلى شێت بوونێ ژیر
پەنجەكانم لە سەرمانا هەڵدەلەرزن
چەند دڵرەقە سەرما و سۆڵى ئەو ئاگرە
هێشتا هەتاو , خاكى من نیشتمانیەتى و
لە مندا نەبێت هەڵنایە
هێشتا كەسێك لەهیچ كەسى دنیا ناچێ
پروشەى وشەى تەرمەكا و
بەهێزترە , لە چى توورەیى زریان و
گوێزانە دەم رەشەبایە
هێشتا خۆى پەلكەزێرینەى پاش ماچى نمەى بارانمە
هێشتا سەداى (عەزیز گیان) ێ
شینایى قووڵى ئاسمانمە
ئێستا لە دواى رەتلێكى شەو
قومرییەكى شاباڵ خوێنین
دێتەوە هێلانەى وێران
پڕم دەكا لە چریكە , لە دەنگى گڕى غەریبان
تەنها لە گومەزى دڵما تێدەگا لە ماناى سووتان
هێشتا پەنجەم , بۆنى بسكى تۆى لێوە دێت
دەستیش نەوازشى گەردن
هەوریش نەبێت تۆ دادەكەى
لە كێڵگەى نێرگسەجارما
بارانــــــــــــــــە ژن
هێشتا و هێشتا و هێشتاو .. ه..ێ ..ش..ت ..ا ..!!!
18/3/2014
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست