پلینیۆم و ئیزدواجیەتی ناو یەكێتی كوجا مەرحەبا
Thursday, 22/10/2009, 12:00
گەورەترین شكستی سیاسی ناو یەكێتی ئەوەیە كە لە جیاتی ئەوەی كۆنگرەی سەرتاسەری ناو حیزب ساز بدات و گۆڕانكاری ریشەیی لەناو رێكخستنەكانی خۆیدا بكات. جارێكی تر پەنا بۆ پلنیۆم دەباتەوە كە بە بڕوای من ئەو پلنیۆمەش وەكو جاری پێشووتر دیسانەوە بە چەپڵە رێزان كۆتایی پێ دێت و ئەوانەشی دەردەچن هەر هەمان ئەو دەموچاوانەیە كە هەوادارانی یەكێتی بە گەندەڵ ناویان دەبەن و داوای دوورخستنەوەیان دەكەن لە ریزەكانی یەكێتی نیشتمانی. دواتر ئەم حیزبە سێ بەشی لەناو لیستی گۆڕاندایە. ئیدی چۆن دەتوانێ بڕیارێكی لەو شێوەیە بدات بەبێ ئەوەی رەزامەندی گۆڕان وەربگرێ؟ چانسی یەكێتی یاخود راستر بلێن ئەو بەشە كەمەی لەناو یەكێتی دا ماون و زیاتر جەلالین ئەوەبوو كە لە هەڵبژاردنەكان بە یەك لیست لەگەڵ پارتیدا هاتەخوار. بێگومان ئەوەش هەڵەیەكی گەورەی ستراتیژی پارتی بوو كە بە چەواشەكاری راپۆرتی لقەكان دەستی كەوتە هەمبانەكەوە و تووشی ئەمری واقیع بوو كە بە ناچاری عەیبی خۆی داپۆشێ.بێگومان دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەتی كابینەی شەشەمیش هەر بۆ ئەو ئیشكالاتانەی ناو یەكێتی و پارتی دەگەڕێتەوە كە تاوەكو ئێستا ئەو درۆیە گەورەیەی یەكێتیان بۆ ساغ نەبۆتەوە كە چۆن وا بەخێرایی جەماوەریەتیان هاتە سەر (تاجی عەلی)ەوە. دواتر ئەو كارتە سوتاوەی ئەمڕۆ یەكێتی بە بەستنی پلنیۆم دەیەوێ بیشارێتەوە بەلای هەموو كەسی روون و ئاشكرایە كە چییە؟ بێگومان یەكێكیان دەرخستنی عەزەڵاتی فس فس پاڵەوانی خۆیانە بۆ پارتی كە پەیامی ئەوە بگەێنن گوایە ئێمە هەین وماوین. دووەمیشیان وەك ئاشكرایە خەریكە ئەوەندەی لەناو یەكێتیش ماون ئەوانیش پەرتەوازە و بڵاوبن كۆسرەت لەلایەك خەریكە بەناوی هەولێرچیەتیەوە خەڵك لە دەوری خۆی كۆدەكاتەوە بەوانەشی كە ئێستا لە سەركردایەتی گۆڕاندان. لەلایەكی تریش ئەوانەی سولەیمانیچیەتی دەكەن خەریكن یەكتری دەخۆنەوە و كەسێكیان ئەوی تریان پێ قبول نیە جگە لە خۆی نەبێ كە ئەمەش بۆ یەكەمین جارە بە درێژایی مێژووی ئەم شارە ناكۆكی لەم چەشنە دەكەوێتە نێوانیانەوە. هەر ئەمەشە وای كردووە ئەو خێزانە سولەیمانیانەی لە هەولێر نەگەڕاونەتەوە شارە حەیاتەكە لە هەولێریەك خۆیان بە هەولێریتر دابنێن. سەرباری هەموو ئەوانەش ئەوەی وای كردووە ئەو چەند كەسە لەناو سەركردایەتی یەكێتی دا بمێننەوە تەنها و تەنها بەرژەوەندی تایبەتی خۆیانە و هیچ پەیوەندیەكی بە بیر و ئایدۆلۆژیا و خەباتی شاخ قسەی لەم بابەتە نیە كە زۆرجار وەكو دروشم دەهۆڵ و زۆڕنای بۆ ئەكوتنەوە....ئەوجا بە قوربانی جەدت بم شێخ تاڵەبانی پێم ناڵێی ئەم پلنیۆمە یەعنی چی؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست