بۆ بەرچاوی وەزیری شەهیدانی حكومەتی هەرێم
Sunday, 21/07/2013, 12:00
ئەمە نامەیەكی روون و ئاشكرایە بۆ بەرچاوی وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێم بەوەی ناوی كەسێك ئاشكرا دەكەم لە كۆی دەیان لەو كەسانەی وەك باس دەكرێ كە بە شێوەی ئاسایی گیان لەدەست دەدەن كەچی بەرێگەی ساختەكاری بە شەهیدی هاووڵاتی تۆماری دەكەن.
جەنابی وەزیری شەهیدان داوات لێدەكەم چاوێك بە ناوی تۆماری شەهیدانی حكوومەت و وەزارەتەكەت بخشێنەوە بەوەی بە دەیان كەس لەو كوردستانەی خۆمان بە نەخۆشی یان بە رووداوی هاتووچۆ و رووداوی دوور لە تیرۆر گیان لەدەست بدەن كەچی بەرێگەی ساختەكاریی بە شەهید تۆمار دەكرێ، بۆ نموونە وەزارەتی شەهیدان ئێستا بۆتە شوێنێك بۆ تۆماركردنی شەهیدی هاووڵاتی لە كاتێكدا ئەو كەسانە بە نەخۆشی و حاڵەتی ئاسایی گیانیان لەدەستداوە.
لەو نامەیەدا كە ئاراستەی سەرۆكی حكومەتیش دەكەم ئەوەیە دۆسیەی كەسێك لەو وەزارەتەكەت ئاشكرا دەكەم بەوەی بە رووداوێكی زۆر زۆر ئاسایی گیانی لەدەستداوە بەڵام ئێستا شەهیدی هاووڵاتی، ئەو كەسە ناوی (ن -م - س) دۆسیەی شەهیدانیشی لە بەڕێوەبەرایەتی شەهیدانی سلێمانی كراوە بە ساختە كەچی ئەو كەسە خەڵكی شاری هەولێرەو ئێستاش موچەكەی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی شەهیدانی هەولێر وەردەگیرێ، ئەو كەسە لە لایەن برایەكەوە بە ناوی پارێزەر (ه-م-س) بۆكراوەو كۆی مامەڵەش بە ساختەكاری و فێل كردن لە وەزارەتی شەهیدان تەواو كراوەو زیاتر لە 4 ساڵیشە موچەی شەهیدان وەردەگیرێ، ئەو كەسەی بە شەهید تۆمار كراوە، كەسێك بووە لە شاری بەغدا لە چێشتخانەیەك كاری كردووەو لەگەڵ لێدانی حكومەتی سەدام حوسێن لە ساڵی 2003 لە بەغدا لە ناو چێشتخانەكەی شوێن بزر بووە، بەڵام لای ئێوە بە شەهید تۆمار كراوە، ئەو شێوازەی شوێن بزربوونەی ئەو كەسە هیچ پەیوەندییەكی بە پرسی تۆماركردن بە شەهید نایگرێتەوە، بۆیە مامەڵەی كراوە لە شاری سلێمانی بۆ ئەوە بووە كە لە هەولێر هیچ گومانێكی لێنەكرێ و پارێزەرەكە ئەنجامی داوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست