کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


چاوپێكەتنێك لەگەل ئەو رۆژنامەنوسەى كە یەكەمین جار وێنەى عمرى خاوەرى گرت لە كاتى كارەساتى هەلەبجە .....

Wednesday, 25/03/2009, 12:00


وێنه‌ى رۆژنامه‌نووسه‌ بییانییه‌كان له‌ دادگاییكردنى تۆمه‌تباراندا شایه‌تێكى به‌هێزن
(ئه‌حمه‌د ناتقى ته‌مه‌ن 51 ساڵ) له‌دایكبووى تارانه‌ و خاوه‌ن بڕوانامه‌ى به‌كالۆریۆس له‌ بوارى ده‌رهێنان و دكتورا له‌ بوارى وێنه‌گرتن. له‌ كاره‌ساتى هه‌ڵه‌بجه‌دا زیاتر له‌ (250) فریم وێنه‌ى گرتووه‌ و یه‌كێك له‌ وێنه‌كانى وێنه‌كه‌ى (عومه‌رى خاوه‌ر)ـه‌، یه‌كگرتوو به‌هه‌لى زانى له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌م دیداره‌ى له‌گه‌ڵدا سازبدا.
یه‌كگرتوو: كاریگه‌ریى وێنه‌ له‌ گه‌یاندنى مه‌به‌ستدا چییه‌؟
ئه‌حمه‌دى ناتقى: وێنه‌ له‌ ئه‌مڕۆدا یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌ به‌هێزه‌كان و، له‌وه‌ته‌ى وێنه‌ هه‌بووه‌ كاریگه‌رى جیاوازى دروستكردووه‌. ئه‌و كاره‌ساته‌ى له‌ هه‌ڵه‌بجه‌دا روویدا ته‌نانه‌ت ناساندن و دادگاییكردنى تۆمه‌تبارانى كیمیابارانیش له‌ رێگه‌ى وێنه‌وه‌ بوو، چونكه‌ زۆرێك له‌ خه‌ڵك له‌ رێگه‌ى وێنه‌وه‌ كاره‌ساته‌كه‌یان بینى و هیچ هۆكارێكی تر نه‌یده‌توانى به‌و خێراییه‌ رووداوه‌كه‌ بگوازێته‌وه‌، (10) خوله‌ك دواى كاره‌ساته‌كه‌ ئێمه‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌دا بووین ئه‌و وێنانه‌ى گرتنمان به‌تایبه‌ت وێنه‌كه‌ى (عومه‌رى خاوه‌ر) كه‌ من گرتم له‌گه‌ڵ وێنه‌ى ئه‌و دوو منداڵه‌ى كه‌ له‌بن ده‌ستى باوكیاندا بوون باوكیان شه‌هیدبووبوو ئێستا یه‌كێكیان ماوه‌ و ناوى هه‌ورامانه‌ و مه‌لایه‌، له‌ هه‌موو جیهاندا بڵاوبوویه‌وه‌ و به‌ بێنج زمانى جیاواز له‌و كاته‌دا گه‌رماوگه‌رم بڵاوبوویه‌وه‌ و كرانه‌ پۆسته‌ر و كاریگه‌رى خۆیان به‌جێهێشت، خه‌ڵك له‌ سه‌رنجدانی یه‌ك نیگادا تێگه‌یشتن چى روویداوه‌ له‌ بارێكدا بۆ فیلمێك ده‌بووایه‌ ته‌له‌فزیۆنیان بكردایه‌ته‌وه‌ و دابنیشتنایه‌ و ئینجا به‌ رووداوه‌كه‌یانٍ ده‌زانى، ئه‌مه‌ش كاتێكی پێده‌چوو، به‌ڵام وێنه‌یه‌ك له‌ یه‌ك ساتدا توانى قوڵایی رووداو و تاوانه‌كه‌ پیشان بدات.
یه‌كگرتوو: تابیه‌تمه‌ندی وێنه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو چییه‌؟
ئه‌حمه‌دى ناتقى: به‌ بۆچوونی من تایبه‌تمه‌ندی وێنه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو سێ خاڵه‌:
1- پێویسته‌ فۆڕمه‌كه‌ى به‌جورێك بێت بینه‌ر له‌ به‌رامبه‌ریدا هه‌ڵوێسته‌یه‌ك بكات.
2- ده‌بێت بیرۆكه‌یه‌كى تێدابێت یان توخمه‌كانى وێنه‌كه‌ بیرۆكه‌یه‌كى تێدابێت كه‌ قسه‌یه‌كی هه‌بێت بیكات، یان فه‌لسه‌فه‌یه‌ك له‌پشتییه‌وه‌ هه‌بێت.
3- له‌ڕێی ئه‌م دووانه‌وه‌ بتوانێت رێبازێك پیشنبدات، له‌م سیانه‌شدا پێموایه‌ بابه‌ت یان ناوه‌ڕۆك گرنگتره‌، به‌ڵام ده‌بێت له‌ چوارچێوه‌یه‌كی جواندا ئه‌نجام بدرێت و فۆڕمیش له‌ چوارچێوه‌یه‌كى هونه‌ریدا شێوه‌ وه‌ربگرێت.
یه‌كگرتوو: پێتوایه‌ وێنه‌گرێكی چاك پێویسته‌ ده‌رچووى به‌شى وێنه‌گرتنى په‌یمانگه‌ یان ئه‌كادیمیا بێت؟
ئه‌حمه‌دى ناتقى: له‌و باوه‌ڕه‌دانیم وێنه‌گرێكى باش پێویست بكات ده‌رچووى په‌یمانگه‌ یان ئه‌كادیمیا به‌شی وێنه‌گرتن بێت، چونكه‌ كه‌سێك گه‌ر شاره‌زابێت له‌ بنه‌ماكانی وێنه‌گرتن له‌ رێگه‌ى خوێندنه‌وه‌ یان خولبینین ئه‌وه‌ له‌ بواری یه‌كه‌مدا شاره‌زایه‌، لایه‌نی گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ رۆژنامه‌نووس تێگه‌شتنی هه‌بێت له‌ باره‌ی ناوه‌ڕۆكه‌وه‌، واته‌ له‌ بوارى فه‌لسه‌فى یان ئه‌خلاقى تێبگات، بۆ ئه‌وه‌ى به‌جوانى فۆڕمه‌كه‌ بگه‌یه‌نێت، چونكه‌ گه‌ر یه‌كێك بڕوانامه‌ی هه‌بێت و تێگه‌شتنی فه‌لسه‌فی نه‌بێت ئه‌وه‌ كارێكى لاواز ئه‌نجامده‌دات0
یه‌كگرتوو: له‌ كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌دا چه‌ند وێنه‌ت گرت؟
ئه‌حمه‌دى ناتقى: (210) فریم وێنه‌م گرت و نزیكه‌ى (20) وێنه‌یان له‌ جیهاندا بڵاوبووه‌ته‌وه‌، یه‌كێك له‌ گرفته‌كانى راگه‌یاندن له‌ ئێراندا ئه‌وه‌یه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ رووداوێكى له‌و جۆره‌دا لاواز و كۆنه‌، ته‌نانه‌ت وێنه‌ ره‌نگاوڕه‌نگه‌كانم كه‌ له‌وكاته‌دا گرتم هێشتا دیارنییه‌ لاى كێیه‌، من له‌و كاته‌دا بۆ ئاژانسى هه‌واڵى ئێرنا كارم ده‌كرد، به‌ڵام مایه‌ى شانازیمه‌ له‌ دادگاییكردنی تۆمه‌تبارانی كیمیاباراندا سودیان لێ وه‌رگیراوه‌.
یه‌كگرتوو: ئه‌و وێنانه‌ى له‌ رۆژنامه‌كانى ئێراندا بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌ تا چه‌نده‌ سه‌ركه‌وتوون؟
ئه‌حمه‌دى ناتقى: زۆرباش نین، چونكه‌ به‌رپرسانی به‌شى وێنه‌گرتن له‌ بواری تێگه‌شتنی فه‌لسه‌فیدا لاوازن، بۆیه‌ ناتوانن باش مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ وێنه‌دا بكه‌ن، له‌ بارێكدا ئێمه‌ وێنه‌گری باش و وێنه‌ى باشمان هه‌یه‌، یان به‌رپرسی به‌شی وێنه‌گرتن له‌ رۆژژنامه‌كاندا نییه‌.
یه‌كگرتوو: له‌ ژیانتدا چه‌ند وێنه‌ت گرتووه‌ و، چه‌ند كتێبت بڵاوكردووه‌ته‌وه‌؟
ئه‌حمه‌دى ناتقى: زیاتر له‌ دوو ملیۆن وێنه‌م گرتووه‌ و سێ كتێبم بڵاوكردۆته‌وه‌ كتێبیكیان له‌ باره‌ى حه‌جه‌وه‌یه‌ و تیایدا (240) وێنه‌م بڵاوكردۆته‌وه‌، له‌ بارێكدا من (10) هه‌زار وێنه‌م له‌ مه‌ككه‌ و مه‌دینه‌دا گرتبوو، كتێبى دووه‌م له‌ باره‌ى چۆنیه‌تى كونتروڵكردنی ته‌كنه‌لۆژیایه‌ له‌سه‌ر مروڤ له‌ ئه‌وروپا گرتومن، به‌ڵام ته‌نها (50) وێنه‌یم بڵاوكرده‌وه‌. ده‌ ساڵ بۆ ئه‌و كتێبه‌ كارم كرد بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت ئه‌و بواره‌ به‌رجه‌سته‌ بكات، كتێبى سێیه‌میشم له‌ باره‌ى سه‌مفۆنییاى شانۆه‌ بوو، كه‌ له‌ پێشه‌نگادا نیمایشم كردن و دواتر كردمه‌ كتێَب، چواره‌میشم له‌ژێَر چاپدایه‌ و له‌ باره‌ی ئیمام حسێنه‌وه‌یه‌.
یه‌كگرتوو: له‌ سه‌ردانه‌كه‌تدا بۆ هه‌رێمى كوردستان به‌نیازیت چی به‌به‌رهه‌م بهێنیت؟
ئه‌حمه‌دى ناتقى: به‌نیازم له‌و وێنانه‌ی (1988) له‌ كاره‌ساتى هه‌ڵه‌بجه‌دا گرتوومن له‌گه‌ڵ ئه‌و وێنانه‌ی له‌م سه‌ردانه‌دا گرتوومن كتێبێك چاپ بكه‌م. پێموایه‌ چیرۆكێكی له‌ راده‌به‌ده‌ر و سه‌رنجڕاكێش ده‌رده‌چێت.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە