جەنابى سەرۆك (مەسعود بارزانى) دۆست دەتگرێنێ، دوژمن پێت پێ دەكەنێ
Wednesday, 22/07/2009, 12:00
بارزانى كوشتەى دەستى راوێژكارەكانى هەندێك جار دەگەم ئە بڕوایەى كە بەرێز (مەسعود بارزانى)، وەكو هەر هاوڵاتیەكى ئاساى كوشتەى دەستى كۆمەڵێك گیروگرفتە بەڵام بە شێوازو فۆڕمى جیا كێشەو گرفتەكانى بارزانى جیایە دەكاتەوە لە هاوڵاتى.
گرفتى بارزانى ئەوەیە كە زۆر بە بە قسەى ئەو راوێژكارانە دەكات، كە ئەوانەى هەمیشە وێنەكانى ناو واقیعى كۆمەڵگاى كوردى دەشێونن و رەشاتیەكانى ژیانى خەڵك بە سپیاتى خۆشگوزەرانىو فوول دیموكراسى بۆ (بارزانى) تەفسیر دەكەن، وێنەى ئەم وڵاتە لە تابلۆیەكى جوانو قەشەنگ بۆى دەنەخشێنن.
ئەوانەى رەخنەو توانج لەم ئەزموونەش دەگرن بە كەسانى بەكرێگیراوو دژە (كوردایەتىو شۆرش) بۆى پێناسە دەكەن، باشترین بەڵگەش بۆ سەلماندنى قسەكانم هەمیشە (مەسعود بارزانى) ئەو قەڵەمانەى كە رەخنە دەگرن تۆمەتبار دەكات، بە جوڵاندنەوەیان لە لایەن هێزە دەرەكیەكانەوە وەسفیان دەكات، بەڵام بەرێز (بارزانى) بە درێژاى ئەم چەند ساڵەى دواى نەیتوانیەوە یەك بەڵگەو دیكۆمێتیش بخاتە بەرچاوى حیزبو میدیاو جەماوەرى كوردستان كە خیانەتى میدیاى ئەهلىو قەڵەمى خاوەن ویژدانو بوێر بسەلمێنێ.
ئەو راوێژكارو كەسانەى لە دەورى (بارزانى) خۆیان مات كردوە، كارو پیشەیان بریتیە لە بەسەرداهەڵگوتن بە باڵاى سەرۆك و بە كارێزماى كردنى سەرۆكن، كە دڵنیام خودى)مەسعود بارزانى(بڕواى بەو قسانە نیە.
ئەمرۆ نووسەرانى چواردەورى سەرۆكى هەرێمو راوێژكارەكانى زۆربەى میدیا بینراو بیستراو خوێندراوكانیان ئەم وڵاتەیان داگیر كردوە، لە سەر بودجەى دەوڵەتو حسابى هاوڵاتیان سوكایەتىو بێ رێزى بەرامبەر داواكاریە جەماوەریەكان دەكەن، ئەوانە بە وتارى ماستاوچیەتىو شێواندنى راستیەكانو دوور خستنى (مەسعود بارزانى) لە خەڵكو موقەدەس كردنى بە جۆرێك لە سەرووى یاساو پەرلەمانو هەمووشتێكەوە، هەوڵو بەرنامەى چڕوپەڕ بەرێوەدەبەن بۆ سەپاندنى ئەو قودسیەتیەى سەرۆكى هەرێمو بنەماڵەكەى، كە لە حەقیەتدا پێویستە خودى (بارزانى) نەهێڵێ رەنجو تێكۆشانى خۆىو بنەماڵەكەى بكرێتە كاڵایەكى سیاسى.
سەرۆكى هەرێم بێ ئاگایە لە هاوڵاتانى وڵاتەكەى خۆى
بە هیچ شێوەیەك (مەسعود بارزانى) ئەمرۆ لە سەرۆك هەریًَم ناچێت، چونكە ئەگەر سەرۆكایەتى بەم شێوەیە ئاسانو ساكار بێت بێ خەم لێپاڵ بكەویت، ئەوا خۆزگەم دەخواست منیش رۆژێك لە رۆژان ئەو كورسیەى سەرۆكایەتیەم بە دەستبهێنایە، بەداخەوە سەرۆكى هەرێم بێ ئاگایە لە هاوڵاتانى وڵاتەكەى كە خۆى بەڵینى خزمەتكردنى پێدابوون لە كاتى سوێند خواردنى لە پەرلەمانى كوردستان كەچى بۆ چەند ساڵێكە سەردانى پڕكارەساترین ناوچەى ئەم هەرێمە نەكردوە، كە ئەویش (گەرمیان)ە.
سەرۆكى هەرێم زۆربەى كارو پرۆژەكانى بریتین لە وتاردانو پێشوازى كردن لە وەفدى دیبلۆماسىو بیانى، بۆیە نەمابینى ئەم سەرۆك رۆژێك لە رۆژان بە كوچەو كۆڵانە هەژارنشینەكانى هەربَمەكەى ى گۆزەرێك بكات تەنانەت پایتەختەكەى، ئەو گەڕەكو كۆڵانانەى كە لە بەر ئەپارتمانە بەرزى بەرپرسەكان خەریكى ئۆكسجینیشى لێى دەبڕێت.
ئەمرۆ سەرۆكى هەرێم كەمترین دیداروچاوپێكەوتنى لەگەڵ میلەتەكەى خۆى بووە، تەنانەت بەرپرسە حیزبى و حكومیە بەرزەكانیش ناتوانن سەرۆك ئەوها بە ئاسانى ببینن، ئەى هاوڵاتیەكى بەشخوراوى ئەم هەرێمە چۆن بتوانێ سكاڵاكەى خۆى بگەینێتە لاى سەرۆك؟، لە كاتێكدا (رەجەب تەیب ئۆردۆگان)ى دراوسێمانە تا ئێستاش لە خانووە كۆنەكانى سەردەمى عوسمانیەكان ژیان بە سەر دەبات،
دەپرسم ئەگەر سەرۆكێك هەڵقوڵاى ناو جەماوەر بێتو پشت ئەستوربێت بە خەڵكى كوردستان چ باكى بە ئەمنەیتى ژیانى خۆى هەیە، خودى هاوڵاتیانى گیانى دەپارێزنو بەرگى لێ دەكەن دەبنە قەلغانى تیغى دوژمنان، ئەگەر ترسیش لە (تیرۆرە) بە بۆچوونى من ئەم هەموو پاسەوانەى ناوێ، چونكە تیرۆرستان جیاوازى لە نێوان هاوڵاتیەكى ئاسایىو سەرۆكى هەرێم ناكەن!!.
سەرۆك ئاگاى لە میلەت بێت، یان میلەت ئاگاى لە سەرۆك بێت
ئەمرۆ لە سایەى راوێژكارو كەسانەى چواردەرەوەى بەڕێز (مەسعود بارزانى)، دیوارێكى دەروونى گەروە لە نێوان خەڵكو سەرۆك دروست بووە، كە وێنەیەكى ناشیرنو نا تەندروستى ئەو پۆستە لە لای هاوڵاتیان دروست كردوە، خەڵك تەنها لە كاتى سەیر كردنى شاشەى تیڤیەكان دەزانن كە ئەوان سەرۆكێكیان هەیە، كە ناوى (مەسعود بارزانى) یە!.
لەم رۆژانە هاوڕێیەكەم بۆى گێڕامەوە كە لە سەروبەرندى بانگەشەى هەڵبژاردنەكان، لە دەڤەرى شەقڵاوە بەرپرسانى پارتى ماڵ بە ماڵ دەگەڕانو داوایان لە خەڵك دەكرد كە دەنگ بە (بارزانى) بدەن بۆ سەرۆكایەتى هەرێم، تەنانەت ئەو ماڵانەش دەگەڕان كە پارتى نەبوون، پێیان دەگوتن:"ئاگاتان لە سەرۆك بێت"!!.
ئەم جۆرە بانگەشانە لە كاتێكدایە جەنابى (بارزانى) لە زۆربەى لێدوانەكانى پشت ئەستورى خۆى بە جەماوەرى كوردستان دەربڕیوە، بەڵام ئەفسوس كە بەرێزیان نازانێ چۆن چۆنى كادیرانى حیزبەكەى لە خەڵك دەپاڕێنەوە، دەنگ دەكڕنو هەڕەشەى نانبڕینو موچەبڕین دەكەن لە خەڵكى كوردستان.
ئەو پرسیارە جەوهەریەى كە لێر پێویستە ئاراستەى سەرۆكى هەرێم بكرێت ئەوەیە ئەگەر سەرۆكێك هەڵقوڵاوى ناو ناخى ئازارەكانى گەلەكەى بێت ئایا پێویست بەم هەموو خروقاتو خۆناشیرین كردنە هەیە كە تەنها لە لایەن كادیرانى حیزبەكەیەوە دەكرێت؟ یان چ پێویست بە كەمپینە زەبالاحە بە سەدان هەزار دۆلارى بۆ رژێندراوە دەكات، تەنانەت سەرۆكێكى تر كۆرسیەكەى خۆى لە بەغدا بە جێهێشتووە ئەمرۆ كەمپینەى هەڵبژاردن بۆ (بارزانى) بەرێوە دەبات.
دیارە زۆرن ئەوانەى دەهۆڵى كارێزماى و سەركردەى ئەبەدىو فریادڕەسى نەتەوەیەك بۆ (بارزانى) دەكوتنن، بەڵام خۆزگەم دەخواز (بارزانى) چاوێكى دیاربووبایە كاتێك كادیرانى حیزب داواى دەنگدانى بۆ دەكەن تاكو سەنگ و پێگەى خۆى لە ناو میلەتەكەى بزانیبایە ئینجا پشت ئەستورى خۆى دەرببڕیایە!!.
كۆبونەوەى رەوتێكى گەندەڵو نامەدەنى لە دەروەى سەرۆك
هەڵەبتە دەبى مرۆڤ بە ویژدانەوە ئاماژە بەوە بكات كە چەند خەڵك و جەماوەرى ئەم هەرێمى گیریان بە دەست سەركردایەتى نا حەكیم و نا دڵسۆز خواردوە لەم بڕوایەدام دوو هێندەش سەركردەكان گیریان بە دەست كەسانى ماستاوچى و كاسەلێس و راوێژكارى بێ پرۆژە خواردوە، مەبەستیشم ئەوانەیە كە وێنەیى دوبەى و پاریس لە هەولێرو سلێمانى بۆ (بارزانى) دەنەخشێنن، كەچى بۆ كۆكردنەوەى دەنگ كادیرانى پارتى لە خەڵك دەپاڕینەوە.
لە حاڵەتێكدا بۆ خزمەتكردنو پێدانى مافى رەواى خەڵكو سەرف كردنى ئەو بودجەى كە بە ناوى میلەتەوە لە حكومەتى عێراق وەردەگیرێ، ئەمرۆ لە ناو ئەو دوو حیزبە رەوتێكى گەندەڵو نامەدەنى رۆڵێكى ترسناكو گەورەی لە تێكشاندنى كەسایەتى كوردو بردنى سەروەتو سامانى نیشتیمانى خەڵكو پێشێلكردنى مافى مرۆڤ دەگێڕێ، كە بەداخەوە سەرۆكى هەرێم (مەسعود بارزانى) لە ماوەى سەرۆكایەتیەكەى چ لە رووى حیزبى چ لە رووى یاساىو دەستوورى هیچ هەڵوێستێكى توندو بەرپەرچدارى بەرامبەریان نەبوو، هەوڵى دوورخستنەوەى لادانى نەداون لە ناوەندەكانى بڕیاردان دەسەڵات، بۆیە جەنابى (مەسعود بارزانى) نابێت هیچ تەفسیرێكى دوژمنانە بۆ ئەم قسەیەم بكاتو وەكو هەوڵێكى نائەخلاقى لێكیبداتەوە بۆ تانەدان لە كەسایەتى خۆى، بۆیە وەكو هاوڵاتیەكى ئاسایى ئەگەر بڵیم:" ئێمە پێویستمان بە (مەسعود بارزانى) نیە، ئەمەش لە خۆشەویستى و رێز گرتنە لە ماندووبوونو رەنجى ئەو چونكە دەڵنیام بارزانى زۆر بڕواى بەو پەند كوردیە هەیە كە دەڵێ:" دۆست دەتگریینێ، دوژمن پێت پێ دەكەنێ
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست