به‌یاننامه‌ی کۆمیته‌ی رێکخستنی ده‌ره‌وه‌ی حزبی شیوعی کوردستان، بۆ ساڵیادی دامه‌زراندنی حزبی شیوعی عیراق.

Wednesday, 31/03/2010, 12:00


شیوعیه‌كانی كوردستان و عیراق له‌ كۆتایی ئه‌م مانگه‌دا پێشوازی له‌ 31ی ئادار ده‌که‌ن و یادی 76 ساڵه‌ی دامه‌زراندی حزبه‌ تێكوشه‌ره‌كه‌یان ده‌كه‌نه‌وه‌. یادکردنه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌گه‌ل هاورێیانی حزبی شیوعی عیراق له‌م بۆنه‌یه‌دا ده‌ربه‌ری په‌یوه‌ندی دووقۆلی هه‌ردوولامانه‌، ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ ته‌نیا له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتووه‌، که‌ ئێمه‌ یه‌ک سه‌رچاوه‌ی فکری و مێژوه‌کی تێکۆشانی هابه‌شمان هه‌یه‌، به‌لکو ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ هابه‌شه‌ی که‌ جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان و عیراق له‌م قۆناغه‌ی ئێستا پێکه‌وه‌یان ده‌به‌ستێته‌وه‌. سه‌رئه‌نجام به‌هێز بوونی حزبی شوعی عیراق ده‌بێته‌ پته‌وبوونی پێگه‌ی حزبی شیوعی کوردستان، که‌ پێچه‌وانه‌که‌شێ هه‌روایا.

هاوڕێیان هه‌موو ساڵێك له‌م ڕۆژه‌دا یادی هه‌زاران تێکۆشه‌ری ماندوونه‌ناس و شۆڕشگێڕ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌پێناو پاراستی بیروباوه‌ڕه‌كه‌یان و به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش و ڕه‌نجده‌رانی عیراق قوربانی گران به‌هایان پێشكه‌ش به‌ گه‌ل و نیشتمان كردووه‌. شیوعیه‌کانی عێراق هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ پێشه‌نگی خه‌بات وداکۆکیکردن بوون له‌كێشه‌ نیشتمانیه‌كان. كه‌تێیدا مافه‌كانی گه‌لانی عیراق و یه‌كسانی ژن و پیاو تێیدا به‌رقراربێت.. له‌گه‌ڵ یادكردنه‌وه‌ی ڕۆژی دامه‌زراندی حزب هه‌موو هاوڕێیان به‌ڵێن بۆ شه‌هیدانی حزب و گه‌ل دوپات ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ له‌گه‌ڵ هاتنه‌پێشه‌وه‌ی چه‌ندین ئاڵۆزی له‌ سیسته‌می جیهان و زه‌ق بوونه‌وه‌ی كێشه‌ ناسه‌ره‌كیه‌كان له‌ گوره‌پانه‌كه‌، درێژه‌ به‌و رێگایه‌ ده‌ده‌ن كه‌ ئه‌وان له‌ پێناو ئاسووده‌یی گه‌لانی عیراق به‌ كوردو عه‌ره‌ب وئاشووری و كلدانی و توركمان و مه‌ندایی و ئێزیدی گیانی پیرۆزی خۆیان كرده‌ قوربانی. ئێستاش ئه‌و په‌یامه‌ی ئه‌وان له‌ پێناویدا گیانیان به‌خت كرد، ئه‌و رێگایه‌یه‌ كه‌ ده‌توانێت گه‌لانی عیراق بگه‌یه‌نێته‌ ژیانێکی شایسته‌و ئاسووده‌یی زامنبكات.

حزبی شیوعی عێراق له‌ ئه‌نجامی پێداویستیه‌كی مێژوویی ئه‌رێنی هاته‌ كایه‌وه‌ بۆ تێكوشان له‌ پێناو داخوازیه‌كانی چینی كرێكار و زه‌حمه‌تكێشانی بیر و بازوو له‌پاڵ به‌ هێزكردنی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاری نیشتمانی له‌ عیراقدا. جێگای شانازیه‌ که‌ حزبی شیوعی هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه‌ وه‌ك حزبی هه‌موو عیراقیه‌كان به‌ عه‌ره‌ب و كوردو نه‌ته‌وه‌كانی تر خۆی ناساند، ئه‌م سرووشته‌ش که‌ هه‌ڵقووڵاوی هزری پێشکه‌وتنخوازی و تێکۆشانی چینایه‌تیه‌، وای کرد که‌ حزب وپه‌یامه‌که‌ی له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا بگاته‌‌ هه‌موو شوێنێكی ئه‌م ووڵاته‌ به‌بێ جیاوازی نه‌ته‌وه‌ و ئاین و مه‌زهه‌ب.

حزبی شیوعی به‌ درێژایی ته‌مه‌نی به‌بێ پچران له‌گۆڕه‌پانه‌كه‌ بوونی خۆی سه‌لماندووه‌ وهێزێکی کاریگه‌ربووه‌ له‌ گۆره‌پانه‌که‌ بۆ به‌رگریکردن له‌ مافه‌کانی خه‌لکی زه‌حمه‌تکێش به‌گشتی و گه‌لانی عیراق به‌تایبه‌تی، ئه‌مه‌ وێڕای دڕنده‌یی رژێمه‌ یه‌ك له‌ دوایه‌كه‌كانی عیراق كه‌ به‌ بێ شاردنه‌وه‌ دژایه‌تی خۆیان بۆ ئه‌م حزبه‌ تێكوشه‌ره‌ راده‌گه‌یاند و چه‌ندین ده‌زگای داپڵۆسینیان بۆ له‌ نێو بردنی حزب دروست كردبوو، 76 ساڵی به‌رخودان که‌زۆربه‌ی له‌ به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆندا گوزه‌را، مێژوێکی پر سه‌روه‌رییه‌ بۆ شیوعیه‌کانی عیراق.
هه‌ڵوێسته‌کانی حزبی شیوعی عێراقی له‌مه‌ڕ پرسه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌کان هه‌موو كاتێك نه‌گۆڕ وشۆڕشگیرانه‌ بوون به‌تایبه‌تی له‌ چاره‌سه‌ركردنی پرسی نه‌ته‌وه‌كان له‌ عیراقی فره‌ نه‌ته‌وه‌دا، هه‌ڵوێستی ڕوونی حزب هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئاشكرا ‌بووه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی گه‌لی كوردستان له‌ عیراقدا، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌شی له‌ دروشم و سیاسه‌ته‌كانی به‌رجه‌سته‌ كردوه‌ و ڕۆژانه‌ش كاری پێكردوه‌، هه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌ به‌رزکردنه‌وه‌ی دروشمی مافی بڕیاردانی چاره‌نوس بۆ گه‌لی کوردستان له‌به‌رنامه‌ی خۆیدا جێگیرکردووه‌، له‌سه‌رئاستی دیموکراتی ناوخۆی حزب و لایه‌نی ڕێکخستنیش تایبه‌تمه‌ندی ناوچه‌کانی کوردستان به‌رچاو بووه‌ و بوونی هه‌رێمێك بۆ ڕێکخستنی هاوڕێیان له‌کوردستان ودواتر په‌ره‌پێدانی بۆ حزبی شیوعی کوردستان شاهیدی ئه‌م به‌رچاوڕوونیه‌یه‌ ، هه‌رئه‌م هه‌ڵوێسته‌ پڕ شانازیه‌شه‌ که‌ حزبی کرده‌ خاوه‌نی ئه‌و پێگه‌ به‌هێزه‌‌ له‌ نێو ڕۆڵه‌كانی گه‌لی كوردستاندا.

هاوڕێیانی تێكۆشه‌ر هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مرۆ پاش 76 ساڵ له‌ خه‌بات و تێكۆشان، كه‌ تێیدا هه‌زاران له‌ ڕۆڵه‌ به‌ئه‌مه‌ك و هۆشیاره‌کانی ئه‌م ووڵاته‌ له‌ پێناو به‌دیهاتنی ئامانجه‌كانی حزب‌ گیانیان به‌خت كرد، ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌ ده‌یان هه‌زار تێکۆشه‌ری ئه‌م گه‌له‌ که‌بۆ به‌رزڕاگرتنی ئاڵای حزب و هاتنه‌دی ئامانجه‌كانی دووچاری زه‌حمه‌ت و ئه‌شكه‌نجه‌و زیندان و ده‌ربه‌ده‌ری بوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌مڕۆ حزب له‌ وه‌زعیه‌تێكی نا شایسته‌دایه‌، کاتێك ده‌رئه‌نجامه‌كانی ده‌نگدان ده‌بینین که‌ له‌ ئاستی مێژووی حزبدا نیه‌.
ئه‌گه‌رچی ئه‌م بارودۆخه‌ی حزب و پێگه‌ی ئه‌مڕۆی له‌ناو دامه‌زراوه‌کاندا به‌ده‌رنیه‌ له‌ هۆكاره‌ ده‌ره‌کیییه‌كان و ده‌رهاویشته‌کانی ده‌سه‌ڵاتی تاكجه‌مسه‌ری سیسته‌می سه‌رمایه‌داری له‌ جیهاندا. به‌ڵام ناكرێت ئه‌مه‌ بكه‌ینه‌ بیانوو بۆ پشتگوێخستنی فاكته‌ره‌ خۆییه‌كان، چونكه‌ له‌م بواره‌دا فاكته‌ری ناو‌خۆ ده‌وری سه‌ره‌كی ده‌بێنیت و فاكته‌ره‌ ده‌ره‌كیه‌کان یاریده‌ده‌رن بۆ قوڵبونه‌وه‌ی ته‌نگژه‌و کێشه‌کان. بۆیه‌ وه‌کو خواستێکی هه‌نوکه‌یی ودڵسۆزانه‌ خوازیاری ئه‌وه‌ین كه‌ جارێكی تر حزب كاریگه‌ری له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی كوردستان و عیراق هه‌بێت، وه‌کو هێزێکی پێشکه‌وتنخوازو کۆڵه‌که‌یه‌کی به‌هێزی پرۆسه‌ی دیموکراتی،‌ ئه‌مه‌ش واده‌خوازێت پێش هه‌موو شتێك و هه‌رئێستا چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی بدۆزینه‌وه‌و هه‌ڵوێستی مه‌بده‌ئیانه‌ وه‌رگرین به‌رامبه‌ر فاکته‌ره‌ ‌خۆییه‌كان. له‌م میانه‌یه‌دا پێویسته‌ بڵێین که‌ ‌ سه‌نگه‌ری جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تکێش و کرێکاران و‌ چین و توێژه‌ شۆڕشگێڕه‌کان، هه‌روه‌ها دژایه‌تی کردن وڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و سه‌رچاوه‌کانی، سه‌نگه‌ری راسته‌قینه‌ی ئێمه‌یه‌و پێداگرتن له‌سه‌ر مافه‌کانی ‌ خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێش به‌گشتی ئه‌رکێکی نیشتمانی ودیموکراتیه‌. ئه‌مڕۆ له‌ هه‌موو رۆژیك زیاتر كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشانی بیر و بازوو به‌گشتی پێویستیان به‌ هێزێكی رێكخراو هه‌یه‌ كه‌ بتوانێت به‌رگریان لێبكات ، چونكه‌ كوردستان و عیراق به‌ره‌و سه‌قامگیربوونی كه‌رتی تایبه‌ت و بازاری ئازاد ده‌ڕوات و ڕۆڵی شیوعیه‌کانیش وه‌ستانه‌وه‌یه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و ناعه‌داله‌تیانه‌ی ئه‌و سیسته‌مه‌ ده‌یخوڵقێنێت و له‌سه‌ری ده‌ژی. ‌ پێویسته هه‌موو وه‌زه‌و تواناكان یه‌كخرێن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی حزب بۆ پێگه‌ی گونجاوی خۆی له‌ به‌رگری كردن له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش.


. به‌رزو به‌رێز بێت یادی76 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی حزبی شیوعی عیراق
نه‌مری بۆ شه‌هیدانی ڕێگای ئازادی و به‌ختیاری گه‌ل.
سڵاو بۆ که‌س و کاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفال


کۆمیته‌ی رێکخستنی ده‌ره‌وه‌ی
حزبی شیوعی کوردستان


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە