هەستی خۆد- هەستی ئەویتر!- ئازادی---بەشی یەکەم
Monday, 05/05/2014, 12:00
ئێمە دەزانین کە هەمو فینۆمنە کان یان هەستەندەکان پێکەوە پێوەندیەکی تایبەتیان هەیە. ئەم واتەیە لە ناو خۆێدا، دەرخەری ئەوەیە کە فینۆمنەکان بە ڕاستی بونیان هەیە. هۆی تەرحی ئەم بەشە لە باسەکە ئەوەیە کە فەیلەسۆفێك بە ناوی" سورن کیەرگەگارد"ی دانێمارکی لە بەیانی دەزگای فیکری- فەلسەفی خۆێدا دەڵێت:{ تەنیا هەستەندە، یان فینۆمنی ڕاستەقینە منم(بە واتەی ڕێنێ دێکارت " ئێگۆ")_ هەموی ئەوانیتر کە بە چاو دێن، هەبوونیان تەنیا لە خەێاڵی مندا هەیە و بوونی دەرەوەیان نییە!.}
ئەمە بنەمای فەلسەفەی سورنە. کە بە ئێگزیستالیسمی دینی بە ناوبانگە. ئەم دەزگا فیکریە، یەکێکە لە بازنەکانی میتافیزیا. ئێمە لە باسەکە دور نەبینەوە و بینە سەر ئەوەی کە بە وتەی سورن، هیچ شتێك غەیری ئێگۆ(من) بوونی نییە! و تەواوی ئەوانەی کە دەبیندرێن، هەموی خەێاڵن و دور لە ڕاستین.
لە کاتێکی تایبەتدا، دێمەوە سەر ئەم خاڵە کە هۆی بناخەیی سورن بۆ ئەم بەێانە چیە وبۆچی سورن وەها دەڵێت؟ بە جۆرێك لە جۆران قسەکەی ئەو، مانایەکی قوڵی تێدایە کە ئێستە کاتی لێكدوانی نیە.
ئێمە لامان وایە کە ١_ فینۆمنە کان نەك هەر بونیان هەیە_ بەڵکو بونیان موستەقیل وجێاوازە لە هەموی فینۆمنەکانیتر. ٢_ فینۆمنەکان لە سەر یەکترکار دەکەن و کاریگەریان هەیە. ٣_ ئەگەر ئەم کاریگەریانە کە دەتوانین لێرەدا بە ڕوداو یادیان لێ بکەین نەبن، ئیتر مانای" هەستی " و گەردون بە تەواوی بەتاڵ دەبێتەوە.
دێکارت دەڵێت: من بیر دەکەمەوە، بۆیە هەم. Cogito Ergo sumوبەمجۆرە، هەبوونی خۆی ئیسبات دەکات.
واتە: ئێمە بە هۆی فیکر کردن کە ڕوداوێکی نێو خٶمانە، و تەوانای شك کردن لە فینۆمنەکانیترمان هەیە، بە ڕاستی بوونمان هەیە. ئەم باسەم بە تێر و تەسەلی لە کتێبی ئەنتی میتافیزیا و زەنجیرە نوسراوەکانی" لە بەرانبەری میتافیزیا" نوسیوە و پێویست بە دوپات کردنی ئەوباسە دور و درێژە نازانم. تەنیا ویستم هەر لەم خاڵە دا ئەوەی ئاشکرا بێت کە بە پێچەوانەی سورن کیرگەگاردی دەنێمارکی، لانی کەم دێکارت بە هۆی تێزی ئەسڵی خۆی یانێ" من بیر دەکەمەوە، بۆیە هەم، ئیسباتی هەبوونی فینۆمنێك بە ناوی " خۆد " مان کردبێت. چونکە ئێگۆ دەتوانێت لە هەموی فینۆمنەکانی گەردون " شك " بکات، بەڵام ناتوانێت شك بکات لەوەی کە خۆێ وەکو فینۆمنێك نەبێت. واتە لێرەدا شتێك بە ناوی " خۆد " ڕاست و دروستە و بوونی هەیە.
ئیستە بڕوانین بەوەیە کە ئاێا ئەم خۆدە، دەگەڵ فینۆمنەکانیتر دا، پێوەندی هەیە یان نا؟ یانێ بەم شێوەیە و وەڵام بەم پرسیارە، بۆمان دەر دەکەوێت کە فینۆمنەکانیتریش بوونیان هەیە و لە نێوانیاندا، بە شێوازی جۆراوجۆر، پێوەندی هەبوە و پێوەندی هەیە. هەڵبەت مارتین هایدەگەر، بە شیوازی تایبەتی خۆی لە کتێبی" هەستی و زەمان " دا، ڕۆیشتوتە ناخی باسەکە ولەوێدا باس لە جیهانیەتی جیهان و پێوەندی نیوان فینۆمنەکان دەکات.
بەڵام سورن بە پێچەوانەوە، هەبونی فینۆمنەکانی تەواوی گەردون بە هەڵەی خەێاڵ و فیکر دەزانیت! ئیستە ئەم پرسیارە قۆت دەبێتەوە کە، ئاێا لە نێوان ئێگۆ(من) تەك فینۆمنیکیتر هیچ پێوەندی هەیە یان نا؟
ئێمە دەزانین کە ئاو بۆ خۆی فینۆمنێکی جێاواز و مۆستەقیلە_ هەر واش دەڵین، ئاگر فینۆمنێکی جێاواز و مۆستەقیلە. دەشزانین کە ئاو لە ڕادەی ١٠٠ دەرەجەێ سەنتیگراددا، دەکۆڵێت یان دەجۆشێت. کە ئەو ڕادەیە، ڕادەی بە جۆش هاتنی ئاوە. ئەگەرلە نێوان ئاگر و ئاودا، کە دوفینۆمنی گەردونی جێاوزن، هیچ پێوەندیەك نیە! بۆچی دەجۆشێت؟ و دەبێت بە فینۆمنێکیتر بە ناوی هەڵم؟
واتە فینۆمنەکان بە ڕاستی کاریگەریان لە سەر یەکتر هەیە. و ئەو کاریگەریە کە پێشتر بە ناوی ڕوداو ناومان بردی، یەکێک لە بنەماکانی اگزیستانسیالی گەردوونە. کە دواتر دەڕۆینە ناخی ئەو باسە.
لە بەشی فارسیەکەی ئەم باسەدا وەهام نوسی کە ئەگەر سورن کیرگەگارد ئەمڕۆ هەبوایە، دەستیم ئەخستە سەر ئاگر و لێم دەپرسی کە ئایا ئاگر بونی موستەقیلی هەیە یان نا؟ لاموایە بە سوتاننی دەستی، هەبونی ئاگری قەبوڵ دەکرد.
* دەرهێنانی بەشێك لە مەبەست و بنەمای باسەکە:
ئینسان یا ئێگۆ وەکو فینۆمنێکی تایبەت لە گەردوندا، هەبوونی هەیە_ ئاێا فینۆمنەکانیتری گەردونی، دەتوانن لە ئێگۆ کاریگەریان هەبێت؟ ئەگەر وایە، ئەو کاریگەریە چیە و چۆنە؟!
ئینسان وەکودیاردەیەك لە نێو کۆمەڵگەدا دەژی. ئەم ژیانە بە هۆی پێوەندیەك کە لە نێوان تەواوی کۆمەڵگە وئێگۆ و هەر وەها، تەواوی فینۆمنەکانیتری جیهانی دەوروبەرهەیە، ناتوانێت بێ کاریگەریکردنی دانە دانەیان لە یەکتر، مانا پەیدا بکات. واتە " هەستی خۆد " لە لایەن " هەستی ئەویترەوە " هەموکات ها لە ژێرکاریگەریدا. ئەم کاریگەریانە، یەك جەهەت و یەك ڕێگە نیە، بەڵکو چەند رەهەندین.
ئێمە لەێرەدا جارێ دەڕۆین بە دوای ئەوە دا کە جۆری کاریگەری کردنی " هەستی ئەویتر" لە " هەستی ئێگۆ_ یان خۆد " چیە و چۆنە؟!
کە ئەڵیم " هەستی ئەویتر " مەبەستم چەند ڕەهەندیە. چونکە تەنیا هاوسەر و ڕەفێق و دراوسێ و منداڵ وخێزان وخەڵکی شار نیە، کە سیستەمیش خۆی یەکێک لە فینۆمنەکانە کە لە تەواوی کۆمەڵگەی جیهانیدا، بەڕێوەبەری خێڵی تەواوی جەماوەرە. هەڵبەت کە باسی سیستەم کرا، فەرائینسانی نیچەی لێ جێا دەکەمەوە، چونکە ئەو باسە تایبەتمەندی زۆر جێاوازی هەیە لە تەك تاکە کەسی ساکاری کۆمەڵگە. (بە داخەوە ئەم خاڵەش یانێ فەرا ئینسانی نیچە، بە ناچاری لێرەدا بە جێ دەهێڵین).
بۆ فەرزێکی فەلسەفی، تۆی خۆێنەر بە خاوەنی خێزان و ماڵ و منداڵ، ناو دەنین. تۆکوڕێکت هەیە کە وەکو زۆر لە خەڵکی شۆێنی ژینگەت یانێ شار یان هەر شۆێنێكیتر، خەریکی ژیانی خۆیە. تۆ کە باب یان دایکی ئەو کوڕەی، لە ڕوی ناچاریدا خۆت بە بەرپرسی هەموکارەکانی ئەو کۆڕە دەزانی. ئەگەر ئەو کارانەی ئەو دەیکات، لای فەرهەنگی کۆمەڵگەوە باش بێت، تۆ هەست بە شادی و شانازی و بەختەوەری دەکەیت_ ئەگەر بەپێچەوانەوە کار یان ئاکامی ئیش وکاریگەری کۆڕەکەت لە نێو کۆمەڵگەدا باش نەبێت، هەست بە سەرخۆاری وخەم دەکەیت!
لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە بۆچی ئەو هەستەدروست دەبێت؟
لاموایە کە ئەو هەستە، بە هۆێ بەرپرس بونی تۆ، پێك دێت یان دێتە ئاراوە. بۆچی تۆ؟ تۆ وەکو تاکە کەسێك، لە کوڕەکەی خۆت جێا و موستەقیلی، تۆ بۆچی توشی ئەو بەرپرسیە دەبیت؟ چونکە تۆ لە کردەوەیەکی زۆر پێشوتردا، هۆی بە دونیا هاتنی ئەو کوڕەیت. قەد لێت نەپرسیوە کە ئایا پێت خۆشە بیتە دونیاوە؟ بەڵکو بەدونیا هاتنی ئەو، بە دەستی جەبری تۆو هاوسەرەکەت بووە! خاڵێکیتری زۆر گرینگی ئەم بابەتەڕێك لێرەدا ئەوەیە کە کاتێك تۆ هەست بە سەرخۆاری(بە هۆێ ئەنجامی کاری دژی فەرهەنگی دەوروبەر) دەکەی، لە ڕاستیدا بە هۆی تەنز و تەشەر یان نیگاهێکی خەڵکی_ تۆ " هەستی خۆد " دەبینیتەوە. یانێ فەلسەفیتر بڵین، " هەستی ئەویتر " دەبێتە هۆێ ئەوەی کە تۆ " هەستی خۆد " ببینیتەوە! لە فەرهەنگی کوردیدا بەم حاڵەتە دەڵێن: فڵانی هات بە خۆێدا_ یان ئەوکەسە خۆی دۆزیەوە!. ئەو هەرگیز وون نەبو. بەڵام بە جۆرێك لە جۆران، دور لە ڕاستیەکان و ڕوداوەکانی دەوروبەر بوو. بۆێە لەو کاتەدا، دێت بە خۆێدا و دا دەچڵەکێت! واتە خۆدی خۆێ دەبینێتەوە!
لێرەدا ئەگەر ورد بینەوە، چەند دیاردە دەبینین. یەکەم کردەوە. دوهەم بەرپرسی. سێهەم هەستێك کە بە دوای کردەوەی ئەو کوڕە بە دیکراوە. چوارەم دڵە ڕاوکێ لە ئاکامی کردەوەکانی ئەو. پێنجەم لە دەست دانی ئازادی!
واتە بە هۆی سەر جەمی ئەو خاڵانەی ئاماژەم پێکرد " هەستی خۆد " لە ژێر کاریگەری " هەستی ئەویتر" دا، ئازادی لە دەست دەدات.
پرسیاریکیترئەوەیە کە ئەو کەسەی کە هیچ منداڵ و خاو و خێزانی نیە، بۆچی توشی دڵەڕاوکێ و لە دەست دانی ئازادی دەبێت؟ دیارە کە پێشتر وتمان کە" هەستی ئەویتر " تەنیا بە یەک تاکەکەس یان سیستەمی کات نیە. خەڵکی زۆر هەن کە بۆ میسال، بە هۆی خراپ بونی شۆێنی ژینگە، توشی دڵە راوکی و لە دەست دانی ئازادی دەبن. هەزاران هۆێتریش هەن_ وەکو شەڕی نێو دەوڵەتی ، کە کاریگەریەکی قوڵ و قۆرس دەکاتە سەرتاکەکەس و تەواوی جەماوەر_ دژایەتی لە نێوان چینەکان و ڕەگەزەکان _ جێا بونی بیر و باوەڕی ئێگۆ لە تەك خەڵکیتر _ وەزعیەتی ئێکۆنۆمیکی وەڵات_ جێاوازی فەرهەنگی لە هەمو بۆارەکاندا لە نێوان خەڵکی ،هتد...
هەموی ئەوانە دەبن بە هۆی کاریگەری کردنی فینۆمنەکان لە یەکتر و بە تایبەت ڕەنگدانەوەی ئەو کاریگەرییانە لە" هەستی خۆد ".
ئەمە یەکلاێ باسەکەس. لایەکیترئەوەیە کە " هەستی خۆد " یش، ئەو توانائیەی هەیە کە لە سەر بەرانبەرەکەی، تاسیر یان کاریگەری هەبێت. بۆ نمونە گۆڕینی سیستەمێك لە بۆاری تەکنۆلۆژیاوە _ یان گۆڕینی سیستەمێكی سیاسی بە دەست تاکە کەسێك، بۆ میسال مەهاتما گاندی، یان ئەدیسۆن.
ئیستە لاموایە ئەو خاڵە بە ڕونی دیارە کە " کردەوە " فینۆمنێکی زۆر گرینگە. بەڵام پرسیارێك بە هێزی زۆرەوە بە نادیاری، خۆی شاردووتەوە. پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا دەکرێت بێ ئەوەی کە " هەستی خۆد " بڕواتە نێو بازنەی " هەستی ئەویترەوە "، ئازادی خۆی بپارێزێ؟
لاموایە کە ئەگەر " پیوەندی " و " کاریگەری " لە نێوان فینۆمنەکاندا نەبوایە، دەکریا کە ئازادی بپاریزدرێت. بەڵام هەروا کە بینیمان و ئاشکارە، تەواوی فینۆمنەکانی گەردون، لە سەر یەکتر کار دەکەن و ئەو کار کردنە تەنیا بە هۆی "پەیوەندی" کە لە نێوانیاندا هەیە، پێك دێت.
ئیستە بڕۆینە سەر ئەوەی کە ئەو پێوەندیە لە کوێیەوە سەر چاوە دەگرێت؟ بە ناسینی ناخەکانی ئەو پیوەندیە لە نێو فینۆمنەکاندا، لاموایە بۆمان دەر دەکەوێت کە لە ئاکامدا، وەزعیەتی ئێگۆ لە تەك " ئازادی " دا چیە و چۆنە!
بۆ ورد بونەوە لەو مەبەستە دەبێت وەزعیەتی ئێگۆ لە " زەمان " دا، شی بکرێتەوە.
دیارە لە هەنگاوی یەکەمدا، لاێ خەڵك " زەمان " لە سێ شێواز، خۆی نیشان دەدات(هەڵبەت ئەمە لە بابەتی فەلسەفیەوە دروست نیە... کە دواترئیشارەی پێ دەکەم).
بەهەر کات سێ شێوەی زەمانی یان " کات " بە ناوەکانی زەمانی ئێستە یان حاڵ_ زەمانی ڕابردو_ وزەمانی داهاتو، ناسراون.
لە بیرمان نەچێت کە " هەستی خۆد " لە بۆاری ڕۆیشتنی زەماندا هەیە کە توشی گۆڕان دەبێت. و هەر وەها ئەو گۆڕانە لە نێو" مەکان " یان شۆێن یان جێگە_ جێ بە جێ دەکرێت.
لە بە شی دوهەمی ئەم لێکۆڵینەوە فەلسەفیە، لە "زەمانی حاڵ_ یان کاتی ئیستە" دەنووسم.
نادرخەلیلی
پێنجەمی مانگی مەێ ٢٠١٤
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست