کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


حکومه‌تی تازه‌ی به‌ریتانیا موچه‌ی وه‌زیره‌کانی که‌م ده‌کاته‌وه‌

Wednesday, 26/05/2010, 12:00


له‌ئه‌ڵمانیه‌وه‌: دانای شه‌ده‌ڵه


*یه‌که‌مین هه‌نگاوی پاشه‌که‌وتکردن له‌لایه‌ن کابینه‌ی ده‌وڵه‌تی به‌ریتانیا به‌سه‌رۆکایه‌تی ده‌یڤید کامه‌رۆن بریتی بو له‌که‌مکردنه‌وه‌ی موچه‌ی کابینه‌ی وه‌زیران به‌رێژه‌ی %5
ئێمه‌هه‌مومان به‌رامبه‌ر بارودۆخی ناله‌باری ئێستا به‌ئاگا و وشیارین. ئه‌م رسته‌یه‌له‌لایه‌ن جیرێمی هه‌نت - ی وه‌زیری فه‌رهه‌نگی کابینه‌ی تازه‌پێکهاتوی حکومه‌تی به‌ریتانیاوه‌و دوای یه‌ک سه‌عات کۆبونه‌وه‌وترا. هه‌روه‌ها وتیشی: ئه‌گه‌ر ئێمه‌له‌هه‌موارکردنی پرۆگرامێک دا بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی قه‌رزه‌کان سه‌رکه‌وتونه‌بین، ئه‌وا متمانه‌ی خۆمان له‌لای بازاڕ و له‌لای گه‌ل ده‌دۆڕێنین.

کامه‌رۆنی سه‌رۆک وه‌زیران و نیک کلێگی جێگری له‌لیبراڵدیموکرات به‌زویی و یه‌کسه‌ر دوای گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات له‌وڵاته‌که‌یاندا گرتنی که‌لێنه‌کانی بودجه‌ی به‌ڕیوه‌بردنی وڵاتیان کرده‌ئامانج، له‌یه‌که‌مین کۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران دا کردیانه‌بابه‌تی لێدوان. هه‌روه‌ها ده‌یانه‌وێت به‌هۆی پاشه‌که‌وتکردنی 192 ملیار یورۆ (ده‌کاته‌163 ملیار پاوه‌ند)وه‌یاخود پاشه‌که‌وتکردن به‌ رێژه‌ی لانیکه‌م یانزه‌له‌سه‌دی داهاتی ساڵانه‌ی به‌رهه‌می ناوخۆی وڵات، به‌وجۆره‌ بتوانن ئه‌و که‌لێنانه‌بگرن که‌که‌وتونه‌ته‌جه‌سته‌ی دارایی به‌ڕێوه‌بردنی وڵاته‌که‌یانه‌وه‌. ئه‌م رێژه‌ی پاشه‌که‌وتکردنه‌ماوه‌یه‌که‌له‌لایه‌ن پسپۆڕانی ئابورییه‌وه‌به‌کارێکی زۆر پێویست خراوه‌ته‌ڕو.

یه‌که‌مین هه‌نگاو له‌و پاشه‌که‌وتکردنی پاره‌یه‌ی به‌ریتانیادا بریتییه‌له‌که‌مکردنه‌وه‌ی مانگانه‌ی وه‌زیره‌کان. له‌هه‌مان کات دا ئه‌و باج و ماڵیاته‌ی که‌پارتی کرێکاران (له‌یبه‌ر) خستبویه‌سه‌ر داهاتی کارکردن (سالاری تاکس) له‌لایه‌ن حکومه‌تی نوێوه‌جارێکی تر پێداچونه‌وه‌ی بۆ ده‌کرێت و لاده‌برێت. به‌پێی یاساکان ده‌یڤید کامه‌رۆنی سه‌رۆک وه‌زیران ده‌توانێت ساڵانه‌167000 موچه‌وه‌ربگرێت. هه‌روه‌ها موچه‌ی ساڵانه‌ی زۆربه‌ی وه‌زیره‌کانی کابینه‌که‌ی بریتییه‌له‌158000 یورۆ بۆ هه‌ر تاکه‌وه‌زیرێک. پاشه‌که‌وتکردن له‌موچه‌ی حکومه‌تی تازه‌ده‌سبه‌کاربوی به‌ریتانیادا و له ماوه‌ی 5 ساڵی مۆڵه‌تپێدران بۆ یاسادانان دا ده‌کاته‌بڕی 3 ملیۆن و نیو یورۆ. ئه‌گه‌رچی ئه‌م بڕه‌پاره‌یه‌له‌چاو بڕه‌پاره‌ی خواستراو بۆ چاکسازی له‌بودجه‌ی به‌ڕیوه‌بردنی وڵات دا به‌وێنه‌ی دڵۆپه‌ئاوێکه‌بۆ سه‌ر به‌ردێکی داخ و گه‌رم. چونکه‌ده‌وڵه‌ت ده‌بێت لانیکه‌م بڕی 7 ملیار یورۆ له‌بواری خه‌رجیات و مه‌سره‌ف دا پاشه‌که‌وت بکات.

له‌درێژه‌پێدانی به‌رنامه‌ی پاشه‌که‌ویکردن دا ده‌وڵه‌ت ده‌یه‌وێت ماڵیاتی سه‌ر بانکه‌کان و تاکس له‌ بازاڕه‌کان زیاد بکات. تاکس له‌سه‌ر که‌لوپه‌ل له‌به‌ریتانیا دا له‌ئێستا دا بریتییه‌له‌ رێژه‌ی حه‌ڤده‌و نیو له‌سه‌د (واته‌: 17% ی نرخی ئه‌و که‌ره‌سه‌یه‌ی کڕین و فرۆشتنی پێده‌کرێت). ده‌وڵه‌ت ده‌یه‌وێت له‌ماوه‌ی نزیکه‌ی مانگونیوێک دا تێکسته‌کانی باسی پاشه‌وتکرن به‌ته‌واوی گه‌ڵاڵه‌بکات و دابڕێژێت.

له‌ روی سیاسیه‌وه‌ئه‌م حکومه‌ته‌ده‌یه‌وێت له‌خولی کار و یاسادانان (لێگسلاتیڤ پێریۆد) بۆ 5 ساڵانی داهاتو کارا بێت. به‌مجۆره‌هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی گشتی پارته‌کانی به‌ریتانیا ده‌بێت له‌یه‌که‌مین پێنجشه‌ممه‌ی ساڵی 2015 دا ئه‌نجام بدرێت. بۆ گۆڕینی سسته‌می هه‌ڵبژاردن ده‌وڵه‌ت ناتوانێت هیچ گۆڕانکاریه‌ک بکات و ناچاره‌له‌ ریفراندۆمێک دا پرس به‌میلله‌ت بکات.

ده‌وڵه‌تی تازه‌ده‌یه‌وێت پابه‌ندی به‌رنامه‌ی چه‌کی ئه‌تۆمه به‌ریتانیه‌که‌‌ی جاران بێت. به‌ڵام نایه‌وێت دراوی - یورۆ - بکاته‌پاره‌ی به‌کارهێنراو له‌به‌ریتانیا دا. هه‌روه‌ها نایه‌وێت له‌وه‌زیاتر جڵه‌وی سوڕانی کاره‌کانی وڵات بداته‌ده‌ست فه‌رمانه‌کانی یه‌کێتیی ئه‌وروپا - ئی یو -. دیاره‌هه‌ر جۆره‌جڵه‌وشلکردن و جێبه‌جێکرددنی فه‌رمانی یه‌کێتیی ئه‌وروپا ده‌بێت دوای پرسکردن به‌میلله‌ت و ریفێراندۆم بێت و ئه‌و پرسکردنه‌گشتییه‌له‌یاسای به‌ریتانیا دا بنوسرێته‌وه‌.

بێجگه‌له‌وانه‌ده‌وڵه‌تی نوێ ده‌یه‌وێ مافی هاوڵاتیبون - سیتیزن رایتس - وه‌کو به‌شیک له‌یاسای - مافی ئازادیی - به‌هێزتر بکات. هه‌روه‌ها ئه‌م حکومه‌ته‌جارێ ده‌سبه‌رداری به‌زۆر ده‌رهێنانی پێناسه‌ی که‌سێتیی بۆ تاک به‌تاکت دانیشتوانی به‌ریتانیا ده‌بێت و واز له‌بابه‌تی به‌وردی یاداشتکردنی سیفاته‌بیۆمێترییه‌کانی هاوڵاتییان له‌پاسپۆرته‌کانیان دا ده‌هێنێت. هه‌روه‌ها له‌پیناو فراوانکردنی روبه‌ری ئازادی بۆ بیروڕاده‌ربڕین ده‌وڵه‌تی نوێ ده‌یه‌وێت به‌و یاسایانه‌دا بچێته‌وه‌که‌تایبه‌ت به‌ناوزڕاندن (ته‌شهیر) داڕێژراون و به‌ر به‌ئازادی بیروڕا ده‌گرن. له‌هه‌مان کات دا ده‌یه‌وێت چاودێریکرانی وێسستگه‌ی مێترۆ و شوێنه‌گشتییه‌کان به‌دانانی کامێرای چاودێری باشتر رێکبخات.

پسپۆڕان سیاسه‌تی دارایی ئه‌م حکومه‌ته‌نوێیه‌له‌ناوه‌ڕاستی ئه‌و ئه‌رکه‌گرنگانه‌دا ده‌بینن که‌که‌وتونه‌ته‌ئه‌ستۆی. هه‌روه‌ها ده‌ڵێن: ده‌بێت هاوپه‌یمانه‌کان له‌م کابینه‌نوێیه‌دا هێنده‌به‌هێز و یه‌کگرتو بن که‌بتوانن بڕیاره‌گرنگ و سه‌خته‌کان ده‌ربکه‌ن.

شێوه‌ی پێکهاته‌ی کابینه‌ی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌نوێیه‌بۆ به‌ریتانیا فۆرمێکی دانسقه‌و ده‌گمه‌نه‌. بۆیه‌دو پارت پێکه‌وه‌حکومه‌تیان دروستکردوه‌، چونکه‌له‌هه‌ڵبژاردنه‌گشتییه‌کانی سه‌ره‌تای مانگی مایسی 2010 دا هیچ یه‌کێک له‌پارته‌کان نه‌یتوانی به‌ته‌نیا خاوه‌نی ژماره‌ی ده‌نگی زۆرینه‌بێت. ئه‌م حکومه‌ته‌یه‌که‌مین حکومه‌ته‌به‌هاوپه‌یمانێتی کابینه‌ی ده‌وڵه‌تی پێکهێنابێت و له‌ساڵی 1945وه‌نمونه‌یه‌کی له‌وجۆره‌نه‌بوه‌. گه‌لێک له‌خه‌ڵکانی به‌ریتانیا گومان له‌پته‌وبونی و هێمنانه‌کارکردنی کابینه‌ی ده‌وله‌تێک ده‌که‌ن که‌به‌هاوپه‌یمانێتیی پێکهاتبێت.

ده‌یڤید کامه‌رۆن بۆ خۆی ته‌مه‌نی 43 ساڵانه‌و لاوترین سه‌رۆک ده‌وڵه‌ته‌له‌میژوی 200 ساڵی رابردوی به‌ریتانیا دا. هه‌روه‌ها جۆرج ئۆسبۆرنی وه‌زیری دارایی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌تازه‌یه‌له‌م مانگی مایسه‌دا ته‌مه‌نی ده‌گاته‌39 سالان و لاوترین خه‌زنه‌داری ده‌سه‌لاته‌کانی به‌ریتانیایه‌لانیکه‌م له‌100 ساڵی رابردو دا. هه‌ربۆیه‌شه‌هه‌ندێک له‌پسپۆرانی ئابوریی پێیانوایه‌ئه‌م وه‌زیره‌داراییه‌زه‌حمه‌ته‌بتوانێت له‌بارودۆخێکی سه‌ختی دارایی، وه‌کو ئێستا دا کۆنترۆڵی لایه‌نی دارایی بۆ بکرێت و قوڵفی هه‌مو جه‌مسه‌ره‌کانی ئه‌و بواره‌ی له‌ده‌ستدا بمێنێته‌وه‌.




سه‌رچاوه‌: فۆراڵبێرگ ئۆنلاین
http://www.vol.at/news/politik/artikel/neue-britische-regierung-kuerzt-sich-selbst-das-gehalt/cn/news-20100514-08502993

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە