جەنابى دكتۆر بەرهەم سزاى زۆر توندى بۆ بكوژى شەهید شێرزاد و شەهید سوركێو دەركرد ..

Monday, 18/04/2011, 12:00










كارل ماركس دكتۆراى لەفەلسەفەدا هەبوو و توانى سیستمى كۆمەڵایەتى هەموو مرۆڤایەتى بگۆڕێت و تاكو ئەمڕۆ بیردۆزەكانى لە كۆلێژەكاندا دەخوێنرێت ، ئەلبرت ئەنشتاین دكتۆراى لە فیزیادا هەبوو و بە بیردۆزى رێژەیى و چەندین بیردۆزى مەزنى ترى رەوتى هەموو تێڕوانینە كلاسیكیە زانستیەكانى گۆڕى ، دختۆر بەرهەمۆكەكەى لەمەڕ ئێمەش بەحساب و كتابى خۆى دكتۆراى لە ئەندازیارى گشتیدا هەیە بەڵام دكتۆرێك كە تاكو ئیستا بەردێكى نەخستۆتە سەربەردێك بۆ نیشتیمانەكەیى و نامیلكەیەكى بیست پەڕەیى چاپ نەكردووە ، لەبەرئەوەى نەك پێدەچێ بەڵكە تەواو مەعلوومە كە بەرهەم ئەحمەد ساڵح دكتۆراكەى لەبوارى بەتاڵانبردنى سامانى میللەت و خزمەتكردنى سەرانى دەسەڵاتى پۆست گەندەڵ و گیرفانى خۆیدایە .

گرتە ڤیدیۆییەكانى كارەساتەكەى حەڤدەى شوبات حاشاهەڵنەگرانە گەواهى بۆ ئەو راستیانە دەدەن كەچۆن مولازم موحسنە نوێكانى سلێمانى و چڵكاوخۆرەكانى دەسەڵات بێئابرووانە بەگوللەى مەرگ وەڵامى خۆنیشاندەرە بیدیفاعەكان دەدەنەوە و چەندین كەسیان لێ شەهید دەكەن ، ئەوەبوو پاشتر لەژێر فشارى شەقامدا بەبڕیارى دادوەر فەرمانى دەستگیركرد بۆ هەندێ لەو پیاوكوژە ترسنۆكانە دەرچوو ، لەنێویاندا شێرە باغەكەى پۆلیسى كارەبا عەمید ئاسۆى خزمى شێخ جەعفەر بوو .

بەڵى لەكاتێكدا دەیان كەسى بێتاوان بەهۆى بەشداریكردنیان لەخۆنیشاندانە جەماوەریەكاندا رۆژانە دەستگیردەكرێن و ئەشكەنجە دەدرێن و سووكایەتیان پێدەكرێ بەپیاوانى ئایینى و مامۆستاو رۆژنامەنووسانەوە ، ئەوەتا لەبەروارى 7/4/2011 دا جەنابى دكتۆر بەرهەم فەرماندەدات بەكڕینى چوار ئوتومبیلى تویتا لاندكروزى مۆدیل 2011 كەنرخى هەریەكێكیان شەست هەزار دۆلارە بۆ چوار كاسەلێسى چڵكاوخۆرى ئابروو لەكەدارى لیژنەى ئەمنى سلێمانى كە عەمید ئاسۆى شێخ تەها یەكێكە لەو چوار كەسە .

ئەى ئافەرین دكتۆرە بێبەرهەمەكەى گەندەڵستان ئەكرا بەپارەى ئەو ئوتومبیلانە بڕى شەش سەد لاپتۆپ بۆ شەش سەد خوێندكارى هەژار و نەدارى زانكۆكان بكڕى كەپارەى كرێى تەكسیەكیان پێنیە و نەوەى دوا رۆژى ئەم وڵاتەن كەئێوە وێرانى دەكەن ؟؟!! .. ئەى ئەو سەرۆك وەزیرانەى سەلماندت كەلەپێناو مانەوەت لەپۆستەكەتدا هەموو هێڵە سوورەكان ئەبەزێنیت و بێحورمەتى بەهەموو پیرۆوزییەكى ئەم نیشتیمانەوە ئەكەیت ، لەپاى خوێنى پیرۆزى شەهیدانى رێى ئازادى ئەم هەرێمە جەنگەڵستانەدا جەنابت خەڵاتى بكوژەكان دەكەیت كەتانێو كەمەرەیان سوورە بەخوێنى رۆڵەكانى ئێمە ، ئەو بكوژە تاوانبارانەى ئەبوو ئیستا لەنێو زینداندا بن و دادگایى ئاشكرا بكرێن .. كەچى ئێوە خەڵاتیان دەكەن و پارە و پاداشتیان بۆسەرف دەكەن ، كەئەمەش بەئاشكرا سووكایەتیكردنە بەخوێنى شەهیدە ستەملێكراوەكانى ئەم میللەتە و بەهەموو هاوڵاتیەكى ئەم دەڤەرە .

خەڵكى سلێمانى هەر ئەو رۆژە دركیان بەوەكرد كە دكتۆر بەرهەم خائین و ناپاكە كە لەكاتێكدا لەتەك حاكم قادردا سەردانى بارەگاى بەدناوى لقى چواریان كرد كەهێشتا تەرمى رێژوانى جوانەمەرگ بەخاك نەسپێردرابوو كەچى ئەمان دەستیان خستە نێو دەستى بكوژە خوێنساردەكانى دانیشتوانى سلێمانى جەردەكانى ئەمنە زەردەكە ، دیارە ئەمەش یەكێكە لەبەندەكانى پەیماننامەى ستراتیژى نیوان یەكێتى و پارتى كە حەڵاڵكردنى خوێنى هاونیشتیمانیانیش دەگرێتە خۆ لەپێناو مانەوە لەكورسى دەسەڵاتدا .

ئوتومبیلى دوا مۆدیل بۆ پیاوكوژ و جەللادەكان .. دەستڕێژى گوللەش بۆ خۆنیشاندەران ، دروود و كۆشك و باڵەخانە و بازرگانى حەرام بۆ بەرپرسە دەست و داوێنپیسەكان .. داروپەردووى رووخاو و مەینەتیش بۆ ئێمەى بەدبەخت ، بەڵام هەرچیەك بێت تواناتان ئەى دەسەڵاتى گەندەڵ و تاوانبار گومانێك نیە لەوەى كۆتایى ئێوە و چارەنووسى ئێوە لەمەیدانى ئازادى شار و شارۆچكەكانى ئەم كوردستانە خۆشەویستەوە بڕیارى لێوەدەدرێت و هەرچیەكیش بن هەرهێندەى حوسنى و زین العابدینتان پێدەكرێت .
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە