دیموكراسی لەنێوان مالیكی و دووپارتەكەی كوردستاندا
Friday, 31/07/2009, 12:00
لە كاتی ئاشكراكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنى ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق و سەركەوتنی لیستەكەى مالیكی لە دە پارێزگای عێراق، چەندین لایەن كەوتنە پاساو هێنانەوەو مالیكیان بەوە تۆمەتبار دەكرد كەوا پۆستەكەی كە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقە بەكار هێناوە بۆ بانگەشەى هەڵبژاردنو پارەیەكی زۆری بەخشیوەتەوە بە سەرۆك خێڵو عەشیرەتە عەرەبیەكان.لەو رێگەیەوە سەركەوتنی بەدەست هێناوە، یەكێك لەو لایەنەی كە هەمان بیانوی بۆ سەركەوتنەكەى مالیكی هەبوو، لیستى هاوپەیمانی كوردستان بوو. بەڵام ئێستا لە قۆناغی بانگەشەى هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستانو سەرۆكایەتی هەرێم، بەرپرسە باڵاكانى هەردوو حیزبى باڵادەست (یەكێتی و پارتی) بۆ پشتیوانیو سەرخستنی لیستەكەیان (كوردستانی) جگەلە سەرۆكی هەرێمو سەرۆكی حكومەتی هەرێمو سەرۆكی پارلەمان، سەرۆكی كۆماری عێراق و وەزری سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق و چەندین بەرپرسی حكومی دیكە، لەم هەڵمەتە بەشدارن، كەچى بە سەركەوتنی لیستى (ئیتیلاف دولە قانون) نیگەرانی خۆیان نیشاندا بەوەى مالیكی سودی لە پۆستەكەى وەرگرتووە و پۆستەكەی قۆزتۆتەوە بۆ بانگەشەكردن بۆ لیسەكەى. بۆ خۆیان ڕەوایەو بۆ كەسی دیكەی بە ناڕەوا دەبینین، سەركردەكانی لیستی كوردستانی نەك تەنها پۆستەكەیان بەكاردێنن، بەڵكو پارەكەی یەكجار زۆر بەسەر دۆستو لایەنگرانی نزیك لەخۆیان دەبەخشنەوە، مالیكی تەنها پارەى دەبەخشیەوە ئێوە جگەلە پارە، ماكسی ژنان دابەش دەكەن، ئێوە پێڵاو بەسەر گوندنشینان دابەشدەكەن، ئێوە گۆشت بەسەر گەڕەكەكان دابەش دەكەن، بەڵام ئەو ئەم كارانەى نەدەكرد. ئێوە دەمانچە و ماکسی ژنانەتان دابەشكرد و فەرمانبەرانتان دەكرد، بەڵام مالیكی نەیكرد، ئێوە لەگەڵ ڕۆیشتنتان بۆ هەر ناوچەیەك یەكسەر دەبووە پشوی فەرمی لەو ناوچەیە، بەڵام مالیكی شتی واینەكرد، ئێوە هۆڵەكان تەنها بۆ خۆتانە، ئێوە و ئێوە سەدان شتی تر. سەربارى هەموو ئەمانە نەمانبیست مالیكی كە زۆرترین دەسەڵاتی لەژێر دەستە هێزەكانی ناوخۆو سوپا بۆ بەرژەوەندی خۆی و لیستەكەى بەكار بهێنێت، لەكاتی سەردانەكانی مالیكی بۆ پارێزگاكان دەوامی فەرمی ڕانەگیراو بەزۆر ڕاپێچى كۆبونەوەكانی جەنابی سەرۆك ببن، لەگەڵ ئەوەشدا یەك فەرمانبەرى حكومی لەسەر بیروباوەڕی جیاواز لە كارەكەى دورنەخرایەوە.ئەو نورى مالیكیەى كە زۆرجار لە لایەن ئێوەوە بە كەسێك دێتە بەرچاو كە دوبارە دیكتاتۆریەت بۆ عێڕاق دەگەڕێنێتەوە، لەبەرامبەر ئەوەشدا بەردەوام بەرپرسە باڵاكانی هەرێمى كوردستان، هەرێم بە كانگای دیموكراسی بۆعێراق دەزاننو هەرتەنها خۆیان بە مەخلوقی پراكتیزەكردنی دیموكراسی لە عێراق دەزانن. هەموو كەس ئاشنایە كە هەڵبژاردن یەكێكە لە پایەكانی دیموكراسی، نەك تەنها هەڵبژاردن بەناو بێت بەڵكو بە هەموو رەهەندەكانیەوە . لە كۆتاییدا پێتان ناخۆش نەبێت كە بڵێین دەبێت كوردستان لە عێراقەوە فێری دیموكراسی بێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست