کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شه‌ڕی بوون به‌ گۆڕان یان بون به‌ده‌سه‌ڵاتدار له‌گۆڕاندا.!؟

Tuesday, 29/11/2011, 12:00





ماوه‌یه‌که‌؛قسه‌ له‌سه‌ر گۆڕان و،کۆنگره‌که‌ی ده‌کرێت؛گۆڕانخوازان و،بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش کاری بۆده‌که‌ن، وابڕیاره‌ تامانگی شه‌شی داهاتوو ؛گۆنگره‌ ببه‌سرێت وبزووتنه‌وه‌که‌ ببێته‌"پـــارت". له‌ڕووی ئۆرگانیه‌وه‌ کاره‌کانی ڕێکبخات و به‌ پراکتیک بێته‌ مه‌یدانه‌وه؛به‌ر‌پرسیارێتی حیزبی خۆی وجه‌ماوه‌ری کاریگه‌ری به‌خه‌ڵکی کوردستان ئاشنابکات‌.

به‌شێک له‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ووڵاتدا ده‌ژین؛که‌ هه‌موان ده‌زانین دروستکه‌رو، بزوێنه‌رو، قه‌ڵغانی ڕاسته‌قینه‌ی گۆڕانن له‌ناوه‌وه‌و،ده‌ره‌وه‌ی ووڵات ؛به‌تایبه‌تیش که‌ له‌ئێستادا هێزێکی به‌رگریکه‌ری ئه‌وتۆی نیه‌ که‌ پارێزگاریان بکات؛ بۆیه‌ په‌یوه‌ندیه‌کانیان له‌ده‌ره‌وه‌،وه‌ک فشارێک له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات کاریگه‌رو،ڕووشکێنه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمه‌که‌و په‌یوه‌ندیه‌کانیان؛ به‌تایبه‌ت که‌ بوونی ئه‌مریکا له‌گۆڕه‌پانه‌که‌دا زۆر شتی لێسه‌ندونه‌ته‌وه‌ که‌پێشتر له‌گه‌ڵ یه‌کترو خه‌ڵکی کوردستان ده‌یانکردو ئاماده‌ی شه‌ڕی درێژخایه‌نی براکوژیشبوون بۆ ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌و پارته‌کانیان‌.


کۆبونه‌وه‌و گه‌یاندنی په‌یامی کورت؛ بۆ کارکردنی گۆڕانخوازان له‌ده‌روه‌و،ناوه‌وه‌ی ووڵات،جگه‌ له‌ زانیاری نێوهۆڵه‌کان؛نابنه‌ زانیاری گشتی وڕێکخراوه‌یی ئه‌وتۆ که‌ پایه‌کانی بزووتنه‌وه‌که‌ جێگیرتربکات و ئاینده‌ی به‌ره‌و سه‌رکه‌وتن به‌رێت، دڵنیاین که‌ هه‌موو بزووتنه‌وه‌ گۆڕانخوازه‌کانی دونیا ته‌نها بۆجارێک توانیویانه‌ زۆرینه‌ی متمانه‌وه‌ وباوه‌ڕبنوون بۆ خۆیان مسۆگه‌ربکه‌ن بیکه‌نه‌ بناغه‌ی کارکردنی باشتریان بۆ به‌ره‌وپێشچونیان؛که‌ئه‌مه‌ش ده‌بێت گۆڕان زۆر به‌وه‌ریاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدابکات وسه‌رکه‌وتن به‌ده‌ستبهێنێت بۆئه‌وه‌ی ئاینده‌ی خه‌ڵکه‌هه‌ژاره‌که‌مان گه‌شتربێت وله‌ ده‌سه‌ڵاتی تاک ڕه‌هاو،حیزبی دایک وباوک ده‌رمانبهێنێت. ئاماده‌کاری بکات بۆ‌هه‌موو پێشهاته‌کانی که‌ده‌که‌ونه‌ به‌رده‌می له‌ گۆڕه‌پانی سیاسی ئه‌وڕۆی کوردستاندا. هه‌ر له‌مه‌رگی تاڵه‌بانی وکاردانه‌وه‌کانی بگره‌ تا دوا هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم که‌ دواپۆستی بارزانی وه‌کو مووڵک.بێگومان گۆڕان وه‌ک پێویستی؛ده‌بێت خۆی له‌ فۆرمێکی کاری سیاسیداببینێته‌وه‌و،ئامانجه‌کانیشی ڕونتر بکاته‌وه‌ بۆخه‌ڵکی کوردستان.که‌ جیاتر له‌وچاکسازیه‌ کارگێڕیه‌ی له‌ ئێستادا قسه‌ی له‌سه‌رده‌کات.گه‌ر ئه‌مه‌ سه‌ره‌تاو،ده‌ستپێکێک بێت بۆ کارکردن وه‌ک حیزب باشتره‌ سود له‌ شاره‌زایانی ئه‌م بواره‌ وه‌ربگیرێت و له‌ کڵێشه‌ی کۆمێنتاردا ده‌ربچن و گرنگی زیاتری پێبدرێت و چه‌ند ۆرکشۆپێکیش بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ له‌ که‌سانی پسپۆر ئاماده‌بکرێت.گه‌رچی من له‌ ئێستادا،هیچ به‌ پێویستی نازانم وبگره‌ به‌هه‌ڵه‌شی ده‌زانم ؛تا یه‌کلاینه‌بونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌کان و شه‌قامی کوردی هیچ جۆره‌ کارێکی تێدا بکرێت.به‌هۆی گه‌مارۆدانی بزووتنه‌وه‌که‌له‌ هه‌رێم و به‌تایبه‌تی ناوچه‌ی ژێرده‌سه‌ڵاتی پارتی،که‌ئه‌مه‌ش هۆکارێکه‌ بۆ به‌رته‌سکردنه‌وه‌ی سنوری کارکرکردن،له‌شاره‌کانی تری هه‌رێم وعێراقدا که‌وه‌ک پێویست توانای به‌شداربونیان نابێت له‌م فۆرمه‌له‌کردنه‌دا.ته‌نانه‌ت جۆری هێنانه‌ناوه‌وبه‌شداری پێکردنی نادروست ونه‌شیاوی ڕێژه‌یی له‌ده‌ره‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌که‌شمان دێته‌به‌رده‌م که‌‌ له‌ ئاینده‌دا بڕیاردان به‌ ئاقاری تردا بگۆڕدرێت و گۆڕانیش بخاته‌ ژێر مه‌ترسیه‌وه‌،که‌ئه‌مه‌ش دیاریده‌یه‌کی سیاسی کوردستانه‌و هه‌مومان بینیومانه‌ له‌ ڕابردودا ؛که‌وه‌ک بازاڕێکی سیاسی کاری خۆی کردوه‌و،کاریگه‌ریشی ده‌بێت له‌ گۆڕه‌پانه‌که‌دا؛که‌‌ سه‌رکرده‌کانیش بێشه‌رمانه‌ تێیدا به‌شداربون و،زیانی گه‌وره‌یان به‌خه‌ڵکی کوردستان گه‌یاندوه‌.ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت به‌کورتی ئاماژه‌ی بۆ بکه‌م ئه‌وه‌یه‌ که‌ "بالێگه‌ڕێن؛بزانین تا چه‌نده‌ له‌ شه‌قامدا خۆمان ده‌بینیه‌وه‌و،شه‌قامیش تا چه‌نده‌ به‌ ئازادی ئێمه‌ ده‌خوازێت".پرۆژه‌که‌ له‌ چه‌ند ڕویه‌که‌وه‌ جێی سه‌رنجه‌ ده‌کرێت له‌ڕێگه‌ی ۆرکشۆپه‌کانه‌وه‌ چاره‌سه‌ربکرێن.


بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش، به‌ باشی ده‌زانم هه‌رجۆره‌کارێکی حیزبیان لێ دوور بخه‌نه‌وه‌و گرنگی بده‌ن به‌ "لۆبی کورد" له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات. هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ ده‌توانن سود له‌ تواناکانی ده‌ره‌وه‌ وه‌ربگرن؛ نه‌ک حیزبایه‌تی. که‌له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات ناڕاسته‌وخۆ‌ ده‌چێته‌ ده‌ستی دووه‌وه‌ بۆ هه‌ردوولا‌. سیاسه‌ت پێویستی به‌ خاکه‌ بۆ په‌یڕه‌وکردن وتاودانی پێشبڕکێ وسودگه‌یاندن به‌گه‌ل؛ده‌نا ده‌چێته‌ دووتوێی نوسینه‌کانه‌وه‌وله‌گه‌ڵ خه‌ونه‌کاندا توشی شه‌رانگێزی ده‌بین.دیار ده‌کرێت بۆ په‌یوه‌ندیه‌کانی بزووتنه‌وه‌که‌ به‌جۆرێکی تر کاری له‌گه‌ڵ بکرێت. ئه‌وه‌ش پێ ناچێت بارگرانیبێت بۆ بزووتنه‌وه‌که‌له‌ده‌ره‌وه کارێکی ئه‌سته‌م بێت‌.


مێژووی سیاسی پارته‌کانی کوردستان،کاریگه‌ری خراپیان له‌سه‌ر تاکی کورد دروستکردوه‌؛هه‌رئه‌مه‌شه‌ بۆته‌ هۆکاری ترس و گرژی له‌نێو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و هه‌ربزووتنه‌وه‌یه‌کی تری دوای گۆڕانیشدا که‌دروست ده‌بن. بێشک گۆڕان ئه‌ومێژووه‌ سیاسیه‌ی تۆماریده‌کات ، ده‌بێته‌ مێژوویه‌که‌ی نوێ بۆ خه‌باتی ڕزگاری خوازی خه‌ڵکی کورد له‌دوایی بزووتنه‌وه‌ چه‌کداریه‌کانی ڕابوردوون.هه‌ربۆیه‌ به‌رپرسیاریه‌تی زیاتر له‌ئه‌ستۆ ده‌گرێت وه‌ک له‌ پارته‌ چه‌کداره‌کان ،چوون ده‌سپێکی مێژوویه‌که‌ی نوێیه‌ بۆ گه‌ل و خاکه‌که‌ی.له‌سۆنگه‌ی به‌رپرسیارێتییه‌کی ئه‌وهاوه‌ ده‌بێت خودی کاک نه‌وشیروان که‌ له‌ڕاستیدا کاریزمایه‌کی گرنگه‌ بۆ ئه‌م ساته‌ وه‌خته‌و ،ڕۆڵی گرنگ و کاریگه‌ری به‌رده‌که‌وێت له‌م مێژووه‌دا، گرنگه‌ که‌ خه‌مساردوو خۆشباوه‌ڕ نه‌بێت به‌هاوڕێکانی و ئه‌وانه‌ی خۆیان لێ نزیککردۆته‌وه‌ بۆ ساته‌وه‌ختێکی وه‌ها.گه‌رچی دڵنیام ئه‌زموونی کارکردنی له‌گه‌ڵ تاڵه‌بانیدا ئه‌وه‌ی پێ چه‌شتوه‌ که‌ کاره‌کان باشتر تۆکمه‌ بکات ،به‌ڵام وه‌بیرهێنانه‌وه‌ خراپ نابێت که‌لێره‌وه‌ زه‌نگی وریابونێکی پێبگات وتابتوانێت له‌ئاینده‌دا ده‌رئه‌نجامی باشتریش به‌ده‌ست بهێنێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌وه‌ ده‌بینرێت ئه‌و نه‌شیاویه‌یه‌ که‌ کادره‌ "مامناوه‌ندو ناوه‌نده‌یه‌کان"ه‌ که‌ خه‌ریکی کێشمه‌کێشی خزانی ناوکۆنگره‌و ده‌نگدانی کادره‌کانیانه‌ به‌ ویستی خۆیان نه‌ک ویستی گۆڕان. هه‌ر بۆیه‌ به‌زمانی خۆش و په‌نجه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ پێمان ده‌ڵێن؛ئه‌وها ده‌نگ بده‌ن ؛باشتره‌.!؟ به‌ڵام بۆ کێ وبۆ کوێ.!


کۆبونه‌وه‌ی ڕێکخستنه‌کانی ده‌ره‌وه‌ به‌ئاشکرا پێمان ده‌ڵێن کێن ئه‌وانه‌ی ده‌بنه‌ ده‌نگده‌رو کێن ئه‌وانه‌ی ده‌بنه‌ کۆڵبه‌ر.!


سه‌رده‌می سیاسی قسه‌که‌ر نه‌ماوه‌؛سه‌رده‌می سیاسی کارکه‌ره‌ بۆنیشتیمانێکی پڕ له‌ناسۆر.

کۆڵ و،باری هه‌موان دیاره .....هه‌ر گه‌لیشه‌ ده‌توانێت دواجار هه‌موو بڕیاره‌کان بگۆڕێت ؛بۆیه‌ باشتره‌ بۆ گه‌ل بیر بکه‌ینه‌وه‌ نه‌ک بۆ ده‌سه‌ڵات.‌

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە