کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


جلکی کوردی

Friday, 15/03/2019, 7:44


تاکی کورد کاتێک تووشی نائومێدی یاخود لەژیان  وەڕس دەبێت، بۆنەی سەیرسەیر بۆ خۆی دروست دەکات لەوانەش ڕۆژی جلکی کوردی، کە ئەم نەریتە هێندە قێزەونە گەربکرێتە شانۆ یان سیناریۆی فلێمێک کاتێک تەماشای بکەین دەبێت هەرهەموومان بۆ کۆڵەواری و نەزانی خۆمان هۆن هۆن فرمێسک بڕێژین.
-ساڵی شەستەکانی سەدەی ڕابووردوو جەماعەتی جەلالی و مەلایی بەجلکی کوردییەوە کەللەسەری یەکتریان دەتەقاند بۆ کردیان؟
مێژوونوسەکانی هەردوولا بە جلکی کوردیەوە بەیاننامەی سەرکەوتنی ئەملایان بەسەر ئەولادا وەک سەرکەوتن تۆمار دەکرد..
- قیادە موەقەتەی سەربەبنەماڵەی بارزانی بەجلکی کوردییەوە لە کارەساتی هەکاریدا گیانی سەدان پێشمەرگەی کۆمەڵە و یەکێتیان کێشا هەرهەمووشیان جلکی خاکی کوردیان لەبەردابوو.
- شەهید جەمالی عەلی باپیر بە جلکی کوردیەوە لە گوندی سێکانیان مێشکی شەهید شێرکۆی شێخ عەلی فەرماندەی حسکی تەقاند، کە ئەمیش وەک ئەوجلکی کوردی لەبەردابوو پیلان داڕیژەرەکەش مەلا بەختیار بوو ئەمیش وەک پێشمەرگە جلکی کوردی لەبەردابوو.
- لەگوندی تەنگیسەر عاسی ڕەئوف وحەمەی حەسۆلی جاشی لای بەعس، بەجلکی کوردییەوە کاک ئارامیان بەجلکی کوردیەوە شەهیدکرد.
- ئەوانەی خەبەریان لە شەهید مەلاعەلی پێشمەرگە و شاعیرو سیمبۆلی زیندان دا، هەرهەموویان جلکی کوردیان لەبەردابوو.
- ئەوجاشانەی هۆکاری خۆشەهیدکردنی شەهید دارای سەعدی بەگ بوون، هەرهەموویان جلکی کوردیان لەبەردابوو.
- تەحسین شاوەیسی جاش پێشمەرگەی ماڵی بارزانی بەجلکی کوردییەوە مامەڕیشە و تەحسین و سەرداری بە جلکی کوردییەوە شەهیدکرد.
- سالی ١٩٩٢ چەکدارە خوێڕییەکانی یەکێتی و پارتی بەجلکی کوردییەوە بەفرمانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرهێرشیان کردە سەر بنکە و بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە خواکوڕک و دەڤەری برادۆست، خۆ گریلاکانیش جلکی کوردییان لەبەردا بوو.
- چەتەکانی پارتی لە١٧ی شوباتدا بەجلکی کوردییەوە لەسەربانی لقی چوارەوە شەهید ڕێژوانیان شەهیدکرد .
- چەتەکانی تاڵەبانی لە١٧ی شوباتدا بەجلکی کوردیەوە شەهید شێرزاد و ئومێد وهەردییان شەهیدکرد هەرسێ شەهیدەکەش جلکی کوردییان لەبەربوو.
- بۆ گۆڕانخوازەکانیش ئەوەی تەقەی لە وێنەکەی کاک نەوشیروان کرد لە گردەکە جلکی کوردی لەبەردابوو.
سەرۆک جاش و موستەشارەکانی سەردەمی بەعس بەجلکی کوردییەوە
ئەمەو سەدان نموونەی تریش کە ئێمەی جلکی کوردی کەتافی لەشاخدا ئەوەی بەعس زاتی نەکرد پێتان بکات ئێمە لە دوای ٧-٣-١٩٩١ حەشرمان پێتان کردن حەشر دەی ئیوەش وەک ئەوەی هیچتان نەدیبێت وەک ڕۆژی جلکی کوردی خۆتان بڕازێننەوە بەو جلکە کوردییەی قوڕی هەمووکوردستانمان کرد بەسەرتاندا. 

تێبینی: وێنەی سەرەکی ئەم بابەتە، ساڵی ١٩٨٨خۆم وهاوڕێکانم بە جلکی کوردی پێشمەرگایەتیەوە لە ئەشکەوتێکی قەندیل.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە