کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مەلا بەختیار لە زیندانەکەی گوندی یاخسەمەر (بەشی پێنجەم)

Friday, 20/01/2012, 12:00


تا کۆتایی سەرکەوتنی هێزی پێشمەرگە لە شەڕگەی (قەیوان _ ماوەت) و (داستانی ڕزگاری) من لە تیپی ٣١ ی سلێمانی بووم ، تیپەکەمان لە ڕووبەری جوگرافیای نێوانی گوندی مالومە و چۆخماخ سوکناکرا، بارەگای مقەڕی تیپ لە گوندی مالومە بوو ، کاک شۆڕش ئیسماعیل تازە بووبووە سەرتیپمان دوای شەهیدی نەمر جەلالی حەمەی محە، دەمەو ئێوارە بوو من و شەهیدی نەمر کەمالی مالیە و سەرداری مامە ڕەشە و شەهید نەژاد سنجەڵێی و عومەر دێگەلی و کاک فایەق چاوشینی معاون کەرت لە پشتی بەرزاییەکانی گوندی مێوڵاکەوە بەرەو گوندی سنگر دەچووین ، کاک شۆڕش بە بروسکەیەکی بێتەل فەرمانی دابوو سەرکەوین بۆ لوتکەی شاخی کونە کۆتری نیوان کۆڵەردو گوندی سنگر ، من ناڕازیبووم بەو نەخشەیەی کاک شۆڕش و پێم وابوو ئەوە پلانێکی سەقەتی سەرتیپێکی بێ ئەزموونی شەڕگەی شەڕی جەبهەییەو و دەخوازێت بە ڕژاندنی خوێنی چەند پێشمەرگەیەک موبایەعەی خۆی بۆ مام جەلال دووپات بکاتەوە و هیچ سەرەکەوتنێکیش بەسەر سوپای بەعسدا نایەتەدی و لە کۆتایشدا کاک شۆڕش دەبێتە سەرتیپێکی گوێڕایەڵ، شەهیدی نەمر کەمالی مالیە زۆر هەوڵی دا پلانەکە جێبەجێ بکەین ڕازی نەبووم ، پاش چەک کردنم برامە گوندی مالوومە.
کاک شۆڕش ئیسماعیل لە گوندی مالوومە بوو ، لەبری ئەوەی دەبوایە لەو ساتە وەختەچارەنووسەدا لە ڕیزی پێشەوەی سەنگەرەکانی بەرەنگاربوونەوەدا بوایە، کەچی مژۆڵی حەواندنەوەی هاوسەرو منداڵەکانی بوو لە کەپرێکدا مەگەر بووک و زاوای سەرەدەمی ڕۆمانیەکان ئەوەیان بەنسیب بووبێت.

لە مانگە هاوینیەکەی کاک شۆڕشدا ، ئاخر حەرەس کە هاوڕێم بوو مەرەخەسی کردم و بەرەوە مقەڕی مام جەلال لە دووڕیانەکەی یاخسەمەر و گوێزیلێ لە کەرتی یەکی تیپی پارێزگاری گیرسامەوە کە فەرماندەی کەرتەکە مامۆستا کەمالی عەبدوڵا تاماس بوو .

مامۆستا کەمال ئێستا لە ئاسایشی گشتی هەرێم لەشاری سلێمانی سەر شانی پڕە لە نەجمەو ئەستێرە .
سەرەتای چوونم بۆ زیندانەکەی مەلا بەختیار وەک پێشمەرگەیەک لێرەوە دەستی پێ دەکات.

بارەگای کەرتی ١ ی تیپی پارێزگاری لە سێ ڕیانی مالومەو گوێزیلێ و یاخسەمەر بوو ، کاک شۆڕش بە خۆی و هێزەکەیەوە هەڵیکوتایە سەر مقەری کەرتی ١ ی تیپی پارێزگاری بە بیانوی تەمەروودی دوو پێشمەرگە لە تیپەکەی کە یەکێکیان من بووم ، دەرەنجام بە پاشەڵی شکستەوە گەڕایەوە .
مامۆستا کەمالی فەرماندەی کەرت بەنامەیەک چەندناوێکی بۆ هاتبوو لە ناو لیستەکەدا منیشی تێدابووم لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی تری ناو کەرتەکە لەوانە : جەلال حەمەومین ، مەلا جەلال . کاک هەژار . عوسمان جەریدە (ئەم تێکۆشەرە ساڵی پار بە جەڵدەی دڵ کۆچی دوایی کرد) ، کەمال عەبدولڕەحمان ، فەریق یاخسەمەری ، لوقمانی ژن برای شەهید نامیقی حەمە چەتە لە کەرتەکەدا بە وەستا فەرەج ناسرابوو ، جەمال کەناروێی کە پاشان لە ٣١ ئاب بەدەستی چەتەکانی ماڵی بارزانی شەهید کرا . عوسمان ڕەحمان ناسراو بە عوسەڕەش ، هەر هەموومان وەک پێشمەرگەی ئێشکگر نێردراین بۆ زیندانە نوێیەکەی مەلا بەختیار پاش گرتنەوەی.
ئەم کۆمەڵە پێشمەرگەیە دەستەبژێری جێگەی متمانە بوون لە لەلایەن فەرماندەی کەرتەکانەوە بە ڕاوێژ لەگەڵ ڕابەرسیاسی و بەرپرسی ڕێکخستنەکانی کۆمەڵە لە تیپیەکاندا .
ژووری زیندانەکەی مەلا بەختیار لە سەرەتادا هۆدەیەکی بچووکی گڵنشین بوو ، ڕووبەرەکەی لە نێوان مەترو نیوێک بە ٢مەتر دەبوو، لە سەرووی ئێمەوە مقەڕی کەرتی ١ ی تیپی پارێزگاری لێبوو کە شەهید غەریب هەڵەدنی فەرماندەی کەرت بوو.

کاتژمێر پێنجی پاش نیوەڕۆ بوو خەریکی دانانی کاتی حەرەسیات بووین هەر ئەوەندەمان زانی تۆپ و ڕاجیمە وەک باران بەسەرماندا باری ، هەندێ کەس هاواریان کرد (کیمیاویە) هەموومان بەرەو بەرزاییەکانی پشتی یاخسمەر ملمان نا ، لە کاتی ڕاکردنماندا مەلا بەختیارمان بەجێهێشت ، لە زیندانەکەیدا هاواری دەکرد (بە جێم مەهێڵن ، مەیەڵن بمرم ، بۆ بەجێم دێڵن) کەسمان ئاوڕیشمان لێنەدایەوە، کوڕ ئەو کورە بوو خۆی قووتاربکات، کە گەیشتینە سەری لوتکەی شاخەکە، مام جەلال و هێرۆش گەیشتنە لامان.
مام جەلال پێمانی ووت: بۆ قیناعەکەتان نەکردۆتە سەرتان؟
پێشمەرگەیەک ووتی: مامە ئەی بۆ خۆت قیناعەکەت نەکردۆتە سەر:
پاشان مام جەلال پرسی: ئەی کوا بۆ (حیکمە) مەبەستی (مەلابەختیار)تان بوو لە زیندانەکە نەهێناوە بۆ ئێرە؟
پێشمەرگەیەکی هاوڕێم پێی ووت: مامە فریا نەکەوتین!
مام جەلال ووتی: (دەستان خۆشبێت کە ڕزگارتان نەکرد ، چونکە خۆی وەک ئاش بە نیاز بوو تەسلیم بە بەعس ببێتەوە دەی با کیمیاوی بەعسیش لەناوی بەرێت).

تێبینی:
- پاش ئەم رووداوە مام جەلال بارەگای یەکێتی نوسەرانی کوردی بە نوسەران چۆڵ کردو کردیە زیندانی سەرەکی بۆ مەلا بەختیار.
_ پاش ڕێکەوتنی یەکێتی و کۆماری ئیسلامی ئێران ، سوپای پاسدران بە هەزاران دەمامکی دژ بە چەکی کیمیاویان دا بە هێزی پێشمەرگە کە ئێمە پێمان دەوت (قیناع) ، لە زیندانە سەرەتایەکەدا قیناعیان نەدابوو بە مەلا بەختیار.

ڕزگار ساڵح
ئەنیشخەدە هۆڵەندا
٢٠-١-٢٠١٢

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە