کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شەهیدە نوێخوازەکە کاکە هەردی فاروق

Tuesday, 14/06/2011, 12:00


کاکە هەردی گیان گەر بمزانیبایە خەباتی چەند ساڵەی گەنجێکی پێشمەرگەی وەک منو هاوڕێکانم لە ساڵی هەشتاکان دەبووە کۆتایی تەمەنی بەهاری تۆی شۆڕشگێڕی گۆڕانخوازی سەردەم لەگەڵ دەزگیرانە چاوگەشەکەت دڵنیابە هەموو مەخزەنی فیشەکەکانی دەوری پشتێنە ئەستورەکەمان دەکردە قوربانی ئەو ساتانەی بە شەرمێکی ئەخلاقیەوە پەنجەی زبری دوای کارەکەت دەسوو لە پەنجەی کیژە چاو مامزەکەی دەستگیرانتەوە .
کاکە هەردی گیان هەرچەندە ڕووبەروو بەدیدارت شاد نەبووین، بەڵام بڕوابکە هێندەی شەهیدەکانی هاوبیرمان، هێندەی خاڵە شەهاب و دکتۆرخالید و عەلی عەسکەری و کاک ئارام و حەمەسەرسپی و یوسف دەرگەڵەی و ڕێبازو کەمالی مالیە و حەمە سورەبانی و برایم عەزۆو بەهە کوێر و شەهید سورکێو و کاوە کونج لە ڕۆحماندا لە ویژدانی تەواوی گەلدا یەک وێنەتان ڕەخساندو تۆش وەک ئەوان بەگەروی سەردەمەوە هاوارتکرد (کەم ژیام و کەڵ ژیام) .
کاکە هەردی گیان کاتێک ئەو شەهیدانە بە ڕۆحت ئاشنا دەکەین ، مانای ڕژانی دڵۆپ بە دڵۆپی خوێنەکانیشت بۆ بەیان دەکەین ، بڕوا بکە قامچی بەعس لە زیندانەکانی ئەبوغرێب و ئەمنی خاسەی بەغدادو هەر دڵۆپە خوێنێک لە جەستەیان هێنابێتە دەرێ هاوتایە بەو فیشەکەی لە لوولەی چەکدارەکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە چزا بە مێشکتا و بۆ هەتا هەتایی خەونی دەستلەملانێی شەوی بوک و زاوایتانی سپاردە گۆڕێکی تاریک.
کاکە هەردی گیان پەڵە خوێنەمەیوەکانی سەرت بۆتە مانفێستی هەڵیساندنی شۆڕش و دروشمیشیان ئەمەیە:
(بەخێربێن ئەوانەی بەداوی شۆڕشی گۆڕانکاری گەل دەکەون).

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە