کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بزووتنەوەی گۆڕان کێ قووتار دەکات

Saturday, 31/12/2011, 12:00


تەقینەوەی ململانێی دوو ئاراستە مەزهەبیەکەی سونەو شیعەی پێکهێنەری دەوڵەتی عێراق پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا پێمان دەڵێن بەشداری پێکردنی کورد لە پڕۆسەی دروستکردنەوەی عێراقدا هیچ نیە جگە لەگەمەیەکی مێژوویی هەمیشە دووبارەکراوە بۆ لەباربردنی خواستە نەتەوەیەکانی ، تاڵەبانی و بارزانی پاش کۆتایی سەدام داڕێژەری نەخشەی لەدایک بوونی عێراقێکی بەناو دیموکراسی فیدراڵی بوون دوای ڕمانی دیکتاتۆریەت.
پاش نزیکەی سەدەیەک لە دروستبوونی عێراقە نەفرەتیەکە و پاش نغرۆبوونی بەعسی داگیرکەر سەرلەنوێ تاڵەبانی و بارزانی کێشەی گەلی کوردیان لەباشووری کوردستاندا بردەوە بەغداد، ئەو بەغدادەی هەمیشە ناوەندی داڕێژەری پلانی قڕکردنی گەلی کوردبووە بە ئێستاشەوە ، لە کوتەداکەی ئەم دواییەی مالکی بەسەر عەلاویدا ، بارزانی دەیەوێت کوشتنی (حسێنی کوڕی عەلی) لە (کوفە)ەوە بگوازێتەەوە بۆ (هەولێر) و خوێنەکەشی بخاتە ئەستۆی شمشێر بەدەستێکی شیعە، تاڵەبانیش دەخوازێت لە (سلێمانی) خوێنی (حسێنی کوڕی عەلی) بخاتە ئەستۆی (معاویە)ی سونە مەزهەبێکی پەناخواز لە هەولێر.
پاش دەرەنجامی هەڵبژاردنەکانی ٧_ ٣ ی پەڕلەمانی عێراق ، بزووتنەوەی گۆران بەدەنگی خەڵک ٨ پەڕلەمانتاریان ناردە ناو پەڕلەمانی عێراقە نەفرەتیەکە ، پاش زیاتر لە ٦ مانگ کوتلە براوەکان پێکهاتن لەسەر دابەش کردنی پۆستەکان بۆ پێکهێنانی کۆی سیستەمی دەوڵەتی عێراق ، گۆڕان بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن دەبوو یەک پۆستی سیادی و دوو پۆستی وەزاری وەربگرێت ، لەسەروبەندی دابەشکردنی پۆستەکاندا مەسعود بارزانی بە مالکی دەڵێت یان من یان بزووتنەوەی گۆڕان .
تاڵەبانی لە میانەی کۆبوونەکانیدا لەگەڵ سەفیر و سیاسیەکانی ووڵاتانی جیهاندا عێراقی وەک نموونەی دەگمەنی دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وێنا کرد و ووتی مەحاڵە عێراق بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دیکتاتۆری ، وەک بینیمان تاڵەبانی لە تەنگه‌ژه‌ی نێوانی مالکی و هاشمی گەڕایەوە بۆ کوردستان و کۆشکی فەخامەتی سەرۆکایه‌تی کۆماری عێراقیش لە ناوچەی سەوزدا یەک سەربازی کوردی لێ نەماوە ، ئەی کەواتە کوا عێراقە فیدراڵە،دیموکراسیەکە.
دەستپێشخەریەکەی مەسعود بارزانی لە هەولێر بۆ دروستکردنەوەی حکومەتێکی بنکە فراوان پاش هەڵبژاردنه‌کانی ٧-٣ ئاشتبەتاڵی کرد ، ئەوەتا تارق هاشمی دۆستی مەسعود ودوژمنی سەرسەختی تاڵەبانی لە هەولێرە ،
ئەوەی لە عێراقدا ڕوودەدات کودەتایە، دەیان جار بارزانی و تاڵەبانی لە لێدوانی ڕۆژنامەوانیدا جەختیان لەسەر کۆتایی زەمەنی کودەتا دەکردەوە و پێچەوانه‌که‌شی ڕووی دا، ئەوەی ڕووشی دا کودەتابوو.
کورسیه‌که‌ی تاڵه‌بانی لە بەغدادو کورسیە وەهمیەکەی بارزانی لە کوردستان جگه‌ له‌لووتبه‌زی وکاردانه‌وه‌ی چه‌وتیان به‌رامبه‌ر به‌گه‌لی کوردستان هیچ ده‌رە‌نجامێکی نه‌بوو بۆ کورد، بازرگانیکردنی سەرانی دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە بە بەرخۆدانی پژاک و په‌که‌که‌ دژی دەوڵەتی تورک و ئێرانی داگیرکەرو سه‌رکوتکردنی خۆپیشانده‌رانی 17 ی شوبات و‌سووتاندنی باره‌گاکانی یه‌کگرتوو تا دەگاتە بێنرخکردنی ده‌نگی پەڕلەمانتارە ‌ ناڕا‌زیەکان له‌هۆڵی پەڕله‌مان وەک بڵندگۆی خه‌ڵکه‌ به‌شمه‌ینه‌ته‌که‌ی کوردستان ده‌چنه‌‌ خانەی ئەو پەندەوە کە دەڵێت (ئەوەی بەرزبفڕێت نزم دەنیشێتەوە) .
ئۆپۆزسیۆن بە گشتی و بزووتنەوەی گۆڕان بەتایبەتی له‌م‌ ڕووداوانەدا ده‌بێت وه‌ک پێویست کارته‌کانی به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات به‌کاربهێنێت و گه‌مه‌ی ڕۆمانسی له‌گه‌ڵ سۆزو دونیای هه‌وه‌سبازی سه‌رانی ده‌سه‌ڵات نه‌کات. نوێنه‌ر ناردن و په‌یوه‌ندیه‌ ته‌له‌فۆنیه‌کانیان ڕووماڵکه‌ری ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ ده‌سه‌ڵاتیه‌ن که‌ ده‌سه‌ڵاتداران بۆ کورسیه‌کانیان ده‌یخوازن، خۆئەگەر ئەمە پێویستییه‌کی ئۆپۆزسیۆن بێت بۆ بەڕێکردنی ئەم قۆناغە قەیراناوەیە وەک هه‌نگاوی ئیدارەپێکردنی ‌گه‌مه‌که‌، ئەوا دەبێت بە سوودی بەرەوپێشچوونی داواکاریەکانی خەڵک بگەڕێتەوە .
په‌رچه‌کرداره‌کانی مالیکی بۆهاشمی هاوزمانی سونەمەزهەبی ، پێمان ده‌ڵێت ئاسوده‌یی زێده‌ترمان پێیه‌ بۆ کوردی دووره‌زمان له‌جه‌سته‌ی عێراقێکی عەره‌بیدا.
پلانی ملکه‌چکردنی سه‌رانی سونه‌ مه‌زهه‌بیش لەلایەن زۆرینەی شیعه‌وە بە ئارمانجی دەستبەسەرگرتنی پۆستە سیادیەکانە‌ له‌ عێراقدا،ئه‌مەش به‌ نه‌مانی ئەو‌پۆسته‌ سه‌روه‌ریانه‌ دێت که‌ به خه‌یاڵپڵاوی سه‌رانی کورد بۆخۆیانیان وێناکردبوو ،لێره‌وه‌ تاڵه‌بانی ناچار دەبێت بگەڕێتەوە بۆ سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی‌ کوردستان و هەوڵی گۆڕینی بەندی دیاریکردنی پۆستەسیادیەکان دەدات لەناو ڕێکه‌وتنه‌ ستراتیژیه‌که‌دا و هەمان‌ گه‌مه‌ی سیاسی مالیکی دەکات لەگەڵ عەلاوی بەرامبەر بارزانی.
مالیکی هه‌ره‌شه‌ی پێکهێنانی حکومه‌تێکی نوێ بۆ عێراق ده‌کات و ده‌ڵێت لیستی بیچاو و گۆڕانم به‌سه‌ بۆ دروستکردنه‌وه‌ی حکومه‌تێکی یاسایی نوێی ڕێگه‌ پێدراو ،مالیکی بەم کورتە نامەیە بە بارزانی ده‌ڵێت که‌ ئایا‌ گۆڕانی دەو‌ێت یان لیستی هاوپەیمانی کوردستانی ، ئه‌مە بۆ تاڵه‌بانی یەکسان دەبێت ‌بەمه‌رگی ژیانی سیاسی له‌ عێراقدا. هه‌ربۆیه‌ بۆ ڕازیکردنی نه‌وشیروان مسته‌فا ڕەنگە به‌م نزیکانه‌ فه‌خامه‌تی سه‌رۆک تاڵەبانی لەگردەکە ببینین که‌ ئه‌مه‌ش وازیەکی تری پارتی و یەکێتیە بۆ گه‌یشتن به‌ مەرامەکانیان و هەوڵێکە بۆدەربازبوونیان لەو قەیرانە خنکێنەرە.
گۆڕان ده‌بێت ته‌واوی ئه‌و چاکسازیانه‌ی بۆ گشت ئۆپۆزسیۆن بونه‌ته‌ ستراتیژ بکاته‌ پێش مه‌رجی کاره‌کانی بە گەڕانەوەی بۆ دەنگی شەقام و گەر توانی لەناو ناوپەڕله‌مانی کوردستاندا بڕیاری بۆ ده‌ربکات نه‌ک له‌ کۆبونه‌وه‌یه‌کی دوو بۆ پێنج قۆڵیدا بڕیاری له‌سه‌ر بده‌ن و ته‌واوی ئومێده‌کانی خه‌ڵکی کوردستان زینده‌ به‌چاڵبکه‌ن.
ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ لێرەدا بیخه‌ینه‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌؟
تاڵه‌بانی له‌ کاتی سه‌رەک کۆماریدا ، ده‌یفه‌رموو" کوردستانی سه‌ربه‌خۆ " خه‌ونی شاعیرانه‌یه‌. که‌چی ئه‌وه‌تا لە ناوچەی سەوزی بەغدادی پایتەخت وەڕس ده‌بێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆکوردستان ، ئه‌گه‌ر تاڵه‌بانی له‌کوردستان بمێنێته‌وه‌و درێژه‌ به‌م شه‌ڕه‌ بدرێت له‌ عێراقدا تاڵه‌بانی ده‌توانێت چی بۆ کوردستان بکات گه‌ر سه‌ربه‌خۆییه‌که‌ی خه‌ون بێ؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە