کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


من تەنها بۆ ژنهێنان مارکسی نیم

Saturday, 24/05/2014, 12:00


ساڵی ١٩٨٦ لەگەرمەی شەڕی (قەیوان ماوەت)دا هەڵۆی ئەحمەد کوردە سەرتیپی ٣١ سلێمانی بوو ماڵیان لە گوندی (پیرکەی) دۆڵەڕووت بوو، سوپای بەعس ئاسمان و ئەرزی دۆڵەڕووتی کردبوو بە جەهەنەم لە ئاسمانەوە بە بۆردومانی فڕۆکە، لە زەمینیشدا بە تۆپ و ڕاجیمە هێرشی دەکرد، ئێمە بە هەڵۆمان ووت وا باشە خێزانەکەت بگوازیتەوە بۆ شوێنێکی تر بۆ ئەوەی ماڵ و منداڵەکانت دووربن لە شەڕەکە! هەڵۆ زۆر بە گاڵتەجاڕیەوە پێی ووتین: من مەسئولم هەر ژنێکی تر داخوازی بکەم، خەڵک دەست دەنێن بەسنگیانەوە و یەکسەر دەمدەنێ! هەروەها ووتی من لە سیاسەتدا پیادەی مارکسیزم لینینیزم دەکەم، بەڵام لە فرەژنیدا ئیسلامێکی عەیارە بیست و چوارم، جا کوا یەک تۆپ لە ژنەکەم بدا، تا یەکێکی تازە بهێنمەوە، بەڵام ئێوە، کەس ئامادە نییە کچەکەی خۆیتان بداتێ، کە ڕەنگە لە یەکەم مانگی هاوسەریدا شەهید بکرێن و بە بێوەژنی بۆی بڕواتەوە ماڵی باوکی. هەڵۆی ئەحمەد کوردە بەڵێنەکەی خۆی بردەسەرو بوو بە پارتی پێش ئەوەی بشبێتە بەرپرسی لقی ٤ ی پارتی لە شاری سلێمانی ژنی دووهەمی هێنا،
ماڵی شێخ جەنابی شێخ نوری لە سلێمانیدا ماڵباتێکن لە بواری ئەدەب و شیعر و سیاسەتدا نموونەیەکی ڕەسەنی دیاری شاری سلێمانین، هەڵەیەکی مێژووییان کرد بە تێکەڵاوکردنی مەلا بەختیار لەگەڵ خانەوادەکەیان، لێ مەلا بەختیار زیرەکانە بۆ ناساندن و هەڵکشانی خۆی لە ڕێگەی پڕۆسەی هاوسەرگیریەوە لەگەڵ ئەو بنەماڵەیە پەیوەندی خوێن و گۆشتی دروستکرد، ئەو بەم کردارە هەم خۆی قووتار کرد لەو پێشینە ناشرینەی، کە لە خانەقین هەیبوو، هەم لە سلێمانیدا بەردەڕێژی بنچینەی ژیانی سیاسی خۆی دابینکرد.
داڕێژەری پلانی یەکەم هەڵهاتنی مەلابەختیار لە زینداندا ساڵی ١٩٨٦ لە گوندی یاخسەمەر ڕووناکی شێخ جەنابی هاوسەری یەکەمی بوو، گەر ئەو نەبوایە ڕەنگە مەلا بەختیار وەک ئەوەی ئێستا بوونی هەیە، نەبوایە، یان تەسلیم دەبوویەوە یان وەک هەڵۆی ئەحمەد کوردە دەبووە پارتی و دووریش نەبوو ببوایە بە بەرپرسی لقێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ژمارەی لقەکانی پارتیدا.
عەبدوڵا ئۆجەلان لە کتێبی (سۆسیالیزمی بنیاتنراودا) دەڵێت: ئیدعای مارکسیزیم- لینیزم بوون بە ووتەی کەسەکان نابێت، بەڵکو بە بەرجەسەتەکردنی ئەو ئایدۆلۆژیایە دەبێت لە کەسایەتیدا، لە ڕەفتاردا، لە کارکردنی ڕۆژانەدا، لە خەباتدا، لە شۆڕشدا ئەم ووتە بەنرخە پراوپڕ کراوە بە بەر ئەو بەناو سەرکردانەی شاخدا، کە پرۆپاگەندەی چەپ بوونیان دەکرد، ئەم ووتە بەنرخە بەڵگەیە بۆ سەلماندنی ئەو هەواڵەی کوردستانپۆست لەسەر هێنانی ژنی سێهەمی مەلا بەختیار بە یەقینەوە ئەمە ڕاستە، وەک شاهیدی زیندوو لەمەڕ سیفەتی شەهوانی سەرکردە شۆڕشگیڕە خۆ بەچەپ زانەکانی شاخ دیارە (هەموویان نا) ئەم پانۆرامە مێژوویە باس دەکەم: بەرنامەی داڕێژراوی ڕۆژانە بۆ هێنانە دەرەوەی مەلا بەختیار لە زیندانە قەبارە بچووکەکەی دوو جار بوو لەو کەلەگیەدا دادەنیشرا کە ئێمەی پێشمەرگە نانمان لێدەخوارد. ئەو لەبری ئەوەی بە قسەکانی سەرنجی بەزەیی یەکێک لە ئێمە ڕابکێشێت بە زاراوەی ئەو کاتە واتە (تەسقیفمان) بکات نوکتەی سێکسی بۆ دەکردین بەتامی پێکەنینە درۆزنەکەی خۆی، زۆرینەی نوکتەکانیشی لەسەر نووسەر و ڕۆژنامەنووسەکان بوو، کە بەهۆی کوشتنی زۆری کاتەکانیان بەنووسین و خوێندنەوە نەیانتوانیەوە لە ژووری نووستندا مافی سەرجێگەیی بە خێزانەکانیان بدەن.

ڕزگار ساڵح
هۆڵەندا ئەنیشخەدە
٢٤-٥-٢٠١٤

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە