کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خوێنی کاوە و یەکێتی

Thursday, 09/01/2014, 12:00


دەستی بکوژە بەخوێن تینوەکان و هۆکاری پشت شەهیدکردنی ڕۆژنامەنوس (کاوە گەرمیانی) لەبەرچاوی خەڵکی کوردستان ئاشکران و زۆرێک لەدەسەڵاتدارانی ناوچەکەش لەژێرزەبزری ویژدان زیندوەکان لەلێدوانەکانیاندا بەرچاوڕونیان خستۆتە بەردەم خەڵک و دادگا و ڕاگەیاندنەکان.
سیناریۆکانی بەرەو پێشچونی ئەم کەیسە جگە لە بەلاداڕێبردن و دەربازبونی تاوانبارە ڕاستەقینەکانی دۆسیەکە هیچی تری لێ سەوز نابێت لەزۆنی سەوزدا، گەرچی بۆ یەکێتیەکان کارێکی قورس و دەرئەنجامێکی کەمەرشکێنە بۆیان بەتایبەت کە لە سنوری دەسەڵاتی سلێمانی هەڵدرانە دەرەوەو دەیانەوێت کار لەسەر ناوچەکانی تربکەن تا لەڕێگای تاکتیک وپلان وکاری نوێی خزمەتگوزاری ساختەوە ئەسپی مردارەبوویان لەوێ تاوبدەن و بگەنەوە لێواری کەنارێکی دەباز بوو لەو قەیرانەی بۆتە مۆتەکەی سەریان .
دەبێت یەکێتی بی سەلمێنێت کە دەستی نییە لە کوشتنی) کاوە گەرمیانی (دا گەرچی ئەمەش مەحاڵە دەنا هەموو ئەو کوشتن و حەسیرمەیدان و ئازاردان و گێچەڵ و بەقەولی مەحمود سەنگاوی دەڵێت (جمێن دانە) ی ڕابوردوتان لەگەڵ کاروڕەفتاری ئێستاتان بەرامبەر بەخەڵک وناوچەکە دەبێتە وەڵامی ڕاستەقینەی ئەم تاوانەو لەدەفتەری بیرەوەریەکانی یەکێتیدا تۆمار دەکرێت لەلای خەڵک و مێژوو.
ئەوەی جێگای ڕامان و سەرنجدانی سەیری ئەم یەکێتیە کڵۆڵەیە لەلای من و هەندێک لەهاوڕێیانم!! جار جار بەرپرسانی یەکێتی بۆ بێ وەڵامی دەستە پارچەییان لەبەرامبەر بکوژان و سەروەری یاسا و گوایە دڵسۆزی یەکێتی بۆخەڵکی ئەم دەڤەرە هەندێ لێدوانی نەکوڵاوی بێتام فڕێ دەدەنە بەر دەم کەناڵەکانی خۆیان و زۆر سەمەرانە دەڵێن با بکوژانی شوێنەکانی تریش ئاشکرا بکرێن و ئەو هەوڵەش لە شوێنەکانی تریشدا بدرێن بۆ دۆزینەوەی بکوژانی تری شارەکانی کوردستان نەک هەر لە ناوچەی سەوز کە یەکێتی ئازادی تیا دەستەبەر و فەراهەم کردوە بۆ خەڵکی ناوچەکە بەبێ ئەوەی جەسارەت بکەن و بڵێن ئەو شوێنانەی زۆنی زەردی هاوپەیمانمان تییایدا حاکمە .
گەلۆ بۆ بیر هێنانەوەی ئەو سیاسیە کڵۆڵە بێمنەتانەی یەکێتیان بەم دەردەبردو ئێستا بونەتە سەرکردەو پاڵەوانبازی گروپی دەست ڕۆیشتوی ناوچەکە و یەکێتیان توشی ئەم نەهامەتیانە کردوە نازانن چۆن دەپەیڤن تا خۆیان لە توڕەیی و ‌غەزەبی خەڵک ڕزگار بکەن بیرتان دەخەینەوە کە ئێوەی بیرمەندی سیاسی و خاوەن هێز و دەسەڵاتی مێژیینەی زۆنی سەوزی هەرێم ئێستاشی لەگەڵ بێت هیچ نوزە و نرکەیەکتان لێ نەهات بەرامبەر شەهیدکردنی سەردەشت عوسمان و هاوڕێ شەهیدەکانی پێشووی لە ژێر دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانیدا، ئێوە نەتان وێرا باسی ٣١ ی ئابی ٩٦ بکەن لەکاتێکدا ئەوی ڕۆژێ زۆرێک لەسەران وسەرکردەکانی ئێستاتان لەهەولێر لەبن هەنگڵی پارتی براتان بەدیلی گیران و ڕەفتاری خەسویەکی خراپیان لەگەڵ دەکرا ، هەندێکیشتان لە پاوەو مەریوان (جووجە کەباب) یان دەخوارد و بۆ زستانی ساڵیش گوێزی هەورامانیان سوێردەکردو خەمی خەڵکیان بە پێکەوە هەڵدەنۆشی، ئێوە دەستان برد بۆ هەموو شتێک و هەموو شتێکیشتان دەستی لێدرا.
هەموان دەزانین شەهیدی قەڵەم (سەردەشت عوسمان) کێ شەهیدی کردوچۆنیش شەهیدکرا ئێوەش لە خەڵک باشتر دەزانن بەڵام ئێمە ئەو شەهیدە نەک هەر لەبیرناکەین بەڵکو بەیەقینیشەوە ئایندەی بکوژەکانی دەبینین، لە کاتێکدا دەبوو ئێوەی بە قەولی خۆتان دیموکرات خواز ، سۆسیال- دیموکرات یاساناس و دەسەڵاتداری ئەوکاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکوژانی شەهید سەردەشت عوسمانتان بخستایەتە بەردەم سەروەری دادگا و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و تۆزێک مێژوویتان بۆخۆتان تۆماربکردایە لە پرۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستاندا نەک ڕێکەوتنی نهێنی ژێر بەژێر بۆ بەتاڵان بردنی سەروەت وسامانی گەلێکی بەش مەینەتی ئەنفالکراو ، خۆگەر مەبەستیشتان سۆرانی مامە حەمە و عەبدولستار تاهیر شەریفە ئەوەش هەر لە ژێر دەسەڵاتی زۆرینەی سەوزی بەرفراوانی ئێوەی یەکێتیدا شەهیدکران ، ئێوە نەتان وێرا نەک هەرکار بۆ دۆزینەوەی بکوژەکان بکەن تا بەسزای خۆیان بگەن بکەن بەڵکو زاتتان نەکرد ناوی پارتیش بەرن وەک بکەری تاوانەکە ئەمە پەڵەیەکی تری شەرمەزاری دەسەڵاتداری ئێوەیە لە ناوچەی کەرکوک ، دەسەڵاتی سەوزی یەکێتی ئەوسا .
بۆیە باشترە هەر بێدەنگی لێبکەن وەک چۆن نها بێدەنگن وبێ هەیبەتن با تاوانبارە ڕاستەقینەکانی دۆسیەی شەهید کاوە گەرمیانی بدرێتە دەست خەڵک ودادگای ڕاستەقینەی گەل، هەرهەوڵی گەمەکردنێکتان بەدۆسیەی شەهید کاوەوە یاریکردنە بە ئایندەی خۆتان وئەم یەکێتیەیی ئێستاتان، واباشترە بیر لە دواڕۆژی خۆتان بکەنەوە.
کورد و کرمانجی : باشی مەکەن باخراپ نەبێت هەی یەکێتی.. نیشتیمانی.

ڕزگار ساڵح
هۆڵەندا- ئەنیشخەدە
٩-١-٢٠١٤

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە