گەندەڵی بە مۆدیلی كوردستانی نوێ
Friday, 20/04/2012, 12:00
بوونی دەوڵەتی قانون یان دانانی قانون بۆ هەر دامەزراوەیەك سیستمی سیاسیی دیموكراتی لەسەر بنیاد ئەنرێت، هەر كاتێ ئەم مەسەلە گرنگە كەوتە مەترسیەوە ئەوا ئەبێ نیشانەی پرسیار بخرێتهسهری و ههزاران كێشهی گەندەڵی و بەرتیل و ریشوە یەخەی هاوڵاتیان و تەنانەت رۆشنبیران و نوسەرانیش ئەگرێت.
دەزگای راگەیاندنی یەكێتی و لەسەروو هەمویشانەوە كوردستانی نوێ كە رۆژگارێ بە رۆژنامەیەكی پڕ خوێنەر دائەنرا، ئێستا بەرەو پوكانەوە و بێ خوێنەریەكی خەتەر ئەڕوات و گەندەڵی سەیر و سەمەرەشی تیا ئەنجام ئەدرێت چونكە میزاج جێگەی ئەو قانونەی گرتۆتەوە كە لەسەرەوە باسمان كرد.
لەمەودواش تا هەموو لایەك هەقیقەتەكان بزانن گەندەڵیەكانی دەزگای راگەیاندنی یەكێتی یەك بەیەك ئەخەینە روو.
یەكەمین گەندەڵی لە ستافی نوسەرانی كوردستانی نوێ دەست پێ ئەكات، ئێستا كە ستافەكەی بریتیە لە كاروان عەلی، محمد كەریم و شیرین كەمال. یەكەم ناویان كە كاتی خۆی لەبەر هەندێ ئیمتیازات رۆژنامەی كوردستانی نوێی بەجێهێشت و چوو بۆ رۆژنامەی ئاسۆ، دواتر گەڕایەوە بۆ كوردستانی نوێ ئێستا بەهۆی بەرنامەی تواناسازییەوە زیاتر لە ساڵێكە لە بەریتانیا لە دكتۆرا ئەخوێنێ و تا 5 ساڵی تریش هەر لە بەریتانیا ئەمێنێتەوە بۆ تەواو كردنی خوێندنەكەی، دوو ستافەكەی تریش كە لە بەیانیەوە تا شەوانی درەنگ لەو رۆژنامەیەدا كار ئەكەن، هێشتا كاروان عەلی كە لە بەریتانیا ئەژی ناوی لە پێش دوانەكەیترەوە خراوەتە ستافی نوسەران و هەمان مەعاش و پاداشتی هەیە، لەكاتێكدا ئەم پارەیە لە گیرفانی یەكێتی و میللەت سەرف ئەكرێ..
ئەپرسم لە كوێی دنیادا هەبوە كەسێك بۆ ماوەی نزیكەی 6 ساڵ لە دەرەوەی وڵاتەكەی بێ، بەڵام لەناو وڵاتدا ستافی نوسەران بێ و موچەی زلی هەبێ، مەگەر ئەمە هەر لە قاموسی گەندەلیەكانی كوردستانی نوێ و مەكتەبی راگەیاندندا هەبێ!.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست