بەیاننامەى ژمارەیەك رۆژنامەنووسی گەرمیان
Saturday, 09/06/2012, 12:00
ئێمە وەكو ژمارەیەك لەرۆژنامەنوسانى گەرمیان لەوپەرى هەستكردنمان بە بەرپرسیارێتى لەبەرانبەر خراپى دۆخى ناوچەكەمان لەرووى دەستوەردانى حزبى و بەحزبیكردنى دام و دەزگاكان و دەستوەردانى بەرپرسان لە كایە ئابورى و كارگێریەكاندا، ئەم بەیاننامەیەك بۆ پێش چاوى لایەنە پەیوەندیدارەكان بڵاودەكەینەوە.
لەم ماوەیەى دواییدا بەتایبەتى لەدواى سوێند خواردنى كابینەى نوێ هەوڵێكى چر و هەمەلایەنەى ژمارەیەك بەرپرسى بەرژەوەندیخواز هەیە دەیانەوێت گۆڕانكارى لەهەندێك لەدام و دەزگاكانى گەرمیاندا بكەن و هەندێك خەڵكى ناپرۆفیشناڵ و نزیك لەخۆیان دابنێن، كە ئێمە لێرەوە هۆشدارى دەدەین ئەگەر سنورێك بۆ ئەو بەرپرسانە دانەنرێت هێندەى تر دام و دەزگاكان وێران دەبێت و خەڵكى ناوچەكەش ئەمەى پێقەبوڵ ناكرێت..
بەرێزان ... ئەو بەرپرسانەى دەستوەردان دەكەن و تەزكیەى خەڵكى نا موستەحەق دەكەن بۆ پۆستەكان، بەرژەوەندى خەڵك و تەنانەت حیزبەكەى خۆشیان ناوێت، چونكە دانانى خەڵكى شیاو لەپۆستەكاندا پێش هەموو شتێك لەبەرژەوەندى حیزبەكەى خۆیاندایە، بەڵام ئەمان تەنها و تەنها بەرژەوەندى تەسكى خۆیان دەوێت وەكو چۆن ماوەى بیست ساڵە درێغیان نەكردووە و بەرژەوەندى تایبەتى خۆیان خستووەتە پێش بەرژەوەندى خەڵكەوە، بۆیە لەم رێگەیەوە ئاماژەبەچەند خاڵێكى كورت دەكەین:
1. هەندێك لەو بەرپرسانە دەیانەوێت پایەكانى ئابوورى لەگەرمیاندا قۆرخ بكەن و بوارەكانى ئابورى و وەبەرهێنان بخەنە ژێر ركێفى خۆیانەوە، بۆ نموونە: ئەو پرۆژانەى لەژێر ركێفى ئەواندا نەبێت رووبەرووى ئاستەنگ و هەڕەشە دەبێتەوە. سێ پرۆژەى وەبەرهێنانى خانوو لە دەڤەرەكە كراوە، تەقە لە خاوەنى یەكێك لەو پرۆژانە كراوەو هەڕەشە لە یەكێكى دیكەیان كراوە، پرۆژەى سێهەمیش زۆربەى خانوەكانى بۆ بەرپرس و دەسترۆشتووەكان بووە. هەر ئەمەشە وایكردووە كە گەشەى ئابوورى و وەبەرهێنان لەگەرمیان لەدواى هەموو ناوچەكانى دیكەوە بێت.
2. لەكاتێكدا شارێكى وەكو كەلار، 3 هەزار كرێنشینى تیایە بەپێی ئامارە فەرمیەكان، كەچى هێندەى بەرژەوەندى كۆمپانیاكان دەپارێزرێت، هێندە رەچاوى بارودۆخی ئەو خەڵكە هەژارە ناكرێت ئەمەش گومانى شەریكایەتى بەرپرسان دەخاتە سەر ئەو پرۆژانە، بۆنمونە: كۆمپانیا هەیە ئامادەیە خانوى بە مواسەفات بۆ خەڵكى هەژار بە 40 هەزار دۆلار"چوار دەفتەر" درووست بكات، كەچى رێگەى كاركردنى پێنادرێت و پرۆژەكان دەدرێت بە كۆمپانیا گومانلێكراوەكان كە نرخى یەكەكان بە پارەیەكى خەیاڵى دەفرۆشن كە هیچ فەرمانبەرێكى ئاسایی و هیچ كرێنشینێك تواناى كڕینی نییە.
3. لەدانانى بەڕێوەبەرە گشتى و بەڕێوەبەرایەتیەكانى دیكەى سنوورەكەدا، هیچ پێوەرێكى لۆژیكیانە ناگیرێتە بەر و بە ئارەزو و مەزاج دیاریی دەكرێن و تەنها نزیكایەتى و خزمایەتى بەرپرسان كراوەتە پێوەر، بۆنمونە: لەئێستادا چەند كەسێك كاندید كراون بۆ وەرگرتنى بەرپرسیارێتى لە پەروەردەى گەرمیان، كە جگە لە نزیكایەتى هەندێك بەرپرس، هیچ مواسەفاتێكى ئەوتۆیان تیا نییە كە شایەن بە وەرگرتنى ئەو پۆستانە بن.
4. هەوڵێك هەیە بۆ گۆڕینى بەشێك لە بەرێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى و فەرمانگەكان، دانانى خەڵكانێك لە جێگاكانیان كە كەسانێكیان تیادایە كە قسەى زۆر لەسەر نەزاهەو تواناكانیان هەیە، ئەمەش گومانى ئەوەمان لا درووست دەكات، هەندێك لە بەرپرسان، هاوشێوەى باندى مافیایی مامەڵە دەكەن و دەیانەوێت هەموو ئەو جومگانە لەژێر كۆنترۆڵی خۆیاندا بێت، ئەمەش جگە لە خەڵكى، تەنانەت كادیرە حزبیەكانى یەكێتى نیشتمانیشی نیگەران كردووە، بەڵام رەنگە نەتوانن بە راشكاوى لەوبارەوە قسە بكەن.
5. هەندێك لەو بەرێوەبەرانەى كە هەوڵ بۆ گۆڕینیان دەدرێت كەسانێكن كە هیچ تێبینیەكى دارایى و كارگێرى و ئەخلاقیان لەسەر نیە ، بەڵام لەبەر ئەوەى بەخواستنى ئەو بەرپرسانە كارناكەن ، بۆیە دەیانەوێت بیانگۆرن و كەسانى دەستەمۆ و نزیك لەخۆیان دابنێت.
لێرەوە دەنگە ئازاد و نەزیهەكانى ناو یەكێتى دەخەینە بەردەم بەرپرسیارێتیەكى مێژوویى و ئەخلاقى بەوەى چیتر تاكرەوى بەرپرسە بەرژەوەندیخوازەكانیان قەبوڵ نەكەن كە كارى ئەو بەرپرسانە دۆخى ناوچەكە و تەنانەت پێگەى جەماوەرى ئەو حیزبەش بەرەو وێرانبوون دەبات، ، هەروەك رەخنەى توند لە لایەنە ئۆپۆزسیۆنیەكانیش دەگرین كە لەئاست ئەو هەموو گەندەڵى و فەزاحەتەى بەرپرسانى دەڤەرەكە بێهەڵوێستن و داوادەكەین بەدەنگ بێن و چیتر ئەو وەزعە قەبوڵ نەكەن.
لەئاستى فەرمیشدا رەخنەى توند لەجێگرى سەرۆكى حكومەت دەگرین كەخوێن ساردانە مامەڵە لەگەڵ دۆخى گەرمیاندا دەكات و زۆرجاریش كەوتووەتە ژێر كاریگەرى ئەو بەرپرسە بەرژەوەندى خوازانەوە.
هەروەها داواش لە سەرۆكایەتى پەرلەمان و سەرۆكایەتى هەرێم و حكومەت دەكەین كە لیژنەى لێكۆڵینەوە پێكبهێنن بۆ بەدواداچوونى رەوشى گەرمیان و چیتر چارەنووسى سەدان هەزار دانیشتووى دەڤەرەكە نەدەنە دەست كۆمەڵێك خەڵكى بەرژەوەندى خواز.
بەئیمزاى:
محەمەد حسێن، دڵشاد ئەنوەر، جەزا محەمەد، ئازاد عوسمان، ئارام ئیكرام، سەلام عەبدوڵا، بێستون ژاڵەیى، سمكۆ سابیر، خالد عەبدولكەریم، كاوە گەرمیانى، ئیحسان مەلا فواد، ئەركان رەئوف، بیلال سەعید، پەیمان ئەمین، مەریوان حاجی حەسەن، فەریق حەمەساڵەح، بێستون فایەق، دلێر عەبدولرەحمان، هیوا حسێن، وەفا عەبدولمەجید، ساڵەح میروەیس، عومەر نەجم، بەختیار كاكە، شێركۆ عەبدوڵا، گەرمیان حەمەى پوور، پشتیوان وەنداوى، مەریوان مستەفا، ئارام قادر، دابان محەمەد، كەمال مومەمەد، سەنگەر حەمید، حسن عەبدولخالق، مستەفا عەبدوڵا، چالاك باقی، ئەسعەد محەمەد، والی محەمەد، عادل حسێن، ئارام قادر، وژنى حسێن، خالد حمید، كاوە ئەحمەد.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست