بە رێزان بەرێوەبەرانی سایتی كوردستان پۆست رونكردنەوەیەكی پێویست
Monday, 20/09/2010, 12:00
لە رۆژی 14/9/ 2010 بابەتێك لە سیایتەكەتان بڵاوكراوەتەوە لە ژێر ناو نیشانی حاكم تاریق گەردی بەرێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ نوسراوێكی نەهێنی بەغدا و گەندەڵیەكانی كەریم شنگاری و سادق مزوری ئاشكرا دەكات .ئێمەش بە پێویستمان زانی وەك نەریتێكی كاری رۆژنامەگەری، وەڵامێكی كورت بدەینەوە و هیوادارین شانسی بڵاوكردنەوەی هەبێت لە سایتەكەتاندا .
1_ئەو وتارەو ناوەرۆكەكەی دوورن لە راستیەوە و قسەی بێبنەمان، گوایە رۆژی 5/9 شەرە قسەو جنێو بووە لە نێوان من و سادق مزوری سكرتێری وەزیی ناوەخۆ. دەمەوێ پێتان رابگەیەنم لەم رێكەوتەدا من دەوامی وەزارەتم نەكردوە و لەوەش زیاتر لە هەولێریش نەبووم بەكارێكی فەرمی بۆ ماوەی 2 رۆژ سەفەری دەرەوەی هەولێرم كردبوو.
2_ ئەو نووسراوەی كە قاسم گەردی باسی لێوە دەكات، بە ژمارەی 13678 لە 24/8/2010 كە گوایە بەدەستمان گەیشتووە، هیچ بنەمایەكی راستی نییە، كاتێك لە وەزارەتەكانی حكومەتی عێراقەوە نووسراو بۆ وەزارەتێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بێت، لە رێی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمەوە بەدەستمان دەگات.ئێمەش بە هەمان شێوە ئەگەر نووسراو ئاراستەی وەزارەتەكانی بەغدا بكەین، لە رێگەی نوێنەری حكومەتی هەرێمەوە دەبێت.
3_ كاتێك كەسێك تۆمەت بار دەكرێت بە تاوانێك، پێویستە لەلایەن دادگاوە بریاری دەستگیركردنی بۆ دەرچێت ، دوای هەبوونی بەڵگەی تەواو لە سەر تۆمەتەكەی و فەرمانی گرتنی لەلایەن دادوەری لێكۆڵینەوە بۆ دەردەچێت، نەك لەلایەن وەزارەت یان وەزیری ناوخۆی عێراق/ بەغدا وەك لە نووسینەكەدا هاتووە.
وادیارە ئەو كەسە شارەزایی نییە، هەرلەخۆیەوە بە پێخاوسی بەناو كەوتووە.
4_ واهاتووە كە گوایە تائێستا زیاتر لە چوار هەزار ئارمی ئۆتۆمۆبیل دانەی بە زیاتر لە دوو هەزار دۆلار فرۆشراوە ، كە لە راستیدا ئارمی سەیارە تەنها بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانە دەكرێت كە ژمارەكانیان هی شارەكانی ناوەراست و خوارووی عێراقە ، ئەوەش لە بەر بواری ئەمنی وەك ئیجرائاتێكی یاسایی دەكرێت ، ئەو ئارمانەی دروستكراون سەر بە بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆن و بۆ ئەو هاوڵاتیە عێراقیانە دروستكراوە كە كارمەندن لە هەرێمی كوردستان.یان هاتووچۆ دەكەن.وە هاوڵاتیان ئازادن لەوەی داوای ئارم بكەن ، وە ئەو ئارمەش بەبێ بەرامبەرە.
5_ ناوی بەرێوەبەری پۆلیس عەمید عەبدالخالق هاتووە كە گوایە بێ بروا نامەیە ، دەمەوێ بەو برادەرە بڵێم عەمیدی پۆلیس خاوەنی دوو بروانامەی زانكۆیە بروانامەی یەكەمی لە كۆلێجی كارگێری و ئابووری لە ساڵ 1985 بەدەستهێناوەو وە بروانامەیەكی تری لە بواری یاسا لە سالی 2001 بەدەست هێناوە و شەش مانگیش بەشداری خولی پۆلیسی كردووە كە وەزارەتی ناوخۆ بۆ دەرچوان ساڵانە دەیكاتەوە، لەبەر لێهاتوویی وەزارەتی ناوخۆ ئەو پۆستەی پێداوە.
ئەمە جگە لە وتەكانی تر كە هیچ بنەمایەكی راست و دروستی یاسایی نییە ، بەڵام خۆزگە ئەو كەسەی ئەو وتارەی نووسیوە بە ناوی خوازراوە (قاسم گەردی) تۆزێك ویژدانی هەبوایەو تۆزێك لە رەوشتی بەرزی باوكی بەربكەوتایە بەڵام وادیارە زەمەن زۆر سەرگەرمەو رەوشتی مرۆڤیش بە ئەسل و فەسڵ نییە ، ئەگەر قاسم گەردی ئەوەندە خەم خۆری وڵات و كوردایەتی خەڵكی كوردستانە بۆوا بێویژدانانە پەلاماری سادق مزوری دەدات لە كاتێكدا سادق قوربانیەكی زۆری داوەو ئەگەر ئەم خەمخۆری كوردایەتی بوایەو خەریكی درۆو بوختان نەبوایە دەبوایە بە ویژدانەوە مامەڵە لەگەڵ ژیانی كاك سادق بكات ئەم كورە ماوەی30 ساڵ پێشمەرگەیە باوك و مام و ئامۆزای شەهیدەو ئەوەشی مابوونەوە لە ئۆردوگای گۆڕەتوو و بەحركە، قوشتەپە كە زیاتر لە 35 كەسی بنەماڵەكەی بەر شاڵاوی ئەنفال كەوتن،ئەو خۆی لەمن باشتر سادق دەناسێ. لە كۆتایدا دەڵێم تكایە بەبەڵگەوە بابەتەكان بڵاو بكەنەوە و ئەو برادەرەش بە نەزانینی خۆی دەبەخشین، وادیارە كاری باشتری لە دەست نایە. بۆیە دەبێ لەنەزان هەمیشە ببورین.(لو كان الجاهل فی الجنە جارا لتركت الجنە وأخترت نارا) .
تاریق گەردی
وەزارەتی ناوخۆی
هەرێمی كوردستان
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست