تیرۆركردنى سەردەشت، تیرۆركردنى ئازادى، دیكتاتۆرییەتى پارتى
Thursday, 30/09/2010, 12:00
لە كەیسى تیرۆركردنى شەهیدى قەڵەم كاكە سەردەشت عوسمانەوە، ئێمە ئەبێت پێداچوونەوەیەكى مێژوویى خێرا بە خەبات و شۆڕشى شاخ و راپەڕینى جەماوەرو ئیدارەكردنى شارو دابەشكردنى دەسەڵات و براكوژى و دواى رزگاركردنى عێراق بكەین، زۆر هێڵ و تاكتیك و دواجار ستراتیژییەتى هەردوو حزبە زەبەلاحەكەمان بۆ ئاشكرا ئەبێت، بەڵام ئەو حزبەى دەستوەشاندن و گورزى گەورەى لە كاروانى ئازادى و رزگارى و یەكگرتنى كوردو كوردستان داوە ئەوا پارتى نادیموكراتى كوردستانە.
پاش ئەوەى نووسینەكانى شەهیدى قەڵەم لە سایتى كوردستانپۆستى ئازادو بوێردا بڵاوبوونەوە، پارتى هەموو هێزو برستى خۆى خستەكار بۆ ئەوەى ئەو گەنجە رۆشنبیرە جوان و ئازایە بدۆزێتەوەو ئەوەبوو بەهۆى عومەر فارسى چڵكاوخۆرەوى بەڕێوەبەرى سایتى كوردستان نێتى بەدناوەوە، ئیدى پاراستنى پارتى نادیموكرات، ئیمەیل و وێنەو دواجار ناونیشانى كۆلێژەكەى ئەو قارەمانەیان دۆزییەوەو بەدەستى خودى مەسرور بارزانى بە سێ فیشەكى غەدر لە دەرەوەى كوردستان و لە موسڵ زۆر نامەردو ترسنۆكانەو بە چەپەڵى، شەهیدكراو تەرمەكەیان فڕێدا بۆ ئەوەى شوبهەى ئەو تاوانە تیرۆریستییە لە خۆیان و هەرێمەكەو دەسەڵاتە ئاگرینەكەیان دووربخەنەوەو خۆڵ بخەنە چاوى خەڵكى كوردستانەوە. پاش زیاتر لە پێنج مانگ لیژنەیەكى چەپەڵى وەهمى نەناسراوو نەزانراو لە سەرى رەشەوەو بە سەرۆكایەتى مەسعودو مەسرور دامەزراو چیرۆكنووس و راوێژكارە نارۆشنبیرەكانى ئەو حزبە دیكتاتۆرە درۆیەكى شاخداریان هەڵبەست و بۆ ناشرینكردنى ئەو شەهیدە سەردەشتى شەهیدو نەمریان بە هاریكارى ئەنسارولئیسلام و تیرۆریست لە قەڵەمدا.
ئێستاش بۆ ئەوەى تروسكاییە كزەكەى ئازادیى رادەربڕین لە كوردستاندا بكوژێننەوەو نوسەران و رۆژنامەنووسان بترسێنن و دەمكومتیان بكەن، پارتى نادیموكراتى كوردستان رۆژ دواى رۆژ داواو سكاڵاى یاسایى زۆر نالۆژیكى و قێزەون لەسەر رۆژنامەو گۆڤارو نوسەران و رۆشنبیران و رۆژنامەنوسان تۆمار دەكات و مەبلەغى خەیاڵى زۆرو زەوەندەیان لێ داوائەكات بۆ ئەوەى ئیفلاسیان پێبكات و دابخرێن و تەنیا رۆژنامەو گۆڤارە حزبی و سێبەرەكان بڵاو ببنەوەو گەندەڵى ئەم حزب و بەرپرسە چەپەڵانەى كوردستان خەفەو ون بكرێن و كەس لە بارەى دزى داوێنپیسى و كوشتن و تاوانەكانیان نەزانن.
ئەمێستا ئاشكرابوو تەنانەت بۆ مناڵانیش، كە پارتى نادیموكراتى كوردستان، دەیەوێ ئازادى و ئازادیى رادەربڕینمان بخنكێنێ و كوردستان لە تاریكى و دیكتاتۆرییەتدا بمێنێتەوە.
ئێمەى رۆشنبیرو رۆژنامەنوس و نوسەرو هونەرمەندو خوێندكارو مامۆستاو كارمەندو گشت توێژو چینەكانى كوردستان لەگەڵ كەمپینى ئازادیى رادەربڕینین و دژ بە پارتى نادیموكراتین و داواو سكاڵا رەفتار فاشییەكەى ئەو حزبەین كە پێشەنگى كوردكوژى و براكوژى و دەبابەهێنەرى بەعسن و دزو جەردەى بودجەو سامان و داهاتى كوردستانن و جامانە سورەكان لە بنەماڵەى تكریتییەكان دزترو جەلادترو گەندەڵترو بكوژترو داوێنپیسترن.
تەنیا حزبێك كە ئەوەندە دژى ئازادى و رەخنەگرتن و ئاشكراكردنى دزین و گەندەڵى بێت، بریتییە لە پارتى نادیموكراتى كوردستان و ئەمڕۆش لە شارێكى وەكو سلێمانیدا كە شارى رۆشنبیراو قارەمان و پێشمەرگەو ئازادى و خۆرى كوردایەتییە، هیچ لایەگرو رەسیدێكى ئەوتۆیان نەماوە، ئەوانەى لەگەڵ ئەم حزبەدان لەو شارەدا، كۆنە جاش و بەعسى و راپۆرتنووس و دەڵاڵى لەشفرۆش و دزو جەردەو پارەپەرستەكانن..
زۆرینەیان ئەو شێخە خۆفرۆش و ئاغاو بەگى چەورخۆرو كوێخاو سەرۆك هۆزو عەشیرەتانەن كە لە سەردەمى بەعسیشدا هەر سوودمەندو پارەپەرست و بەرەوەندخوازو گەوجەكان بوون. بەڵام ئەو شێخ و ئاغاو بەگ و كوێخایانەى كە پیاوەتى و كوردایەتى و مەردایەتیان هەڵبژاردووە لەگەڵ ئەم حزبە شڕەخۆرو دزەدا نین و هەوادارو لایەگریان زۆر كەمتر بۆتەوە لە ساڵانى پێشوو، لەمەودواش لە هەڵبژاردنەكاندا لاوان و گەنجان و ئازادیخوازان دەنگ بۆ ئەم حزبە دیكتاتۆر نادەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست