کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لە داخى وەزارەتى كارەبا بوومەتە نووسەر

Saturday, 09/01/2010, 12:00


سەرەتا داواى لێبووردن لە خوێنەرى خۆشەویست دەكەم ئەگەر هەر هەڵەیەكى زمانەوانیان لەناو بابەتەكەم بەدى كرد چونكە من نووسەر نیم و لە داخى وەزارەتى كارەبا بوومەتە نووسەر.
من نامەوێ دواى گەندەڵیەكانى ئەم وەزارەتە كەوم و كاتەكانى خۆمى پێوە بەفیرۆ بدەم چونكە هیچ بەرپرسێك بە گوێیدا ناچێ بەڵام حەز دەكەم وەكو ئەركێكى سەرشانم هەندێك لەو بڕیارانەى كە زیان بە فەرمانبەرنى حكومەت دەگەیەنێت بخەمە روو،
زیاتر درێژە بە قسەكانم نادەم و دێمە سەر بابەتەكە،
لە دواى زیاد كردنى مووچەى فەرمانبەران لە ساڵى 2008 نووسراوێك رەوانەكرا بۆ گشت بەرێوەبەرایەتیەكان كە هەر فەرمانبەرێك بە پاس هاتووچۆ دەكات ئەوا حكومەت پاسى بۆ دابین دەكات بەڵام هەر فەرمانبەرێك بە پاس هاتووچۆ ناكات ئەوا بڕەپارەیەكى وەك شوێنى جوگرافى دەدرێتێ كە ناوشار 20 هەزار و دەوروبەریش 30هەزار و 40 هەزار دینار بوو بەپێ ى شوێنەكەى ، بەڵام ئەم نووسراوە لە بەرێوەبەرایەتى دابەشكردنى كارەباى هەولێر كارى پێ نەكرا و هەموو فەرمانبەران پاسیان بۆ گیرا.
ئێستا بە بریارێكى دارایى لە 1/1 ساڵى 2010 ئەم پاسانە نامێنن و هەر فەرمانبەر و بڕە پارەیەكى وەك شوێنى جوگرافى بۆ خەرج دەكرێت، كە ئەمەش زیانێكى گەورە بە فەرمانبەر بە پلەى یەكەم و حكومەت بە پلەى دووەم دەگەیەنێت،
رەنگە لاتان سەیر بێت و بلێن ئەگەر بڕیارێك زیان بە حكومەت بگەیەنێت ئەى چۆن دەرى دەكات؟!!
بەڵام من بەم چەند خاڵەى خوارەوە دەیسەلمێنم كە زیان بە هەردوولا دەگات:
1- دەبێتە هۆى دوا كەوتنى فەرمانبەران لە دەوامەكانیان،چونكە هیچ كات پاسى خەت لە كاتى خۆى ناگات، كە ئەمەش دەبێتە هۆى سستى لەكارەكانى حكومەت و ئەو وەزارەتە، تەنها لەماوەى سێ رۆژ دواى نەمانى پاسەكان، سەیرى دەفتەرى واژووى فەرمانبەرانم كرد و بینیم كە 40% ى فەرمانبەران دواكەوتوون و واژوویان لە دەفتەرى دواكەوتووان كردووە.
2- ئەو بڕە پارەیەى كە بەمەبەستى شوێنى جوگرافى دەدرێتە فەرمانبەر ئەوا زۆر زیاترە لەو برە پارەیەى كە دەدرا پاسەكان چونكە بەگوێرەى ئەو زانیاریانەى دەستم كەوتووە ئەو پارەى بۆ پاسەكان دابین دەكرا نزیكى 45 ملیۆن دینار بوو بەڵام ئێستا ئەو پارەیەى كە لەبڕى نەمانى پاس دەدرێت بە فەرمانبەر نزیكى 59 ملیۆن دینارە!!
ئێمە لە كاتێكدا دەڵێین بودجە كورتى هێناوە و دەبێ زیادە خەرجیەكان كەم بكەینەوە، بەڵام من لە بەرێز بەرێوەبەرى كارەباى هەولێر و وەزیرى كارەبا و وەزیرى دارایى دەپرسم ئایا بە زیاد كردنى خەرجیەكان ئێوە دەتانەوێ پێش بە كورتهێنانى بودجە بگرن؟!!
ئەمە ئەو زیانانانە بوون كە بەر وەزارەتى كارەبا دەكەوتن بە تایبەتى و حكومەت بە گشتى دەگەیشتن، بەڵام لایەنى دووەمیش كە فەرمانبەرە بێبەش نابێت لەو زیانانە و پشكێكیش بەر ئەو دەكەوێت وەك:
1- هیچ فەرمانبەرێكى ناو شار ناتوانێت بەو 20 هەزارەى كە دەیدرێتى هاتووچۆ بكات بەڵكو بەلایەنى كەم دەبێت 40 هەزارى ترى لەسەر دابنێ، كە ئەمەش بۆ پلە نزمەكان و ئەوانەى كە ئۆتۆمبێلى خۆیان نیە كارێكى ئەستەم و نەكراوە،
2- ئەو فەرمانبەرانەى كە بەهیچ شێوەیەك پاس بە لایانا ناچێت ئەوا دەبێ بە تەكسى بێن بۆ دەوام كە ئەمەش دەبێت بەلایەنى كەم 100 هەزار دینار بداتە تەكسى لە كاتێكدا كە ئەمەش كارێكى زۆر زۆر ئەستەمە بە تایبەتى بۆ ئەو فەرمانبەرانەى كە مووچەیان لە 200 هەزارەكانە..
دواى دەرچوونى، ئەم بریارە هەڵڵایەكى زۆرى لە ناو فەرمانبەران درووستكرد، بۆیە چەند فەرمانبەرێك خۆیان كۆكردەوە و سەردانى بەرێوەبەریان كرد بەڵام بەرێوەبەر رایگەیاند كە ئەم بڕیارە بڕیارى داراییە و لە سەرووى ئەوەوەیە بۆیە بەرێوەبەرایەتى دابەشكردنى كارەباى هەولێریش نووسراوێكى بەرز كردۆتەوە بۆ وەزارەت تا رەزامەندى لەسەر بدرێ،
لە كۆتاییدا دەپرسم لە بەرێوەبەرى كارەبا و وەزیرى كارەبا و وەزیرى دارایى، تەنها 1 رۆژ ئێوەش لەو ئۆتۆمبێلە ئاخر مۆدێلانەتان وەرنە خوارەوە و بەم بەیانیە زووە وەكو هەموو فەرمانبەرانى ئاسایى بەرێ بكەون تا بزانن زیانەكانى فەرمانبەران لە دەركردنى ئەم بڕیارە چیە،
وە دەپرسین بۆچى بریارێك كە لە بەرژەوەندى فەرمانبەراندا نیە ئاوا زوو جێ بەجێ دەكرێ بێ ئەوەى رەچاوى بارى گوزەرانى هیچ فەرمانبەرێك بكرێت،
داوا لەو سێ بەرێزەى سەرەوە دەكەم كە ئەگەر ئەم كارە ناكەن كە من باسم كرد ئەوا با چاوێك بەو زیانانەى سەروەدا دابخشێنن كە بەهۆى ئەم بڕیارەوە لە حكومەت دەكەوێت.
بەو هیوایەم كە حكومەت بەو بڕیارەیدا بچێتەوە و هەوڵبدات ئەم بڕیارە جێ بەجێ نەكات لەكاتێكدا كە لەبوارى جێبەجێ كردندایە.
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە