راگەیاندنی کۆتایی حەوتەمین کۆنگرەی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
Tuesday, 19/07/2011, 12:00
رۆژانی (١٣- ١٠/٧/٢٠١١) لەشاری ھەولێر، لەژێر دروشمی (بەدیھێنانی مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلی کوردستان لە رێگای ریفراندۆمەوە) بە بەشداری (٣١٥)ئەندام، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان حەوتەمین کۆنگرەی خۆی ئەنجامدا. لە دەستپێکدا بە ئامادەبوونی خانەوادەی سەربەرزی شەھیدانی حزب، کۆنگرە بەدەقیقەیەک وەستان بۆ رێزگرتن لەگیانی پاکی شەھیدانی رێگای رزگاری کوردستانو سروودی "ئەی رەقیب" کرایەوە، وێڕای خوێندنەوەی وتاری لێژنەی ئامادەکاریی حەوتەمین کۆنگرە، راپۆرتی سیاسی لەلایەن ھاوڕێ"بەڵێن عەبدولڵا" پێشکەش کرا، ئینجا پەیامی ھەریەک لە بەڕێزان سەرۆک کۆماری عێراق، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستانو جێگری سەرۆکی پەرلەمانو پەیامی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد (KNK)و بروسکەی مەکتەبی سیاسیی حزبو لایەنە سیاسیە کوردستانیەکان خوێندرانەوە. ھەر لەو دانیشتنەدا دوو کورتە باسی ئەکادیمی لەسەر بایەخو پێویستیی پراکتیزەکردنی دروشمی سەرەکیی کۆنگرە لەم قۆناغەدا، پێشکەش بە ئەندامانی کۆنگرە کرا، لەکۆتایی دانیشتنی کردنەوەیدا، کۆنگرە لێژنەیەکی بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانیو چەند لێژنەیەکی دیکەی بۆ ھەڵسەنگاندنی بەڵگەنامەکانی راپۆرتی سیاسی، بەرنامە، پەیڕەی ناوەخۆ، دارایی، بڕیارو راسپاردەکان ھەڵبژارد.
یەکەمین دانیشتنی کۆنگرە، بۆ ھەڵسەنگاندنی دروشمی کۆنگرەو راپۆرتی سیاسی تەرخانکراودوای گفتوگۆیەکی ھەمەلایەنەو خستنەڕووی بیرۆکەو بیروڕای جودا جودا، لەکەشێکی دیموکراسیانەدا پەسندکران، راپۆرتی سیاسی ئەو شەپۆلە گۆڕانکارییە خێرایەی کە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستو باکووری ئەفریقای گرتۆتەوە، بە سەرەتای کۆتاییھاتنی سەردەمی رژێمە دیکتاتۆریەکانو وەرچەرخانێکی مێژوویی گەورە بە قازانجی چەسپاندنی دیموکراسیو بەرژەوەندیی گەلانی ناوچەکە لێکدایەوە، لە ئاستی دۆخی عێراقیشدا، کە ئەمڕۆ دەوڵەتی عێراق لەھەموو کاتێک زیاتر کەوتۆتە نێو قەیرانی حوکمڕانیەوە، کە ئەمەش لەبنەڕەتدا لەپێکھێنانی عێراقەوە سەرچاوەی گرتووەو ئێستاش لەھەموو کات زیاتر لەگەلڕ بێمتمانەیی نێوان پێکھاتەکانیو زاڵبونی عەقڵیەتی دامەزراوەی مەزھەبی و تایفەگەری رووبەڕوو بۆتەوە. لەروانگەی ئەو گۆڕانکاریە خێرایەی ناوچەکەی پێدا تێپەڕدەبێت لەلایەکو بە بنبەستگەیشتنی پرۆسەی سیاسی لەلایەکی دیکە، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان ھەنگاونان بەرەو بەدیھێنانی مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلی کوردستان لەرێگای ریفراندۆمەوە بەئەرکی ھەرە لەپێشی خۆی دادەنێتو بە پێویستیەکی واقیعی ئەرکو ئەگەرەکانی ئەم قۆناغەی خەباتی سیاسی، دیبلۆماسیو جەماوەریی گەلەکەمانی دەزانێت، ھەر لەتەک ئەمەشدا لە ئاستی نێوەخۆی کوردستاندا، کۆنگرە بە بایەخەوە لەسەر پرسی چاکسازی ھەڵوەستەی کرد، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان جارێکی دیکە خواستی خۆی بۆ وەڵامدانەوەی داواکانی خەڵکو چاکسازییەکی ریشەییو بنبڕکردنی دیاردەی گەندەڵیو لێکجیاکردنەوەی دەسەڵاتی حزبو حکومەتو بەدامەزراوەیی کردنی دەزگاکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەرێگای دیالۆگ و لەچوارچێوەی پڕۆژەیەکی ستراتیژیی ھاوبەشی نیشتمانی دووپات دەکاتەوە، ھەروەھا درێژەدان بەوتوێژەکانی نێوان دەسەڵاتو ئۆپۆزسیۆنی بەپێویست زانی.
لەتەوەرێکی دیکەدا راپۆرتی سیاسی بەگەشبینیەوە لەگەشەسەندنی خەباتی مەدەنیانەو جەماوەریی گەلەکەمان لەبەشەکانی دیکەی کوردستان دەڕوانێت، کە ئەمەش خۆی لەخۆیدا واقعێکی تازەی ھێناوەتە پێشەوەو ئێستا دۆزی گەلی کوردستان قۆناغی نکۆڵیکردن لە بوونی نەتەوەییو مافە رەواکانی تێپەڕکردووە، بۆیە حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان ئەمڕۆکە بەستنی کۆنگرەیەکی کوردستانی بەمەبەستی یەکخستنی گوتاری سیاسی کوردستانیو ئامادەکردنی پڕۆژەی کاری ھاوبەشی نیشتمانی نێوان سەرجەم ھێزە کوردستانیەکان، وەک پێویستیەکی ھەنووکەیی بەرەو پێشەوەبردنی خەباتی نەتەوەیی لەسەر ئاستی ناوەخۆو دەرەوەدا سەیر دەکات.
لە دووەمین رۆژی دانیشتنەکانیدا، کۆنگرە وێڕای پەسندکردنی بەرنامەی سیاسی، بڕیاری لەپڕۆژەی پەیڕەوی ناوەخۆدا، کە گۆڕانکاریی دیموکراسی لە ژیانی رێکخراوەیی پێکدەھێنێتو لە شوێنی سەنترالیزمی بەڕێوەبردن، بەڕێوەبردنی لامەرکەزی بە بنەما دادەنێت. ھەروەک لە سێیەمین رۆژی کارەکانیدا، کۆنگرە بارودۆخی حزبی لێکدایەوە، راپۆرتەکانی مەکتەبی راگەیاندن، رێکخستن، داراییو جەماوەریەکانی تاوتوێ کردو راپۆرتی لێژنەی بەدواداچوونو خستنەڕووی داھاتو خەرجیەکانی حزبی لەنێوان دوو کۆنگرە پەسندکرد. کۆنگرە لە ئاستی پرسی ژنان لە نێوەخۆدا بەڕاشکاوی لەبواری کاری حزبی رەخنەی گرتو بڕیاریدا ژنان لە چوارچێوەی پڕۆژەکانیاندا خۆیان لەنێو حزبدا بدۆزنەوەو دەرفەتی لەباریان بۆ بڕەخسێندرێت.
لەچوارەمین رۆژی دانیشتنەکانیدا، کۆنگرە سوپاسی ھەموو ئەو کەسایەتی و لایەنە سیاسییە بەڕێزانەی کرد، کە پەیامیان ئاراستەی کۆنگرە کردبوو، ھەروەک بۆ پەرەپێدانی خەباتی پیشەییو دیموکراسیو کاراکردنی رۆڵی حزبو پتەوکردنی پەیوەندی لەگەڵ جەماوەردا، کۆنگرە بە چەندین بڕیارو راسپاردەی گرنگو پێویست کۆمیتەی ناوەندیی ھەڵبژێردراوی راسپاردو لە دوا وێستگەی کارەکانیدا بەپێی بنەمای پەیڕەوی ناوەخۆ، لە کەشێکی دیموکراسیو کێبڕکێی نێوان پاڵێوراواندا، بەسەرپەشتی دادوەرو نوێنەری رێکخراوەکان لەپارێزگای ھەولێر، کۆنگرە (٢٥) ئەندامی بۆ کۆمیتەی ناوەندی ھەڵبژارد، پاش راگەیاندنی ئەنجامی ھەڵبژاردنی کۆمیتەی ناوەندی، کۆنگرە سەرکەوتووانە کۆتایی بە کارەکانی ھێنا.
رۆژی (١٧/ ٧/٢٠١١) کۆمیتەی ناوەندیی ھەڵبژێردراوی حەوتەمین کۆنگرە، لەیەکەمین کۆبوونەوەی خۆیدا، ئەنجامدانی سەرکەوتووانەی حەوتەمین کۆنگرەی بەوێستگەیەکی دیکەی پتەوکردنی پێگەی سیاسیو بنیاتنانەوەی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستانی لەقەڵەمدا، ھەروا کۆمیتەی ناوەندی بەپێی دەسەڵاتی خۆی ھاوڕێ (بەڵێن عەبدولڵا)ی بە سکرتێرو ھاوڕێ (بەھمەن حوسێن)ی بە جێگری سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیو(٥) ھاوڕێی بۆ ئەندامێتیی مەکتەبی سیاسی ھەڵبژارد. ھەروەک لەم کۆبونەوەیەدا کۆمیتەی ناوەندی بڕیاریدا بە پێکھێنانی مەکتەبەکانی (پەیوەندییەکان ، راگەیاندن، رێکخستن، ئامارو ھەڵبژاردن، رێکخراوە پیشەییەکان، ھۆشیاری و پێگەیاندن، بەشی ژنان) ئەمەو لەتەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا وێڕای دیاریکردنی لیژنەیەک بۆ بڕیارو راسپاردەکانی گۆنگرە ئەرک وکاری لەنێو ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی دابەشکرد.
- سڵاو لە ویستی خەباتگێڕانەی ئەندام و دۆستو لایەنگرانی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان.
- سڵاو لە گیانی پاکی شەھیدانی رێگای رزگاری کوردستان.
کۆمیتەی ناوەندیی
حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
١٧/٧/٢٠١١
ھەولێر
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست