کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دوای تەواوبوونی ماوەكەی 35 رۆژ قۆناخی بێ چالاكی پەكەكە كۆتایی هات

Thursday, 23/09/2010, 12:00



بزوتنەوەی ئازادی گەلی كورد لەباكوری كوردستان وەكو مۆدێلێك لەتێكۆشان و كردنە نەریتێكی خەبات لەماوەی 17 ساڵی رابردوو حەوت جار یەكلایەنە چالاكیەكانی گەریلای راگرتووەو بانگی لەدەوڵەتی توركیا كردوە تاكو كێشەی كورد لەم وەڵاتە بەشێوەیەكی ئاشتیانە چارەسەر ببێت.
حەوتەمین جاریش قۆناخی بێ چالاكی و ئاگربەست تاقی كرانەوە بەڵام تا نووسینی ئەم وتارە بێ ئەنجامەو هیچ هیواێك نابینرێت تاكو قۆناخەكە لەكاتیەوە بگۆڕێت بۆ ئاشتیەكی هەمیشەیی.
دەوڵەتی توركیا بۆچی وەڵامی لایەنی كوردی ناداتەوە ؟ ئایا بەڕاست چارەسەری كێشەی كورد دەبێتە پارچەبوونی توركیا ؟ یان كامە بەش لەدەوڵەت رێگرە لەچارەسەری؟ ئەو پرسیارانەو سەدان پرسی تر كەدەكرێت هەریەكەو دەیان شرۆڤەی جیاجیای بۆ بكرێت، بەڵام لەهەمووی راستر ئەویش ئەوەیە كەتاكو ئەمڕۆ هیچ یەكێك لەوانەی لەدەسەڵاتن بەسیاسی و سەربازیەوە بەشێوەیەكی چارەسەرئامێز نزیكی پرسەكە نابنەوە، پێچەوانە هەریەكەو پیلان و داوی تر دەنێتەوە داخۆ كامیان دەتوانێت گورزی بەتینتر لەكورد بوەشێنێ. ئەوەی تاكو ئەمڕۆ بەدڵ ویستی شتێك بكات لەگەلأ كورد توركۆت ئۆزال بوو، بەڵام ئەویش بەمردنێكی گوماناوی لەنێو بردرا، هەموو ئەوانەی تر ویستوویانە كات بەكورد بكوژن.
حكومەتی ئێستا كەخۆی بە ئیسلامی نەرمڕەو نیشاندەدات و لەهەموو حكومەتەكانی پێش خۆی زیاتر باسی كوردی كردوە، كوردیش لەهەموو كەس زیاتر یارمەتی ئەوی داوە، بەڵام ئەو حكومەتە لەهەموو كەس زیاتر گورزی لەكورد وەشاندوە، چونكە لەلاێك بانگی ریفۆرم و چاكسازی دەكات لەلایەكی تریش دەستی لەگەلأ سوپا تێكەلأ كردوە تاكو پێكەوە پیلانەكانیان جێبەجێ بكەن، ئەمەش رێكەوتنی نێوان ئەردۆغان و یەشار بیوك ئانتی كۆنە سەرفەرماندار ئەوەمان بۆ پشت راستدەكاتەوە، هەروەها باشترین رێكەوتنیان لەگەلأ ئیدارەی ئەمریكا هەیە لەو پێناوەی ئەمریكا یارمەتی بدات بۆ لەناوبردنی بزوتنەوەی ئازادی كورد، ئەوانیش یارمەتی بدەن لەئێران و عێراق ، دانیشتنی 5 ـ 11 ـ 2007 ی نێوان بۆش و ئەردۆغان قسەكەمان پشت راستدەكاتەوە. ئەو دەسەڵاتەی ئێستای توركیا لەهەركەس زیاتر دەرفەتی ئەوەی دەست كەوتووە تاكو پرسی كوردی پێ چارەسەربكات، چونكە هەریەك لەدەسەڵاتەكانی یاسادانان، جێبەجێكردن و دادوەریشی بەم ریفراندۆمەی دوایی كەوتە دەست. لەگەلأ سوپاش رێكەوتنی هەیە، سوپا بێی ئاگاداری ئەوان هیچ ئۆپراسیۆنێك ئەنجام نادات، هەروەها گەورەترین ئۆپەراسیۆنی ناوخۆشی نمونەی ئەرگەنەكۆن و بالیۆز ئۆپەراسیۆن و چەندێكی تریشی بۆ خاتری ئەكەپەی ئەنجامداوە. بۆیە ئەوانەی دەڵێن ئەردۆغان ناتوانێت لەبەر سوپا پرسی كورد چارەسەربكات ئەوا لەگوێی گادا خەوتووە. ئەم دەسەڵاتەی ئێستا دەیەوێت كوردان بەئارەزووی خۆیان بتوێنێتەوەو نكۆڵی لەخۆیان بكەن، بۆ ئەمەش كورد وەكو نوێنەرو موخاتەب پەسەند ناكات.
دەسەڵاتدارانی سیاسی كورد لەهەرێمی كوردستان لەتەمەنی 19 ساڵی خۆیاندا زۆر هەوڵیان داوە بزووتنەوەی چەكداری لەباكوری كوردستان كۆتایی پێ بێت، بۆ ئەمەش بەهەموو شێوەێك یارمەتی دەوڵەتی توركیایان داوە، لەگەلأ هاتنە سەركاری ئەكەپەش تا ریفراندۆمی دوایش بەئاشكرا لاینگرانی خۆیانیان هانداوەو ئاگاداریان كردونەتەوە تاكو دەنگ بە ئەكەپە بدەن. جاران پەیوەندی نێوان هەرێم و توركیا زیاتر لەسەربنەمای چەكداری بوو، بەڵام ئێستا سیاسی و ئابووری و دیبلۆماسیشی هاتۆتە سەر، ئەوەی چاوەڕێش دەكرێت ئەوەیە كە دەسەڵاتدارانی هەرێم داوای درێژكردنەوەی قۆناخی بێچالاكی بكەن لەپەكەكە، بێ ئەوەی هیچ داواكاریەكیان لەئەكەپە هەبێت.
گومان دەكرێت ئەمجارەش حكومەتی توركیا هەندێك بەڵێن بدات بۆ سەرقاڵكردن و كات قازانجكردن، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەویش ئایا بزووتنەوەی ئازادی كورد ئەمە پەسند دەكات یان ئەوەتا شەڕ دەستپێدەكاتەوە؟ ئەوەی چاوەڕێ دەكرێت قۆناخی داهاتوو چ بەشەڕ بێ و چ بەئاشتی زۆر چڕبێت.
[email protected]
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە