مەرجی سەرەكی خۆپیشاندەران راماڵینی بنەماڵەگەریەتیە
Saturday, 23/04/2011, 12:00
خۆپیشاندانە سەرتاسەریەكانی رۆژهەڵاتی ناوین و باكوری ئەفریقیا بەگشتی یەك ناونیشانیان هەیە، ئەویش ئیتر هیچ كەس و كۆمەڵگایەك ناتوانێت دەسەڵاتی بنەماڵەگەریەتی پەسندبكات. ئەنجام تائێستا زۆرێك لەو دەسەڵاتە بنەماڵەگەرانە سەرنگووم بوون، من باوەڕدەكەم دەسەڵاتەكانی تریش ئەوانەی پشت بەبنەماڵەكانیان دەبەستن تەمەنیان كورت بۆتەوە.
لەهەرێمی كوردستانیش ماوەیەكی زۆرە، زیاتر لە پەنجا ساڵە، دەسەڵاتی بنەماڵەگەریەتی بەرۆكی كۆمەڵگای گرتووە، هەموو سیاسەتی باشووری كوردستان بە بنەماڵەگەریەتی بەڕێوەچووە، ئەمە لەسەردەمی شەڕی چكداری"واتا لە شاخ" و لە سەردەمی حكومی خۆجێیەش"واتا لە شار"یشدا. لە سەردەمی شەڕی چكداریدا گرووپێك رۆشنبیر لە دژی حكومی بنەماڵەگەریەتی و عەشیرەتگەریەتی لە پارتی دیموكراتی كوردستان جیابوونەوە، بۆ ئەمەش هەوڵێكی زۆریاندا، تاكو لە ئەنجامدا لە یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا گەیشتنە فۆرمیلەیەك. یەكێتی دوای گەیشتنە دەسەڵاتی ویستی پەرە بەبیرۆكە سیاسیەكەی بدات، بەڵام دوای ژێركەوتنی لە لایەنی چەكداری و سیاسی لەساڵی"1996"بەدواوە لەبەرامبەر حكومی بنەماڵەگەریەتی پارتی، بۆیە ئەویش ئیتر هێواش هێواش، تا لە ئەنجامدا بەتەواوی خۆی رادەستی حكومی بنەماڵەكرد. سەرەتا تاكە بنەماڵەیەكان لەناو یەكێتیدا لەئاستی تاك و چالاكی مەدەنیدا لەگۆڕەپانەكە دیاربوون، بەڵام دواتر هەموو جومگە سەرەكیەكانی دەسەڵاتی یەكێتی لەلایەن تاكەكانی بنەماڵە قۆرخكرا. ئەمەش بووە فاكتەرێكی سەرەكی بۆ نەمانی جیاوازی لەنێوان پارتی و یەكێتی. لەبەر ئەوەی فۆڕمی بنەماڵەگەریەتی بۆتە شێوازێكی سەرەكی لە فەرمانڕەوایەتی هەرێمی كوردستان. بۆیە بەگشتی پارت و لایەنە سیاسیەكان بە عەلمانی و ئیسلامی و بچوك و گەورە، پێداگری لەسەر مۆدێلی سیاسەت و بەڕێوەبردن بەڕێگای بنەماڵەو خێلأ دەكەنەوە.
گەورەترین ناڕەزایەی شەقامی ئەمڕۆی كوردی لە بەرامبەر حكومی هەردوو بنەماڵەی دەسەڵاتە، هەموو كەس و لایەك پرسیاری ئەوە دەكات، بۆچی تاكە نزیكەكانی هەردوو بنەماڵەی دەسەڵات، حكومی سەرەكیان هەبێت لە كوردستان؟. هەردوو پارتی دەسەڵاتیش ئامادەن بۆ هەموو سازشێك، بەڵام ئامادەنین مەسەلەی بنەماڵەكانیان بكەوێتە ناو گفتوگۆی گۆڕان و وەرچەرخان. لەبەر ئەوەی پرسی بنەماڵە پەیوەست دەكەن بە مەسەلەی كەڕامەتی خێزانی، بەڵام ئەو داواكاریەی شەقام جیایە لەمەسەلەی رێزی كۆمەڵایەتی، چونكە هەموو ریفۆرم و چاكسازیەك یەكسانە بەهیچ، ئەگەر بێت و حكومی بنەماڵەگەریەتی بەردەوام بێت. كاتێك ئەو بابەتە دەوروژێنم مەبەستم نییە بەهیچ شێوەیەك لە رێز و هەبوونی ئەو دوو بنەماڵەیە بدەم، لەگەلأ ئەو بنەماڵانەی تر كە سیاسەت بەڕێوەدەن، یان لە بڕیاری سیاسیدا بەكاریگەرن. بەڵكو پێویستە بەبوێری پەنجە دانێینە سەر برینەكانمان. ئێمە ناتوانین بڵێین "بن عەلی، مبارەك، قەزافی، ئەسەد و هەمانكات رەخنە لە كاسترۆ" و ئەوانەی وەكو ئەوانیش بگرین و خۆشمان بە شۆڕشگێڕ و حكومی یاسا وەسف بكەین. وەكو رۆشنبیران و رۆژنامە نووسانیش ناتوانین ئەوانەی دەرەوەی خۆمان رەخنەبكەین و لەبەرامبەر ئەوانەی خۆشمان بێدەنگ بین؟ پێویستە هەردوو بنەماڵەش ئەگەر دەیانەوێت كەسییەتی بنەماڵەی خۆیان بپارێزن، هەرچی زووە ئەندامی بنەماڵەكانیان لە دەسەڵات دوور بخەنەوە. چونكە خاڵێكی سەرەكی لەو گۆڕانكاری و چاكسازیانەی باسیان لێوە دەكرێت، تاكەكانی بنەماڵەی ئەوانن. لەوانەیە بڵێن بۆ سیاسەت كردن بۆ ئێمە حەرامە، نەخێر حەرام نییە، بەڵام ئێوە لەسەرەوە لە رێگای بنەماڵەكانتانەوە هاتوون و بوونەتە دەسەڵات، خۆشترین و باشترین و جوانترین شتە مادی و مەعنەویەكان، جا چ لەناو پارتەكەتان یان لەناو حكومەتدابێت بۆ ئێوەیە، بێ ئەوەی پێوە هیلاك بن.
لە هەموو لێدوانەكانی بارزانی و تاڵەبانی نەیانتوانی بەهیچ رەنگێك باسی چاكسازی بكەن لە بنەماڵەكانیان، هەمانكات نەشیانتوانی كاتێك بۆ دوای هێنان بەدەسەڵاتی خۆیان دابنێن، ئەمەش وای كردووە كەناڕەزایی و خۆپیشاندانەكان بەردەوامبن. چونكە هەردوو بنەماڵە لە كۆنگرەی دوای پارتەكانیان بەشێوەیەكی هەژموونگەرا سەركردایەتی رێكخستنەكانیان داگیركرد. بۆیە ئەگەر بارزانی ئامادەنەبێت كوڕ و براو برازاكانی لە جومگە سەرەكیەكانی حیزب و حكومەت دوور بخاتەوە، هەمانكات ئەگەر بەهەمانشێوەش تاڵەبانی ئامادەكاری بۆ ئەم پرۆسەیە نەكات، ئەوا گۆڕین و لادانی حكومەت و دروستكردنی دە حكومەتی تریش جا كاتی بێت یان هەمیشەیی، هیچ لە رەوشەكە ناگۆڕێت. بەمشێوەیە ناتوانرێت لە كوردستان قۆناخێكی نوێ دەستپێبكات و خەڵك باوەڕبكات كە ئەوان جدین لە گۆڕاناكاریدا.
ئۆپۆزیسیۆنی ناو پەرلەمان، ماوەیەكە بەرۆكی هەڵوەشانەوەی حكومەتی گرتووە، بەڵای منەوە هەڵوەشانەوەی حكومەت ناتوانێت شتێكی ئەو تۆ لە هەرێمدا بگۆڕێت، چونكە حكومەت لە ژێر فەرمانی حیزبدا بەڕێوەدەچێت و حیزبیش بەفرمانی دەسەڵاتداریەتی بنەماڵەوە بەڕێوەدەچێت. بۆیە حكومەت كردنە ئامانجی سەرەكی گۆڕانكاریەكان، بەلای منەوە باش نەخوێندنەوەی ناڕەزایی و گۆڕانكاریەكانە، یان ترس هەیە لە دیاریكردنی ئامانجی سەرەكی گۆڕانكاری. یان لەترسی دووركەوتنەوە لە پرسە خێزانی و بنەماڵەیەكان، ئەگەر تا ئێستا ئەو گوومانە رەوابێت، بەڵام لەمڕۆدا پرسكە لەپرسی خێزانی و بنەماڵەی گەورەترە، ئێستا ئیتر كێشەكە بۆتە كێشەی هەموو كۆمەڵگای هەرێمی كوردستان، هەمانكات بۆتە پرسی مانەوەو لەدەستدانی بەگشتی دەسكەوتەكانمان. ئەگەر ئەزموونكە بەئەزموونێكی دۆڕاوی پارتی و یەكێتی بەناوبكەین، بەڵام باوەڕدەكەم كە دەسكەوتەكانمان موڵكی هەموومانن، بۆیە ئەگەر دەمانەوێت بەبێ دوو دڵی داكۆكی لەسەر گۆڕان و وەرچەرخانی ریشەیانەی هەرێمی كوردستان بكەین، ئەوا دەبێ باس لە پرسی بنەماڵەگەریەتی بكەین و بە هەردوو پارتی دەسەڵات و حیزب و لایەنە بنەماڵەگەراكانیتریش بڵێین، گۆڕانی ریشەی لەهەرێمی كوردستان بەندە بەگۆڕانكاری لە خودی بنەماڵەكانی ئێوە، واتا بنەماڵەكانتان لە دەسەڵات دوورخەنەوە. ئەگەر ئێوەی دەسەڵاتدار و ئۆپۆزیسیۆنە پەرلەمانیە دەسەڵاتخوازەكەتان شەرم لەیەكتری دەكەن، ئەوا ئێمەی هاوڵاتی شتێكی شەرمی لێبكەین نییە، ئەوەی راستیشە بۆ ئێوەو بۆ خەڵكیش ئەو خاڵە بنەڕەتیەییە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست