كاتى ئەوە هاتووە حیزبى شیوعى سكراپ بكرێت
Thursday, 15/07/2010, 12:00
لە وتارێكى پێشوماندا باسمان لەوە كرد پارتە سیاسیەكانى كوردستان، ئەو پارتانەى پێش ڕاپەڕینى ئادارى 1991 لەدایكبوون، بەهانەى هاتنەبوون و دروستبوونیان نەماوە چونكە بوونەتە بارى گران بەسەر شانى میللەتەوە، چونكە سەرانى چاوچنۆكى ئەو پارتانە بەدرێژایى مێژووى دواى ڕاپەڕین تەنها لە هەوڵى بەتاڵانبردنى دەرامەتى ئەم هەرێمە و بڕینى گیرفانى میللەتو پڕكردنى گیرفانى خۆیاندا بوون و پارتەكانیشیان جگە لە بوون بە قەوارەگەلێك كە پێچەوانەى خواست و ئامانج و ئاواتەكانى میللەت كار دەكەن، بوونەتە كۆمپانیا. هەر لەبەر ئەوەشە كە پێویستە سكراپ بكرێن. لەم وتارەدا دەكۆشین وردتر لەسەر ئەو باسە هەڵوەستە بكەین.
سەردەمانێك كە ئایدیۆلۆجیاى كۆمۆنیستى لە هەموو جیهاندا وەكو ئایدیۆلۆجیایەك باوى بوو كە بەرگرى لە مافى چینى كرێكار و هەژار و بەشمەینەت و جوتیارى میللەت دەكات، لە وڵاتى عێراق و پاشان لە هەرێمى كوردستانى خۆشماندا پارتێك بەناوى حیزبى شیوعى هاتە بوون. واتە كتومت بەپێى بۆچوونە ماركسیەكە، كە دەڵێت دەبێت هەموو پارتێك گوزارشت لە بەرژەوەندى چینێك لە میللەت بكات، پێداویستى بەرگریكردن لەبەرژەوەندى هەژارو كرێكارو جوتیارو بەشمەینەتان بوونى ئەم پارتەى لەو ڕۆژگارەدا كردە پێویست. یانى حیزبى شیوعى كوردستان لەبنەڕەتدا بۆ بەرگرى كردن لە كرێكار و هەژار و جوتیارى ئەم هەرێمە دروست بوو. ئەمە واقیعێكە ئێمە پێمان وانیە سەرانى ئەمڕۆى ئەو پارتە نكوڵى لێ بكەن. بەڵام ئایا بەڕاست ئەو پارتە، لانیكەم لەمێژووى پاش ڕاپەڕینەوە، ئەگەر بۆ تەنها پێنج خولەكیش بووبێت، لەپێناوى ئەو ئامانجەدا كارى كردووە كە بۆى هاتووەتە بوون؟ بێگومان ئێمە وەڵامى ئەم پرسیارە گرنگە بۆ سەرانى ئەمڕۆى ئەو پارتە جێناهێڵین. بەڵكو هەوڵدەدەین، پشتئەستور بە واقیعى ئیشكردنى پاش ڕاپەڕینى ئەو پارتە، خۆمان وەڵامى بدەینەوە.
واقیعى دواى ڕاپەڕینى ئیشكردنى حیزبى شیوعى پێمان دەڵێت حیزبى شیوعى وەكو قەوارەیەكى سیاسى بۆ ئەوە دروست نەبووە تا داكۆكى لە بەشمەینەتان و چەوساوەكانى ئەم هەرێمە بكات و لە ناوەڕۆكدا، ئەگەر لە پارتەكانى ترى سەر گۆڕەپانى سیاسى ئەمڕۆى كوردستان بۆرژواتر و چەوسێنەرتر نەبێت، هیچ لەوان كەم بۆرژواتر و چەوسێنەرتر نیە. بەڵكو زێدەگۆیى ناكەین ئەگەر بڵێین ئەبو موسعەب زەرقاوى چەند كابرایەكى كۆمۆنیست بوو، حیزبى شیوعیش هەر ئەوەندە كۆمۆنیستە. پێدەچێت بەهەژارى ژیان و بەهەژارى سەرنانەوەى كارل ماركس بۆ ئەمڕۆى سەرانى حیزبى شیوعى بووبێتە پەند بۆیە هێندەى هەوڵى سەرانى پارتە بۆرژواكانى ترى كوردستان سەرانى ئەم پارتەش هەوڵى دەوڵەمەندبوونیانە و قینیانە لە هەژاران و بەشمەینەتانى كوردستان و لەدواى ڕاپەرینەوە دەستیان لە خەبات لەپێناویاندا هەڵگرتووە. دیارە سەرانى حیزب گەیشتونەتە ئەو بڕوایەى كە خودا لەبنەڕەتدا مرۆگەلێكى بە هەژار و مرۆگەلێكیشى بە دەوڵەمەند هێناوەتە بوون، بۆیە پشتیان لە تێكۆشان لەپێناوى گۆڕینى سیستمى چینایەتى كۆمەڵگا كردووە. حیزبى شیوعى بەقەدەر ئاگایى مەحمودى بێ زەواد لەكاروبارى دونیا، لە پرسى تێكۆشانى چینایەتى لەواقیعى سیاسى ئەمڕۆى كوردستان بەئاگایە. لە ئەنجامى تێكۆشانى هاوڕێیانى حیزب، ئەمڕۆكە بارەگاكانى حیزبى شیوعى كوردستان لە هەموو شوێنێكى كوردستاندا بوونەتە فەرمانگەى حكومى (لەگەلأ تاكە جیاوازیەكدا ئەویش ئەوەیە فەرمانگەكانى حیزب موراجیعیان نییە و فەرمانبەرەكانیان سەریان سوكە). ئەمڕۆكە حیزبى شیوعى بووەتە حیزبێكى موچەخۆر! حیزبى حكومى! موچەى حیزبێك وەردەگرێ كە بڕیارە لەپێناوى كرێكاران و زەحمەتكێشانى كوردستاندا تێبكۆشێت.
ئەرێ خەڵكینە ئێوە شتى واتان بینیوە؟ حیزبێك كە هێشتا تازە ڕاپەرین بوو بوو پێماندەگوت مەنجەڵێك یاپراخ بەشیان دەكات، بەڵام ئەمڕۆكە بە تەنها موچەى مانگێكى فەرمانگە حكومییەكەى سلێمانى ئەو حیزبە 600 ملیۆن دینارە؟! تۆ بڵێى دەسەڵاتى پارتى و یەكێتى لەترسى ئەوەى نەبادا حیزبى شیوعى كودەتایان لێ بكات، ئەو پارە زۆرەیان بۆ هەڵنەڕشتبن و ئەو وەزیرەیان نەدابێت پێیان؟! كێ چوزانێت؟! خۆ مێژووى ئیشكردنى ناوخۆى ئەم حیزبە پڕێتى لە كودەتا. كودەتاكردن لەو هاوڕێیانەى كە بۆ دۆزى میللەتیان و بۆ پڕۆگرامى حیزبەكەیان بەئەمەك بوون. ئامادە نەبوون لەپێناوى پارچەیەك زەوى كە پارتى لە هەولێر بیانداتێ و یەكێتى لە سلێمانى بۆیان تەرخان بكات، سازش لەسەر ئەو بیروباوەڕە بكەن كە داكۆكى لە بەشمەینەتان دەكات. یان لەوانەیە سەرانى حیزب، وەكو شەراب، گەڕابنەوەو، لەو ئایدیۆلۆجیایە پەشیمان بووبنەوە، چونكە هەوڵدان بۆ گۆڕینى سیستمى چینایەتى و بارى كۆمەڵایەتى و سیاسى مرۆڤەكان، مادامەكى ویستى خوداى لەسەرە بۆیە لەسەر ئەو بارەیە، كارێكى گوناهە و دەچێتە خانەى كوفرەوە! دیسان كێ چوزانێت؟! خۆ یەكێك لەو سەرانەى حیزب، هێند ژیرە تاڕادەى زۆڵێتى، كاتى خۆى كە حیزب بۆ خوێندن ناردویەتى بۆ یەكێتى شورەوى بۆ خولى كادیرى، لەوێ، خۆى گوتەنى: "هێندەم سێكس لەگەلأ كیژگەلى سورو سپى ڕوسیدا كردووە ڕەنگە ئێستا لە ڕوسیا سەدان وەچەم هەبن" ! هاوڕێ.. شازى خولى كادیرى بینیوە. ئێمە دڵنیاین كاتێك كە ئێمە ئەم داستانەى ئەو هاوڕێیە لە ڕوسیا دەگێڕینەوە، هاوڕێیانى سەرانى حیزب چەپۆكى داخ بەسەر چۆكى خۆیاندا دەكێشن و دەڵێن: "جەخار بۆ ئەمڕۆ.. ئەگەر قەڵاى كۆمۆنیزم بەئەستۆى وردى بەهۆى گەندەڵیەوە هەرەسى نەهێنایە، ئێستا ئێمەش لەبۆ ئەو خولەى دەنێردراین لەبۆ ڕوسیا" ! ئەمەیە ئیزافەى سەرانى حیزبى شیوعى بۆ سەر مێژووى كرێكاران و بەشمەینەتان. گەلۆ، حیزبى شیوعى لەمێژە بەدەردى یەكێتیە حەیاتەكە چووەو كەسى لەدەور نەماوە، بەڵام سەرانى حیزب، كە بڕوایەكى تۆكمەیان بە لۆژیكى مەلابەزێنى هەیە، تا خۆیان لە سەركردایەتى ئەو حیزبەدا بن، بڕوایان وایە هەمیشە هەر حیزب لەسەر هەقە و ئەو هاوڕێیانە كە دەست لە حیزب هەڵدەگرن بەهەڵەدا چوون و مونحەریفن. بەڵام خودى سەرانى حیزب خۆیان، وەكو پێشتر بینیمان، نەك هەر بەدیوە سیاسیەكەیدا بەڵكو بە دیوە ئاكاریەكەشیدا مونحەریفن. ئێستا تێگەیشتن بۆچى ئێوەى سەرانى حیزبى شیوعى، لە وازهێنانى دڵسۆزترین هاوڕێ لەو حیزبە، زۆر خەمساردن؟ ئێوەى سەرانى حیزب كە بۆ پارە و دەستكەوتى مادى و سیاسى خۆتان بە پارتى و یەكێتى فرۆشتبێت چ باكتان بەوە هەیە هاوڕێیانتان واز لە حیزب دەهێنن یا خەڵكى لەدەورتان نامێنن و فەرمانگەكانتان دەبنە چۆڵى قوڵفە! گرنگ ئەوەیە لەكاتى هەڵبژاردندا كە دەنگى كورسیەكتان نەهێنا بۆ پەڕلەمان، وەكو قوتابیەكى تەمبەلأ لە قوتابخانە كە بەبڕیار دەردەچێنرێت، بە بڕیار دەردەچێنرێن و بە چەند هەزار دەنگێك دەبرێنە پەڕلەمان و لەسەر كارتى دەرچوونتان دەنووسرێت: "دەرچووە بە بڕیار" ! ئێوە تواناى ئەوەتان نەبوو دەنگى كورسیەك بهێنن بەڵام ئێستا خاوەنى وەزیرێكن لە حكومەتدا و زۆر پۆستى دیكەش! ئافەرین بۆ سازشكردنتان لەسەر پرسە سیاسى و چینایەتیەكان. ئافەرین سەد ئافەرین، ئەو پۆستە سیاسى و كارگێڕییانەى پارتى و یەكێتى لە حكومەتدا دەتاندەنێ پاداشتى پەشیمانبونەوەتانە لە داكۆكى لە ڕەنجدەرانى ئەم وڵاتە. ئێوە وەكو مێژووى بیست ساڵى ڕابوردوتان هیچ ڕۆژێك لەڕۆژان پشتوپەناى خەڵكى بەشمەینەتى ئەم وڵاتە نەبوون، شەرم بتانگرێ بەس بەناوى حیزبێكەوە كە بۆ داكۆكى لە كرێكاران و جوتیاران هاتووەتە بوون، لەسەر بودجەى ئەو خەڵكە بەشمەینەتە موچە بخۆن. وەكو چۆن لەمێژە پارتى و یەكێتى شوناسى حیزبى نەتەوەییان لەدەستداوەو بوونەتە كۆمپانیا، ئێوەش بەهەمان شێوە دەمێكە شوناسى خۆتان لەدەستداوەو حیزبى چینى بەشمەینەت و كرێكار نین، بەڵكو حیزبى تاقمێك سیاسى گێل و گەندەلأو نەزانن، ئێوە حیزبى سەرانێكى بە بیر و بە ڕەفتار بۆرژوان كە دەرۆزەى پارچە زەوى و ئیمتیازى سیاسى لە پارتى و یەكێتى دەكات، بۆیە ئێمەى میللەت كاتێك كە ئاوا بە ڕووتى و بەبێ ئارایشت دەتانبینین دەگەینە ئەو بڕوایەى كە كاتى ئەوە هاتووە حیزبى شیوعى سكراپ بكرێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست