ئایا سەرانى ئەوڕۆى حیزبى شیوعى میراتگرى "فەهد" ن!
Monday, 26/07/2010, 12:00
قسەكردن و نووسین دەربارەى كەموكورتى و هەڵە و چەوتییەكانى حیزبى شیوعى كوردستان كارێكە لەپالأ ئەوەدا كە كاتێكى زۆرى گەرەكە، پێویستى بە ڕەشكردنەوەى سەدانو بگرە هەزاران لاپەڕەش هەیە. حیزبى شیوعى كە مێژوویەكى دوورودرێژى لەم وڵاتەى ئێمەدا هەیە، لەڕۆژگارى ئەمڕۆدا لەگەلأ ئایدیۆلۆجیاى فەڕمى حیزب كە ئایدیۆلۆجیاى ماركسیزم لینینیزمە، لە ناكۆكیەكى كوشندەدا دەژى، یان بە واتایەكى دیكە، ئەوڕۆكە حیزبى شیوعى لەنێو قەیرانێكى ئایدیۆلۆجیدا گوزەران دەكات. مێژووى ئەو قەیرانەى حیزبى تێكەوتووە بۆ مێژووى پێش جیابوونەوەى لەحیزبى شیوعى عێراقى دایك دەگەڕێتەوە، چونكە وەك ئاشكرایە حیزبى شیوعى كوردستان درێژبوونەوەیەكى حیزبى شیوعى عێراقى دایكە. یاخود وردتر بدوێین، دەكرێت ئەو تەنگژە سیاسى و ئایدیۆلۆجیەى حیزبى تێدایە بۆ سێ هۆكار بگەڕێنینەوە: هۆكارى دەرەكى، هەرەسى بلۆكى سۆشیالیستىو پاشەكشێى ئایدیۆلۆجیاى ماركسیزم لەجیهاندا. هۆكارى ناوخۆیى، میكانیزمى كارى سیاسى و ئایدیۆلۆجى حیزب. هۆكارى سێیەم هۆكارێكە بە، لەبناغەوە باوەڕنەبوونى سەرانى ئەمێستاى حیزبى شیوعى بەئایدیۆلۆجیاى ماركسیزم و بگرە بە باوەڕى نیشتمانپەروەریش، وابەستەیە.
هەرچى سەبارەت بە هۆكارى دەرەكى ئەو قەیرانەیە كە بە داڕوخانى سەربازگەى سۆشیالیستیەوە پەیوەستە، بەبڕواى ئێمە ئەمە پرسێكە قسەى زۆرى لەسەر كراوەو ئێمە لەنێو ئەم وتارە كورتەماندا وێڕاى ئەوەى كە دەرفەتى ئەوەمان نیە جارێكى دیكە لەسەرى هەڵوێستە بكەین، بەڵكو بڕواشمان وایە هەرچیەك لەوبارەوە بڵێین دەچێتە خانەى دووبارەكردنەوەى بابەتگەلێكەوە كە لەوەوبەر دەربارەیان زۆر گوتراوە. كەواتە دەمێنێتەوە ئەو دوو هۆكارە كە ئەگەر نەشڵێین دەربارەیان قسە نەكراوە، دەكرێت بڵێین دەربارەیان كەم قسە كراوەو، ئەوانیش هۆكارى ناوخۆیى، میكانیزمى كاركردنى حیزب و، پرسى باوەڕنەبوونى سەرانى ئەمڕۆكەى حیزبە بە سەرلەبەرى ئەو ئایدیۆلۆجیایە.
بەدرێژایى ئیشكردنى سیاسى و ئایدیۆلۆجى حیزب لەسەر گۆڕەپانى سیاسى عێراق و كوردستان، تەنانەت پێش جیابوونەوەى حیزبى شیوعى كوردستان لە حیزبى دایك، سەرانى حیزب زۆر بە ترس و شەرمەوە مامەڵەیان لەگەلأ ئایدیۆلۆجیاى ماركسیزم كردووەو هەمیشە حیزبى شیوعى مۆركى حیزبێكى نیشتیمانى، حیزبێك كە ئایدیۆلۆجیاكەى نیشتیمانپەروەریە و هیچى دى، بەسەریدا زاڵبووەو هەرگیز وەكو حیزبێكى ماركسى لینینى نەبینراوە. بەهانە و بیانوى ئەمەش، بەو شێوەیەى كە جاروبار لەنێو ئامۆژگاریەكانى فەهددا دەیبینین، ڕەچاوكردنى بارودۆخى كۆمەڵایەتى عێراقە لەبەرئەوەى كۆمەڵگاى عێراقى كۆمەڵگایەكى موسوڵمانە پێویستە حیزب و ئەندامانى ڕێز لە باوەڕى خەڵكى وڵاتى خۆیان بنێن. واتە هەر ئەوەندە بانگەشە بۆ ئایدیۆلۆجیاى ماركسیزم لینینیزم بكەن كە ئایدیۆلۆجیایەكە لەمەڕ نیشتیمانپەروەرىو هیچى تر. ڕێزێك كە دواتر لە پاشەڕۆژدا لەسەر حیزب زۆر دەكەوێت و تا سنورى وازهێنان لە بەشەكانى دى ئەو ئایدیۆلۆجیایە كە پەیوەندییان بەدادپەروەرى كۆمەڵایەتىو نەهێشتنى چەوسانەوەى مرۆڤ لەلایەن مرۆڤ و .. هتد، هەیە، درێژ دەبێتەوە. بەڵام ئەمە نەبووە مایەى ئەوەى حیزب لە كاروانى تێكۆشانى نیشتیمانى بەجێبمێنێت بەڵكو هەر لەڕیزى پێشەوەى خەبات بوو. بەبڕواى فەهد كۆمۆنیزم یانى نیشتیمانپەروەرى. ئەو خودى خۆى لەشوێنێكدا دەڵێت كاتێك كە من بوومە شیوعى، لە ئەندازەى نیشتیمانپەروەریم پتر بوو. یانى مرۆڤى شیوعى لە مرۆڤى نیشتیمانپەروەرى سادە نیشتیمانپەروەرترە. بەمجۆرە دەتوانین بڵێین تێكڕاى نووسینەكانى فەهد لەدەوروخولى باس و بابەتێك دەخولێنەوە ئەویش نیشتیمانپەروەریە. لەم سۆنگەیەشەوە دەتوانین بڵێین ئەو حیزبەى كە ئەوێ ڕۆژێ فەهد بەردى بناغەكەى داڕشت، حیزبێكى لەبنەڕەتدا نیشتیمانى بوو بەناوى حیزبى شیوعى، نەك حیزبێكى شیوعى كە لەپێناوى گۆڕینى كۆمەڵگاى عێراق بۆ كۆمەڵگایەكى سۆشیالیستى كار بكات. بەم شێوەیە ئەوسا و تا ئێستاش حیزبى شیوعى عێراق هێندەى حیزبێكى نیشتیمانى بووە هێندە حیزبێك نەبووە هەڵگرى ئایدیۆلۆجیاى ماركسیزم لینینیزم بووبێت. ئەمە واقیعى مێژووى ئەو حیزبە پێمان دەڵێت. ئەمەش ئەگەر بەدیوێكدا ڕەخنە بێت، بەدیوەكەى تردا ستایشە. هەر ئەم میراتەشە كە ئەوڕۆ بۆ شیوعیەكانى ئەم وڵاتە بەجێماوە، لەگەلأ تەنها جیاوازیەكدا ئەویش ئەوەیە فەهد لەگەلأ خۆىو گەلو حیزبەكەى ڕاستگۆ بوو، لەڕێگاى باوەڕى نیشتیمانپەروەرى خۆشیدا گیانى بەخت كرد، بەڵام ئەمڕۆكە ئەوانەى كە خۆیان بە میراتگرى فەهد لە قەڵەم دەدەن دەستیان لەو نیشتیمانپەروەریەش هەڵگرتووە كە بناغەى هاتنەبوونى حیزبى شیوعیە لەم وڵاتە. ئەوانەى كە ئەوڕۆ خۆیان بە میراتگرى حیزبەكەى فەهد دەزانن لەسەر ڕابوردویەك دەلەوەڕێن كە لەپێناویدا بەردێكیان نەناوەتە سەر بەرد و هیچیان بۆى نەكردووە. ئەوان هەر بە فەهدەوە دەنازن بەڵام نێوانیان لەگەلأ بیروڕاى نیشتیمانى فەهد هێندەى نێوانى زەوى و ئاسمانە. ئەوان هەر باسى فەهد دەكەن بەڵام كارەسات ئەوەیە نازانن فەهد كێ یە! هێندەى من فەهد ئاشنابم، ئاشنایەتى لەڕێگاى خوێندنەوەى نووسراوەكانیەوە، پێم وانیە ئەو گوتبێتى پێویستە شیوعیەكان دەستبەردارى بەشمەینەتانى وڵاتیان بن و بچن لەگەلأ خوێنخۆرانى وڵاتیان ببنە هاوپەیمان. لاى فەهد حیزب هۆكار بوو بۆ چوونە سەر دەسەڵاتى تاقمێك نیشتیمانپەروەر بۆ دەسەڵات، لاى ئێوە حیزب فەرمانگەیە بۆ موچە وەرگرتن و ئێوەش تیایدا فەرمانبەرن. فەهد خاوەنى كارگەیەكى پچوكى سەهۆلأ بوو بەو كارگەیە حیزبى شیوعى گەورە كرد، ئێوە بەو پارەیەى كە بەناوى حیزبى شیوعى كوردستانەوە لە پارتى و یەكێتى وەردەگرن خۆتان دەوڵەمەندكردو باڵەخانە و تەلارتان بۆ خۆتان لێ دروستكرد و حیزبیشتان ماڵوێرانكرد. ئەگەر ئێوە لەجێى فەهد بوونایە دەچوون بەشدارى هەموو وەزارەتەكانى سەردەمى پادشایەتیتان دەكرد و لەپاش نورى سەعیدەوە دەڕۆیشتن و دەستى ڕێزتان بۆى بە سنگەوە دەگرت. بەڵام فەهد ئەو كارەى نەكرد، ئەو بەگژ نورى سەعیدى پیاوى ئینگلیز و بەگژ ڕژێمى پادشایەتى نۆكەرى ئینگلیزدا چوو. ئەو دلێر بوو، ئێوە ترسنۆك. فەهد حیزبى شیوعى بۆ چوونە سەر دەسەڵات دروستكرد چونكە بڕواى وابوو شیوعیەكان كە نیشتیمانپەروەرترین هاوڵاتى ئەم وڵاتەن شایستەترین كەسن بۆ چوونە دەسەڵات، بەڵام ئێوە حیزبتان بە حاڵێك بردووە كەڵكى هیچى پێوە نەماوە تەنها خستنە مۆزەخانە نەبێت. فەهد سروشى نیشتیمانپەروەرى لە نیشتیمانەوە وەردەگرت، ئێوە سروش لە بارزانىو تاڵەبانیەوە وەردەگرن. فەهد حیزبى فێرى ئاوازى نیشتیمانپەروەرى كرد، ئێوە فێرى زوڕناى شكاو و دەهۆڵى دڕاوى پارتى و یەكێتى دەكەن و ئێستا لە سەروبەندى ئەوەدان فێرى ڕاپى بكەن! بەتێكۆشانى فەهد حیزب بووە برا گەورە لە كۆڕى خەباتى نیشتیمانیدا، وەلێ لەسایەى ئێوە حیزب بووەتە برا بچوك. ئێوە هەر خەریكى گەورەكردنى خۆتانو پچوك كردنەوەى حیزبن، فەهد خۆى گیانفیداى حیزب كرد. ئێوە تاقمێك زەلامى بێ كار و كاسپین بۆ خۆژیاندن پاڵتان داوەتەوە بە حیزب و سەرتان كردووەتە سەر حیزبایەتى. ئێوە نازناوتان مرۆڤە خۆژێنەكانە بە موچەى حیزبى شیوعى، نازناوتان شیوعى نیە. هەرگیز ئێوە میراتگرى فەهد نین، ئێوە بیروڕاى فەهدتان تیرۆر كرد. حیزب لاى ئێوە ئاخوڕە بۆ ئالیك تێدا خواردن. كە دەڵێم ئێوە مەبەستم لە سەرانتانە. جیڤارا دەیگوت مرۆڤى شیوعى دواهەمین كەسە نان دەخوات، دواهەمین كەسە دەنووێت، یەكەم كەسە گیان بەخت دەكات. بەڵام لاى ئێوە مرۆڤى شیوعى یەكەم كەسە نان دەخوات، یەكەم كەسە دەنووێت، دواهەمین كەسە گیان بەخت دەكات. لاى ئێوە بارەكە پێچەوانە بووەتەوە، ئێوە فێرى خۆژیاندن بوون، ئێوە وەكو سەرانى حیزبە بۆرژواكان بە پارە و ئیمتیاز و ئۆتۆمبیلو كۆشك و كەنیشك و ئەوروپا سەرسامن. ئێوە میراتگرى خۆتانن میراتگرى فەهد نین. هەق وایە ئێوە شانازى بەو سەركردەیەتانەوە بكەن كە لەساڵانى حەفتاكانى سەدەى بیست دا دەربارەى سەدام حسێنى دیكتاتۆر و خوێنڕێژى بێهاوتاى عێراق دەیگوت: "سەدام حسێن كاسترۆى عێراقە، ئەو عێراق بەرەو سۆشیالیزم دەبات"! هەق وایە ئێوە شانازى بەو بەرپرسەتانەوە بكەن كە كۆمیتەى دەربەندیخانى تەفنیش كرد، بەڵام ئێوە هێناتان كردتان بە بەرپرسى كۆمیتەى پارێزگاى سلێمانى. ئێوە بە بەرنامە كار بۆ لەناوبردنى حیزبى شیوعى دەكەن. حیزبى شیوعى لاى ئێوە یانى هۆكارێك بۆ خۆ دەوڵەمەندكردن. بەڵێ ڕاستە خوێن لە حیزبى شیوعیدا ماوە وەكو ئەو برادەرە فەرمووى، بەڵام جەخار.. لەسایەى سەرانى ئەوڕۆى حیزب، حیزب توشى شێرپەنجەى خوێن بووە. هەتا ئەو سەركردە و كاربەدەستە گانگرینیانە لەڕیزى حیزبى شیوعیدا بمێنن، حیزب حاڵى لە حاڵى ئەوڕۆى باشتر نابێت و هەر ڕۆژێك بەدەردى شێرپەنجە سەر دەنێتەوە. گرنگ نیە چى بە من و بەو كەسانە دەڵێن كە دەیەوێت ئەندامانى دڵسۆز و ماندونەناسى ئەو حیزبە لە مەترسى ئێوە هۆشدار بكاتەوە. ئێوە كە هاوبیر و هاوكردارى عومەر فەتاحن بۆچى سەنگەر ناگوێزنەوە بۆ ناو ڕیزى حیزبەكەى ئەو. سەرانى گەندەڵى ئێوە كاتێك لەسەر بەرژەوەندى لە حیزب زیز دەبن لەلایەن سەركردە گەندەڵەكانى ترتان بە پۆست و پلەوپایە ئاشت دەكرێنەوە. پێدەچێ حیزبو وڵاتو میللەتتان هەموویان لە خەم ڕەخسابن بۆیە ئێوە بیست ساڵە تەنها لە خەمى خۆتاندانو وێڵى دواى چارەسەرى خەمى خۆتانن. یەكەى پێوانەى نیشتیمانپەروەرى ئێوە لەمێژە بووەتە "دەفتەر". لاى ئێوەش وەكو حیزبە بۆرژواكانى ترى وڵات دەفتەر پێوەرە بۆ ئابڕو و ئاكارى جوان و پیاوەتى. ئێوە نیشتیمانپەروەرى بە دەفتەر دەپێون نەك بە خەباتو قوربانیدان. ئێوە میراتگرى ئەو بەرپرسەن كە، لەكۆتایى ساڵانى حەفتاكانى سەدەى ڕابوردو، كاتێك كە لەماڵى پیاوێكى شارى سلێمانى كە دۆستى دڵسۆزى حیزب بوو خۆى لە پیاوانى ڕژێم شاردبۆوە، ڕۆژێك كە خانەخوێ لەمالأ نابێت بەرپرسەكەى ئێوە دەیەوێت دەستدرێژى بكاتە سەر ژنى خانەخوێكە ئەویش ڕێگاى پێ نادات و كاتێك كە پیاوەكەى دێتەوە بەسەرهاتەكەى بۆ دەگێڕێتەوە پیاوەكەى دەست دەداتە ئێخەى بەرپرسەكەى ئێوەو پێى دەڵێت هەى نانكوێرى داوێن پیس، ئەگەر لەبەر هەندێك ئیعتیبارات نەدەبوو هەر ئێستا بەگرتى پیاوانى ڕژێمم دەدایت بەڵام بڵێم چى كە دەستم بەستراوە. لەپاش ئەوە بەرپرسەكەى ئێوە لە ماڵەكەى دەكاتە دەرەوە. بەڵێ ئێوەى سەران و كاربەدەستانى ئەمڕۆكەى حیزب میراتگرى ئەم بەرپرسەى دوایین نەك میراتگرى فەهد..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست