بۆ یەكێتیەكان: منگەمنگی بۆ چییە یان ڕاستگۆ بن یانیش وەرنەدەر
Saturday, 22/06/2013, 12:00
سودمەندی سەرەكی رێكەوتنی ستراتیژیی نێوان یەكێتی و پارتی، یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوە. لەسایەی ڕێكەوتنەكەدا پۆست و دەستكەوتێكی زۆریان لە عێراق دەست كەوت و لە كاتی هەڵكردنی ڕەشەبای گۆڕانیش بەهۆی ئەو رێكەوتنە خۆیان گرتەوە ئەگینا داریان لەسەر بەرد نەدەما. لە كوردستانیش هەموو پۆستەكانی ئیدارەی سلێمانیان قۆرغ كرد و دوو ساڵیش حكومەتیان بەدەستەوە بوو و سەرۆكایەتی پەرلەمانیشیان 6 ساڵی ڕەبەق هەبو. لەناو پۆستە ئیداریەكانی هەولێر و دهۆكیش بەشێكی زۆریان بەر كەوت. زۆر خەڵكیش پێی وایە ئەو ئیستحقاقەیان لە هەڵبژاردنەكانی كوردستان نەبو بەڵام بەهۆی هاوبەشبونی لەگەڵ پارتی دەنگەكانی لەگەڵ پارتی نیوە كرا و هێندەی پارتی پەرلەمانتاری لە پەرلەماندا مسۆگەر كرد.
ماوەیەكە لە لێدوان و نوسین و ڕۆژنامەكاندا كە بێگومان دەستی یەكێتیشی لەپشتە باسی ئەوە دەكرێ كە یەكێتی زەرەرمەند بووە لەو ڕێككەوتنە و با چیدی یەكێتی نەبێتە پاشكۆی پارتی و با ڕێككەوتنەكە هەڵوەشێتەوە. باشە خەڵك حەز دەكات بزانێ ئەو خۆبەپاشكۆزانینە لە چیەوە هاتوە؟ كەی كەسێك لەنێو پارتی باسی پاشكۆبونی یەكێتی كردوە؟ حەز دەكەین بۆ خەڵك ڕوون بكرێتەوە هێماكانی پاشكۆبونی یەكێتی بۆ پارتی چین؟ تەنیا شتێك كە دیارە لاوازی و بێ سەروبەری و پاشاگەردانی خودی یەكێتیە كە بەرپرسەكانی هەر ڕۆژە و قسەیەك و لێدوانێك فڕێ دەدەن. مام جەلال میراتێكی وای جێهێشتووە كە هەموویان بوونەتە دوژمنی یەكتر و لەدژی یەكتر پیلانگێڕی دەكەن. هەر كامەیان سەری لە كونێكی موخابەراتییە و هەر مەسوولێكیان ئاواز بۆ بەرژەوەندیی كەسێك یان لایەنێك یان دەزگەیەك لێ دەدەن. ئەوە پێمان دەڵێت پاشكۆبون لە ناخ و سروشتی بەرپرسەكانی یەكێتیە نەك ئەوەی لایەنێك بەسەریدا بسەپێنێ. سەیر بكەن یەك زەڕە متمانەیان بۆ خۆ و دواڕۆژی حزبەكەیان نیە. بۆ ئەوەی بسەلمێنن كە پاشكۆی پارتی نین خێرا بونەتە پاشكۆی كەسێكی دی و هەموو شەوێك تەوجیهات و ماددەی لێدوانی جۆراوجۆرە لە دەروبەر وەردەگرن و سەر لە خۆیان و خەڵكی كوردستانیش دەشێوێنن.
پێویستە كادیرە پێشكەوتوەكانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە ئاشكرا قسەی خۆیان بكەن و ڕاستییەكان بڵێن و وەك سەركردەیەكی سیاسی ڕەسەن هەڵسوكەوت بكەن، كە خاوەن حزب و جەماوەری خۆیانن و تەوجیهات لە كەس قبوڵ ناكەن. دەبێ هەموو وردەكاریەكانی دابەشبونی پۆست و سودمەندیان لە ڕێكەوتنی ستراتیژی بۆ لایەنگرانی خۆیان شی بكەنەوە و نەكەونە داوی پاشكۆیەتی و كار بۆ ئەجیندای حزبێكی دیكە نەكەن. با بوێر بن و بڕیار بدەن كە ئەگەر هەر ناڕازین و خۆیان بە مافخوراو دەزانن با لە ڕێكەوتنەكە بێنە دەر ئیتر ئەو هەموو خۆهەڵخەڵەتاندن و چەواشەكردنی خەڵك و منگەمنگیان بۆ چییە؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست