كوردستان بازاڕى ئازادە !!
Thursday, 22/03/2012, 12:00
بێگومان جنابی مەلا سەمەد یەكەم كوردی ریشدارنیە و ئاخرین كەسیش نابێ كە بە فیتی ئیسلامی سیاسی فەتواى دژە جەژنی نەتەویی نەوروز دەداو خەڵكی دژى ئەم جەژنە هاندەدا و هەندێ وتەی بێ بنماو دوور لە راستی دەخاتە گوێى كەسانێكی خۆشباوەڕو سادە.
لەوەتەى كورد یادى ئەم جەژنەیە دەكەنەوە ،كەسانێكی كۆنە پەرست و بیردوواكەوتووی ئەمساڵی مەلا سەمەد هەوڵیان داوە سەر لە خەڵكەكە بشێوێنن بیانكەنە ئەڵقە لە گوێى نەتەوكانی دیكەو بیرى نەتەوەیی كورد لاواز بكەن و مەرامی ئیسلامی سیاسی ببهێننە دێ .
پرسیار لێرە دایە: ئایا كێ رێگەى داوە نووسینگەى فریشتە وتارەكانی مەلا سەمەد بڵاوبكاتەوە؟ ئەم نووسینگەیە چییە و روخسەتی هەیە؟ ئەى وەزارەتی داد لە كوێیە؟ كوانێ ئەو كەسەى وەزیفەى (داواكاری گشتی) دەبێنێ و موچەو ئیمتیازاتی لێوەردگرێ ؟ بۆچى نایەتە جەواب و داوا لەسەر مەلا تۆمار ناكا؟ خۆ ئەم فەتوایەى مەلا بە پێچەوانەى یاساكانی كوردستانن .. جەژنی نەورۆز بە رەسمی زانراوە نەك ئێستا بگرە لە زەمانی سەددام حوسینەوە بە پشووى هەموو عیراق نەك هەر كوردستان دانراوە..
ئێوە تەماشا بكەن ئیسلامی سیاسی (بەتایبەتی لە میسر) چۆن پارێزەرانى خۆى هاندەدا داوا لەسەر خەڵك تۆمار بكەن راكێشی دادگاى بكەن لەسەر تەنیا وتەیەك.. كەچى رێكخراوەكانی كۆمەڵگەى مەدەنی لای خۆمان جەسارەت ناكەن مەلا سەمەدی زادەى بیرى سەدەى یەكی كۆچی بدەنە دادگا ! حكومەتێك بە هەموو هێزی ئاسایش و پۆلیس و دادگا و شیڕە شێر جورئەت ناكا كوردێكی ریش بزن پەڵەكێشی دادگا بكا، نەك گرتن و تێهەڵدان..
كەچى دەفەرموون با دادگا سەروەر بێ!! كامە دادگا؟ ئەوەی مەلا سەمەدو ئەمسالی خۆى ... ..خۆیانی پێ ناسرنەوە؟
لەسایەى پەرلەمانی كوردستان كە هەموو خەباتیان بۆ مووچەو ئۆتۆمبیل وشوققەو خانە نشینییە.. لە سایەى حكومەتێكی بێدەسەڵات و لاواز كە هەر خەریكی گەندەڵى و گیرفان پڕكردنە.. لە سایەى بیری عەشایەرى و دواكەتوو.. مەلا سەمەد تەڕاتێن دەكا و حیسابیش بۆ كەس ناكا..بەر لەویش مەلایەكی ریشدارى وەكو خۆى فەتواى جیهادی دا و كەس لە گوڵی گرانتر پێ نەوت..
گۆڕپان ئازادە.. چەشنی بازاڕى كوردستان.. مەلا سەمەدیش ئازادە بەوەى 40 ملیۆن كوردی هەژار بە گاور لە قەڵەم بداو خوێنیان حەڵال بكا..
گرفت لە گاورییەكە نیە.. گرفت لێرەدایە مەلا دەستی تیرۆرى كردەوە كە قتڵو عاممان بكەن.
تفوو لەم وەزعە..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست