ئۆتۆمبێلێكى سەندیكاى كرێكاران زەوت دەكرێت
Sunday, 27/06/2010, 12:00
ویراى ئەوەى بەرپرسی پێشووى لقی گەرمیانى سەندیكاى كرێكاران و پیشەوەرانى كوردستان،ماوەى زیاد لە ساڵ و نیوێكە لە پۆستەكەى لابراوە،كەچی ئۆتۆمبێلەكەى سەندیكاى لەگەڵ خۆیدا بردووە و نەیگەڕاندۆتەوە،سەندیكاش مەڵبەندى یەكێتى لێ ئاگادار دەكاتەوە.
سەرچاوەیەك لە سەندیكاى كرێكاران و پیشەوەرانى كوردستان لەگەرمیان بە (سڤیل)ى راگەیاند "ماوەى زیاد لەساڵ و نیوێكە بەرپرسی لقی سەندیكاى كرێكارانى گەرمیان لە پۆستەكەى لابراوە و ئۆتۆمبێلەكەیش كە موڵكى سەندیكایە لەگەڵ خۆیدا بردوێتى و نایگەڕێنێتەوە.
بە پێی نوسراوێكى لقی گەرمیانى سەندیكاى كرێكاران و پیشەوەرانى كوردستان،كۆپیەكى دەست (سڤیل) كەوتووە،ئاراستەى مەڵبەندى 11ى كەلارى یەكێتى كراوە،داواكراوە ئۆتۆمبێلی جۆری ئۆپڵ كە لەلای (ئەحمەد مەجید)ى بەرپرسی پێشوى لقی سەندیكایە لێی وەر بگیرێتەوە،بەسەندیكا بدرێتەوە،چونكە بە موڵكى لقی گەرمیانى ئەو سەندیكایەى دەزانن.
سەڵاح مەحمەد بەرپرسی لقی گەرمیانى سەندیكاى كرێكاران و پیشەوەران هەواڵەكەى پشتڕاست كردەوە لە لێدوانێكیدا بە (سڤیل)ى گوت"ئێمە هەڵوێستمان هەیە بەرامبەر ئەو ئۆتۆمبێلە كە براوە و تا ئێستا نەگەڕاوەتەوە،ئۆتۆمبێلەكەیش موڵكى سەندیكایە،نووسراوێكیشمان بۆ مەڵبەندى یەكێتى كردووە،تا ئەو ئۆتۆمبێلە وەربگرینەوە،ئاگادارى مەكتەبی رێكخراوە دیموكراتیەكانیشمان كردۆتەوە".
لە بەرامبەردا ئەحمەد مەجید بەرپرسی پێشووى لقی گەرمیانى سەندیكاكە،لە لێدوانێكى تایبەت بە (سڤیل) ئەوەى رەتكردەوە،كە ئۆتۆمبێلى سەندیكاى لەلا بێت و گوتى"هیچ ئۆتۆمبێلێكى سەندیكا لەلاى من نییە".
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست