کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كەسوكارى ئەنفالكراوەكانى گەرمیان "داواى دادگاییكردنى جاش و موستەشارەكان دەكەن"

Friday, 23/04/2010, 12:00


"داوامان لە یەكێتى و پارتى كردوە پشتگیری لە جاش و موستەشارەكان نەكەن"
ئاوێنە:خەمى كەسوكارى ئەنفالكراوەكانى گەرمیان،وەك خۆیان باسی دەكەن،خەمى خانوو موچە و شتى تر نییە،بەڵكوو"خەمى دادگایی كردنى جاش و موستەشارەكانە،كە لەلایەن بەشێك لەحیزبە كوردییەكانەوە داڵدەدراون.بەرپرسی ناوەندى چاك لە گەرمیانیش لەو بارەیەوە رایگەیاند"پرۆژەمان ئەوەیە، سكاڵا لەسەر ئەو جاش و موستەشارانە تۆماربكەین،كە دەستیان لە تاوانى ئەنفالدا هەبووە".
بەدەر لەوە زۆرێك لە كەس وكارى پاشماوەى ئەنفالكراوەكانى گەرمیان لە رۆژى یادكردنەوەى ئەو تاوانەدا نیگەرانبون لە نەهاتنى جەلال تاڵەبانى سەرۆك كۆمارى عێراق بۆ مەراسیمى یادكردنەوەى 22 ساڵەى.
پرۆسەى ئەنفال،یەكێكە لەو تاوانە كەموێنانەى كە رژێمى پێشووى عێراق، دژ بە بزاوتى سیاسی گەلی كورد ئەنجامى داوە،بەوتەى بەشێك لەكەس و كارى ئەنفال كراوەكان،كاركردن بۆ دادگایی كردنى ئەو جاش و موستەشارانەى كە دەستیان لەو تاوانەدا هەبووە"تا ئێستا وەكو پێویست نەبوە".
نەسرین ئەمین ژنێكى پاشماوەى ئەنفالەو خاوەن 12 سەر خێزانى ئەنفالە،ئەو ژنە كە لە رووخساریدا خەمێكى قوڵ بەدیدەكرێت لە پاش بەهەناسە هەڵكێشانێكى قوڵ وتى"كوردستان بۆتە پایتەختێكى خۆشگوزەران بۆ ئەو جاش و موستەشارانەى،دەستیان لەتاوانى ئەنفالدا هەبووە،كەسیش لێپیچینەوەیان لەگەڵ ناكات،بەراستى حەقە هەرچی دەستى لەو تاوانەدا هەبوو بە سزاى خۆی بگات".
هەروەها ئەو ژنە ناڕەزایی خۆی دەردەبڕی بەرامبەر نەهاتنى جەلال تاڵەبانى سەرۆك كۆمارى عێراق بۆ مەراسیمى یادى ئەنفال وتى" زۆر بەداخەوە بۆ سەرۆك كۆمارى عێراق كە نەهاتە سەر گۆڕى ئازیزانمان". هەر ئەو ئافرەتە ئاماژەى بەوەشدا كە لە رۆژى كارەساتى ئەنفالدا نەیانتوانیوە ئۆتۆمبێلێكیان بۆ بگرن "تا بە ئاسانى بگەنە جێگاى مەراسیمەكە".
بێوەژنێكیش كە 23 خانەوادەى بەر شاڵاوى ئەنفال كەوتووە لە نێو ئاپۆڕاى مەراسیمەكەدا بەدەنگێكى بەرز بۆ ئاوێنە دواو وتى"هیچم ناوێ نە خانوو نە پارە، تەنها تاوانبارانى ئەنفال دادگای بكەن و مافی كەسەكانمانیان لێ وەرگرینەوە.
سۆران فائیق وەك پاشماوەیەكى ترى ئەنفال،كە دایكى و سێ خوشكى ئەنفالە، ئەوە بە پێویست دەزانێ كە زۆر بەزویی تاوانبارانى ئەو تاوانە راپێچی دادگا بكرێن،هەر وەك ئەو ونى" بۆ ئەوەى ببێت بە پەندێك بۆ مێژوو،بۆ ئەوەى جارێكیتر كەس نەبێتە نۆكەرى بیگانە،لێخۆشبوون لەو كەسانەى منداڵە چاوگەشەكانمیان راپێچى نوگرە سەلمان كرد،بەراستى لە كارەساتى ئەنفال كارەساترە".
مەلیحە ساڵەحیش وەك ئافرەتێكى پاشماوەى ئەنفال كە هێشتا ماندوو بوونى كارەساتى ئەنفال بە روخساریەوە دیار بوو وتى"لە ئێستادا بەشێك لە بەرپرسە كوردەكان،داڵدەى چەندین تاوانباریان داوە كە دەستیان لەو كارەساتەدا هەبووە،ئەوەش هەموو جارێك برینى ئێمە دەكولێنێتەوە،هەر چەندە خاوەنى 16 كەسی ئەنفالم و خوشك و براو دایك و مێردەكەشم لە سێدارە دراوە،بەڵام تا ئێستا خانوومان بۆ نەكراوە،لە گەڵ ئەوەشدا ئەوەى لەلاى ئێمە گرنگە دادگایی كردنى ئەو كەسانەیە كە دەستیان لەو تاوانەدا هەبوە"
"موستەشار هەیە لەم شارە چەندین پاسەوانى بۆ دابینكراوە"
دەربارەى لێپرسینەوە لە جاش و موستەشارەكان، لەلایەن حكومەتى هەرێمەوە،كە هەندێك لەوانە لەناو حیزبەكان داڵدەدراون، ئەحمەد مەجید بەرپرسی ناوەندى چاك لە گەرمیان لە لێدوانێكیدا بە ئاوێنەى راگەیاند"دوای راپەڕین،كاتێك بەرەى كوردستانى لێبوردنى گشتى دەركرد،بۆ هەموو ئەوانەى كە پەیوەندییان بەبەعسەوە هەبوو،بۆ ئەو تاوانبارنە نەبوو كە حەقی خەڵكییان لەلایە،خەڵك ئێستا داواى حەقی خۆی لەوانە دەكات و كە حەقی لەلایانە، بەتایبەتى جاش و موسستەشارەكان،كە تاوانباران بە ئەنفالكردنى خەڵكى كوردستان، ئێستا موستەشار هەیە لە كەلاردا چەندین پاسەوانى بۆ دابینكراوە وە موچەى باشیش لەحكومەت وەردەگرێت،ئێمە سكاڵاى خۆمان لەسەریان تۆمار دەكەین لە هەركوێ پێویست بكات،بەڕاستى مێژوو لەو كەسانە خۆش نابێت.
لەبارەى فشار خستنە سەر حكومەت بۆ دادگایی كردنى جاش و موستەشارەكان ئەو بەرپرسەى ناوەندى چاك گوتى"خوشبەختانە ناوەكانی ئەو كەسانەمان لایە،كە دەستیان لەو تاوانەدا هەبوە،لە رێگەى راگەیاندنەوە كارى لەسەر دەكەین،هەوڵ دەدین،لەرێگەى ناوەندى چاكەوەئەو تاوانە بگەینینە دادگایی نێو دەوڵەتى،بەدڵنیایەوە وازیان لێ ناهێنین تاوەكوو دادگایی نەكرێن داواكاریشین،یەكێتى و پارتى پشتگیریان نەكەن،بە پێچەوانەوە ئومێد دەكەین ببنە هاوكارمان،چونكە هەوڵەكانمان بۆ بەرژەوندى كەس و كارى ئەنفال كراوەكانە،بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوام دەبین تا دەگەینە ئامانجەكانمان".


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە