سەرۆكى حكومەت هەوڵی بچوككردنەوەى گەرمیان دەدات
Monday, 22/03/2010, 12:00
گەرمیانییەكان،دادو بێدادیانە لەدەست ئەو بودجەیە كە بۆ گەرمیان تەرخانكراوە،ئاماژە بۆ بچوككردنەوەى ناوچەكەیان دەكەن،لەلایەن سەرۆكى حكومەتى هەرێمى كوردستانەوە،بە گومانیشەوە دەڕواننە ئیدارەى گەرمیان،كە كارتۆنییەو هیچى تر.
سەروەت عەلی هاوڵاتییەكى دانیشتوى شارى كەلارە،ئاماژە بەبێپلانى حكومەت دەكات لە ناوچەى گەرمیان،تەئكیدیش لەسەر ئەوەدەكاتەوە كە حكومەت بێبەرنامەیە، ئەو دەڵێت"ئەم حكومەتە بێ پیلانەو ئەقڵێك نییە بیباتە رێوەو ستراتیژى كاركردنى نییە،چونكە بەڵێنیان بەگەرمیان دا كە وەكو پارێزگا مامەڵەى لەگەڵدا كەن، بودجەى بۆ تەرخان بكەن،بەڵام هەر بەڵێن بوەو هیچى تر. ئەو هاوڵاتییە ئاماژەیشى بەوەدا كە بودجەى گەرمیان بەپێی رێژەى دانیشتووان بۆ نەبراوەتەوە، ئەو وتى" هەوڵێك هەیە بۆ بچوككردنەوەى گەرمیان، ئەو بودجەیە كە تەرخان كراوە بۆ زانكۆى گەرمیان،نیوەی ئەو بودجەیە نابێت كە تەرخان كراوە بۆ پرۆژەیەك لە دهۆك،هەروەها ئیدارەى گەرمیان زیاتر لەناوێك نەبێت هیچی تر نییە،تەنها پۆستێكى كارتۆنییەو بەس،تا ئێستا ئەو بەرپرسە هیچ هەوڵێكى ئەوتۆی نەداوە بۆ ناوچەى گەرمیان.
شاراوە نییە كەوا گەرمیان لەگەشەكردنێكى فراواندایە،بەهۆی ئارامى باردۆخى ناوچەكە و هاوسنووریان لەگەڵ ناوچە عەرەبنشینەكانى دیكەى عێراق،دانیشتوانى گەرمیان بەپێی ئامارە ناڕەسمییەكان لە دووسەد هەزار كەس زیاترە،بەڵام بە پێی رێژەى دانیشتوانەكەى بودجەى بۆ تەرخان نەكراوە.
یادگار ئەنوەریش قوتابییەكى ترى ناوچەى گەرمیانە جەخت لەسەر ئەوەدەكاتەوە ئیدارەى گەرمیان تا ئێستا هیچ شتێكى ئەوتۆى نەكردووە بۆ ناوچەى گەرمیان،ناوبراو ئەوەیشی نەشاردەوە كەوا سەرۆكى حكومەت هەوڵی بچوككردنەوەى گەرمیان دەدات،ئاماژەبەوە دەكات كەوا دیاردەیەكى كوشندە هەیە لە دەستێوەردانى زانكۆكان، ئەو دەڵًێت"دەسەڵاتى حیزب تێكەڵاوى دەسەڵاتى زانكۆكان بووە،من ئاگام لێیە هەموو بەرپرسى بەشەكان ئەندام كەرتن،قوتابییەك كێشەیەكى هەبێت لەباتى ئەوەى بڕوات بۆ لاى سەرۆكى راگر، دەڕوات بۆ مەڵبەند نوسراوى بۆدەكەن،بێئەوەى كێشەیەك لەناو هەرەمى زانكۆكە چارەسەر بكرێت".یادگار لە درێژەى قسەكانیدا وتیشی" تائێستا كێشەیەكى گەوەرە هەیە بەشێكى خەڵكى كەلار سەرچاوەى ئاویان بیرە،چەندین روداوى ناخۆش لەكاتى پاككردنەوەى ئەو بیرانەدا رویداوە،مایەى شەرمە بۆ حكومەتى هەرێم خەڵك لە بیرى ماڵدا ئاودەربێنێت.
جوانە ئەحمەدیش ئافرەتێكى ناوچەى گەرمیانە بە گلەیی بو كەوا تا ئێستا ناوچەى گەرمیان بودجەیەكى سەربەخۆی نییە،ئەو وتى"حەیفە بۆ ئەم حكومەتە كە تا ئێستا گەرمیان بودجەیەكى سەربەخۆی نییە،ئەمە مایەی دڵگرانی خەڵكى گەرمیانە"،ئەو خانمە لە گۆشەیەكى ترەوە باسی لە بێپلانى حكومەتى هەرێم دەكرد كە ئەویش پەراوێزكردنى گوندەكانەو چۆڵبونیانە بەو هۆكارەوە"چوڵكردنى لادێكان زەنگێكى ترسناكە بۆ حكومەتى هەرێم،ئەنفال كارەسات نییە،چوڵكردنى لادێكان و روخاندنى ژێرخانى ئابورى كوردستان كارەساتە، ئەوەى زۆر مەترسییە چۆڵكردنى لادێكانە كەچەندین لادیێ لەسنوورى گەرمیان چۆڵكراوە،چوڵكردنى لادێكانیش گەورەترین مەترسیە بۆ ئایندە،ئەم حكومەتە كەس نازانێ چۆن بیر دەكاتەوە،حكومەتێكى سەرلێشێواوە".
دەربارەى گرنگیدان بەناوچەى گەرمیان لەلایەن حكومەتەوە،عەبدوڵڵاى مەلا نورى پەرلەمانتارى لیستى گۆڕان دانیشتوى گەرمیان،پێى وایە حكومەتى هەرێم بەرنامەیەكى رون و تۆكەمەى نییە بۆ خزمەتكردنى ناوچەى گەرمیان،ئەو وتى"بەجۆرێك لە جۆرەكان حكومەتى هەرێم و بەتایبەتى كابینەى شەشەم گەرمیانى پشتگوى خستووە،بەڵگەیش بۆ ئەمە ئەوەیە لە بوجەى (2010)تەنها پرۆژەیەكى نییە بۆ ناوچەكە،واتە پشگوێى خراوە ئەمە لەكاتێكدایە گەرمیان لەڕووى ژمارەى دانیشتوانەوە نزیكە لە ژمارەى دانیشتوانى دهۆكەوە،لەڕوى روبەرو پێگەى جوگرافی زۆر فراوانە ناوچەیەكە لەهەموو ناوچەكانى ترى كوردستان وێران ترە،هەمیشە حكومەتى هەرێم لە پەیامەكانیدا خۆیان دان بەوەدەنین كە ناوچەیە وێرانە و پێویستە خزمەت بكرێت،كە چی كردارو وتەكانیان یەك ناگرێتەوە راستگۆ نین لەگەڵ خەڵكى ئەم ناوچەیە،حكومەت لەو كاتەی پێویستى بە خەڵكى گەرمیان هەیە،لەكاتى گرژى و ئاڵۆزیدا خەڵكى گەرمیانى بیر دەكەوێتەوە،لەبەرامبەردا خێرو بێری ئەم وڵاتە دابەش ئەكرێت خەڵكى گەرمیان پشتگوێ ئەخرێت.
دەربارەى بودجەى گەرمیان و كێشەو گرفتەكانى ئیدارەى گەرمیان،ئاوێنە چەندین جار پەیوەندى بە سەرپەرشتیارى ئیدارەى گەرمیان (سەعید ئەحمەد)ەوە كرد،بەڵام ناوبراو تەلەفۆنەكەى هەڵنەئەگرت.
توانا ئەحمەد راوێژكارى سەرۆكى حكومەتى هەرێم لە لێدوانێكیدا بە ئاوێنەى راگەیاند"سەرۆكى حكومەت هەوڵ دەدات دەسەڵاتى زیاتر بە گەرمیان بدات،لە یادكردنەوەى ئەنفالدا بەردى بناغەى زانكۆى گەرمیان دائەنرێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست