کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لەشكركێشییەكەى ئێران بۆ سەر حیزبی دیموكرات بە هاوكارى یەكێتى سەرەتاى دەستتێوەردانى وڵاتان لەشەڕی ناوخۆدا

Thursday, 30/09/2010, 12:00




كتێبی (خەباتخوازیی كورد) لەنوسینى كریس كۆچێرا لەساڵی 1997 لەفەڕانسە لەچاپ دراوە،كتێبەكە لەسەر مەسەلەى كورد و هەڵسەنگاندنى دیاردە و رووداوەكانى مێژووى بزووتنەوەى كورد تەرخان كراوە و بەسەر چوار فەسڵدا دابەش بووە،كە هەر كامەیان خەباتى كورد لە پارچەیەكى كوردستاندا دەخاتە بەر باس و لێكۆڵینەوە.لە ساڵی 1999 ئەم كتێبە لەلایەن ئاسۆ حەسەن زادە بۆ زمانى كوردى وەرگێڕاوە.
بابەتەكانى نێو ئەم كتێبە دواى شەڕەكانى ناوخۆ نوسراوە.بەشێكى كە پەیوەندى بە كوردستانى عێراقەوە هەیە،بڵاوى دەكەینەوە.
یەكێك لەو رووداوە سیاسیانەى لە نیوەى نەوەتەكان لە باشورى كوردستان روویاندا و كاریگەرییان لەسەر رووداوەكانى دواى خۆی هەبوو،مەسەلەى هێنانى سوپاى پاسدارانى ئێران بوو بۆ سەر حیزبی دیموكراتى كوردستان لە كۆیە،لەلایەن یەكێتى نیشتیمانى كوردستانەوە،كە ئەو كاتە لەگەڵ پارتى لەشەڕێكى نێوخۆیی دابوو،ئەو كاتە بەپێی لێكدانەوەى چاودێرانى سیاسی رازیبوون یان هاوكارى یەكێتى لەم پرۆسەیەدا لەبەرامبەر پشتگرتنى ئێران بوو بۆ یەكێتى لەشەڕى دژ بە پارتیدا،بەتایبەتیش دواى ئەوەى پارتى رازى نەبوو،ئەو سوپایەى ئێران بە سنورى ئەودا بێت و بەسنورى ئەویشدا بگەڕێتەوە،ئەوە دۆخەكەى قورستر كرد و ئێران بەئاشكرا هاتە ناو شەڕەكە لەدژى پارتى بە قازانجى یەكێتى،ئەم كارە ئەنجامى دیكەى نەخوازراوى بەدواداهات،كە سی و یەكى ئاب یەكێكیانە،نووسەرى كتێبەكە لەدوا لاپەڕەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات،چۆن یەكێتى نیشتمانى كوردستان بەسەرۆكایەتى جەلال تاڵەبانى توانیان لە هێرشی ئێراندا كە زیاتر لە (255)كیلۆمیتر لە نێو خاكى كوردستانى عێراقدا چووە پێش،هاودەستى لەگەڵ ئێران بەكەن.نووسەر دەڵێت"رۆژى 26ى تەموز دوو هەزار پاسدارى شۆڕش لە نزیك پێنجوێن سنوور دەبەزینن و دەچنە سلێمانی و شەو لە موعەسكەر سەلام كە یەكێك لەو قەڵا گەورانەیە، كە سەدام لە ساڵەكانى 1980دا دروستى كردبوو دەمێننەوە.لە رۆژى دواییدا ئەو هێزانە كە بە سەد كامیۆن و تۆپی 130 ملم و 155 ملم،مووشەكى كاتیۆشاو مووشەكهاوێژى (حسێن)كە 120كم بوردى هەیە تەیاربوون و لەلایەن سێ سەد پێشمەرگەى یەكێتى نیشتمانى كوردستانەوە ئامادە كرابوون و وەڕێ دەكەون.ئەوان كاتێك دەگەنە بەرزاییەكانى هەیبەت سوڵتان كە بەسەر دەشتى كۆیەدا زاڵە،لە رۆژەكانى 28 و 29 تەموز دەفتەرى حیزبی دیموكراتى كوردستانى ئێران كە لە كۆنە قەڵایەكى ئەرتەشی عێراق و لە چەند كیلۆمیترى شارى كۆیە هەڵكەوتوە لەگەڵ پێنج ئۆردووكاكەى حیزب لە دەوربەر بوردوومان دەكەن".
نووسەر باس لەوەدەكات پێشمەرگەكانى حیزبی دیموكرات چوونەتە پێشى هێزەكانى ئێران و توانیویانە سەنگەر بگرن و خۆیان پەنا بدەن،هەروەها لەو تۆپبارانەدا ماڵی بنەماڵەكانى پێشمەرگە و نەخۆشخانەى نێونەتەوەییەكان و رێكخراوى پزیشكانى جیهانى وێران دەكرێت.
28ى تەموزى 1996 بەرەبەیانێكى شوم دەستى پێكرد، كاتژمێر 10ى سەر لەبەیانى بوو تۆپخانەكانى ئێران جارێكى تر ئۆردووگاى جێژنیكان لە نزیك شارى هەولێر كە سەدان كوردى ئێرانیی لێ دەژیان،تۆپباران كردو پاسدارەكان لەهەیبە سوڵتان هێریشیان كردە سەر دەفتەرى سیاسی حیزبی دیموكراتى كوردستانى ئێران،بەڵام پێشمەرگەكانى ئەو پارتە پاشەكشەیان پێدەكەن.نووسەر دەڵێت"پێشڕەویی ستوونەكەى ئێران گەیشتبووە دەروازەى كۆیەو چەند پاسدارێك بە جلی یونیفۆڕمى خۆیان چووبوونە نێو شار،دواى ئەوە كە فڕۆكەى هاوپەیمانەكان لە پاش نێوەڕۆی 29ى تەموزى 1996 بەسەر سەرى هێزە ئێرانییەكان دا دەفڕن،شەوێ ئەو هێزانە هەر بەو رێگایەدا كە پێی دا هاتبوون دەگەڕێنەوە.پارتى دیموكراتى كوردستان قبووڵ ناكات بەشێكى ستوونەكە بە رێگاى حاجى ئۆمەراندا بگەرێتەوە،ئێرانییەكان لە هاتنیشدا ویستبوویان بەو رێگایەدا بێن".
نوێنەرى حیزبی دیموكراتى كوردستانى ئێرانیش لە پاریس شاهۆ حوسێنى وەڵام دەداتەوە،دەڵی"بەداخەوە جەلال تاڵەبانى و مسعود بارزانى بۆ ئەوەى یەكیان بەسەر ئەوى دیكەیان دا سەركەون حازرن هەموو بەشەكانى دیكەى كوردستان بكەنە قوربانى!كاتێك جەلال تاڵەبانى رادیۆى پێ داخستین،لێمان پرسی هەتا كوێ ئاوا بۆ ئێرانى شل دەكا.تاڵەبانى وەڵامى داینەوە: نا،ئیدى تەواو.بەڵام ئێمە پێمان گوت كە دەوڵەتى ئێران لە پێشدا داواتان لێ دەكا چەكمان كەن،پاشان داواتان لێ دەكا رێبەرەكانمان تەحویل بدەنەوە".
جەلال تاڵەبانى لەنامەیەكى دەسنووسی خۆى داو لە رێكەوتى 28ى تەموزى 1996 بۆ عەبداڵڵا حەسەن زادە سكرتێری گشتیی ئەوكاتەى حیزبی دیموكراتى كوردستانى ئێرانى نووسیبوو، وەوكو نووسەر ئاماژە بە نامەكەى مام جەلال دەدات دەڵێت"رێژیمى ئێران،داوایان لێكردووین لە ناوچەى خۆمان دەرتان كەین،چەكتان كەین،....هتد.ئێران سنوورەكەى بەستوە ئەوە بۆ ئێمە بە ملیۆنەها و ملیۆنەها دینار تەواو بووە!،هەروەها جەلال تاڵەبانى گلەیی لە حیزبى دیموكرات دەكا كە وتووێژى نهێنی لەگەڵ ئێران لە نوسینگەكەى خۆی لە قەڵاچواڵان قبووڵ نەكردوە!.
"جەلال تاڵەبانى فێرنەبووە بە ئێران بڵی:نا"
عەبداڵڵا حەسەن زادە سكرتێری گشتیی حیزبى دیموكراتى كوردستانى ئێرانیش لەكتێبەكەدا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە ئێرانییەكان نەیان توانیوە بەبێ موافەقەتى یەكێتى نیشتمانى كوردستان 255 كیلۆمیتر لە نێو خاكى كوردستانى عێراقدا بچنە پێش،ئەودەڵێ"ئێمە ئەگەر دەستمان ئاوەڵا با،دەمان توانى لە زۆر شوێنى لەبار لەسەر ئەو رێگا دوورودرێژە بە ژمارەیەكى زۆر كەمى پێشمەرگەوە كەمینیان بۆ دابنێینەوە،بەدبەختییەكە ئەوەیە كە جەلال تاڵەبانى فێرنەبووە بە ئێران بڵی:نا !!.
نوسەرى كتێبەكە لەو بارەوە زیاتر نوسیویەتى"بەداخەوە كوردەكان ئەو سوێندە مێژووییەیان لە بیر چۆتەوە، كە زیاتر لە نیوسەدە لەمەوبەر نوێنەرانى سێ پارچەى كوردستان لەسەر چیاى داڵامپەڕ خواردبوویان،چیایەك كە بەراستى سەمبولێكە،چونكە لە شوێنى بەیەكگەیشتنى ئەو سێ سنوورە هەڵكەوتوە، كە كوردستان لە نێوان توركیا و عێراق و ئێران دا دابەش دەكەن.ئەوكاتە ئەو ناسیۆنالیستە كوردانە سوێندیان خواردبوو،كە هەرگیز هیچ چەشنە یارمەتییەك لە هێزێكى دراوسێ قبووڵ نەكەن، كە بتوانێ زیان بە بزووتنەوەى كورد لە بەشێكى دیكەى كوردستاندا بگەیەنێ".
 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە