بەبەڵگەوە: سلێمانى بۆتە مۆڵگەى لەشفرۆشى و بەرپرسە حیزبی و حكومییەكانیش كـــــاریان پێوەدەكەن
Sunday, 18/03/2012, 12:00
كەسێك نیە ئەگەر زۆریش بێویژدان بێت ئینكارى ئەو راستییە زۆر تاڵە بكات كەچۆن سلێمانى داخى گرانمان بۆتە مۆڵگەیەكى ئاشكرا و چالاكى ئافرەتە لەشفرۆشەكانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق .. هەروەك چۆن زۆرن ئەو باندانەى پیشەى بەگەڕخستنى گروپە لەشفرۆشەكانیان كردۆتە بازرگانیەكى پڕ قازانج و بەرۆژى نیوەڕۆ بەرپرسە حیزبى و حكومییەكانى پۆلیس و ئاسایشى ناو سلێمانى لەبەرزترین پلە باڵاكاندا پارێزگاریان لێدەكەن بەچاوپۆشیكردن لێیان و پاراستنیان لەهەموو بەدواداچوون و لێپرسینەوەیەك [بەكوردیەكەى لاى خۆمان پارە بەو ئافرەتانەوە پەیدا دەکەن] بەخوا لەمەش تاوانە دەرهەق بە ناوبانگ و شەرەفى خەڵكى سلێمانى ، ئاخر بۆیە رۆژ نیە لێرەو لەوێ كچێك یان كوڕێك لەبارودۆخێكى نەزانراودا بەكوژراوى و خنكاوى نەدۆزرێنەوە ، یان هەفتە نییە لەسەر كێشەیەكى بچوكى خاوەندارێتى زەوى و زار پێنج شەش كەس بە گوللە كەللە پاچە نەكرێن و حیزب و حكومەتیش بۆخۆى لەگوێى گوێرەكەدا لەشیرینى خەودایە .
فەرموون كلیكى ئەم لینكەى پێگەى هەواڵى [نــهـــا] بكەن و بەچاوى خۆتان ببینن كە چۆن بەرپرسى حیزبى باڵا پارێزەرى شوێنەكانى لەشفرۆشى و شەڕواڵپیسین بە بەڵگە و سەلماندن و ناو و ناونیشانەوە .
http://www.niha24.com/Direje.aspx?Jimare=4112 كەموكورتیەكە روون و ئاشكرایە هەندێ بەرپرس سەرقاڵى ئاودیوكردنى نەوتى رەش و سپى و شینى ئاسمانین. هەندێكى تر تەندەرەكانى حكومەت بۆخۆى لووش دەدات ... ئەوانى تریش باندەكانى لەشفرۆشى بەڕێوەدەبەن .
لەبنەڕەتەوە بنبڕكردنى ئەمجۆرە دیاردە نامۆیانە بەكۆمەڵگاكەمان كارى دەزگا ئەمنیەكانە .. ئەو دەزگایانەى كە كەڵبەیان خەنجەرە و گوێیان سووكە و چاویان زۆر تیژە كاتێ چوار خوێنكار پێكەوە گردبوونەوەیەكى ناڕازى ئەنجامبدەن .. لەرۆژى حەڤدەى شوبات و پاشترى ئەمساڵدا بەردەركى سەرا بە قسەى نوكتەئاساى شیرینى سلێمانى [ناوقەوێك پۆلیس لێى بارى بوو] ، وایلێهاتبوو كەسێ بەراگوزار لەودەوروبەرە بكۆكیایە چوار پۆلیس پەلكێشیان ئەكرد و ونیان ئەكرد ، ئەوە وێنەگرتن و بەمۆبایل قسەكردن بڤـــەیەكى زۆر قورس بوو ... ئەى ئەوە بــــــــــــۆ ئەو هەموو پۆلیس و ئاسایشە و دار بەدەست و تفەنگ لەشانە مۆڕەكەرانە ئیستا خۆیان و بەرپرسە سمێڵ قەوێەكانیان لەو هەموو مۆڵگەى لەشفرۆشییە خۆیان كەڕ كردووە و منتقیان لەخۆیان بڕیووە ؟ بۆچى گوایا ناونیشانى تەواوى هەموو شوێنەكانى لەشفرۆشى ناوشارى سلێمانى شارەزا نین ؟! بۆچى خۆیان موشتەرى دائیمى سێكسى حەرامى و بەلاشى ئەو شوێنانە نین لەبەرامبەر لاڵبوونیان و جاروبار وەرگرتنى بڕە قازانجێكى وارى شەوە سوورەكانیان .
دیارە هەموو شەڕواڵپیسێكى موشتەرى ئەو شوێنانە هەموو سێكسێكى حەرامى شەوە سورەكانى ئەوێ لەچاوى ئەو بەرپرسە حیزبى و ئەم بەرپرسە ئەمنیانەى سلێمانى دەناسن كە مەنسولى بەڕ و بەحرن لەشارى سلێمانیدا ، ئەمە حەقیقەتە تاڵەكەیە و هیچى تر ، داخى هیچیش نامانكوژێ جەنابى وەزیرى تەندروستى ئەڵێ رێژەى نەخۆشى ئایدز لە كوردستان روو لە هەڵچونە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست