کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


په‌یام، په‌یامی شه‌هیده ‌و گه‌ر گڕبگرێت ده‌بێته ‌بورکان

Wednesday, 27/01/2010, 12:00


ئه‌ی ئه‌وانه‌ی تا دوێنێ له‌بن بانگه‌شه‌ی نوێخوازییه‌وه ‌سه‌ری زمان و ژێرزمانتان (ڕژێمی ڕه‌فتار فاشستی به‌غدا و به‌عسی عه‌فله‌قی) بوو.
ئه‌ی ئه‌وانه‌ی سه‌دان و هه‌زاران گه‌نج و لاوتان به‌ناوی ڕاماڵینی داگیرکه‌ر له‌شاخدا کرده ‌پێشمه‌رگه‌، له‌شاریشدا ڕێکخستنه‌کان ده‌خسته‌ ‌ژێر چه‌قۆی مه‌رگی به‌عسیه‌کان، پارووی ده‌می کو ڕ و کچ و دایک و براو هاوسه‌ره‌کانیان ده‌کرده ‌قوڕگی ئێوه‌ی ئێستای بێمنه‌تی ده‌سه‌ڵاتدار.
ئه‌وه‌ ئێوه بوون خۆتان مه‌ڵاس دابوو له‌بن هه‌نگڵی ڕسته ‌و زاراوه‌ی شۆڕشگێڕیدا کوڕه‌ دانسقه‌کانی گه‌لتان کرده ‌‌‌کۆچی قوربانی ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵ و دز و کورسییه‌کانی ژێر خۆتان پێ مه‌حکه‌م کرد.
ئه‌ی ئه‌و سکرتێره‌ی پاش لێدانی ته‌پڵی سه‌رکه‌وتن له ‌‌داستانی ڕزگاریدا ئینجا زاتت کرد بێێته ‌سه‌ربانیژه‌که ‌له‌پشتی گوندی یاخسه‌مه‌ر سنگت ده‌رپاڕاند، ده‌ی باشه‌ یه‌ک تێکۆشه‌ری کوردم پێ بڵێ خوێنی خۆی نه‌کردبێته ‌ستراتیژی بنیات نانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کورد، ئه‌ی ئه‌وه‌ خێره ‌جه‌نابی عالیتان دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردیتان وه‌کو خه‌ونی شاعیران وێنا ده‌کرد و له‌‌ڕۆژنامه‌و ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنی ئێران و تورک و عه‌ره‌به‌وه ‌داگیرکه‌رانت دڵنیا ده‌کرده‌وه ‌تا به‌نده‌ بمێنێت خه‌ونی تاکی کوردیش ده‌بێت وه‌ک مردوویه‌ک له‌تابوتدا بۆگه‌ن بکات.
ئه‌ی ئه‌و سه‌رکرده ‌زمان کوردانه‌ی له سه‌دام به‌عسی تر و له‌به‌عس ڕه‌فتار فاشی ترو له‌بۆگه‌ن بۆگه‌ن ترن و کرم لێدراون به‌ووشه‌ی ده‌می خۆتان شه‌هیده‌کانمان ڕۆژانه ‌شه‌هید ئه‌که‌نه‌وه ‌هه‌ر ئێوه‌بوون سه‌دان کادر و پێشمه‌رگه‌و ڕێکخستنتان کرده ‌خۆراکی زیندانه‌ تاریکه‌کان و هه‌ر خۆشتان بوون وه‌ک مه‌لای خه‌تێ بوونه ‌سیخوڕ و پاش ڕاپۆرت لێدان ئاشکراتان کردن و ناردتانن بۆ (ئه‌منه‌سوره‌که‌ و و هه‌یئه‌ی خاسه ‌و به‌لده‌ی هه‌ولێر و ئه‌بوغرێب و مه‌حکه‌مه‌ی به‌ناو ‌سه‌وره‌ی به‌عس) ، هه‌ر ئێوه‌بوون بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆتان ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌و بالیسان و شێخ وه‌سانان و بادینانتان ‌هه‌پرون هه‌پرون کرد به‌نێوی خه‌باتی ڕزگاری نیشتمانی کورد و کوردایه‌تی، هه‌ر ئێوه‌بوون به‌ناوی گفتوگۆوه ‌ماچی سه‌دام و دارو ده‌سته‌ی به‌عستان کرده ‌سیمبولی ئاشتبونه‌وه‌و پاراستنی یه‌کێتی نیشتمانی عێراق له‌گه‌ڵ ڕژێم و له‌بری وشه‌ی ڕژێمی به‌عس ده‌ستواژه‌ی میریتان پێ په‌سه‌ندتربوو.
ئێوه‌ی گه‌شبین به‌پۆستی سه‌رۆکایه‌تی له‌عێراقی به‌ناو فیدراڵ و دیموکراسیدا ناتوانن ببنه‌میراتگری سیسته‌می ڕابردووی به‌عس و فاشیزم و نازیزم زیندوو بکه‌نه‌وه‌، ئه‌مانه ‌گشتیان توڕهه‌ڵدراونه‌ته ‌نێو زبڵدانی مێژووی مرۆڤایه‌تی و جیهانیه‌وه‌، دڵنیابن ناتونن تا دواچرکه‌ی ژیانتان هه‌ستی مرۆڤی کورد و عه‌ره‌بی عێراقی قوڕبه‌سه‌ر و شه‌هیدان و مرۆڤایه‌تی بریندار بکه‌ن ته‌نها بۆ پاراستنی به‌رژه‌وندیه‌ تایبه‌تیه‌کانی خۆتان و کورسی ده‌سه‌ڵات و گشت کۆشک و ته‌لاره‌کا‌نی سه‌دامیش باشترین به‌ڵگه‌یه‌که‌ هه‌ر سه‌رۆک و سه‌رکرده‌یه‌ک بخوازێت پیاده‌که‌ری میتۆدی داگیرکا‌ره ‌به‌عسیه‌کان بیێت بێجگه ‌له‌نه‌مانی خۆی سه‌روه‌ت و سامانی بابو باپیرانیشی ده‌بێته ‌موڵکی جه‌ماوه‌ر.
گه‌ر له‌م ئاسته‌ی خۆتان نه‌وه‌ستن و درێژه ‌به‌عه‌قڵی به‌عسی ڕه‌فتار فاشی وبیردۆزی خه‌ڵه‌فاوی خۆتان بده‌ن، نه‌ک هه‌ر خۆتان به‌ڵکو نه‌وه‌کانیشتان توڕ ده‌درێنه‌‌ زبڵدانی مێژوو، به‌ڵگه ‌زۆره ‌بۆ ڕه‌وشی ئێوه‌و هه‌ڵسو که‌وت و کرداره‌ نانه‌ته‌وه‌یه‌کانتان هه‌ر له‌په‌یوه‌ندیتان به‌ (به‌رزان تکریتی ودیاری وه‌رگرتنتان له‌مه‌راسیمی پێکهینانی ژیانی هاوسه‌ریتان و پاکانه‌کردن بۆ سڕینه‌وه‌ی تاوانه‌کانی سوڵتان هاشمی ئه‌ستێره‌ی سوپای به‌عسیان و ناردنی نامه‌ی سڕینه‌وه‌ی تاوانه‌کانی خه‌زره‌جی بۆ دادگای دانیمارک وئازادکردنی تاریق ڕه‌مه‌زانی تاوانبار به‌بۆردومان کردنی هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هیدان و دادگایی نه‌کردنی ڕائید عزه‌دین به‌ڕێوبه‌ری ئه‌منی هه‌ولێر که‌ئه‌م به‌عسیه ‌سه‌رته‌پای ئه‌ندامه‌کانی له‌شی سووره‌ به‌خوێنی ئه‌و تێکۆشه‌رانه‌ی به‌دیهێنه‌ری هه‌ردوو پۆستی سه‌رۆک کۆمارو سه‌رۆکی هه‌رێمن) .. . هتد.
دوا په‌یامی شه‌هیده‌و لێره‌دا بوه‌ستن گه‌ر درێژه ‌به‌عه‌قڵیه‌تی خه‌ڵه‌فاوی ئێکسپایه‌ری خۆتان بده‌ن ئه‌وا ته‌واوی گه‌ل به‌ڕابه‌رایه‌تی منداڵ و دایک و خوشک وبراو که‌س و کاری شه‌هیدان به‌ڕاپه‌ڕینێکی سه‌رتاسه‌ری وه‌کو ڕژێمی به‌عسی ڕه‌فتار فاشی توڕتان ده‌ده‌نه‌ لای ئه‌و هاوڕێیانه‌‌تان ساڵی 1991 له‌به‌غداد ماچتان کرد.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە