کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


به‌یاننامه‌ی هاوبه‌شی ده‌سته‌کانی پشتیوانی له‌ ڕه‌گ

Thursday, 29/01/2009, 12:00


به‌یاننامه‌ی هاوبه‌شی ده‌سته‌کانی پشتیوانی له‌ ڕه‌گ له‌ ووڵاتانی دنیا له‌سه‌ر بڕیاره‌که‌ی ئه‌رسه‌لان بایز

ئه‌رسه‌لان بایز، لێپرسراوی مه‌کته‌بی ڕێکخستنی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان، له‌‌ نامه‌یه‌کی بێ ژماره‌‌و مۆرنه‌کراودا، که‌ ڕۆژی07/01/2009 ئاڕاسته‌ی گشت کۆمیته‌کانی ڕێکخستنی ده‌ره‌وه‌ی ووڵاتی کردووه‌ پێی ڕاگه‌یاندوون که‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌ ڕه‌سمی پشتیوانیان له‌ ڕه‌گ کردووه‌ پله‌ی حزبی خۆیان له‌ ده‌ستداوه‌‌و مافی به‌شداریکردنی هیچ کۆبوونه‌وه‌یه‌کی ڕه‌سمییان نییه‌. ئه‌م بڕیاره‌ی ئه‌رسه‌لان بایز له‌ کاتێکدایه‌ که‌ له‌ 02/01/2009 و مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کێتی بڕیاری پێکهێنانی حه‌وت لیژنه‌ی داوه‌، که‌ یه‌کێکیان بۆ قسه‌کردن له‌گه‌ڵ ئه‌ندامه‌ ناڕازییه‌کان و کادره‌ دابڕاوه‌کانی ناو یه‌کێتییه، تا له‌ هۆکانی دابڕانیان بکۆڵێته‌وه‌‌و هه‌وڵ بده‌ن به‌گه‌ڕیان بخه‌نه‌وه‌‌. هه‌ر بۆیه‌ ئه‌م بڕیاره‌ به‌ ئاشکرا دووڕوویی ده‌سه‌ڵاتدارانی ناو یه‌کێتی ده‌رده‌خا که‌ له‌ لایه‌که‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی چه‌واشه‌کردنی ڕای گشتی ناو یه‌کێتی و جاده‌ی کوردستانی بانگه‌شه‌ی چاکسازی‌و ڕیفۆرم ده‌که‌ن ‌و له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ به‌ دزییه‌وه‌ پیلانی به‌یه‌کجاری دوورخستنه‌وه‌یان له‌ یه‌کێتی داده‌ڕێژن.

له‌ کاتێکدا بڕیاره‌که‌ی ئه‌رسه‌لان بایز پێده‌چێ که‌ له‌ پشتی مه‌کته‌بی ڕێکخستنی یه‌کێتییه‌وه‌ کرابێ ‌و پشت ئه‌ستوور نییه‌ به‌ هیچ بڕیارێکی مه‌کته‌بی ڕێکخستن، یان بڕیارێکی کۆمیته‌ی سه‌رکردایه‌تی، له‌ هه‌مان کاتدا په‌یڕه‌وی ناوخۆی یه‌کێتی هیچ بڕگه‌یه‌کی وای تێدا نییه،‌ که‌ ده‌سته‌ڵاتی ڕه‌ها بداته‌ ده‌ست هیچ که‌س‌‌و ده‌زگایه‌ک له‌ ناو یه‌کێتیدا تا به‌ کۆمه‌ڵ ئه‌ندامانی یه‌کێتی له‌ ڕیزه‌کانی خۆی ده‌ربکا. تاکه‌ ئۆڕگانێک که‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی هه‌بێ کۆنگره‌یه‌. ئه‌ویش دوای گۆڕینی په‌یڕه‌وی ناوخۆکه‌ی. هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و بڕیاره‌ به‌ لای ئێمه‌وه‌‌ به‌ نه‌بوو حساب ده‌کرێ. له‌ ڕاستیدا، ئه‌و بڕیاره‌ی ئه‌رسه‌لان بایز بڕیارێکی قه‌ره‌قووشیانه‌یه‌‌و دژی په‌یڕه‌وی ناوخۆ‌و پرنسیپه‌کانی دیموکراسییه‌‌و هه‌روه‌ک دژی سه‌ره‌تاکانی حزبه‌ سۆشیال دیموکراته‌کانه‌‌. جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌وو ده‌سه‌ڵاتدارانی گه‌نده‌ڵی تری ناو یه‌کێتی ده‌مێکه‌ شه‌رعییه‌تیان نه‌ماوه‌، وا زیاتر له‌ پێنج ساڵه‌ به‌ قه‌رز خۆیان له‌ سه‌رکردایه‌تییدا هێشتۆته‌وه‌.

ئه‌رسه‌لان بایز ده‌توانێ له‌ سه‌ر کاره‌کانی خۆی به‌رده‌وام بێ، ده‌توانێ نانی خه‌ڵک ببڕێ، ده‌توانێ ده‌سته‌و تاقم دابنێ تا ئازاریی ئه‌وانه‌ بده‌ن که‌ ڕایان له‌گه‌ڵ‌ ده‌سه‌ڵاتداران جیاوازه ‌‌و ته‌نانه‌ت پیلانی کوشتنیشیان دابنێ، ئه‌و ده‌توانێ فیتنه‌یی بکات‌و لای ئه‌م‌و ئه‌و زمان له‌ نه‌یارانی خۆی بسوێ، ئه‌و ده‌توانێ چه‌پڵه‌ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی فایلداران لێبداو به‌ نووکه‌ قه‌ڵه‌مێکیش هه‌زاران ئه‌ندام‌و کادری دڵسۆزی یه‌کێتی له‌ ڕیزه‌کانی یه‌کێتی ده‌ربکات به‌ڵام هه‌رگیز ناتوانێ ئیراده‌ی پۆڵایینی ئیمه‌ بڕوخێنێ ‌و بڕیاره‌که‌ی ئه‌و لای ئێمه‌ بستێک بڕ ناکات، چونکه‌ ئێمه‌ خۆمان به‌ خاوه‌نی یه‌کێتی ده‌زانین‌و ده‌سه‌ڵاتدارانی هاوشێوه‌ی ئه‌رسه‌لان بایز به‌ مشه‌خۆر و مڵۆزم ده‌زانین به‌سه‌ر یه‌کێتییه‌وه‌.

ئێمه‌ داوا له‌ هه‌موو ئه‌و کادر و ئه‌ندامه‌ دڵسۆزانه‌ی یه‌کێتی ده‌که‌ین، که‌ بڕیاره‌که‌ی ئه‌رسه‌لان بایز ده‌یانگرێته‌وه، وه‌ک تاک به‌ ڕه‌سمی شکایه‌ت لای سۆشیال ئینته‌رناشنال بکه‌ن تا ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌وانه‌ ده‌رکه‌وێ که‌ خۆیان به‌ سۆشیال دیموکرات ده‌زانن. ئێمه‌ش له‌ لای خۆمانه‌وه‌ له‌ سه‌ر ئاستی زۆربه‌ی ووڵاتانی دنیا هه‌م شکایه‌ت لای سۆشیال ئینته‌رناشنال ده‌که‌ین هه‌م حزبه‌ سۆشیال دیموکراته‌کانی ووڵاته‌کان له‌ پێشێلکاریه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدارانی ناو یه‌کێتی ئاگادار ده‌که‌ینه‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نامه‌که‌ی ئه‌رسه‌لان بایز ڕه‌نگه‌ گڵۆپێ سه‌و‌ز هه‌ڵکردن بێ بۆ تاقم ‌و ده‌سته‌ چه‌قۆکێشه‌کانیان تا په‌لاماره‌کانیان چڕ بکه‌نه‌وه‌ بۆ په‌لاماردانی دڵسۆزانی ناو یه‌کێتی‌. هه‌ر بۆیه‌ هه‌ر که‌سێک له‌مه‌ودوا هه‌ڕه‌شه‌ی لێکرا یان مه‌ترسی له‌ ژیانی کرا، ئه‌وا پێویسته‌ له‌ کاتی ڕاپۆرتدان به‌ پۆلیس ناوی ئه‌رسه‌لان بایزیش بدات، چونکه‌ به‌ هانده‌ر و پشتیوانیکه‌ری ئه‌و تاقمانه‌ داده‌نرێ.

له‌ کۆتاییدا پێویسته‌ ئه‌وه‌ بڵێین، که‌ ئه‌رسه‌لان ‌و هاوده‌سه‌ڵاته‌کانی ده‌بوایه‌ له‌ بری ئه‌وه‌ی دوژمنایه‌تی ڕه‌گ بکه‌ن‌و هه‌موو توانایه‌کیان له‌و‌ پێناوه‌دا بخه‌نه‌ گه‌ڕ به‌شێکی ئه‌و توانایانه‌یان له‌ پێناوی باشکردنی ژیان‌و گۆزه‌رانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان به‌گه‌ڕخستایه ‌و هه‌وڵیان دابایه‌ که‌رکوک‌و ناوچه‌ دابڕاوه‌کانی کوردستان بگه‌ڕێننه‌وه‌ سه‌ر هه‌رێم.

ده‌سته‌کانی پشتیوانی له‌ ڕه‌گ له‌ ووڵاتانی دنیا
28/01/2009

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە