پرسى جیاكردنەوەى حزب لەحكومەت
Thursday, 19/03/2009, 12:00
ریفۆرم دروشمى رەونەقدارى دەیەى كۆتایى سەدەى رابردووى دواى كۆتایى جەنگى ساردو شكستى بلۆكى خۆرئاواو هەڵوەشانەوەى سۆڤیەت و رووخانى رژێمە تۆتالیتارەكانى ئەوروپاى خۆرهەڵات بوو، كە لەماوەى ئەم چەند ساڵەى دەستپێكى سەدەى نوێشدا هێشتا گوتارى ریفۆرمخوازانەى گەلان و هێزە ریفۆرمیستەكانیان هەر قورسایى و فشارى خۆى ماوە.
لەدایكبوونى ئەزموونى سیاسى هەرێمى كوردستانیش هاوكات بوو لەگەڵ ئەم سەردەمە پر لەگۆران و وەرچەرخانە لەناكاوانەدا، هەر ئەمەش بوو زەمینەى بۆ كورد رەخساند لەسەر زەوى شتێك بۆ خۆى بنیات بنێت و ئەم ئەزموونە بێتە كایە، بەڵام دەبوو ئەم ئەزموونەى ئێمە وەڵامدەرەوەى داخوازییەكانى ئەو هەلومەرجە جیهانییە نوێیە بووایەو دووبارەبوونەوەى جۆرى رژێمى سیاسى رەسمى ناوچەكە نەبووایە، بەڵكو بەپێچەوانەوە دەكراو دەبوو كورد نموونەیەكى نوێى سستمى سیاسى و ئیدارەى حوكمى بۆ دەوروبەرەكەى نمایش بكردایە، نەك لەو جێگایەوە هەنگاوى هەڵبگرتایە كە رژێمە كۆنەكانى ناوچەكە هەڵیانگرتووەو ئێستا گەیشتوونەتە بنبەست لەگەڵ گەلەكانیاندا.
لەگەڵ ئەم پێشهاتە جیهانییە نوێیانەو گۆڕانى هاوكێشەكانى هێز لەسەر ئاستە نێودەوڵتییەكە، ئەزموونى سیاسى نوێ و قەوارەى خاوەن جوگرافیاى سەربەخۆ هاتە بوون و دامەزران، لەوانە سەربەخۆیى كۆمارەكانى یەكێتى سۆڤیەتى هەڵوەشاوەو بنیاتنانى دەسەڵاتى سیاسى نوێ لەوڵاتانى ئەوروپاى خۆرهەڵات، جگە لە گۆرانكارى و رووداوەكانى بەلقان و قەوقاز، كە دواترین رووداویش راگەیاندنى دەوڵەتى سەربەخۆى كۆسۆڤۆ بوو.
ئەو ئەزموونەى ئێمە لەكوردستاندا بنیاتمان نا لەوەدا لەوانەى ئاماژەیان بۆ كرا جیا دەبێتەوە كە ئەوان توانییان لەسەر ئەو زەمینە لەبارەى بۆیان رەخسا ئەزموونێكى بەرێوەبردن بەرهەم بهێنن كە ناوەرۆكەكەى بریتى بێت لەكۆمەڵێك دەزگاو دامەزراوەى رەسمى و كارەكانیان لەدەرەوەى میزاجى شەخسى و بەرژەوەندى حزب و گرووپەكان ئەدا بكەن.
ئەوەى ئێمە بنیاتمان ناوە ئیدارەیەكى حزبییە لەفۆرمى حكومەتدا، حكومەتێك كە لەبنەماو ئەداى كاریدا مۆرك و تایبەتمەندى حزبى وەرگرتووە، لەكاتێكدا هەر یەكە لەو دووانە ئەرك و كارو مامەڵەى مەیدانییان لەویتر جیاوازە، حزب گوزارشت لە لە بیروراو هەڵوێستى سیاسى و بەرژەوەندى توێژێك لەكۆمەڵانى خەڵك دەكات، بەڵام حكومەت نوێنەرایەتى گەل و وڵات دەكات و پارێزەرى بەرژەوەندییەكانى تێكراى خەڵكە، حكومەت دامەزراوەى یاسایى و دەستووریى خۆى هەیە كە كۆكەرەوەى ویست و ئیرادەى گشتییە، بەڵام حزب كارنامەو بەرنامەى خۆى هەیەو بۆ هێنانەدى ئامانجە سیاسییەكانى دامەزراوە.
راستە دواجار هەر حزبە كە حكومەت و ناوەرۆكى دامەزراوەكانى دەوڵەت پێك دەهێنێت، لەپەرلەمانەوە تا بچوكترین دەزگاو دامەزراوەى رەسمى وڵات، ئەویش لەرێگاى ئەو میكانیزمە دیموكراسییەى بووەتە نەریت بۆ دەوڵەتانى دنیاى پێشكەوتوو، بەڵام حزبییەكانى ناو ئەو دامەزراوە رەسمییانە بە پێى یاسا و بنەما دەستوورییەكان هەڵسووراو دەبن و لەو چوارچێوەیەدا ئەداى كارى خۆیان دەكەن و لەناو ئەو پێگە رەسمیانەدا كار بەئەجێنداى حزبى ناكەن و چاویان تەنها توێژە حزبییەكەى خۆیان نابینێت، ئەگەر لەناو حزبەكەیدا بەرپرسیاریەتییەكى گەورەى لەئەستۆدا بێت، ئەو بەرپرسیاریەتییە لەناو حكومەتدا گەورەتر دەبێت، چونكە لەمامەڵەو بەرپرسیاریتى بەرامبەر بە بەشێك لەخەڵكەوە كارى دەگوازرێتەوە بۆ مامەڵەو پەیوەندى لەگەڵ هەموویدا، بەش بەو مانایەى كە قەوارەى حزبەكەى چەندە گەورەبێت هەر بەشێكە لەو كۆمەڵگەیەى كارى تیادا دەكات.
كاراكتەرى حزبى ئەگەر لەناو دامەزراوە رەسمییەكانى وڵاتەكەیدا ئەجێنداى حزبى خۆى پیادەكرد، ئەو كاتە بەرژەوەندییەكانى حزب دەخاتە پێشەوەى بەرژەوەندى گشتى وڵات و هەوڵ دەدات بەزۆر بەرژەوەندى گەل و وڵات لەناو بازنەى بەرتەسكى حزبایەتیدا جیگا بكاتەوە. لەو بارودۆخە ناتەندروستەشدا پێكدادان لەنێوان هەردوو بەرژەوەندییەكەدا درووست دەبێت و كائینە حزبییەكە بوونى خۆى لەناو پێگە رەسمییەكەى حكومەتدا دەقۆزێتەوە بۆ پێشخستنى بەرژەوەندى گرووپەكەى بەسەر بەرژەوەندى گشتى وڵاتەكەیدا.
لەناو رەوشێكى سیاسى و ئیدارى لەم جۆرەدا ژیان بۆ هاوڵاتى دەبێتە پارچەیەك لە نابەرامبەرى و ناداى و گەندەڵى، لەگەڵیشیدا هەستى ئینتیما لاى هاوڵاتى بۆ حكومەت و بگرە بۆ وڵاتەكەش لاواز دەبێت، حكومەت دەبێتە یارى دەستى حزبەكان و حاڵەتى چینایەتى لەناو كۆمەڵگەدا دەخوڵقێنێت، چینە ئۆتۆكراتە مۆنۆپۆلكارەكەى حكومەت، بریارى رەسمى و داهات و گشت دەزگا حكومییەكان دەخاتە خزمەتى پیادەكردنى كارنامەى حزبەكەیەوە، دواجار ئەمانە لەسەر جەستەى ئەو حكومەتەو خەڵك چینێك لە سەرمایەدارو خاوەن بەرژەوەند پێك دەهێنن و ئەوانى تریش چینى خوارەوەیە كە رەعیەتێكە لەدەرەوەى كایە حزبییەكەو هەموو مافەكانیان بەندە بە وەڵامدانەوەى خواستى نوخبە حزبییەكەو بەهێزكردنى پێگەى دەسەڵاتى ئەوان.
كەواتە خواستى ریفۆرم و گۆرانكارى لەم وڵاتەدا لەبۆشاییەوە نەهاتووەو دەرەنجامى ئەو دۆخە ناتەندرووستە سیاسى و ئیدارییەیە كە چەندین ساڵە لەم وڵاتەدا درێژەى هەیەو دەرەنجامى تێكەڵاوكردنى حزب و حكومەتەو ئەمەش بووەتە كۆسپى سەرەكى بەردەم گەشەكردن و پێشكەوتنى ئەم ئەزموونە كوردییەو ئەگەر لەم بارەى ئێستایدا بمێنێتەوە هەموو ئەوەى بەدەستمان هێناوە لەناوى دەبات و دواتر مێژوو رەحم بەوانەش ناكات كە لەو تراژیدیایە بەرپرسیار دەبن.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست