کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


داود باغستانى پاساو بۆ كوشتنى رۆژنامەنووسان دەهێنێتەوە

Wednesday, 16/06/2010, 12:00


تیرۆركردنى خوێندكارو رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان بەدوو ئاراستەى جیاوازدا نیگەرانى و توورەیى لێكەوتەوە، لەسەر ئاستى شەقامى كوردى و نوخبەى رۆشنبیرى پەیامدارى گەلەكەمان شەپۆلێك لەنارەزایەتى و رێپێوان و خۆپیشاندانى بەدوادا هات و دەسەڵاتى كوردى و دەزگا ئەمنییە فەرمییەكانیان بەبەرپرس زانى لەئاسایشى گیانى هاووڵاتیان بەگشتى ورۆژنامەنووسان بەتایبەتى، لەم رووەشەوە داوایان كرد لێپێچینەوە لەگەڵ بەرپرسە ئەمنییەكانى كوردستاندا بكرێت و وەزیرى ناوخۆش بهێنرێتە بەردەم پەرلەمان و نوێنەرانى گەل.
ئاراستەیەكى ترى نیگەرانى لەگۆرەپانەكەدا ئەگەرچى لەئاستێكى لاوازو شەرمنانەدایەلەلایەن قەڵەمبەدەست و پەیكەرتاشە بێ پەیامەكانى نزیك لەدەسەڵات و سەركردەكانەوەیە، نیگەرانییەكەش لە سەر ئاسایشى گیانى رۆژنامەنووسان و جوانەمەرگ سەردەشت عوسمان نییە، بەڵكو نیگەرانییە لەو شەپۆلە بەهێزەى نارەزایەتى خەڵك بەرامبەر بەم دۆخە نائەمنییەى وڵات و بەتایبەتى لەپایتەختى هەرێمى كوردستاندا كەشێوازى رفاندن و تیرۆرى ئەو رۆژنامەنووسە دەسەڵاتى كوردى ئیحراج كردووە. ئەمانە لەبەرامبەر ئەم رەوشە خراپەدا بەدیوە نێگەتیڤەكەى تردا هەڵدەسورێن و لەم هەلومەرجە ناسكەشدا بەرژەوەندییە تایبەتى و مادییەكانیان بوار نادات ویژدانیان لەگەڵ توێژەكانى ترى گەلەكەیاندا بێتە جۆش و لەسەر خوێنى بەناحەق رژاوى سەردەشتەكانى وڵاتەكەیان هەڵوێستێكى مرۆییانە بنوێنن.
داود باغستانى بەناو رۆژنامەنووس و هەر رۆژەو راسپێردراو بەراگەیاندنى دەزگایەكى گومانلێكراو یەكێكە لەو ناوانەى تەنها مانشێت یان تەوەرەى نووسینەكانى ببینە دەزانیت ئامانجى چییەو لەهەموو باسێكدا دەبێت وەسف و سەناى زەعیم و سەركردەكانى تیابێت و لەو رێگایەوە كار لەسەر بەدیهاتنى بەرژەوەندییە تایبەتییەكانى خۆى دەكات.
لەم كاتە هەستیارەشدا كە تێكراى چین و توێژەكانى گەلەكەمان و بەتایبەتى رۆژنامەنووسان رەخنە لەتاوانى تیرۆركردن و سەركوتى رۆژنامەنووسان لەلایەن دەزگاو باندەكانى دەرەوەى شەرعیەت و رەسمیەتى حكومەتەوە دەگرن، باغستانى دێت و بەشێوازەكەى خۆى نمایشى گوتارى موتەمەلیقانەى خۆى دەكاتەوەو لەجیاتى ئەوەى رووى رەخنەكانى ئاراستەى دەسەڵات و بەرپرسە ئەمنییەكانى ئەم هەرێمە بكات رووى گوتارى رەخنەئامێزى دەكاتە رۆژنامەنووسان و میدیا و راگەیاندكاران و مزایەدەى ئەخلاق و نەریتى رۆژنامەنووسییان بەسەرەوە دەكات، لەم كاتەدا كە خەڵكى كوردستان لەمەشهەدێكى ناوازەدا یەكیان گرتووەو نایانەوێت خوێنى ئەو لاوە رۆژنامەنووسە بەهەدەر بروات و تراژیدیاى هاوشێوەى بەدوادا بێت، باغستانى لەدەرەوەى هەموو شەرم و رەوچاوكارییەكى هەستى هاوپیشەكانیەوە پاساو بۆ كوشتن و توندوتیژى دژى رۆژنامەنووسان و ئەم رووداوەى ئێستا دێنێتەوەو دەكەوێتە بەرگریكردن لەو دەسەڵاتەى كە كۆمەڵێكى وەك ئەوى كردووەتە پاساودەرى هەڵەو ناتەواوییەكانى.
باغستانى بێ ئەوەى بەخۆى بزانێت لەو نووسینەیدا كە لەسایتى (راستگۆ) و چەند شوێنێكى تردا بڵاوى كردووەتەوە ناراستەوخۆ لایەنى ئەنجامدەرى تیرۆركردنەكە دیارى دەكات و بە وتەى ئەو باسكردنى نامووس و شەرەفى خێزانیى و چوونە ناو ژیانى شەخسى و ماڵباتەكانەوە هۆكارى درووستبوونى ئەم رەوشەى ئێستایەو بەزمانێكى نامۆ بە چارەسەرى رەوشێكى نائاسایى و بەلاى كەمەوە رەچاوكردنى بێ لایەنى دەڵێت:(بەهیچ شێوەیەك نە لەلایەنى رۆشنبیرى و نە لەلایەنى سیاسى قبوڵ ناكرێت كە سوكایەتى بەنامووس و ژنى هیچ كەس بكرێت، لێرەدا لایەنگرى زۆر گرنگ نییە، بەڵكو ئایا كەس هەیە كە سوكایەتى بەنامووس و كەرامەتى بنەماڵەكەى قبووڵ بكات؟ چۆن رەخنەگرتن هیچ كات نابێ سنوورى شەخسى ژیانى كەسەكان دەرباز بكات و باسى نامووس و كەرامەتى خەڵكى تر بكرێت، منیش ئەوە قبووڵ ناكەم).
ئەم وتانەى باغستانى لەچەندین شوێنى نووسینەكەیدا دووپاتى كردووەتەوەو هۆكارو پاساوى كوشتنەكەى ئەو لاوەى ئاشكرا كردووەو دۆزەكەى وەك كێشەیەكى عەشایەرى لێكردووە، باشە خۆ ئەو ماوەیەك دەمى لەمافى مرۆڤ دەكوتاو دەزگایەكیشى بەو ناوەوە قوت كردبوویەوە، ئایا ئەگەر گریمان كەسێك ئەو هەڵەیەى كردو باسى نامووس و كەرامەتى شەخسەكانى كرد، بەكام شێوە لێى قبووڵ ناكرێت، بەیاساو لەرێگاى دادگاوە یان تیرۆرو كوشتن كە ئێستا تۆ پاساو بۆ رەوایەتى ئەمەى دووەم دەهێنیتەوە؟.
لێرەدا منیش وەك باغستانى هەموو شێوازێكى سوكایەتى نەك تەنها بەخێزان و ژیانى شەخسى ژن و منداڵى سەرۆك و سەركردەكان، بەڵكو بە تێكراى مرۆڤەكان مەحكوم دەكەم، بەڵام رەخنەو مەحكومكردنەكەى من و باغستانى دوو ئامانجى جیاوازى لەپشتەوەیە، ئەو بۆ شاباش و دەستكەوت و بەرژەوەندى تایبەتى خۆى ئەم قسانە دەكات و داكۆكییەكەى تەنها لە دەسەڵاتداران و خانەوادەو بنەماڵەى سەركردەو بەرپەرسە باڵاكانە.
دیارە نووسینەكانى سەردەشت عوسمانى جوانەمەرگ بابەتى سیاسى و مەوزوعیى رەخنەئامێز بوون و دوورو نزیك پەیوەندییان بەعەشق و ئەو فۆرمەوە نەبووە كە ناوەرۆكە ئامانجدارەكەى تێدا خستووەتەروو، ئەو هاتووە لەرێگاى ئەم خەیاڵە هونەرییە رۆژنامەوانییەوە نمایشى ژیانى خەڵكى هەژارو بێ كارو ستەملێكراوى ئەم وڵاتەى كردووەو لەبەرامبەریشدا بەراوردى كردووە بەو ژیانە پر لە رەفاهیەتەى توێژە دەسەڵاتدارە خاوەن كۆشك و تەلارەكان كە چۆن رۆژە خۆشەكانیان بەرێ دەكەن و تەنانەت بیر لەوانەش ناكەنەوە كە رۆژێك لەرۆژان لەگەڵ ئەواندا خزمەتى گەلەكەیان كردووە. دەكرێت رەخنە بگیرێت لەبەكارهێنانى وشەكان و رێكخستنى دەربرینەكان لەهەندێ جێگادا، بەڵام ئەمە ناكاتە ئەوەى بابەتەكە لە ئامانجى ئاشكراى خۆى لابدرێت و بۆ مەرامى تایبەتى خۆیان كەسانى وەك باغستانى بەكارى بهێنن و بیخەنە خانەى سوكایەتى و باسكردنى شەرەف و ناموسى خێزانییەوە.
ئەو رەخنەو نووسینە سیاسیانەى لەسەر ژیان و ئەداى كارى رەسمى و حزبى سەرۆك و سەركردەكان دەنووسرێت لاى داود باغستانى راستەوخۆ دەبێتە سووكایەتى، بەڵام سوكایەتى و بەكارهێنانى هەمان زمان و میكانیزمى دەربرین بەرامبەر ئەوانى ترو تەنانەت سومبولە ئاینییە پیرۆزەكانى كۆمەڵگەش لاى داودو دەزگاى ئیسرائیل- كورد كە باغستانى سەرۆكایەتى دەكات دەچێتە خانەى ئازادى رادەربرین و نووسین و ئەدەبیاتەوە، كە ئەمە(بانێكەو دوو هەوا)یەو ئەوەى بەم لۆژیكە مامەڵە و رەفتار بنوێنێت هەر چاوەرێى ئەم جۆرە هەڵوێستانەى لێ دەكرێت و نابێت رووى بێت وانەى ئەخلاق و ئەتەكێتى رۆژنامەنووسى بەكەسانى تر بڵێتەوە.
هەر لەم رۆژانەدا دەزگاكەى داود باغستانى دوو هەڵوێستى جیاوازو دژبەیەكى راگەیاندووە، یەكەمیان لەسەر كێشەى گۆڤارەكەى دكتۆر فەرهاد پیرباڵ و تۆمەتى سووكایەتى بوو بە پێغەمبەران كە هەندێ لەمەلاكانى كوردستان ئاراستەى دەزگاى ئاراس و گۆڤارى وێرانیان كردبوو، لەو بارەیەوە دەزگاى ئیسرائیل-كورد راگەیەنراوێكى زبرى پر لەنارەزایەتى بەرامبەر بەهەڵوێستى ئەو مەلایانە دەركردو تیایدا بابەتەكەى وێران خرابوویە خانەى ئازادى نووسین و رادەربرینەوە.
سەیر لەوەدایە كە لەو راگەیەنراوەدابەتوندى ئەوە مەحكوم كراوە كە مەلاكان دوعایان لە كارمەندەكانى دەزگاى ئارس كردووە پەنجەكانیان هەڵوەرێت و هەڵوێستەكەیان شەرمەزار دەكات و لەراگەیەنراوەكەدا هاتووە:(بەپێویستى دەزانین دەستدرێژیكردنە سەر بیرو هزرى نوێ هەر لێرەوە ببرێتەوە) هەروەها نارەزایەتى مامۆستاكان بە لەداردانى دەق ناوزەد دەكات.
هەڵوێستى دووەمیش نووسینەكەى سەرۆكى دەزگاى ئیسرائیل-كوردە كە بەپێچەوانەى رووانینەكانى چەند رۆژى رابردوویانەوە بۆ هەڵوێستى مەلاكان، دۆزى نالەبارى رۆژنامەنووسان دەبەستێتەوە بە بەرپرسیاریەتى خۆیانەوەو سەرتاپاى بابەتەكەى رەخنەیە لە رۆژنامەنووسان و بۆ رەواندنەوەى گومان بەئاماژەیەكى كورتى شەرمنانەوە تیرۆركردنەكەى سەردەشت مەحكوم دەكات.
لەحاڵەتى یەكەمدا مامۆستاكان تەنها بەقسەو وتارى سەر مینبەر نارەزایەتییان دەربریوەو خوێنى كەسیان نەرشتووەو بەوتەى دەزگاكەى باغستانى دەق لەدار دراوەو بیرو هزرى نوێ دەستدرێژى كراوەتە سەر، بەڵام لە حاڵەتى دووەمدا خوێن رژاوەو خاوەنى دەق و بیرو هزر لەدار دراوە، كامیان قورسترەو تاوانەكەى گەورەترە، نارەزایەتى بەوشەو وتار یان كوشتن و لەناوبردن؟
بۆچى هەڵوێستى یەكەمى دەزگاكەى باغستانى توندەو نارەزایەتى مەلاكان هیچ پاساوێكى بۆ نادۆزرێتەوەو هەڵوێستى دووەمیش بەرامبەر بەكوشتنى ئەو لاوە رۆژنامەنووسە پاساودراوە بەو تێبینییە نابابەتییانەى كە بێگومان بۆ مەرامى تایبەتى ناوبراو خوڵقێنراوە؟ وەڵامى ئەمەش ئاسانە و ئەگەر مەلاكانیش پارەو داهات و دەسەڵاتیان هەبوایە، بێگومان پاساو بۆ نارەزایەتییەكەى ئەوانیش دەهێنرایەوە كە هەڵوێستى مامۆستاكان زیاتر پاساوى بۆ دەخوڵقێت بەو حوكمەى كێشەكە پەیوەندى بەئایین و پێغەمبەران و پیرۆزییەكانى خەڵكەوە هەبوو. بەڵام دیارە لاى نووسەرە ماستاوچییەكان سەرۆك و سەركردەكان لەخواو پێغەمبەرەكان پیرۆزترن و ئەم دوو راگەیەنراوەى دەزگاكەى باغستانیش ئەو گەواهییە دەدەن.
[email protected]


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە