کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مێحوەریەت یا رۆژهەڵات تەوەری ئەگەر درەنگ نەبێت زوو نییە

Thursday, 12/02/2015, 12:00




مێحوەرییەتدا بە خەباتی هەر کام لە بەشەکانی کوردستان ئەگەر بە وردی خوێندنەوەی بۆ بکرێت یەکێک لەو ئەسڵانەیە کە ئەتوانێ وێڕای گوڕوتین بەخشین بە بزاڤی رزگاریخوازی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان، زۆرێک لە گرفت و ئاستەنگەکانیش کە هۆکارن لە هەمبەر ناتەبایی و ئاڵۆزی نێوان لایەنە سیاسییەکان و بەرژەوەندییە گشتییەکان چارەسەر بکات.

گرینگیدان و بایخدان بە مێحوەریەتی خەباتی رەوای هەر کام لە بە شەکانی کوردستان بەگشتی و رۆژهەڵات بە تایبەتی کاتێک زەرووت و واقعی خۆی دەرئەخات کە سیاسەت و حکومرانی دەسەڵاتدارانی ناوەند بەسەر هەر کام لە بەشەکانی کوردستان لە بەرچاو بگیردرێت .

هەروەک چۆن شێوازی حکومرانی هەر کام لە وڵاتانی داگیرکاری کوردستان لە هەمبەر نەتەوەی کورد جیاوازی هەیە ، بێ گومان ئەو جیاوازییە لە نێوان خەبات و تێکۆشانی هەر پارچەیەکی کوردستانیش پێویستە بوونی هەبێت و رەچاو بکرێت.

بەواتایەکی دیکە کاتێک پارچەیەک لە کوردستان کیمیاباران ئەکرێت پێویستە جۆری خەباتەکەی جیاوازی هەبێت لە چاو ئەو بەشەی کە بێناسنامە کراوە، یاخۆ ئەو بەشەی کە رێبەرانی بزووتنەوەکەی وەک "کاک فوئاد" لە جەرگەی خەباتدا شەهید ئەبن و د، "قاسملو" و د، "شەڕەفکەندی" تێرۆرو شەهید ئەکرێن وهەر چالاکێکی سیاسی - مەدەنی بە پەتی دارەوە ئەکرێت بێ گومان پێویستە جیاوازی هەبێت لە تەک ئەو بەشەی کە رێبەرەکەی لە ئیمرالیەوە رێبەرایەتی بزووتنەوەی ئەو پارچەیەی کوردستان ئەکات.

بە درێژایی مێژووی خەباتی رەوای نەتەوەی کورد، بزووتنەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان خۆی کردووەتە کۆچی قوربانی بەشەکانی دیکەی نیشتمان ولەم پێناوەشدا خەساری زۆری پێگەیشتووە و هیچکاتیش سڵی لەو خەسارانە نکردووتەوە ، بەڵکو بە دڵ فراوانییە رووبەرووی ئەو زەرەر و زیانانە بووەتەوە کە لە پێناو دەسکەوت و بەرژەوەندی و پاراستنی دەسکەوتەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان وێیکەوتووە، ئەمەش مایەی سەروەری و شانازییە کە هەر کات بزووتنەوی کورد پێویستی بووبێت رۆژهەڵاتی کوردستان ئەو باجانەی داوە.

کۆماری کوردستان نموونەی ئەو خۆبەخشییەی بزووتنەوی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە تێیایدا جاڕی سەربەخۆیی و دامەزراندنی کۆماری کوردستان درا و هەموو بەشەکانی کوردستان لە لایەن بزووتنەوەی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەشداریان پێکرا، ئەگەر بزووتنەوەی رۆژهەڵات ئەوکات وەک چۆن لە ئێستادا بەشەکانی دیکەی کوردستان مێحوەریەتی خەباتی خۆیان دیاری کردووە و تەنانەت هەر بەشە و بە شێوازی خۆی دەست تێوەردانی بزووتنەوی رۆژهەڵات ئەکات بکردایە، بێ گومان موعادلەکان دەگۆڕدران ، رەنگە کۆماری کوردستان لە دایک نەبووبایە بەڵام ، لانی کەم نیمچە ئۆتۆنۆمییەک یا خۆشێوازێک لە خۆبەریوەبەرایەتییەکی نزیک لە ئەو فیدرالیزمەی کە لە ئیستادا باشووری کوردستانی پێ بەڕێوە دەچێت دەستەبەر بکردایە.

لە لایەکی دیکەوە نزیک ٢٥ ساڵە بزووتنەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان دیسانەوە خۆی کردووەتە کۆچی قوربانی بەرژەوەندییەکان و دەسکەوتەکانی باشووری کوردستان ، هیچ گومانێک لەوە دانییە کە پاراستنی دەسکەوتەکان و بەرژەوەندییە باڵاکان لە هەرکام لە بەشەکانی کوردستان ئەرکێکی نیشتمانی هەر تاک و حیزب و لایەنێکی سیاسییە و، رۆژهەڵاتی کوردستان تێیایدا سەرقافڵەی ئەو ئەرکە نیشتمانی و نەتەوەیی و ئینسانییەیە، بەڵام ئایا پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان و دەسکەوتە نەتەوەییەکان لە هەموو بەشەکانی کوردستان رەوایە و بۆ رۆژهەڵات ناڕوایە ؟!

سەبارەت بە کارەساتە مرۆییەکان هەر لە کۆچی زۆرە ملییەوە بگرە تا کیمیا باران و قەتڵ و عامی بە کۆمەڵ کە داگیرکارانی کوردستان دژ بە نەتەوەکەمان ئەنجامیان داوە ئەگەر رۆژهەڵاتی کوردستان تێیایدا سەرقافڵە نەبێت ئەوە بێ گومان بێ بەش نەبووە لەو قوربانیدانە.

بەبڕوای من ئەگەر مێحوەریەتدان بۆ لایەنە سیاسییەکانی باشوور و باکوور و رۆژئاوای کوردستان رەوایە هیچ پاساوێک نییە کە بزووتنەوەی رۆژهەڵات خۆی لەم واقیعە زەروورە بە دوور بگرێت، بەڵکوو پێویستە لە گەمە سیاسییەکاندا بە لەبەر چاوگرتنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان کاری بۆ بکرێت و لە پێناو بەرژەوەندی بزووتنەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان سودی لێوەربگرێت.

ئەمێستا کە بزووتنەوەی کورد بە گشتی سنوورەکانی بەزاندووە و باسێکی ئەمڕۆییە لە ناوەندە سیاسییەکانی جیهان بە گشتی و ناوچەکە بە تایبەتی، بایخدان بە تەوەری مێحوەریەتی خەبات گرنگییەکی تایبەتی خۆی هەیە و پێویستە تەوەری ئەم باسە ببردرێتە ناو کۆڕ و کۆمەڵانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و لە لایەن هێزە سیاسییەکانی ئەو بەشەی کوردستان زۆر بە جیدی کاری بۆ بکرێت و بخرێتە رۆژێرڤی کاری سیاسی ودامودەزگا راگەیاندنەکانی ئەو بەشەی کوردستان.

بێ گۆمان ئەم مێحوەریەت تەوەرییە ئەتوانێت بەشێکی زۆرلە گرفت و ئاستەنگەکانی بزووتنەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان چارەسەر بکات و، هەنگاوی ئەرێنیش بنێت بۆ نزیک بوونەوەی هەرچی زیاتری لایەنە سیاسییەکان وتەنانەی کۆنگرەی رۆژهەڵاتی کوردستانیش.

کەوابوو ئەتوانین بڵێن مێحوەریەت تەوەری یا خۆ رۆژهەڵات تەوەری بۆ بزووتنەوەی رۆژهەلاتی کوردستان ئەگەر درەنگ نەبێت زوو نییە بەڵکوو زەروورەتێکی ئەمڕۆییە لە موعادلەی سیاسیدا کە ئەتوانێت باڵپشت و یارمەتیدەرێکی بەهێزی پاراستن و دەسکەوت و بەرژەوەندییە باڵانی نەتەوەکەمان بە گشتی و رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی بێت.


١١/٢/٢٠١٥

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە