عارف رەششدی بووەتە وتەبێژی سەركردایەتی یەكێتی
Monday, 14/09/2009, 12:00
شەهید جەبار فەرمان ویستی شەقازلەیەك بكێشێتە بناگوێی عارف روشدی بەڵام مام جەلال نەهێشت ووتی لێیگەڕێ عارف تەجروبەی سیاسی و خەباتی نییە . ئەمە ڕاستییەكەو دوای شكست هێنانی یەكێتی لە ناوچەی بادینان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی ساڵی 1992 ڕوویدا .
پێش پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی 1992 مام جەلال پێی ڕاگەیاندین كە 25 هەزار دەنگمان لە بادینان پێویستە . ئیتر پارە وپولێكی زۆری لەبەر دەست عارف شردی هەڵڕشت بۆ ئەوەی كەسانی سەرۆك عەشیرەت و بەناوبانگ لە رۆژی هەڵبژاردن پشتگیری لە یەكێتی بكەن . عارف ئەوەندە كەسێكی ساوێلكە بوو لەگەڵ جەمال یوسف دەچوون پارەكەیان دەدایە كەسانێكی جاش و موستەشاری وەك عیسمەت دینو محمەد مەجید و ئیبراهیم حاجی مەلوو بنەماڵەی رەئوف شەرانشی هەروەها چەند خۆفرۆشێكی دیكەش گوایە كەسایەتی بەناوبانگی ناوچەكەن , ئەم موستەشار و خیڵەكییانە خۆیان لە ژێرەوە سەر بەپارتی بوون , پارەیان لە لایەن خودی مەسعودە وە پێگەیشتبوو . چەكدارەكانی كەرتی تایبەت و پێشمەرگەی خاڵەكانی سنوور كە سەر بەیەكێتی بوون زۆربەیان لە ژێرەوە سیخوڕی پاراستنی پارتی بوون . ئەگەر ڕێكخراوێكی خوێندكاران یا گەنجان و مامۆستایان و ژنان داوای یارمەتییان بكردایە عارفی ناموبارەك دەیگوت ئێوە ژمارەتان كەمە گرنگ عەشیرەتەكانە هەڕن بەس داوای پارە بكەن . پێش هەڵبژاردن هەڤاڵانی یەكێتی ڕۆژانە بە ڕاپۆرت ئاگاداریان بە عارف لێپرسراوی مەڵبەند لە دهۆك و جەمال یوسف لێپرسراوی كۆمیتەی زاخۆ دەدا كە پارتی خەریكی ساختەكاری و فرت و فێلە , وەكو ئەو بازرگانە كوردانەی كە خەڵكی توركیا بوون لە زاخۆ نیشتەجێ بوون زۆربەیان ناسنامەی تەزویریان بۆ كرا بوو , مناڵانێكی زۆر تەمەنیان بچووك بوو ناسنامەی هەژدە ساڵیان بۆ كردبوون دەیان ساختەی تریش كە لە رۆژی هەڵبژاردن ئاشكرا بوون , وەڵامی ئەم دوو زاتە ناموبارەكە هەر ئەوە بوو گوهی خۆ نەدەنی ئێمە خەڵكی سلێمانیمان هەیە پارتی چەند ساختەكاری بكات ناگاتە دەنگەكانی سلێمانی . بەڵێ لەگۆی گایە نووستوبوون تەنها پشتیان بەخەڵكی سلێمانی بەستبوو . دواتر ئەنجامەكەی ئەوەبوو پارتی لە سلێمانی 90 هەزار دەنگی هێنا و یەكێتی لە هەموو ناوچەكانی دهۆك و زاخۆش 8 هەزار دەنگی هێنا ئەویش زۆربەی دەنگەكان لە ناوچەی دەركار عەجەم بەهۆی قارەمانێتی سادق سندی و كارمەندە دلسۆزەكانی یەكێتی بوو , دەركار یا شاروچكەی سندی بە ناوچەی كەسك ناسرابوو . چونكە سادق سندی رەحمەتی سەركێشی سەرهەڵدانی بادینان خەڵكی ئەوێ بوو پارتی نەی دەوێرا بەرامبەر سادق و سەعید عەبدوڵای ئامۆزای بكۆكی پێشمەرگەكانی پەكەكەش لەو ناوچەیە بوون , جگەلەوەش زۆربەی فەرمانبەر و مامۆستا و خوێندكار و لاوانی ئەو دەڤەرە دڵسۆزی یەكێتی بوون . پاش هەڵبژاردن بەپلانی لێپرسراوی لقی یەك فازیل موتنی (فازل میرانی) تۆڵەی ناوبانگەی سادق و لەناو بردنی دەسەڵاتی یەكێتی لەو ناوچەیە كردەوە , چەند چەكدارێكی پارتی لەسەر ڕێگای زاخۆ و دەركار سادقیان شەهید كرد . ئەنجامی هەڵبژاردنەكە ناڕەزایی و نیگەرانی لای ئەندام و لایەنگرانی یەكێتی دروست كرد , ڕاپۆرتێكی زۆر بۆ مەكتەبی سیاسی بەرزكرایەوە هەمووی ئۆباڵی سەرەكی ڕیسوابونەكەیان خستە ئەستۆی عارف شردی . بۆ زیاتر لێكۆلینەوەی ئەنجامەكە مەڵبەند و كۆمیتەكان بانگهێشتی هەولێر كران , پاشان مام جەلال بەئامادە بوونی شەهید جەبار فەرمان بانگ عارفی كردوو لەوێ شەهید جەبار زۆر لە عارف توڕەبوو خەریك بوو شەقازلەیەك بكێشێتە بناگوێی عارف مام جەلال نەهێشت ووتی وازی لێبێنە عارف تەجروبەی سیاسی نییە .
عارف شردی لە زاخۆ كەسایەتێكی بێ سەنگ ناسراوە چونكە وەها لەفازیل میرانی دەترسا دەتگوت خوڵامی ئەوە , فازل ئەگەر ئیشێكی هەبایە بەتەلەفۆنێك دەی گووت عارف وەرە من شوول بتە هەیی , ئەمیش یەكسەر بەغاردان بۆ لق دەچوو , بەلێ ئەزبەنی كەرەم كە . بێ ئەوەی هەست بەخۆی بكات كە ئەویش هێچی لەو كەمتر نییە وەكو فازل لێپرسراوی مەڵبەندی حزبێكی گەورەیە .
مەكتەبی سیاسی عارفی لە هەولێر هێشتەوە تا شەڕی ناوخۆ دروستبوو , دوای شەڕیش لەبەر ئەوەی رێكخستنەكانی یەكێتی پەرتەوازە و تەفنیش بوون بە ئێستاشەوە , ناچار ئەمانیان بردە سلێمانی ئیتر شەڕی ناوخۆ بووە خێروبەرەكەت بۆ ئەم دووانە . تا كار گەیشتە ئەوەی ئەمڕۆ بەرامبەر كاك نەوشێروان زمان درێژی دەكات . ئەم عارفە لای خەڵكی كوردستان ئاشكرایە تا دوایی ڕاپەرینیش بە شۆرش و كوردایەتی نامۆ بوو , ئەم پیاوە كە بۆتە ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لەبەر خەبات و قارەمانێتی نەبووە , بەڵكو تەنها لەبەر دووبەرەكی ناو یەكێتی و هەروەها خەڵكی بادینانە . عارف كابرایەكی بێ هەڵوێست و مشەخۆری پارە و بەرژەوەندی تایبەتە , لەبەر ئەوە مەكتەبی سیاسی هیچ حسابێكی بۆ نەكردووە , بەڵام لەپاڵەوە چەند خانوویەكی لە سلێمانی و زاخۆ بۆ خۆی دروست كردووە ئەوەتا ئێستاش دەیەوێت لەڕێگای قبول خاسیش لە زانكۆی سلێمانی خوێندنی باڵا تەواو بكات بەڵكو بە شەهادەكەیەوە سوودمەنتر بێت . ئەگینا عارفی ڕەزا قورس چی پێگەیەكی لە یەكێتی و سلێمانی دا هەیە خۆی كردۆتە فس فس پاڵەوان وای لێهاتووە قاچی تێكۆشەرانی گردەكە بەتایبەت كاك نەوشێروان بگرێت .
زەفەر بێتاسی لە بابەتێكدا عارف بە بنەماڵەیەكی نیشتمان پەروەر دادەنێت , نازانم كێ لەبنەماڵەكەیدا ناوبانگی نیشتمان پەروەری و شۆڕشگێری هەبووە ئەوەی خەڵكی زاخۆ بیزانێت باوكی عارف هەتا مرد پاسەوانی
گەراجی گواستنەوەی زاخۆ بوو . مستەفا روشدی برای رەفیق حیزبی بوو . هەموو قارەمانێتی عارف تەنها ئەوە بووە بەرپرسی رێكخستنی نهێنی بوو , بەڵام چۆن ڕێكخستنێك هیچ چالاكیەكیی سیاسی و چەكداریان لەرۆژانی ڕژێمی بەعسدا نەبووە كە ئەمڕۆ وەكو داستان شانازی پێوە بكەن , رۆژێك نەبینرا تەقەیەك لە پیاوێكی ئەمن و ئیستخباراتی بەعس بكەن یا دروشمێكی شۆرشگێرانە لەسەر دێوارێك بنووسن تا جەماوەری زاخۆ هەست بكەن رێكخستنێكی نهێنی بەناوی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە ناوچەكە هەیە بەپێچەوانەی رێكخستنەكانی هەولێر و كەركوك و سلێمانی كە رۆژانە تەپڵی كوشتنیان بەسەر پیاوانی رژێم لێدەدا . بەڵام ئەمن وسیخورەكانی زاخۆ وا پاڵیان لێدابوو تا شەوانی درەنگ لەماڵە سوزانیەكان خەریكی ڕابواردن بوون بێ ئەوەی ترسیان لەكەس هەبێت , ئەم رێكخستنە نهێنیەی عارفی ترسنوك نەیان دەوێرا هیچ بكەن نەبادا ئاشكرابن و ڕژێم لەناویان بەرێت . مستەفا (مستۆ) برای عارف رەفیق حزبی دوژمنی مامۆستاكان بوو , ئەوەند جێی متمانەی ڕژێم بوو لە بەشی خۆجێیی (زاتیە)ی فەرعی بەعس كاری دەكرد . مستۆ ئەوەندە كەسێكی دڕەندە و سیخوور بوو كەس نەی دەوێرا بەو شەقامە تێپەڕێت ئەگەر ئەوێ لێ دیار بوایە نەوەكو پەلەكێشی جەیشی شەعبی یا بەڕاپۆرت ملیان بشكێنێت . ئێوارانیش بەڕێوبەری اسواق تەعاونیە بوو لە گەڕەكی عەباسیەی دووەم كە تەرخان كرابوو بۆ كەرەستەی كارەبا شتی ناو ماڵی هەرچی بهاتایە بۆ ئەمن و ئیستخبارات و رەفیق حزبیەكان بوو . چەند رۆژێك پێش ڕاپەڕین شۆڕشگێرێكی زەحمەتكێشان لە نزیك گەراجی زاخۆ دەستڕێژی لە ئۆتومبیلێك كرد كە مستۆ روشدی و رفیق محمەد موشرف تربوی و حەبەشی تیا بوو حەبەش دەستبەجێ تۆپی و رەفیق محمەد بەهۆی سەختی برینەكەی گیانی لەدەستدا , مستۆی برای عارف بریندار بوو . ئەو كات عارف خۆیشی لەبەردەستی دەرمانخانەی دهۆك كاری دەكرد هیچی تر نەبوو . ئیتر بنەماڵەیەكی نیشتمان پەروەری چیی .
ماوەیەكە لە چاوپێكەوتندا عارفی بێ هەڵوێست ناو ناتۆرەی سەیر ئەخاتە پاڵ گردەكە جارێ بە تێكدەر و ئاژاوەگێڕی ناو ڕیزەكانی یەكێتی , جارێك بە خەت مایل ناویان دەبات , دیارە لە بیری چووە لە مەڵبەندەكەی خۆی چواری بادینان بەدەیان كارگێر و كارمەندی كۆمیتە و گومان لێكراو لە مەڵبەندەكەی خۆی كاریان دەكرد لە ژێرەوەش خەت مایل و سەر بە پاراستنی پارتی بوون هەر ئەمانەش بوون لە هەڵبژاردن شكستیان بەیەكێتی هێنا, بەڵام عارف نەیدەوێرا بەیەك كەسیان بلێت تۆ جێی گومانیت , سەركردایەتی ئەمەی چاك دەزانی . دوای شەڕی ناوخۆ ئەم سیخوڕانە هەموویان لەناو پارتیدا خەڵاتكران و پلەو پایەی بەرزتریان پێدرا چونكە خزمەتێكی زۆریان بەپارتی گەیاند دەتوانم ناوی دەیان كەس لەوانە بە نموونە بهێنم . ئەو بەڕێزانەی گردەكە كە عارفی بێ مەعریفە ناویان دەبات , لای هەموو خەڵكی كوردستان ئاشكرایە ئەوانە خاوەن هەڵوێستی بەرزو جوامێرانەی خۆیانن ئەو كادرانە لەسەر هەڵوێست و مل كەچ نەكردنی كوێرانە جیابوونەوە , ئەوانە باسی دادوەری و گەندەلی و ناعەدالەتی ناو یەكێتییان دەكرد , ئەو تێكۆشەرانە كەسانی دڵسۆز و نیشتمان پەروەرن , ئامانجی ئەوان بەدی هێنانی خواست و ئارەزووەكانی خەڵكی كوردستانە , خۆ ئەگەر ئەوانیش وەكو عارف و نموونەكانی خاوەن بەرژوەندی تایبەت و گوێڕایەڵی كوێرانەی بەر پرسەكان و چاویان لە دۆلاری دزراوی بێ شومارەی داهاتی خەڵكی كوردستان بوایە دەمێك بوو ئیمتیازاتی باشتر و مولك و ماڵی بێ شوماریان بەرئەكەوت وەك تۆ ڤیللەیان لەسەر ڕووباری خابوور دروست ئەكرد . سڵاو لەو خۆڕاگر و شۆڕشگێرانە , سڵاو لەو میللەتە قارەمانە كە سەلماندیان وڵات بە بێ ئازادی بیروڕای جیاواز هەرگیز پێشناكەوێت , سەر شۆڕی بۆ كەسانی سەر شۆڕو مل كەچ و نابووت .
24/9/2009
زاخۆ
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست